كه‌مال ميراوده‌لى بزوتنه‌وه‌يه‌كى جه‌ماوه‌رى نوێ به‌ ‌پێويست ده‌زانێ

Wednesday, 03/02/2010, 12:00


*كه‌مال ميراوده‌لى له‌نوێَترين ديداريدا له‌گه‌ڵ رووداو دامه‌زراندنى بزوتنه‌وه‌يه‌كى جه‌ماوه‌رى نوێ به‌ ‌پێويست ده‌زانێ
*نه‌ده‌بوو نه‌وشيروان و دووسه‌ركرده‌كه‌ى تر په‌رله‌مانى كوردستان جێبهێڵن .
*ترسى ئه‌وه‌ هه‌يه‌ گۆڕِان ببێته‌ هێزێكى كلاسيكى و ديوێَكى ترى يه‌كێتييه‌ كۆنه‌كه‌.
* به‌بێ ریفۆرمی په‌رله‌مان خۆی زه‌حمه‌ته‌ گۆرران یان هه‌ر هێزێكی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ رێگای په‌رله‌مانه‌وه‌ هیچ بگۆڕێ.
*ده‌بێ بزوتنه‌وه‌يه‌كى جه‌ماوه‌ریى دروست ببێت ، كه‌ خه‌لَك خۆى خاوه‌نى بێت و خۆى رِێبه‌‌رى بكات .
*يه‌كێتى له‌باتى ئه‌وه‌ى خۆى چاك بكات و په‌ند وه‌ربگرێت ، هه‌ر خه‌ريكى قه‌لَه‌وكردنى زياترى حيزبه‌ .
*هه‌لَبژاردنى داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق بۆ كورد ، هه‌لَبژاردنێكى خۆكوژييه‌و داوا ده‌که‌م به‌شداری تێدا نه‌کرێ.

نه‌وزاد مه‌حمود
رووداو سلێمانى

له‌نوێترین ديداريدا له‌گه‌ڵ (رووداو)كه‌مال ميراوده‌لى ره‌خنه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌گرێت كه‌دوابه‌دواى راگه‌ياندنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌لَبژاردن ، له‌به‌رده‌م ساخته‌كارييهكانى هه‌لَبژاردنى پێشوودا بێده‌نگى هه‌لَبژاردووه‌و ده‌لَێ: " ئه‌گه‌ر گۆڕان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ خێرایی له‌ هێزی گۆڕان و به‌رهه‌ڵستی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بچێ ببێ به‌ هێزی بێده‌نگبوون به‌رامبه‌ر پێشێلكردن و ته‌زویركردنی پرۆسه‌ی دیمۆكراتی هه‌ڵبژاردن و موساوه‌مه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵات بكات ، دیاره‌ ئه‌مه‌ جیابوونه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیناكه‌ له‌و هێزو ته‌وژم و هه‌لومه‌رجه‌ی ئه‌وی پێگه‌یاندووه‌ و گواستنه‌وه‌یه‌ له‌ هێزی گۆڕینی سیاسی یه‌وه‌ بۆ هێزی گه‌مه‌ی سیاسیی و له‌ ئه‌جندای خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ ئه‌جندای ده‌سه‌ڵات و له‌ گۆڕانه‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌و خۆگونجاندن، له‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی چه‌شنییه‌وه‌ بۆ زیاده‌یه‌كی ژماره‌یی.."

له‌م جۆره‌ كاركردنه‌ى گۆڕانه‌وه ميراوده‌لى هه‌ست به‌مه‌ترسييه‌ك ده‌كات بۆ چاره‌نوسى گۆرِان و ده‌ڵێ:" مه‌ترسی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ له‌ ره‌وشی رێكخستن و ئامانجه‌ سیاسیه‌كانیشدا ره‌نگبداته‌وه‌و به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتداری گۆڕران ورده‌ ورده‌ گۆرران وه‌ك حه‌قیقه‌تی بوونی وه‌ك ته‌نیا به‌شێكی نیمچه‌ جیابووه‌وه‌ی یه‌كێتیی به‌ هه‌مان دیماگۆگی و ده‌ورو ده‌موچاوه‌‌وه‌ دروستبكه‌نه‌وه‌و له‌ ئاخریدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا دوای كۆمه‌ڵێ ده‌سكه‌وتی ماددی و مه‌نسه‌بیی جێی خۆی بكاته‌وه‌و دواییش له‌گه‌ڵ باڵه‌زاڵه‌كه‌ی یه‌كێتیشدا ئاشت ببێته‌وه‌و له‌ ده‌زگا ساخته‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا جێی خۆی بكاته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆڕینێ چ له‌ ژیانی ئایدیۆلۆجی و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی و دادپه‌روه‌ریی خه‌ڵكدا و چ له‌ میتۆدو شێوازی خه‌باتی دیمۆكراتیدا به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ و له‌ هه‌ردوو رووه‌وه‌ خه‌ڵك ناهومێد بكات".
ميراوده‌لى ، په‌رله‌مانى كوردستان به‌ده‌سه‌لاَتى شه‌شه‌م ده‌زانی و له‌ درێژه‌ى ره‌خنه‌كردنى بزوتنه‌وه‌ى گۆرِاندا ده‌ڵێ: " پشتبه‌ستنی گۆرران به‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕان له‌ حاڵه‌تی ئێستای په‌رله‌ماندا له‌ وه‌هم زیاتر نه‌بوو"

له‌و ديداره‌ درێژه‌دا كه‌ میراوده‌لى له‌گه‌ڵ (رووداو)دا ئه‌نجامى داوه‌ ، چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وشيروان مسته‌فا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌كارێكى هه‌لَه‌ ده‌زانێ و پێى وايه‌ كه‌ به‌چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وشيروان و دووسه‌ركرده‌ى ترى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕِان ستراتيژى سه‌ركردايه‌تی له‌ ناو په‌رله‌ماندا له‌ ده‌ستداوه‌و ده‌ڵێپێویستییه‌كی جه‌وهه‌ری بوو كه‌ سه‌ركرده‌كانی لیستی گۆران، به‌ تایبه‌تی ئه‌و سێ ناوه‌ی یه‌كه‌م به‌ كاك نه‌وشیروان خۆشییه‌وه‌، له‌ ناو په‌رله‌ماندا بمابانه‌وه‌و رێبه‌رایه‌تی ئه‌و ریفۆرمه‌و لیسته‌كه‌ی خۆیان و له‌رێگای ئه‌و پرۆسه‌شه‌وه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان له‌ په‌رله‌ماندا بكردایه‌و جه‌ماوه‌ر چالاكی په‌رله‌مانیی ئه‌وانیان له‌سه‌ر شاشه‌كانی ته‌له‌فزیۆن ببینایه‌. ئه‌مه‌ ستراتیجی و سایكۆلۆجییه‌تێكی نوێی خه‌باتی داده‌هێنا. نه‌بوونی ستراتیجی و سه‌ركرادیه‌تی گۆڕران له‌ ناو په‌رله‌ماندا ئه‌و ‌هێزه‌شی لاوازكردن كه‌ په‌رله‌مان بۆ نه‌خشه‌و ئه‌جندای گۆڕان به‌كاربێنن".

هه‌روه‌ها پێشى وايه‌ كه‌ به به‌جێهيێشتنى په‌رله‌مان له‌لايه‌‌ن سه‌ركرده‌كانى گۆرانه‌وه‌ ، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕِان جياوازى له‌ نێوان خۆيى و پارتی و يه‌كێتيدا نه‌هێشت "له‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ باوه‌ڕی به‌ پرۆسه‌ی نوێنه‌رایه‌تی شه‌رعیی و دامه‌زراوه‌و ده‌زگا نه‌ته‌وه‌ییه‌ ده‌ستووریی و یاساكانه‌ دووری خستنه‌وه‌و جیاوازی له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی نه‌هێشت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و ده‌زگاكاندا له‌ رێگای سه‌ركرده‌ی حیزبه‌وه‌ بریاره‌كان ده‌درێن."

له‌دواى ئه‌نجامى هه‌لَبژاردنه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ چاوه‌رِوانده‌كرا يه‌كێتى به‌خێرايى په‌ناى بۆ ببات ، زنجيره‌يه‌ك ريفۆۆرمى سياسى و حيزبى و ئيدارى بوو تابتوانێ قه‌ره‌بوى شكسته‌كانى سلێمانى و ململانێ سياسيیه‌كانى پێ بكات و جه‌ماوه‌رى تۆراوى خۆى ئاشت بكاته‌وه‌ ، به‌لاَم ميراوده‌لى پێى وايه‌ كه‌ هێشتا يه‌كێتى به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چاوه‌روانییه‌وه‌ جولاَوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێ له‌ هه‌وڵی قه‌لَه‌وكردني زياتري حيزب دايه‌ له‌ لايه‌كه‌وه‌و له‌ لايه‌كی ديكه‌شه‌وه‌ له‌ سياسه‌تيه‌ دزێوو ناره‌واه‌ نانبرِين به‌رده‌وام بووه‌ . هه‌روه‌ها گه‌شبينى گۆرِانيش به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكى په‌‌‌رله‌مان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى نان برِاوه‌كان و هه‌ره‌ه‌شه‌لێكراوه‌كان ، به‌ گه‌شبينييه‌كى نازانستى زیده‌رۆ نێوده‌بات.

كه‌مال ميراوده‌لى ، كه‌ له هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمدا ركابه‌رى بارزانى بوو توانى له 25%ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت ، ئامانجى خۆى له‌ به‌شداريكردنى كارى سياسى روون ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێ:" ، كاركردن بوو بۆ سیستمێكی دیمۆكراتی ده‌ستووری كه‌ یاساو یه‌كسانی تێدا به‌رقه‌رار بێ و ئه‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تی و جیاوازیی ونایه‌كسانییه‌ نه‌هێلێ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردیی تووشی حاله‌تێكی كاره‌ساتاوی كردوه‌ به‌ تایبه‌تی به‌ گێرانه‌وه‌ی هه‌ستی هاونێشتمانی و باوه‌ڕبه‌خۆبوون و به‌ حه‌تمییه‌تی گۆڕان لای مرۆڤی كورد به‌ تایبه‌تی گه‌نجه‌كانمان". هه‌روه‌ها گوتيشى بۆیه‌ یه‌كه‌م راگه‌یاندن و به‌ڵینی من ئه‌وه‌ بوو كه‌ وه‌ك سه‌رۆك هه‌ڵبژێردرێم یه‌كه‌م كارم كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك ده‌بێ و هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی پیران بۆ جێگرتنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی تاكه‌كه‌سی و كاراكردنی ده‌وری په‌رله‌مان و نانیوه‌ندكردنی ده‌سه‌لات وهه‌لبژاردنی ئازاد بۆ ئه‌نجومه‌نی شاره‌كان و شاره‌وانییه‌كان ". هاوكات ئه‌وه‌ش باس ده‌كات كه‌ئه‌و به‌هۆى زۆرى ساخته‌كارييه‌وه‌ نه‌يتوانيوه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت و ده‌ڵێ:" دياره‌ گه‌ر ته‌زویر نه‌بایه‌ ئه‌نجامه‌کان ئاشکراتر ده‌بوون."

سه‌رچاوه‌یه‌کی نزیک له‌ ئامکاده‌کارییه‌کانی دروستکردنی بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی میراوده‌لییه‌وه‌ ده‌ڵێ: له‌وه‌ته‌ی میراوده‌لی له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌ گه‌راوه‌ته‌وه‌ ئه‌وروپا له‌ 12 وڵاتی ئه‌وروپاییدا پێوه‌ندی به‌ هه‌ندێک له‌ کورده‌ دیاره‌کانه‌وه‌ کردووه‌ و داوای لێکردوون به‌شداری له‌ پێک‌ێنانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌دا ‌ بکه‌ن که‌ میراوده‌لی خۆی سکرت\ێری حیزبه‌که‌ ده‌بی و تا وێستا توانیویانه‌ له‌ %50 ی کاره‌کانی دامه‌زراندنی ئه‌و حیزبه‌ ته‌واو بکه‌ن. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ که‌ بریاره‌ خۆشی له‌و بزوتنه‌وه‌ نوێیه‌دا پۆستێک وه‌ربگرێ گوتیشی: " میراوده‌لی به‌رنامه‌که‌ی وابوو که‌ بزوتنه‌وه‌که‌ زوو دروست بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومانی پارێزگاکاندا بکات. به‌لا به‌ هۆی ئه‌وه‌ی کاره‌کانی ته‌واو نه‌بوون فریا ناکه‌وێت و خۆی بۆ هه‌لبژاردنی داهاتووی په‌رله‌ما و سه‌رۆکایه‌تی ئاماده‌ ده‌کات.".
كه‌مال ميراوده‌لى ره‌تى نه‌كرده‌وه‌ كه‌ به‌پێكهێنانى بزوتنه‌ه‌وه‌يه‌كى جه‌ماوه‌رييه‌وه‌ خه‌ريك بێت و گوتى "ئه‌وه‌ بيرۆكه‌يه‌و هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌و قۆناخه‌ى كه‌ له‌ 50%ى كاره‌كانى ته‌واو بووبێت".وه‌ك ميراوده‌لى باسيكرد ، له‌ به‌رنامه‌ى پێكهَێنانى بزوتنه‌وه‌يه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌رفراواندايه‌ و ئه‌و بزوتنه‌وه‌يه‌ جياواز ده‌بێت له‌ هه‌ر بزوتنه‌وه‌و حيزبێكى ترى كوردى ده‌کا که‌ بۆخه‌َك و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خه‌لَك كارده‌كات و پشتگيرى له‌هه‌موو چين و توێژه‌كان ده‌كات و راسته‌ پێويستى به‌ سه‌ركردايه‌تى كردن ده‌بێت ، به‌لاَم سه‌ركرده‌كانى خه‌لَك ديارى ده‌كه‌ن و زۆر پێ له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌و سه‌قامگيركردنى ياساو به‌ياسایىكردنى ده‌سه‌لاَته‌كان داده‌گرێت .

ميراوده‌لى كه‌ شێوازێكى نوێى كاركردنى سياسى زۆر به‌ گرنگ ده‌زانێ بۆ هه‌رێمى كوردستان و له‌ هه‌لَبژاردنى پێشوشدا كامپينه‌كه‌ى ناونابوو سه‌ره‌تايه‌كي نوێ بۆ كوردستان ده‌لێ: " كه‌ ده‌بێ به‌ ته‌واوی له‌ قۆناغی خه‌باتی شاخ و چه‌ك و حیزبایه‌تی بنه‌ماڵه‌یی و خێڵه‌كی و ناوچه‌یی رزگارمان بێ و سه‌ره‌تا ده‌ستووری و یاسایی و دیمۆكراتیی و دادپه‌روه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌كی نوێ دابنێین و سه‌ركرده‌و به‌رپرسانی نه‌وه‌ی خه‌باتی شاخ خانه‌نشین ببن و بكشێنه‌ دواوه‌ و جێگه‌ بۆ نه‌وه‌ی نوێی زانست و دیمۆكراسی و یاسا چۆڵ بكه‌ن" .هه‌روه‌ها گوتيشى به‌ رای من له‌ به‌رئه‌وه‌ی گۆرران به‌ پێكهاته‌و ره‌وشی ئێستای ناتوانێ هێزێك بی بۆ گۆڕانی سیاسیی به‌لكو مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ببێته‌ هێزێكی كلاسیكی و دیوێكی تری یه‌كێتییه‌ كۆنه‌كه‌ بۆ گه‌مه‌ی سیاسی و نه‌توانێ یان نه‌یه‌وێ سیستمی كۆیلایه‌تی مووچه‌ كه‌ به‌ سه‌ر خه‌ڵك دا به‌ زۆر سه‌پاوه‌، و كۆیلایه‌تی بووجه‌ كه‌ حیزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات قبولیان كردووه‌و گۆررانیش هه‌وڵی بۆ ده‌دا، بگۆڕێ." له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێ ئایدیاو به‌رنامه‌و هێزی گۆڕان له‌ خه‌ڵك خۆیه‌وه‌ بی تا بتوانن خۆیان به‌ به‌شداری دیمۆكراتی راسته‌قینه‌ی ئازاد له‌ هه‌موو ئاستێكدا بڕیاری چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن. بۆیه‌ من باوه‌رم وایه‌ كه‌ پێویسته‌ بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری راسته‌قینه‌ هه‌بێ و گه‌ر بتوانم ده‌ورم له‌ دروستكردنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا هه‌بێ ئه‌وا وه‌ك ئیلتیزامێكی ویژدانی و رۆشنبیریی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و خزمه‌تی گه‌له‌كه‌مه‌وه‌، ئاماده‌م كاری بۆ بكه‌م.".
هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر پێویستبوونى ئه‌و بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رييه‌ ده‌كاته‌وه‌و ده‌لێ: " من باوه‌رم وایه‌ كه‌ پێویسته‌ بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری راسته‌قینه‌ هه‌بێ و گه‌ر بتوانم ده‌ورم له‌ دروستكردنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا هه‌بێ ئه‌وا وه‌ك ئیلتیزامێكی ویژدانی و رۆشنبیریی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و خزمه‌تی گه‌له‌كه‌مه‌وه‌، ئاماده‌م كاری بۆ بكه‌م.".
".
وه‌ك ميراوده‌لى باسيده‌كات :" حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌ جیاتی یه‌كخستنی گه‌ل دابه‌ش دابه‌شیان كردووه‌، له‌ جیاتی ئازاد كردنی كۆنترۆڵیان كردووه‌، له‌ جیاتی پێشخستنی زۆر دوایان خستووه‌. له‌ جیاتی سیستمی دیمۆكراسی و دادپه‌روه‌ریی نوێ سسیتمی گه‌نده‌ڵی و دزیی و داڕمانی ئه‌خلاقییان دروستكردووه‌. بۆیه‌ ماوه‌یه‌كی زۆری ده‌وێ تا خه‌ڵك له‌ گه‌ڵ بیری حیزب ئاشت ده‌بێته‌وه‌. ده‌ىێ بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی دروست ببێ كه‌ خه‌ڵك خۆی له‌ سه‌ر بنچینه‌ی خۆبه‌خشی و كاركردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگاكانیان خاوه‌نی بێ و رێبه‌ری بكات ".

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی داخۆ ئه‌وه‌ جۆره‌ سه‌رلێشێوانێک لای خه‌ڵک دروست ناکات دروست ناكات كاتێك دوو بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی هه‌بن، ؟ميراوده‌لى وه‌لاَم ده‌داته‌وه‌و ده‌لَێ: َ ، ئه‌‌وه‌ دۆستايه‌تى و پێكه‌وه‌ژيانه‌ نه‌ك دژايه‌تى." هه‌روه‌ها وه‌لاَمى ئه‌وه‌ش ده‌داته‌وه‌ كه‌ بۆچى سه‌ره‌تا نه‌چۆته‌ ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆرِانه‌وه‌ و ده‌ڵێ:" ئاماده‌ نه‌بووم ئه‌وه‌بكه‌م "‌ چونكه‌ باوه‌ڕم به‌ رابردووی سه‌ركرده‌كانی نییه‌و له‌ ئێستاو داهاتووشیان دڵنیا نه‌بووم و باوه‌ڕیشم وا نییه‌ سیستـمێكی مۆدێرن قبوڵ بكه‌ن كه‌ وه‌ك دامه‌زراوه‌ نه‌ك قوتبی شه‌خسی كار بكات و ‌ كه‌سان وه‌ك تاك ده‌وری سه‌ربه‌خۆو كاریگه‌رییان هه‌بێ و جێی بیرو بۆچوون و به‌رنامه‌ی جیاواز بكاته‌وه‌ ، یان بتوانێ خۆی له‌ رابردوو-و ململانێی شه‌خسیی و ده‌سته‌گه‌ریی و حیزبی داببڕێ. َ". ره‌تيشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌سه‌ركرده‌ دابنرێت و خۆى بسه‌پێنێت له‌و بزوتنه‌وه‌يه‌داو ده‌لَێ: من باوه‌ڕم به‌وه‌ نییه‌ سه‌ركرده‌ دابنرێ. ده‌بێ خه‌ڵك، جه‌ماوه‌ر، رۆشنبیران خۆیان ده‌وری سه‌ركردایه‌تی ببینن و له‌ هه‌موو ئاستێكدا سه‌ركرده‌ دروست بكه‌ن."

كه‌مال ميراوده‌لى ، به‌شدارينه‌كردنه‌وه‌ى له‌هه‌لَبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقدا ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ برِواى به‌و هه‌لَبژاردنه‌ نييه‌و داواش له‌ خه‌لَك ده‌كات كه‌ نه‌چن بۆ ده‌نگدان و به‌شدارى له‌و هه‌لَبژاردنه‌دا نه‌كه‌ن ، كه‌ ئه‌و به‌ "هه‌لَبژاردنى خۆكوژى" نێوى ده‌بات. به‌شداريي له‌ هه‌لبژاردنی په‌رله‌ماني عێراقي ئه‌مجاره‌دا كورد ده‌كا به‌ كه‌مـێتييه‌كی بێبايه‌خ له‌ په‌رله‌مانداو شه‌رعييه‌تي ديمۆكراسی به‌ گێرِانه‌وه‌ی كورد بۆ خالَي سفر، خالي سه‌ره‌تای‌ دروستبووني ده‌وله‌تی عێراق، ده‌دا. كه‌ ئه‌مه‌ش جۆرێَكه‌ له‌ ئينتيحاري سياسيي نه‌ته‌وه‌يی". هه‌روه‌ها به‌شداريكردنى بزوتنه‌وه‌ى گۆرِان له‌و هه‌لَبژاردنه‌دا به‌"هه‌لپه‌رستى سياسى"نێوده‌بات و ده‌ڵێ:" گه‌رچی به‌لامه‌وه‌ سه‌یر نییه‌، به‌لام به‌لامه‌وه‌ دروست نییه‌ که‌ گۆرران وه‌ هه‌لپه‌رستییه‌کی سیاسیی به‌شداری تێدا کرد" .داوا له‌ خه‌لَك ده‌كات كه‌ رۆژى هه‌لَبژاردن له‌ماڵ نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ "ده‌نگ مه‌ده‌ن و به‌شدارى له‌ هه‌ڵَبژاردنى خۆكوژيدا مه‌كه‌ن".هه‌روه‌ها ده‌لَێ: "َ من وه‌ك شتێكی مه‌بده‌ئی كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باوه‌رم به‌ دروستكردنه‌وه‌ی ده‌وله‌تی‌ مه‌ركه‌زی عێراق له‌ سه‌ر حيسابی خاك و پاشه‌رۆژژو ئازادي گه‌له‌كه‌ه‌م نه‌بووه‌، ناتوانم له‌ پرينسيپی خۆم لاده‌م و داوا ده‌كه‌م به‌شداريی له‌ هه‌لَبژاردنیپه‌رله‌ماني عێراقيدا نه‌كرێ.".

ئه‌گه‌رچى ئه‌و بزوتنه‌وه‌يه‌ ، هێشتا ناوى نييه‌و له‌ قۆناخى ئاماده‌كاريدايه‌، به‌لاَم ميراوده‌لى ده‌لَێت بزوتنه‌وه‌ى خه‌لَكه‌و كاربۆئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌سه‌لاَت به‌شێوه‌ى راسته‌قينه‌ بگێڕێته‌وه‌ بۆ خه‌لَك و ئاورِ له‌ گونده‌كانيش بداته‌وه‌ " ده‌بێت پرۆژه‌يه‌ك بێت ، كه‌ كار له‌سه‌ر پێويستيیه‌كانى خه‌لَك بكات و به‌ مانا جياواز بێت ".

فه‌‌ريد ئه‌سه‌سه‌رد ، ئه‌ندامى سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى پێى وانييه‌ كه‌ دامه‌زراندنى ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ جه‌ماوه‌رييه‌ى ميراوده‌لى باسى ده‌كات ، كاريگه‌رى له‌سه‌ر كه‌‌مكردنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى حيزبه‌كان و به‌ تايبه‌تى يه‌كێتى هه‌بێت و ده‌ڵێ:" برِواناكه‌م ئه‌و بزوتنه‌وه‌يه‌ هيچ كاريگه‌رييه‌كى له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى يه‌كێَتى و پارتی هه‌بێت "چونكه‌ ئه‌ه‌وان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وولاَتن و كاريگه‌رى كه‌مى له‌سه‌ر ناوه‌وه‌ى وولاَت هه‌يه‌ ". ئه‌سه‌سه‌رد گوتيشى " ميراوده‌لى خۆشى وه‌ك سياسه‌تمه‌دار نه‌ناسراوه‌و زياتر وه‌ك نوخبه‌ى رۆشنبيرى قسه‌ى كردووه‌ وپێم وانييه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌شى سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت". به‌بڕِواى ئه‌سه‌سه‌رد ، كاريگه‌رى هه‌ر بزوتنه‌وه‌يه‌ك ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى پێكى ده‌هێنن "به‌لاَم ميراوده‌لى بۆخۆى ئه‌و كاريگه‌رييه‌ى نييه‌." .
به‌رپرسێكى ديارى يه‌كێتى له‌وباره‌يه‌وه‌ ده‌ڵێ: " ئه‌گه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ى ناو يه‌كێتى نه‌بوايه‌ ميراوده‌لى قه‌ت ئه‌و ده‌نگه‌ى نه‌ده‌هێنا كه‌ له‌ هه‌لَبژاردنى پێَشوو به‌ ده‌ستى هێنا". گوتيشى"به‌لاَم كه‌مال ميراوده‌لى ئه‌مجاره‌ هه‌رگيز ناتوانێ خه‌لَك له‌خۆى كۆبكاته‌وه‌ ". گوتيشى " موشكيله‌ى ئه‌و ئه‌وه‌يه‌ كه‌ تا ئێستاش نازانێ بۆخۆى بايى چه‌نده‌و چه‌نده‌ قورسايى له‌ناو گۆرِه‌پانى سياسيدا هه‌يه‌ ".
سه‌ركرده‌يه‌ه‌كى بزوتنه‌وه‌ى گۆرِان وه‌لاَمدانه‌وه‌ى ميراوده‌لى له‌باره‌ى ئه‌و ره‌خنانه‌ى له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆرِانى ده‌گرێت به‌ پێَويست نازانێ و ده‌لَێ: " باخه‌لَك ئازاد بێت له‌وه‌ى چچى ده‌كات و چى ده‌لَێت". . سالار عه‌زيز، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى به‌رِێوه‌بردنى كۆمپانياى ووشه‌و سه‌ركرده‌ى نێوبزوتنه‌وه‌ى گۆرِان گوتيشى " جه‌ماوه‌ر خۆى ده‌زانێ ئێمه‌ ئه‌وه‌ين كه‌ ميراوده‌لى ده‌يلَێت يان نا ، جه‌ماوه‌ر خۆى له‌هه‌لَبژاردندا ئه‌و برِياره‌ ده‌دات"..
رۆژنامه‌ی رووداو 1/2/2010
بۆ خوێندنه‌وه‌ی دیمانه‌که‌ ، تکایه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/pdf_files/dr kamal mirawdalidemana.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە