كه‌س مه‌هێننه سه‌ر ته‌له‌فزیۆن بڵێت من بكوژه‌كه‌م!
Wednesday, 19/05/2010, 12:00
فازڵ قه‌ره‌داغی
سایتێكی كوردیی خه‌ڵكی له‌وه وریاكردۆته‌وه كه سیناریۆیه‌ك به‌ڕێوه‌یه: كه‌سانێك ده‌هێنرێنه سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن گوایه بكوژانی سه‌رده‌شت عوسمانن .. سیناریۆیه‌كی زۆر مه‌عقووله .. نوێش نییه .. قێزه‌ونیشه.
فیكره‌كه ساده‌و ئاسانه .. با دایبڕێژین و چاوه‌ڕێ بكه‌ین .. ده‌بێ یان نابێ، خوا بكات دووه‌میان بێ:
كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێك ده‌بنه قوربانی بۆ شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كه. هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوی (به‌خته‌وه‌ر) هه‌نگاوی یه‌كه‌مه، ئیعترافه‌كان كاتیان ده‌وێت. ئه‌و كێشه‌یه، كه كێشه نییه، چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و ئیعترافه‌كان تۆمار ده‌كرێن، كاتێكیش په‌خش زیندوو نه‌بێت نه (تاوانبار) ده‌توانێت هاوار بكات (ڕاست نییه) و نه بینه‌ر ده‌توانێت بڵێت تكایه موداخه‌له‌م هه‌یه .. تۆماره‌كه په‌خش ده‌كرێت، هه‌فته‌یه‌كیش دواتر، یان دوان به‌پێی گونجانی زه‌مان و مه‌كان، تاوانبار دادگایی ده‌كرێت، خێراییترین دادگایی، دادگاییه‌كی نهێنیش ده‌بێت، نهێنیترین دادگایی، كاتێكیش ئاشكرا ده‌بێت و رۆژنامه‌نووسان و رێكخراوه‌كان پێیده‌زانن، په‌تی قه‌ناره كاری خۆی كردووه و كاتێك ده‌وترێت ئه‌مه كرا‌و به كه‌س نه‌وترا، خۆڵی گۆڕ په‌رده به سه‌ر شانۆكه‌دا ده‌دات.
تاوانه‌كه‌ی دژی كوڕه‌كه‌ی شێخه‌كانی چوێسه‌ش هه‌مان حاڵه‌ته: ئاسایشی ئه‌ولا رایگه‌یاند باندێكی ناو ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئه‌ملا كوڕه‌كه‌ی رفاندبوو و داوای نیو ملیۆن دۆلاره‌كه‌ی كردبوو، دواتر كه ئاشكرا بوو كوشتی (هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتی 12/5/2010)، ئیتر نه تیرۆریست و نه به‌زموڕه‌زم، دووباره‌ی سیناریۆیه‌كه كه گومانمان له كۆنه‌كه هه‌یه: چونكه ده‌زانین كه یه‌كێك له ئه‌حكامی ستری عه‌وره‌ت به‌ستنه‌وه‌ی كاره ناڕه‌واكانه به تیرۆریستانـه‌وه.
ئیعترافی سه‌ر ته‌له‌فزیۆن چه‌ند جێگه‌ی متمانه‌یه؟ پرسیارێكه پێویست نییه بكرێت، چونكه هیچ كام له ره‌گه‌زه‌كانی باوه‌ڕپێهێنانی تێدا نییه، ئه‌گه‌ر بشكرێته چیرۆك ته‌نانه‌ت ده‌به‌نگترین ره‌خنه‌گر ده‌توانێت بڵێت یه‌ك ڕه‌گه‌زی چیرۆكی تێدا نییه و ته‌نها حیكایه‌تێك بوو له جۆری حیكایه‌ته‌كانی زه‌مانی زوو.
جارێكی تر خوا بكات وا نه‌بێت، دوعایه‌كه ده‌یكه‌ین و زه‌ره‌ر ناكه‌ین، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فێركراوین هه‌موو شتێك چاوه‌ڕێ بكه‌ین، با له ئێستاوه و به‌ر له‌وه‌ی هه‌بوو نه‌بووی حیكایه‌ته‌كه‌مان بۆ بوترێت، قسه بكه‌ین، پاش قسه‌ش پێشنیارێكی بچووكه هه‌رچه‌نده جێبه‌جێكردنی جێگه‌ی گومانه: ئه‌و دوو كێشه‌یه بدرێنه په‌رله‌مان و په‌رله‌مان لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ (تاوانباران) بكات .. ئه‌وه‌ش نه‌كرێت كه‌س داوامان لێ نه‌كات باوه‌ڕ به ئیعترافی سه‌ر ته‌له‌فزیۆن بكه‌ین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست