درەختى وەن مەترسى لەناوچوونى لەسەرە
Saturday, 21/06/2014, 12:00
2151 بینراوە
كارى بنێشت كردن لەناوچە شاخاوییەكان و دارستانەكانى كوردستانى عێراق و بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەكانى بنارى بەمۆ زیانێكى گەورەى بە سروشت و درەختى جۆرى وەن (قەزوان)گەیاندووە, ئەمەش بەهۆى بەردەوامى كاركردن لەهەموو ساڵێكدا و بڕینى زۆر لەسەر جەستەى درەختەكان و خزمەت نەكردنەوەى لەدواى ئەنجامدانى كارەكە, كاركردنى بەردەوام وشك بوونى درەختەكانى لێ دەكەوێتەوە, بەهۆى وشك بوونى درەختەكانیش درەختى هاوشێوە لەجۆرى وەن(قەزوان)بەرەو لەناو چوون دەچێت و ڕاماڵینى خاك دروست دەبێت و گەرم بوونى ژینگەیش ڕودەدا, ئەمە جگەلەوەى بەهۆى كاركردنیشەوە ئاگر كەوتنەوە ڕوودەدات كە بەهۆى ئەو ئاگرەوە درەختە بچوكەكان و پوش و پاوان و باڵندە و زیندەواران دەسوتێن و لەناودەچن, وەساڵانەش هیچ قەرەبوویەكى ژینگەیى ناوچەكەناكرێتەوە و داهاتەكەى دەچێتە باخەڵى چەند شەخسێكەوە.. لەڕێگەى چەند خاڵێكەوە بەچەند هەنگاوێك چارەسەركردنى كێشە كە دەست نیشان دەكەم.
دەتوانین كێشەكە چارەسەر بكەین ئەگەر:
1- كارى بنێشت كردن لە ناوچەشاخاویی و دارستانیەكانى كوردستانى عێراق بۆ ماوەى زیاترلە(5)ساڵ ڕابگیرێت بەبێ هیچ مەرجێك.
2- یاسایەك یان ڕێنمایى وەزارى تایبەت بەكارى بنێشت دەربكرێت لەپێناو ڕێكخستنى بەشێوەیەك كەلە قازانجى سروشتدابێت.
3- ڕێگەنەدرێت دووساڵ یان سێ ساڵ بەسەر یەكەوە درەختى وەن (قەزوان) بریندار بكرێت, بەڵكوم بەپێى یاسا ڕێك بخرێت كەلەسێ ساڵ كەمتر نەبێت.
4- هەڵكۆڵینى درەختەكان بەشێوەیەك بێت كەكەمترین برین بكەوێتە سەرجەستەى درەختەكە.
5- پێویستە پەین و خۆراكى پێویست بەكار بهێنرێت بۆ ئەودرەختانەى كە بنێشى لێ دەكرێت بۆ ئەوەى لەمەترسى لەناو چوون بپارێزرێت.
6- چاندنەوەى درەختى هاوشێوە لەناو چە شاخاوییەكانى كوردستان بەشێوەى هەڵمەت.
7- پێویستەى داهاتەكەى رێك بخرێت و وەك قەرەبوویەك دابنرێت بۆ ژینگەى دەڤەرەكە.
8- تەواوى ئەم كارانەش لەژێر چاودێرى لایەنى پەیوەندیداردابێت.
لەڕێگەى ئەم چەند هەنگاوەوە دەتوانرێت كارێكى گەورە ئەنجام بدرێت بۆ پاراستنى سروشت و ژینگەى كوردستان و بەتایبەت بۆ پاراستنى درەختى وەن(قەزوان) كەلەئێستادا مەترسى لەناو چوونى لەسەرە.
سەروەرقەرەداغى- پارێزەرى ژینگە