کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تامانێک بۆ ته‌نیایی خۆم هه‌ڵده‌چنم!!

Tuesday, 23/03/2010, 12:00



ئێستا له‌وێ
سه‌رو به‌ندی سه‌وز بوونی ڕه‌زو باغه‌
سه‌روبه‌ندی...
له‌ خۆخه‌فتنی شاخ و داخه‌
له‌ خه‌وبوونی دارستان و
سه‌ره‌ تاتکێی چرۆکانه
ئێستا له‌وێ
وه‌رزی چاوبازی کردنی په‌ڕه‌سێلکه‌یه‌
که‌رنه‌ڤاڵی ئاوازی ده‌م بولبولانه‌
له‌وێ جه‌ژنی گوڵه‌ نێرگزه‌
جه‌ژنی دڵه‌
کات کاتی دڵ گۆڕینه‌وه‌ی
ئاشقانه‌.....!
ئێستا له‌وێ
له‌بن سێبه‌ری هه‌ر دارێک
به‌زم و ڕه‌زمی سه‌رمه‌ستانه‌
منیش لێره‌ واخه‌ریکه‌
تامانێک بۆ ته‌نیایی خۆم هه‌ڵده‌چنم!!
ئێستا له‌وێ
هه‌ور ئاسمان ده‌چڵه‌کێنی
کێو له‌ خه‌می دووشکردنه‌
چۆن به‌دوا ڕێژنه‌
گشت گیانی خۆی بسمیل کا
ئێستا له‌وێ...
کانیله‌کان به‌ده‌م نوکته‌ گێڕانه‌وه‌ی
باڵنده‌کان ده‌که‌ونه‌ پێکه‌نینه‌وه‌
له‌وێ کاتی باڵقبوونی چاوبازه‌یه‌
نازکردن و شه‌پ و شۆڕی خه‌ڵته‌ڕه‌یه‌
منیش لێره‌ وا خه‌ریکه‌
تامانێک بۆ ته‌نیایی خۆم هه‌ڵده‌چنم!!
ئێستا له‌وێ
وه‌رزی تاتوێری کردنی
ده‌شت و ده‌ره‌
تاتوێری سه‌راپای خاکه‌
به‌ عه‌زییه‌کی سه‌وز
پڕ له‌گوڵی به‌یبوون و
له‌ گوڵه‌ نیسان و حاجیله‌
ئێستا له‌وێ زه‌ماوه‌ندی
یادکردنه‌وه‌ی قه‌شقۆڵییه‌
یادکردنه‌وه‌ی له‌دایکبونی ئه‌زمڕه‌
ده‌سرۆکی سه‌رچۆپی له‌ده‌ست
چنارۆکه‌
گاوانیش له‌ هه‌ناره‌
منیش لێره‌ واخه‌ریکه‌
تامانێک بۆ ته‌نیایی خۆم هه‌ڵده‌چنم!!
ئای له‌وێ
هه‌ریه‌ک به‌جۆرێ
یه‌ک به‌قاتی مراد خانی
یه‌ک به‌ده‌ستێ جلی کری هه‌ورامانی
یه‌ک به‌به‌ستنی جامادانی بادینانی
ده‌ست له‌ملانێ و گه‌رده‌ن ئازادی یه‌ک ده‌که‌ن
جه‌ژنی نه‌ورۆز به‌مه‌زنێتی پیرۆز ده‌که‌ن
منیش لێره‌ وا خه‌ریکه‌
تامانێک بۆ ته‌نیایی خۆم هه‌ڵده‌چنم.

23/03/2010
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە