کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شعور لەكوێ بێنم یا شێخ!؟

Tuesday, 27/11/2012, 12:00



بڵێم چى ئەى وەزیرى پارەو پولەكەى حكومەتى كوردى جەنابى شێخ بایز كە ئێمە و مانان، ئێمەى فەرمانبەر و قورمساغى ئەم مەملەكەتەى پڕ لەوەزیر وگزیر و مەسئولە هێندە نەفام وهەست وشعورمان نیە و لەخۆڕا داواى شیرى چۆلەكەو هێلكەى هەڵۆ دەكەین، راست دەكەیت ئەوە ئەوپەڕى بێ شعورى و لوتكەى نەزانیە،بەس شێخە خرپنەكەى هەرێمەكەم بڵێم چى گوناح وتاوانى ئێمە نیە كەوا بێ شعورین ، ئێمە لەوڵاتێكدا پەروەردە بوین كە زۆربەىرابەرو گەورەكانمان بێ هەست و شعور وگەوجن، ئێمەش بەهۆیەو گەوجێنراوین ئەى نەت بیستوە دەوترێت گەورە ئاو ئەڕژێت.
زۆرم پێ خۆش بوو باسى شعورت كردوبیرت خستمەوە، ئەزانى ئەو وشەیە ساڵانێكە لەم مەملەكەتە تۆراوە ونامۆیە ، لەو كاتەوە سەرى خۆى هەڵگرت و وڵاتى بەجێهێشت كە ئێوەى زاڵم، ئێوەى پارە خۆر، ئێوەى گیرفان بڕ، ئێوەى پارەپەرست، ئێوەى خاوەن ملیۆنان دۆلار، وەك مۆتەكە و دێوەزمە هاتن قوڕتان كرد بەسەرى میللەت وخەڵكەكەیدا..بێ شعورى لەكوێدایە ئەگەر من داواى مافى خۆم بكەم،بێ شعورى لەچیدایە ئەگەر بڵێم مالیە و حسابات بەسە ئیتر دەرماڵەو و مەترسم لێ مەبڕن و حەپەلوشى مەكەن، بۆ دەبێت بێ شعورى بێت ئەگەر بڵیم ئەرێ ئەو هەموو پارەیە چى لێدێت،بۆدەبێت بەبێ شعور بناسرێم ئەگەر بپرسم بڵێم بودجەى ئەم وڵاتە چۆن سەرف دەكرێت بۆكوێ دەچێت ؟!بۆدەبێت بەبێ شعورم بزانیت ئەگەر بڵێم بەسە گەندەڵى وقاچ و قوچ. بۆئەم خەیتە لیستى بێ شعورانەوە ئەگەر بڵێم موچەكەم بەبەراورد لەگەڵ موچەى بەغدا وشارەكانى دیكە هاوتا نیە و كەمە،بۆدەبێت كەم ئەندامان وهاوپیشەكانیان بێ شعوربن ئەگەر داواى مافى خۆیان بكەن و بڵێن ئەو بەڵێنەى پیتان داوین جێ بەجێى بكەن..بۆچ ئەوەبەبێ شعورى بزانن ئەگەر بڵێم لەو داهاتى نەوت وگومرگ و شتە ئاوڕێكى بەخێر لە نەداران بدەنەوە؟؟ بێ شعورى لە ئێوەوە سەرچاوەى گرتوە،ئێوەن هەست و شعورتان نیە بەرامبەر هەژاران،ئێوەن شعورتان خەوتوە و بێ ئاگان لە بەرامبەر ناڵەو گریان وهاوارى مناڵانى باوك شەهید،ئێوەن هێندە بێ شعورن و شەرم ناكەن بەنوێژى نیوەڕۆ قوتى ئەم میللەتە ئەدزن، ئێوەن شعورلاتان قیمەتى نەماوە و بەكەیفى خۆتان یارى بەچارەنوسى ئەم میللەتە ئەكەن،ئێوەن شعور لاتان نامۆیە و شەرم ناكەن پارەى میللەت و خەڵكى نەدار دەدەن بە حزب و بەرپرسان ئەوانیش تفەنگ و كێبل و حەیزەرانى پێ دەكرن بۆ ئازارى گیان وجەستەمان،بێ شعور ئەوەیە كەبەفەردە داهات و دەسكەوتى ئەم وڵاتە دەكاتە دیارى بۆ سەرزلەكانى وڵات ئەوانیش شەوانى سور و قومارو بەزم سەفاى پێ سازدەكەن، بێ شعور ئەوەیە كە تەماع دەكاتە پارەى خانەنشینیكى پیر وبەساڵاچوو دزى لێدەكات.
ئەگەر شعور هەبوایە لاتان نرخ و سەنگێكى ببوایە ئەوا تۆ وهاوپیشەكانت هەستان پێ دەكرد ولەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵم وناهەقى وناعەدالەتیەى دەیكەن،لەبەرامبەر ئەو ناڕەوایى و بێ حورمەتیەى بە خەڵكى دەتان كرد هەستان پێدەكرد و هەنێكیش شعورتان بریندار دەبوو، پێم باشە جەنابت لەرێى بانگەوازو زیادكردنێكى ئاشكراوە ئاگاداریەك بڵاوبكەیتەوە داوا لە كۆمپانیاو كەسانى بازرگان بكەیت كە بڕێك شعور بۆ خۆتان و برادەرانت پەیدا بكەن بۆ ئێوە زەرورە لەژیانى رۆژانەدا پێویستان پێى دەبێت،بۆ ئەوەش خەمى ئێمەتان نەبێت ئێمە كەسانى سادە وساویلكەو گوم ناوین و هەربەبێ شعورى پەروەردە بوین، ئەگەر نەشمان بێت یان هەستیشى پێ نەكەین شتێكى هێندە گرنگ نیە و خەڵك لۆمەمان ناكات ونابێتە عەیب و عار، بەڵام بۆ ئێوە گرنگ وپڕبایەخە ، تۆ سەیركە ودیقەت بفەرموو ئێوەى بەرپرس و باڵادەست هەموو میللەت لێتان ناڕازیە،هەموو خەڵك نەفرەت و قین ورقتان بەسەردا دەبارێنێت، هەموو كەس ئاواتە خوازە ئێوەى درنج ،ئێوەى بێ خێر، ئێوەى مۆرانە ،ئێوەى زاڵم و زۆردار، بەرۆكى ئەم میللەت بەردەن ،بەڵام هیچ كامتان هێندەى مسقاڵە زەڕەیەك شعورتان پێى ناشكێت دەست بەردارى كورسى وپۆستەكانتان بن، هەروەها جەنابتان لەوەتەى حكومەت هەیە و وەزارەتى دارایى پەیابووە تۆ وەزیریت، لەو پلە وپۆستەدایت، بەبێ ئەوەى بەقەدەر پوشێك خێر و بێرت جگە لەخۆت و دەوروبەرت زیاتربۆ كەسى تر هەبێت ،دەى تۆش شعورت بجوڵێنە و هەست و نەستت بخەرە كار دەستبەردارى ئەو پۆستە بە ولەسەر میزانیەى ئەم ساڵ خولێكى شعوراوى بۆ كابینەى حكومەتەكەتان بكەرەوە بەشكوم تۆزێك فێرى ئسلوب و شێوازى قسە كردن ببن وبارتەقاى قورسایتان سەنگ ونرخیش بدەن بە حكومەتەكەتان..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە