ستران عەبدوڵڵا...زوڕناژەنی شەڕ!
Thursday, 13/08/2009, 12:00
نەگریسی شەڕ لە هەر وڵاتێكدا، زەمینە بۆ ئەو كونەپەپوانە خۆش ئەكات كە نانیان لە ڕژانی خوێنی شەڕەكەدایە، لەدوای گەشەكردنی بواری راگەیاندنیش، بەشێك لەو دڕندە سادیستانەی كە لەپێستی مرۆڤدا لەدایكبوونە، بۆ خاتری پۆستێك یان لەتە نانێك، جاڕی خۆشكردنی شەڕ ئەدەن. لەكوردستانە كاولەكەی خۆشماندا، بەشێكی بەرچاو لە قەڵەمبەدەستان هانی گەنجی داماوی ئەم وڵاتەیان ئەدا كە خۆیان لە كەپكی حەمەداغاو كڵاوقاسم بەكوشت بدەن، دیارترینیان ((سالەی عەبەی موختار))ی كەركوكە كە ئەمڕۆ ناوەكەی خۆی گۆڕیوە بۆ ستران عەبدوڵڵا. بەدرێژایی شەڕی خوێناوی ناوخۆ، بۆتە زوڕناژەنی شەڕٍو لەماوەی چوار ساڵ شەڕی ناوخۆ (كاتی هەڵگیرساندن1/5/1994 تا كاتی ناردنی نامەكەی تاڵەبانی لۆ بانگهێشتكردنی پارتی بۆ ئاشتی 31/12/1997)، بەپێی ژمارە زۆرترین بابەتی دژ بەپارتی و بنەماڵەی بەرزانی نوسیوە، ئێستاش وەسفی لیستێك ئەكات كە (50%) و بگرە زیاتریشی هی بەرزانیە و بە فریادڕەس دەیشوبهێنێ، بەدرێژایی ئەو ماوەیەش هیچ جۆرە نوزەو نقەیەكی بەراستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دژ بە نەوشیروان مستەفا دەرنەبڕیوە كە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بووە، بەڵام كاك نەوشیروان كە لەسەر داوای خۆی وازی لەو پۆستە هێنا، ستران بەناوی خۆی و ناوی خوازراوەوە وتار دژی ئەنوسێ و هێڵی راست وچەپی بەسەرائەهێنێ! ئەگەر ئەمە دووڕوویی و هەلپەرستی و خەبیسی نەبێ چی ئەگەیەنێ؟
-لەماوەی ئەو چوار ساڵەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ كە زۆرترین وتاری دژی بنەماڵەی بارزانی نوسیوە، تەنها ئەو كاتانە بێدەنگ بووە كە هودنە یان هەوڵی ئاشتی لەئارادا بووە، هەر سترانیش یەكەمین كەس بووە دوای كۆتایی هودنەكە دەستی بەهێرشی راگەیاندن و هاندانی گەنجان بۆ خۆبەكوشتدان لۆ بڕینەوەی تۆوی بنەماڵەی بارزانی هان داوە. عاجباتی هەشتەمیش ئەوەیە یەكەمین دەزگای بەناو ئەهلی، دەزگای خەندان بوو كە یارمەتی لە بارزانی وەرگرت و لە رۆژنامەكەشدا ستایشنامەیەكی بۆ هۆنیەوە!. بۆیە لەدووڕوویدا نمونەى كەمە!
ئەمەش بەشێكی كەمە لەناوی ئەو بابەتانەی ستران لە كوردستانی نوێ دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانی و بۆ خۆشكردنی ئاگری كوردكوژەی شەڕی ناوخۆ نوسیونی، لەكاتێكدا ئەم شەڕە جگە لە كوژرانی دەیان هەزار گەنجی داماوی ئەم وڵاتە، ڕەوتی گەشەكردنی بارودۆخی ئابوریی و ئاوەدانی و سیاسی كوردستانی دواخست، نرخی بازاڕی بەرەو گرانتربوون برد، دەوامی خوێندنی دواخست، دەیان خێزانی لەیەكتر كردە دووژمن، پارەوپولی كورد و حیزبە سەرەكییەكانی لۆ كڕینی تفەنگ و تەقەمەنی سەرف كرد و لەهەموویان تاڵتر سیمای كوردی لەسەر ئاستی جیهان ناشرین كرد بەوەی كە كورد ناتوانێ خۆی بەڕێوەببات!!!!.
-لە گۆشەی (5شەمموان) زۆربەیجار ستران بەناوی قەڵەمێك، چاودێرێك و ناوی خوازراوی ترەوە وتاری جۆراوجۆری بۆ ئاگرخۆشكردنی شەڕەكە نوسیوە، هەروەك چۆن ئێستاش لەو كاتەوەی بۆتە سەرنوسەری كوردستانی نوێ بەكۆمەڵێ ناوی خوازراوەوە وتار بڵاو ئەكاتەوە.
-ئێمە تەنها كوردستانی نوێمان بەئەرشیف وەرگرتووە، بەڵام دەیان وتاریتری بۆ رۆژنامەكانی ئاڵای ئازادی، هاوپەیمانی، گۆڤاری 31ی ئاب و رادیۆی گەلی كوردستان و .... نوسیوە، لەئایندەیەكی نزیكدا ئەوانیش ئەخەینەڕوو تا بەتەواوەتی مادەی خام بۆ كتێبی (زوڕناكانی شەڕ) ساز ئەبێت تا خەڵك ئاگرخۆشكەرانی شەڕ بناسن!
ئەمەش مشتێكە لە خەرواری ئەو بابەتانەی لە كوردستانی نوێ بڵاوی كردوونەتەوە.
-لە ژمارە 1492ەوە لەسەر داواى ستران مەلەف 31ى ئاب كرایەوەو بەوهۆیەوە كرایە بەڕێوەبەرى نوسینى كوردستانى نوێ. ئەمەش فەریكە وتارۆكە و زووڕناكانى شەڕییەتى كە لەساڵانى (1995-1997) بەناوى خۆیەوە بڵاوى كردوونەتەوە كە لەم پاشكۆیانەدا ((ساڵ و ژمارە و لاپەڕەو ناوى بابەتەكان))ى سترانمان خستۆتەڕوو:
پاشكۆكان...
پاشكۆى 1- وتارەكانى لە ساڵى 1995
پاشكۆى 2- وتارەكانى لە ساڵى 1996
پاشكۆى 3- وتارەكانى لە ساڵى 1997
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست