خەڵکینە دزەکان بگرن
Sunday, 07/12/2014, 12:00
٨مانگ بایعی= ١٣ دۆلار
رەنگە هۆکاری راگەیاندنەکانی ژێر دەسەلاتی فەرمی هەرێمی سەوزو زەرد، تەنیا تیشكێکی قەبە بخەنە سەر لایەنە تەزویرە رازاێنراوەکانی ژیانی خەڵك، بۆ ئەوەی هەموو شتێك بە دەسکەوت و شەرافەتی خۆیان بزانن، کەچی بێدەنگن لەو هەموو پێشێلکاری و ستەمە رۆژانەیەی میللەت پێوەی دەناڵێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە لایەنە ترسێنەرەکان و جەرگبڕە باس نەکراوەکان زۆر مەترسیدارترن و زۆرینەی خەڵکی پێوەی دەناڵێنێت، سەیرنیە لە وڵاتێكدا لەسەر چاڵە نەوتەکان بێت و سیاسییە دۆراوەکانمان ئامادە بن هەموو موچە و گوزەرانی هاوڵاتیان بە پلان و بۆندە نەوتیەکانی خۆیان
بگۆڕنەوە؟! خەڵک کەوتووەتە دەشت و دەرەکان بۆ هەڵکەندنی گیاو فرۆشتنی بەمەبەستی دەسخستنی پارووە نانی رۆژانە، منداڵانی پێ خاوس دوور لە قوتابخانە بە دوای فافۆن و نایلۆندا سەر زبڵدانەکان دەگەڕێن تا بژێوی خێزانێکی پێ دەستبێنن. بێودژن و پیرەمێردو بێ نەواکان سەر شەقامەکانیان تەنیوەو سواڵ و دەرۆزە لە ویژدانی زیندووی هاولاتیانی ماندوو دەکەن تا بە هەر دەردەسەرییەك بێت کرێ خانووی مانگێك کۆ بکەنەوە، ڕێژەی بێکاریی و هەژاریی لە خوار%٢٥یشەوە زیاترە نەك وەك ئەوەی راگەیاندنی شەرمەزارو درۆزن ەکانیان بڵاویان کردەوە لە خوار سفر پۆینت چوارەوە
بێت٤،.%!
ئەم دەسەڵاتە ناحاڵیە زۆردارە هەرجارەی بە جۆرێك و بە بیانوویەك خۆڵ لە چاوی خەلکی سادەی ئێمە دەکەن و ئەوانیش قوروقەپی لێ دەکەن، یان بە هۆی نوێرانەوە بێت، یاخود بێ متمانەیی بە ئەلتەرناتیڤی ئەوان، چونکە گۆڕان لە ١٧ی شوباتدا خۆی کردە خاوەنی راپەڕینی خەڵک و دواییش بە ئاسانی دەستبەرداری هەموو دروشمە کانیان بوون و کێشەکەیان لەسەر مێزی دانووساندا فرۆشت.. با لە ئەزموونەوە فێر بین گۆڕانکاریی بە پشت و پەنای حیزب و سیاسەتمەدارە سواوەکان ناکریت، دەبێت هێزێکی جەماوەریی بێلانەنی لە کەسانی پرۆفیشناڵ و ئەکادیمی دڵسۆز پێکبهێنرێت و
پێشڕەوایەتی ئەو خەڵکە بکەن بۆ گۆڕانکاریی و گرتنی هەموو تاوانبارو دزو گەندەڵ و ساختەچیەکانی ٢٤ ساڵی ڕابردوو، کە تەمەنی نەوەیەکیان وەکو پارەی تەزویر سووتان.
بە داخەوە لەوە دەچێت خەڵکی ئێمەش چیدی نایەوێت هوشیار بێتەوەو بێتە دەنگ و دەسەڵات و توانای خۆیان بە کەم دەزانن وا بێدەنگ بوون، دەبێت جیاوازی نێوان تیرۆریستی لاشە و گیان چی بێت، ئەوان بە بیانووی شەڕی تیرۆر هەموو خەڵکیان بێدەنگ کردووە، خۆشیان ژێر بە ژێر بازرگانی لەگەڵ تیرۆریستاندا دەکەن، دەسەڵاتی سەوزو زەرد ٢٤ ساڵە گیانی هاولاتیان تیرۆر دەکەن و بەرگی مرۆڤایەتیان لێ دادەماڵن، سوکایەتی و مەحروم کردن و ستەمیان بەرامبەر دەکەن، کەواتە ئەمە هەر دروشمەکەی سەدامی گەورەیانە کە دەیگوت(هەموو شتێك لە پێناوی سەرکەوتندا) ، لە کاتێکدا
سەدامی دیکتاتۆر تەنیا لە ٥%ی داهاتی عێراقی بۆ پارووە نانی خەڵک تەرخان دەکردو کێشەی برسێتی بوونی نەبوو، ١٢ بابەتی بایعی دەدا بە هاوڵاتیان و بێ کەم و زیاد دابەش دەکرا.
کەچی ئەم دزانەی ئێستا کە سەرکۆنەی سەدامی دیکتاتۆر دەکەن خۆیان بە بیانووی پێدانی ١٣ دۆلار کە دەکاتە ١٦ هەزار لە جیاتی ٩ مانگی بایعی تاکی هاوڵاتیان لە مانگی شوباتەوە تا ئەیلول، وا سێ مانگە دوای تێپەڕینی ئەو ماوەیەش هیچ بابەتێکیان بە هاوڵاتیان نەداوە، ئەمە لە کاتێکدایە گەر تۆمارەکانیان لە وەزارەتی بازرگانی بخوێنیتەوە رەنگە هەر مانگەی زیاد لە ١٠٠ دۆلار لەسەر هاوڵاتیان بنووسن و بیخەنە گیرفانیانەوە. ئەم تاوانە زۆر مەزنە، ئەوپەڕی بێ ئەخلاقی و نا مرۆڤایەتیە، هەزاران خانەوادەی هەژاری ئەم کوردستانە فلسێكی سوور داهاتی لە حوکمەتەوە
نییەو مانگەو مانگ چاوەڕوانی ٣ بابەتەکەی بایعییە(زەیت و شەکرو برنج) تا کەمێك لە ئازارەکانی کەم بکاتەوە، کەچی دزی لە پارووە نانی هەتیو و بێوەژن و پیرەمێردو بێکەسان دەکەن، دەك بەر نەفرەتی مێژوو و مرۆڤایەتی بکەون ، ئەی خاوەنانی کەسایەتیە سوکەکان، ئەی تاوانبارتران لە سەدام و هەموو تیرۆریستان، ئەی ئەوانەی هەموو ژیانتان هەر بە فێڵ و ساختەو دزی و ڕاو ڕووت و شەوکوتی بردووەتە سەر، نازانم چۆن کە سەر دەکەنە سەر سەرین بە ئارامەوە خەوتان لێدەکەوێت؟ گەر تۆسقاڵێك ویژدان لە ناخە تاریکە بۆشەکانتاندا مابێت، دڵنیابن سبەینێ دەبنە لاشەیەکی
بۆگەنی خۆراکی مارو جرج، هەموو ئازارەکانی میللەتی رەش و ڕووتی چەوساوە دەبێتە مۆتەکەیەکی گەورەو شەو کە خەوتن دەست دەخاتە بینەقاقاتان و بۆ هەتا هەتایە لەسەر پێخەفی گەرمو ئامێزی خۆشەویستان دەرتان دەهێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست