کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


"سەردەشت عوسمان پەیامە نەک قوربانی"

Sunday, 05/05/2013, 12:00







سەردەشت عوسمان بۆ ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو تەنها سمبولێکی ئازادی و ڕۆژنامەنووسێکی تیرۆرکراو بوو، بەڵام ڕەنگە چیتر سەردەشت عوسمان لەم بەرگ و لەم قات و ڕیباتەی خوێندن و زانکۆدا نەمێنێتەوە و بیەوێت شتێکی تر بێت، شتێک کە لەسەرەتاوە مەبەست و ئامانجی کۆی ستراتیژی سەردەشت بووە.
بە بڕوای من سەردەشت عوسمان هەرگیز ئامانجی ئەوە نەبووە کە رەمزی قوربانی و غەدر بێت، چونکە ژیان بۆ هەرکەسێک لەناو هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەک دابەشی دوو بووە، یان قوربانیت یان جەللاد، ئیتر ڕێگای تر نیە، چونکە لە هەر کۆمەڵگایەکی دونیادا دادپەروەری نەبوو وە ژیان بێ جیاوازی بەسەر ڕەش و سپیدا دابەشنەکرابێتەوە و ژیان لە ژێر سایەی عەڕشی پادشایەکەوە ببارێت بەسەر دەرباردا، ئیتر سەرلەبەری لافی شەهامەت خۆگێلکردن و تەسلیم بوونە.
لەبەر ئەوەی سەردەشت عوسمان بەرلەوەی تیرۆربکرێت قوربانی بووە، کەواتە دەبێت خوێندنەوەیەکی تر لەدەرەوەی پێناسەکانی قوربانی و غەدر بۆ تیرۆرکردنی سەردەشت بکەین.
بۆ نمونە سەردەشت عوسمان سەبارەت بە سنوری ئازادی و مافی ژیان لە هەرێمی کوردستاندا، خەیاڵی ئێمەی تا کوێ برد و چی پێ ووتین؟
بەبڕوای من ئیتر کاتی ئەوە هاتووە لەبری ئەوەی لە ساڵیادی تیرۆرکردنەکەیدا گوڵ و مۆم بۆ سەردەشت عوسمان بەرین و پێی بڵیین تۆ نمونەی غەدر و قوربانیت لەم هەرێمەی ئێمەدا، وە خۆمان وا نیشان بدەین کە ئێمەش هاوخەمین و پێمان غەدر و قوربانیت، لەبری ئەمانە دەبێت لە ناوەرۆکی پەیامەکەی سەردەشت تێبگەین و لایەنە نەبینراوەکانی کەشف بکەین و ئامانجەکانی بدۆزینەوە. دەبێت ئەوەی کە سەردەشت ووتی ئێمە وەک خۆی بیبیستین، چونکە سەردەشت عوسمان فێرمان دەکات چۆن کۆت و بەندەکانی خۆمان بکەینەوە و لە قوربانیەوە ببین بە مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە و سەربەخۆ، نەک هاتبێت پێمان بڵێ نمونەی قوربانیدان و غەدردیدە و شەهید منم، چونکە لانی کەم سەردەشت عوسمان بۆخۆی لەوە تێگەیشتووە کە تۆ و من و ئێمە قوربانین و ژیانمان بەشێکە لە سوخرەکێشی و قبوڵکردن و تەسلیم بوون. کەواتە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە وەک خۆی لە پەیامی سەردەشت عوسمان تێبگەین و هەست بەو تاقیکردنەوەیە بکەین، کە ڕۆژنامەنووسێکی گەنج بە ژیانی خۆی لە پێناو گەیاندنی پەیامێک بۆ ئێمە و بۆ دەربازبوون لەم خۆتەسلیمکردنە بەکۆمەڵەی کۆمەڵگای ئێمە، پیایدا تێپەڕیووە.
بە بڕوای من سەردەشت عوسمان دەکرێت وەک حل و چارەسەرێکی کۆگیر سەیربکرێت و بخوێنرێتەوە لەپێناو کردنەوەی ئەم تەلیسم و بەندانەی کە لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ە وە نەوەی ئێمەی فێری خۆتەسلیمکردن و قبوڵکردن کردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە