Wednesday, 03/12/2014, 12:00
لەنێوزەنگ ١/١/١٩٨٢ دا یەکەم فراڤینمان lەگەڵ دایە خانم، خەجە، تاڤگە، حازیمە و دوو منداڵەکەی بوو. ئەم فراڤینەمان لەگەڵ نانی بەیانی گوندەکانی دۆڵی خانەقا جیاوازبوو. نانی گەرم نەبوو، چایەکە لەسەر تەباخێکی بچووکی گازدا ژێرەکەی ڕەنگی شین. خواردنی بەیانی بریتیی بوو لە مەرەبای ئێرانی، کەڕەی زەرد و پەنیری تەبرێزی. ژن هێنانی کاک نەوشیروان بابەت و باسی ئەو بەیانیە بوو، چاوەرێ دەکرا بەهاری هەمان ساڵ بوکێ بگات.
چێشتانێ چووین بۆ لای کاک نەوشیروان، لە سەربانی بارەگەکەی چەند پەتوویەک بە دوو قەدی و لاکێشی داخرابوون، هەتا و تینێکی گەرمی هەبوو. کابرایەکی بە تەمەن، باڵا بەرز، جل و بەرگێکی خاوێنی پۆشیبوو، تووند و تۆڵ ڕەختی بەستابوو، تفەنگەکەی قیت و قیت لە شانی، چەند جارێک بەوێ ڕەتبوو، پێشمەرگەکان بەچاو قسەیان لەگەڵ یەکتر دەکرد و پێدەکەنین. خەجێ بە زاراوەی خۆشناوەتی گوتی ئاشتی ئەو کابرایە دەڵێی کەرەبابە(كەڵەشێر) بەو ناوە قیت و قۆز ڕەت دەبێ، دوای قسەکەی خەجێ، پێشمەرگەکان پێکەنین. زانیم شتێک هەیە، پرسیارم کرد ئەو کابرایە کێیە؟ کاک نەوشیروان گوتی ئەوە کابرایە خەڵکی ژاراوەیە، ناوی شێرکۆیە، پێشمەرگەی بارەگەکەی منە، کاروباری چێشتلێنان، داربڕین و هێنان و شکاندن دەکات. دوای بۆم دەرکەوت ئەو کابرایە هەر ئەوەندە بزانێ ئافرت لەو ناوەدا پەیدا بووە، ئیتر سەر و سمێڵی بۆیە دەکا، خۆی قۆز دەکا و خەریکی جرت و فرت دەبێ. پێشمەرگەکان گوتیان بەبەردەوامیی دەچێ بۆ سەردانی گوندەکانی شێنێ، زەڵی، زۆربەی کاتەکانیشی لە رێگەی کانی ژناندا بەسەر دەبات. ئەو کابرایە لەئەنجامی ئەو هەڵس و کەوتانەی ببوو بە مادەی ڕابواردنی پێشمەرگەکان و ڕۆژێکیان قوتوویەک بۆیەیان بۆ بردبوو و گوتوبویان کاک شێرکۆ، ئەو بۆیەیە زۆر ئەسلیە، بە تایبەتی ناردومانە لە دەرەوەی وڵات بۆ تۆ بێت. مام شێرکۆ دڵی خۆشببوو، شەوێ بۆیەکەی بەکارهێنابوو، بەیانی لە ئاوێنەدا خۆی دیتبوو، سەر و سمێلێ لە جیاتی ئەوەی ڕەش بێت سوور ببوو، ئیتر بۆ چەند هەفتەیەک دەمامکی دەکرد بۆ ئەوەی خەڵکی نەیبینن و نەیدەتوانی سمێڵی بتراشێت، بەهۆی ئەوەی لە داب و نەریتی کوردەوارییدا بە تایبەتی لەو ناوچانە شورەییبوو زەلام سمێڵ بتراشێت.
لە بارەگەکانی سەرکردایەتی، سەرخستنەسەر، کلتوورێکی باوی ناشرین بوو، هۆکارێک بوو کە دەبوایە مرۆڤ زۆر وریای قسە و هەڵس وکەوتی بێت. ئەوانەی دەبوون بە مادەی ڕابواردن ئەو کەسانەبوون کە سادە، ناشارەزا، خەڵکی شارەکان تازە ببوون بە پێشمەرگە، کەتنی ڕاوە ژووژکیان پێدەکرا، یان ئەو کەسانەی کە جۆرە خویەکی تایبەتییان هەبوو وەکو زوو هەڵچوون. هەرگیز کەس ئەوەی لەگەڵ بەرپرسێک پێنەدەکرا، بەڵام بەرپرسەکان بۆ خۆشی و پێکەنین، هاندەری ئەو نەریتە بوون. ڕێککەوتوە لە ئەنجامی سەرخستنەسەر، پێشمەرگە بێزار بووە و وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە.
کاک نەوشیروان لە جەولە گەڕابوەوە، پەیتا پەیتا پێشمەرگەی نێوزەنگ، لێپرسراوەکان بۆ لای دەهاتن، ئەو ڕۆژە زۆر کەسی لە دانیشتوی ناوچەکانی سەرکردایەتییمان ناسی، گرنگترین بابەتیی ئەو ڕۆژە ئەوەبوو، کە بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵ، لە هۆڵی شەهید شەهاب پێشمەرگەکان ئاهەنگێکیان ڕیکخستبوو، لەو ئاهەنگەدا پێشمەرگەیەک و هاوسەرەکەی لەبەر چاوی ئامادەبووانی تەنیا بۆ گاڵتە یەکتریان ماچ کردبوو. ئیتر ئەو باسە وەکو قومبلەی زەری تەقیبووەوە و بەسەر زمانی هەموو میوانەکان بوو. ئەوەی جێگەی تێڕامانبوو ئەوەبوو بیرم لە ماهیەتی خەڵکەکە دەکردەوە، سەرکردایەتی شۆڕشێکی مەزن، دەور و بەرەکەی دەبێ زۆر لەوە گەورە تر و بە مستەواتر بن کە بابەتێکی وای بێ ئەرزش جێگەی مشتومڕیان بێت و کاتی پێبکوژن. ئەوەندەی پێنەچوو ئەو ژن و میردە، هاتنە ئەوێ و لەگەڵیان بە یەکتری ناسێنداراین. یەکەم نان خواردنی نیوەرۆی ساڵی ١٩٨٢، لەسەربانی بارەگەکەی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ خۆی و پێشمەرگەکانی نیسک و نان و پیازمان خوارد. کاتی ناندانان، کاک نەوشیروان گوتی ئەوەندە نیسک و نۆکمان خواردوە، وای لێهاتووە پێشمەرگەکان هەمووی بێزاربوون، ڕۆژێکیان پێشمەرگەکان لە کاتی نانخواردندا مانیان گرت و قاپ و کەوچکیان لە یەکتر دەدا، دەیان گوت بمرێ نیسک بمرێ نۆک.
دواتر نەوشیروان مستەفا باسی خەباتی گەلان، دەوری گرنگی ئافرەتانی لەو خەباتانەدا بۆمان ڕوونکردەوە. ئەو کاتە نەوشیروان وکو فەرهەنگێک دەهاتە بەرچاوم، پێم خۆشبوو لەگەڵی دانیشم زۆر بابەتی ڕۆشنبیری بۆمان باس دەکرد، باسی مێژووی کۆمەڵە، یەکێتی و دەیان بابەتی دیکە، بەڵام خەجە زوو بێزار دەبو.و دواتر نەوشیروان لە قسەکانی تەواو بوو، ئاوڕێکی لێ دامەوە و گوتی، ژنێک هەیە ناوی هەڤاڵ خەجۆیە، سکرتێری ئاڵای ڕزگاری پارتێکی باکوورە بارەگەکەی لەسەروی ئێمەوەیە، پێم باشە ڕۆژانە سەردانی بکەی و گوێی لێبگری، پێم وایە لە ڕووی فکری سوودمەند دەبێت. گوتم: زۆرباشە ئیتر ڕۆژێ کاتژمێرێک یان دووان دەچم بۆ لای.
ئاڵای ڕزگاری لە ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠دا لە باکووری وڵات دامەزرابوو، بڕوایان بە خەباتی چەکداری نەبوو، بڕوایان بە یەک پارچەیی کوردستان هەبوو، سکرتێریان هاوڕێ خەجۆ بوو، ئافرەتێکی لاوازی سپیکەلانە، قژی وەکو پیاو کورت کرابوەوە، جل و بەرگێکی خاکی پێشمەرگانەی لەبەردابوو، تەمەنی لە نێوان سی و چوار تا سی و شەش ساڵدا دەبوو . ژنێکی خاوەن ئاستێکی ڕۆشنبیری بوو، لەژێر کارێگەری کلتووری ئەوروپا، هەندێک لە فەلسەفەی مارکسیدا بوو. لە نێوزەنگ لە هۆڵی شەهید شەهاب لەسەر مەسەلەی بیرۆکەی کوردستانی چەند سمینارێکی بەرێوەبرد. بوونی کتلە لە ناو باڵەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران، پەیوەندیی ساردی نێوان کۆمەڵەی رەنجدەران و هێڵی گشتی دەوری هەبوو لەسەر پەیوەندیی تاکەکان لە نێو ئەو کۆمەڵگە بچوکەی ناوچەکانی سەرکردایەتی. خەجۆ لە هێرۆ و تاڵەبانی و دەوروبەرەکەی نزیکبوو. لە ساڵی٢٠٠٣دوای بوونی تاڵەبانی بە سەڕۆک کۆماری عیراق، خەجۆ وتارێکی نوسی بە ناوی "شاخە تازەکەی مام جەلال"، خەجۆ لەو وتارە، بەغدای بە شاخ پێناسە کرد بوو بۆ خەباتی تاڵەبانی! دواتر لەگەڵ ئەوەی کە خەڵکی عیراق و باشووریش نەبوو، بەڵام بووبە خاوەنی دوو پۆست یەکەم لە بەغداد ڕاوێژکاری تاڵەبانی ، دووم مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی.
جگە لە ئاڵای ڕزگاری دەنگۆی ئەوە هەبوو، کە پارتێکی دیکەی باکوری لە قەندیل بارگەیان هەبوو بە ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و لە سوریاش ئۆفسیان هەبوو. پەکەکە ئەو کاتیش سەربەخۆی خۆی پاراست بوو، لەژێر سێبەری هیج پارتێکی سیاسی باشوور نەبوو، هەروەها بیستم لە شەڕی براکوژی هەوڵیاندابوو ببن بە ناوبژیوان لە نێوان هێزە سیاسییەکانی باشوور، بەڵام ئەو کات سەرکردایتی یەکێتی ئەو هەنگاوەی ئەوانی قبوڵ نەبوو.
دواتر بیرم لێکردەوە ڕێناماکەی سکرتێری گشتی ئەو رێکخراوەی کە خۆم کاری بۆ دەکەم و بڕوام پێیەتی (کۆمەڵەی رەنجدەران) جێبەجێ بکەم. بڕیارمدا بچم بۆ بارەگەی ئاڵای ڕزگاری. زۆر داوام لە خەجەی هاوڕێم کرد لەگەڵم بێت، گوتی حەزم لێنییە، تۆ بێزار نابی هەر پرسیار دەکەی من تاقەتم دەچی، تەنیا بۆ ئەوەی لەگەڵم نەێت خۆی نەخۆش کرد.
لە ژیانمدا کوردی باکوورم نەدی بوو، پێم خۆشبوو بیانبینم، ئەو کات سەرەڕای قاڵنەبوونەوەم لە تێڕوانین و بۆچوونەکان، نزمی ئاستی ڕۆشنبیری، کەمی شارەزایی لە ئەزموونی ژیان و سیاسەت و بچوکی تەمەن، وێرای ئەوەش دەنگێ لە ناوەوەی خۆمدا هەبوو و دەرکم پێدەکرد کە هەستی کوردستانی بوون بوو، بڕوام بە بیر و بۆچوونی کوردستانیەت هەبوو، هێشتا بە شێوەیەکی سادە و سەرەتابوو، سۆز بەسەریدا زاڵبوو، لە قاڵبێکی گشتی خۆشەویستی بوو بۆ وڵاتەکەم کوردستان بست بە بستی ئازیز بوو، شاخ و پێشمەرگە دوو هێمای هەرە بەرز بوون لام، ئەم هەستە بناغە و نواتی بیر و بۆچوونەکانم بوو بۆ گەیشتن بە قەناعەتی تەواو بە عەدالەتی پرسی میللەتەکەم لە دوایشدا. سنوور بڕین، تێکەڵاوبوونم لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی پارچەکانی دیەکەی کوردستان، بۆمن خەونێک بوو هاتبووە دی، هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندم، پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی ئێران، چریکی فیدایی و دیتنی ئەشرەفی دەهقانی لە نزیکەوە، ناسینی دەیان پارتی سیاسی فارسی و عەرەبی دیکە، گەلێ لە هونەرمەند و گۆرانی بێژی پارچەکانی تری کوردستان بناسم هەموو ئەوانە بۆمن سەکەوتن و خۆش بوو.
چووم بۆ بارەگەکەی ئاڵای ڕزگاری، لە دەرگەی بارەگەکەم دا دوو پێشمەرگەی پیاو دەرگەیان کردەوە، زۆر بە ڕوویەکی خۆش فەرموویان لێکردم، هەڤاڵ خەجۆ بەرە و رووم هات و بەخێرهاتنی کردم، ئەوان کەسیان منیان نەدەناسی ناومیان نەدەزانی، خەجۆ لە ناومی پرسی، دوای تەمەنم. منیش وەڵامیم دایەوە. ئەو کات من تەنیا چوار یان پێنج پێشمەرگەی پیاوم دیت لەگەڵی، بیست بووم پێشووتر ژمارەیان زیاتر بوو ، بەڵام ئەو کاتەی من گەیشتمە نیوزەنک لەوێ نەمابوون. خانوەکەیان لە قەد نیوەی مامەندە بوو. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، دروستکردنی جۆری خانوەکەیان بوو، زۆر بە ڕێک و پێکی دروستکرابوو، بریتیی بوو لە دوو ژوور، ژوورێکیان بۆ خۆی بوو، پێشمەرگە پیاوەکانیش بە هەموویان لە یەک ژوور بوون، پێشەکەی داڵانێکی داخراو بوو، خۆشیان کردبوو بۆ دانیشتن و نان خواردن. بارەگەکەیان خاوێنیەکی بێ هاوتای پێوە دیار بوو، دارەکانی ئامادەکرابوون بۆ سوتاندن، هەمووی زۆر جوان وکو یەک بڕابوون و سەفتە کرابوون، کتێبخانەیەکی بچووکیان هەبوو، پەرتوکەکان بە زمانی تورکی بوون. بارەگەکەیان جیاوازی هەبوو لەگەڵ بارەگەکانی پێشمەرگەی یەکێتی، بارەگەکانی خۆمان پیس و پەڵۆخ بوون، کە بە نزیکیدا ڕەت دەبوی بۆنی گۆرەوی بۆگەن هێرتی دەکرد. لە خەجۆ بترازێت ئەوانی دیکە کوردیەکەیان شەق و شڕ بوو، نە ئەوان لەمن گەیشتن نە من لە ئەوان تێدەگەیشتم بۆیە تەنیا زەردەخەنەمان دەگۆریەوە. نیوەڕۆ لای ئەوان نان، نیسک و پیازم خوارد. لەو چوونەم بۆم دەرکەوت کە پێشمەرگەکانی زۆر ڕێزیان لە خەجۆ دەگرت هەر بە ئەبلە بانگیان دەکرد. ئەبڵە وشەیەکی تورکییە بۆ ڕێزلێنان لە خوشکی گەورە یان پور یان هەر ئافرەتێ کە تۆزی تەمەنی بچێتە سەر بەکاری دەهێندرێ. ئیتر خەجۆ باسی کوردستانی گەورە و ڕزگاربوونی، خراپی دەسەڵاتدارانی تورکیا، باری نالەباری کوردی باکور و دەوری ئافرەتانی کرد لە نێو کۆمەڵگە دەکرد، بە جۆرێک گوێم لێ گرتبوو دەت گوت هەنگم لە دارا دۆزیوەتەوە. دوای کاک نەوشیروان لێمی پرسیەوە کەمن چووم بۆلای خەجۆ یان نا. من چەند جارێکیتر سەردانی ئەو بارەگەیەم کرد، کۆتاجار کە چووم خەجۆ لەوێ نەبوو، پێشمەرگەکان گوتیان ئەبڵە بۆ کار و باری سیاسی چووە بۆ سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران، دواتر دەرکەوت چونەکانی خەجۆ بۆ لای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ مەبەستیتر بووە، ئەمە یەکێک بوو لە هۆکارەکان چوار لە پێشمەرگەکان وازیان هێنا و یەکێکیان لەتاوان خۆی خنکاند.
لە هاوینی ساڵی ١٩٨٢دا لە گوندی نیوزەنک، لە قەد پاڵی چیای مامەندە، پێشمەرگەیەکی ئاڵای ڕزگاری، خەڵکی باکور لە ناو بارەگەکەیان خۆی هەڵواسی، لەو شوێنەی کە لە یەکەم سەرادانم بۆ لایان نانم لەگەڵ خواردبوون. تەرمی ئەو پێشمەرگەیە لە گوندی نیوزەنگ بە خاڵ سپێردرا ئەم ڕووداوە هاوکاتبوو لەگەڵ ڕۆیشتنی خەجۆ سکرتێری ئەو پارتە، بە ڕێگەی ئێران یان عیراقبوو بۆ سوریا بەرەو ئەوروپا.
خۆ خنکاندنی ئەو پێشمەرگەیە، بە هێمنی و بەبێدەنگی، بومەلەرزەیەکبوو ناخمی سەرە و ژوور کردبوو، پارچەیەک بوو لە پشکۆ بە سەر دڵ و دەروونمدا. پاش نیوەڕۆیەک. گوتم: خەجە بابڕۆین بۆ پیاسە، خەجە نەیزانی من چیم لە دڵە، هات لەگەڵم، ئەو لە سەر تولە ڕێگەکە دانیشت، من شۆربومەوە بەرە و بارەگەی ئاڵای ڕزگاری، دەرگەکەم کردەوە و چوومە ژوورەوە، هەوارێکی وێرانی چۆڵ، هەموو کون و قوژبنێکی ئەو خانوە ئازارێکبوو بە دەنگی بەرز ئەیقیژاند، هەر لا دیوارێکی لەبەر چاوومدا ببوو بە دەم و چاوێکی حەپەساو لەیەکتر ڕادەمان. سەرم شۆرکردەوە لە هەردوو ژوور، لەو شوێنەی یەک دوو جار لە گەڵیاندا نانم خواردبوو، ڕاوەستام ڕێک لەسەر سەرمەوە پەتە هەڵپجراوەکەی گەردەنی ئەو پێشمەرگەیە شۆر ببوەوە، سەرم بەرزکردوە، کەوتمە دوان، لەگەڵ ڕوحی ئەو پەپولە پاکە، تۆ کێی بوێت؟ ناوت چی بوو؟ ئاخۆ کوڕی چ هەژارێکی؟ هەموو ئێوارن لە دەوری قوتیلکەیەک کۆدەبنەوەو یادت دەکەن؟ بۆچی وێلی سەر ئەو سنوورە بویت؟ بۆ هیوایەک؟ یان بۆ چاڵ هەڵکەندن لە بناری مامەندە تا خۆت و خەونەکانتی تیا بنێژیت؟ چی وای لێکردی ئەوە بکەی؟ بۆ دونیای هەستەکان بۆ کۆمەڵگەی ئێمە نامۆیە؟ بۆ دەبێ لەناو دڵی مەتەرێزی شەرەفدا تاکەکان لە ئازارە دەروونییەکانی یەکتریدا بێ ئاگا بن؟ بۆ دەبێ لە سێبەری شاخدا پەپولەیەک، بڕیاری خۆ خنکاندن بدات؟ بۆ تۆ تەنیا بوویت؟ ئەگەر بە نیازی سەفەرێکی وا بویت؟ ئاخۆ هەواڵت نارد بۆدایکت؟ چی گوت؟ ئاخۆ ئێستا چی دەڵێ؟ باوکت دەزانێ تۆ شەهید بوویت؟ بەبێ دەنگی، لە ژێر خاک نێژرای بۆ پاراستن، کڕینەوەی ئابڕ و بەرژەوەندیی خودا پێداوەکان، بۆ دەبێ دونیا بەوجۆرە ناهەقیە بێت؟ کێ هەڵەیە؟ سێبەری ئەو شاخەی کە هەموومان بۆ بەدەست هێنانی ژیانێکی سەرفیراز و ئازاد ڕوومان تێکرد، بۆ دەبێ هەر بن بەردێک و دارێکی ئەو شاخانە، مەنزڵگەی شاردنەوەی ئەو جۆرە تاوان و نهێنیانە بێت؟ هەڵەی کێ بوو؟ کۆمەڵگە؟ کێ خاوەن مافە لەو ڕووداوە؟ تۆ یان ئەوان؟ کێ تاوانبارە؟ بۆ تۆ بۆ ژێر خاك؟ ئەوانیش هەردووکیان بەرە و ژیانی بەختەوەری ئەوروپا. لەو ڕۆژەوە دەرکم پێکرد، کە منیش بە پێی خۆم هاتووم بۆ ئەوەی هەموو هیوا، ئاوات و خەونەکانی خۆم و میللەتەکەم بەدەستی خۆم لەسێبەری ئەو شاخەدا بنێژم!
تێبینی یەکەم: هەندێ لە رووداوەکانی ناو بیرەوەرییەکانم، لە دۆکیۆمێنتی هیج لایەنێکو کەسێ کە مێژووی ئەو ماوەیەی نووسیوەتەوە نەهاتوو، هەر لایەنێ یان هەر کەسێ، گومانی هەیە لە راستی هەر رووداوێک کە لەو بیرەوەرییانە هاتووە بابێتە دەنگ.
تێبینی دووەم: بڕیاڕم داوە هەرچی لە بیرەوەرییەکانی شاخدا کە تاکو ئێستا لە یادم ماوە، لە چەندزنجیرەیک بیان نووسمەوە، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستان پۆست"ە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست