سەرۆك فیدایمان ناوێ!!
Monday, 14/01/2013, 12:00
كەم نەبووین لەعێراقدا ئەوانەى كە پێمان وابوو دواى ڕووخانى ڕژێمەكەى ێدام حسین چیتر گوێمان لە وشەى فیدایى و كوشتن و شەڕكردن ...هتد نابێت، بەڵام بەداخەوە لەسایەى حكومەتى كوردى و سەركردەكانیدا زۆر وشەى ناتەندروست ئەبیستین و بە فیعلیش كارى بو دەكرێت لە پێناو بەرژەوەندى تەسكى حزبى .
لە ڕووداوەكانى 17ى شوبات و ڕۆژانى دوایدا لە جیاتى بە خۆداچوونەوە و چاكسازى بنەڕەتى كەچى وشەگەلى وەكو دەست بڕین و دوژمن و ...هتد بووین و كەهەموومانى توشى شوك كرد . لەوەش زیاتر مەترسیدارتركە پێویستى بە روونكردنەوە هەیە بریتیە لەو لیدوانانەى كە هەندى جار دەوترێ ئەوەندە فیدایمان هەیە كە دیارە ئەوەش لە پێناو شەخێدا ئامادەن خوێنى خۆیان بەخت بكەن ...هتد
دروست بوونى ئۆپەراسیۆنى دیجلە سەرەڕای ناڕوونى هۆكارى بنەڕەتیەكەى كە گومانى باش نابردرێت بەهۆكارەكەى چونكە زۆر هۆكارى تر هەبوو كە پێویستى بەوەبوو سەركردایەتى كورد بێتە دەنگ كەچى بێ دەنگیان هەڵبژارد وەكو هەمیشە، بەرەنگار بوونەوەى ئەم هێزە ڕاستیەكى تاڵى پێ وتین كە بانگەشەى یەكگرتنەوەى دووئیدارەیى بەگشتى و بەتایبەت هێزى پێشمەرگە زۆر دوورە لە ڕاستیەوە بەشێوەیەك دواى هەموو لایەنەكان هێزێكى سەرەكى ناو هێزى پێشمەرگە وەكو حزب ئیدانەى ئۆپەراسیۆنەكانى دیجلەى كرد لە كاتێكدا ئەو حیزبە خۆى بە هێزێكى سەرەكى ململانێى نێوان هەرێم و حكومەتى عێراقى دەزانێت و لەوەش سەیرتر لەسەرەتاوە تەنها هێزەكانى یەكێتى دژایەتى حكومەتى عێراقى كردوو بینیشمان شەڕیان دروست كردو قوربانیشى لێ كەوتەوە .
سەیرە لەحكومەتى دامەزراوەیدا هەر شەخێ و كەسێك بۆ خودەرخستن بەهێزى تایبەتى و خزمەم و كەس و كارەوە ئەچێتە ناوچە دابڕاوەكان بۆ پارێزگارى كردن لە خاكى كوردستان لە سایەى هێزێكى پێشمەرگەى یەكگرتووى وەكو ئێستا!!!! لێرەو لەوێ تاكى كورد لە ناوچە دابڕاوەكان چەكیان هەڵگرتووە لەدژى دوژمنێك كە نوێنەرانى كورد لە بەغداو سەركردایەتى هەرێم دروستیان كردووە .
پێویستە بوترێت لە ئەنجامى بوونى هێزێكى پێشمەرگەى نیشتمانى و بوونى ئینتیما بۆ خاك و نیشتیمان لە جێگەى فیداى بۆ شەخێ ئەوا ئەو شپرزەیى و ناڕێكییە دروست نەدەبوو لەهەر ڕوو بەڕووبونەوەیەكدا كە بەبێ پلان و ئامادەكارى تەواو بۆ ژیانى پێشمەرگەو كەس و كارەكانیان وەكو خەڵكى ئاسایى چونكە لە ئێستادا كەمترین كەس كە خزمەت بكرێت پێشمەرگەیە لە كاتێكدا لەهەموو مەترسیەكاندا تەنها پێشمەرگە فریایى دەسەڵاتدارى كورد كەوتووە لە كێشە ناوخۆى و دەركییەكاندا .
حەقى خۆیەتى سەركردایەتى كورد بەخۆیدا بچێتەوەو بیرێك لە ژیانى خەڵك و داهاتووى ناوچەدابڕاوەكان بكاتەوەو واز لە حزبایەتى و بەرژەوەندى حزبى بێنن و خزمەتى ئەو ناوچەیە بكەن بەهەموو پێكهاتەكانیەوە و بەتایبەتى ژیانى پێشمەرگە ، ئەوەش بزانن خەشم و توڕەیى و ناڕەزایى خەڵك زۆر زۆر بەهێزترە لە فیدایى و چەك و سامان و پارەو نەوت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست