کارەساتی هەکاری و ئێستای ڕۆژئاوا، دووبارە بوونەوەی مێژووی خیانەت
Wednesday, 28/08/2013, 12:00
4912 بینراوە
نەوشیروان مستەفا لە کتێبی (کارەساتی هەکاری) ئاوا دەنووسێت: (لە ڕاستیدا کارەساتی هەکاری ڕووداوێکی گەورەیە لە مێژووی گەلەکەماندا و شایستەی ئەوەیە دەیان کۆڕی لێکۆڵینەوەی بۆ ببەسترێت و دەیان ووتار و کتێبی لەسەر بنووسرێ و دەرس و پەند و ئەنجامی لێدەر بهێنرێ و هەرگیز لەبیر نەچێتەوە).
کاتێک لەخوێنەوەی کتێبەکە بوومەوە "کارەساتی هەکاری" بەقەڵەمی نەوشیروان مستەفا و چاپی چوارەم هەستم کرد لە یەکچونێکی سەیر هەیە و دەڵێ سەرتاسەر کارەکتەری خیانەتی هەکاری ئەمڕۆ هەمان ڕۆڵ دەبینێت ، نەوشیروان ووتەنی
"تاوانی مێژووی ئەم تاقمە ئەوەبوو، کە بوون بەجێبەجێکەری پلانی ئیمپریالیزمی ئەمەریکی و کۆنەپەرستانی ئێران و تورکی و عێراق".
دیارە ئەو دەمەی، کە کارەساتی هەکاری ڕووی دا ڕژێمی عێراق لە هەوڵی داگرتنی گوندەکاندا بوو، کە پلانی ڕاگواستنی گوندەکانی کردبووە پڕۆژە و دەیویست، ٢٠ کیلۆ مەتر سنورەکان داگرێتە ناو ئۆردوگا زۆرەملێکانەوە، هیزەکەی یەکێتیش چون تاکو چەک بێن و لەوێشەوە لەبادینان ئاگری شۆڕش هەڵگیرسێنن . بنەماڵەی بارزانی لە ژێر ناوی قیادەی مۆقەتدا ئەو هەموو تاوانەیان کرد کە لە ناو ئەم کتێبەدا دەگێڕێتەوە، ئەوان سەدان فڕو فێل و هاندانی عەشیرەتەکان و خۆفرۆشتن بە هەر سێ دەوڵەتی عێراق ئێران و تورکیا.
نەوشیروان لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێ دەبێ ئێمە وانە لەو ڕووداوە قێزەونەی مێژوو وەربگرین، بەڵام ئەوە دوای ٣٥ ساڵ لەو ڕووداوە خۆفرۆشیە، ئێمە نەک وانەی لێ فێرنەبووین بەڵکو ئێستاشی لەگەڵ دا بێت مامەڵە لەگەڵ هەمان کەسایەتی تێکشکاو خائیندا دەکەین ، کاتێکیش پار ساڵ جەلال تاڵەبانی کە باسی لە کارەساتی هەکاری کرد تاوانبارەکەی دەست نیشان نەکرد، ئازایەتی ئەوەی تێدا نەبوو بڵێت من ئاگاداری پلانەکەبووم کە ڕەتڵەکان چۆن کەوتنە ڕێگە . بۆیە بەهەمان شێوە ئەمڕۆ بنەماڵەی بارزانی لەدژی ڕۆژئاوای ووڵات هەمان مەقاشی دەستی داگیرکەرانن ئەو دەم ئیدریس بارزانی سەرەنێزەی خیانەتی هەکاری بووە، ئێستا مەسعود و نێچیری کوڕی ئیدریس بارزانی ، فەرموون سەیری ئەم لینکە بکەن:
http://www.facebook.com/photo.php?v=652766764747175 نەوشیروان مستەفا: لە لاپەڕەی ٦٧ی ئەم پەرتوکەدا دەڵێ: "ق.م لەو شوێنەی کە بەناوی پێشمەرگایەتیەوە ئیتر نەیتوانی ناو ناو بانگی شۆڕش و پێشمەرگە خراپ بکات دەست لەیەکێتی بوەشێنێت ئەوەبوو جاش و لەناو حوکمەتدا دەستەی جاشی پێکەوە ئەنا بۆ بەگژا چوونی یەکێتی و ڕاوی پێشمەرگەکانی .
لێرەدا هەمان مێژووە سەرەتا پارتی و بنەماڵە و ویستیان هێزێک بنێرن بۆ ڕۆژئاوای ووڵات، بەڵام کاتێک پەیەدە ڕێگری کرد ئیتر لەگەڵ ڕژێمی تورکیا و هەمان ئیمپریالی جیهانی کەوتونەتە ناو جاشایەتیەکی ترەوە دژ بەو بەشەی ووڵات کە دەیانەوێت ئازاد بن .
کاتێک مرۆڤ لەو دوو دیکۆمێنتە دەڕوانێت، کە تەنها میراتیەکە وەک مێژوو ماوەتەوە، لەوێدا ئیدریس نامەیەک دەنێرێت و دەڵێ ق م نایەتە سەر ڕێگەی هێزەکانی یەکێتی ئەگەر ئەوان نەچنە سەریان. بەڵام ئەمڕۆ مەسعود و نێچیر هەمان قسە دەکەنەوە ، مەسعود دەڵێ نابێت ڕۆژئاوا تەنها پارتێک بەڕێوەی بەرێت، چونکە تورکان ترسیان هەیە لە ناوچەیەکی تری کورد و ئازادی کوردان .
ئەودەم واتە کاتی مێژووی کارەساتی هەکاری، کوردستان لەمەترسی ڕاگوێزان و بەعەرەبکردندا بوو کورد لە مەترسی لەناو چون و تەفروتوناکردندا بوو ، کەچی بنەماڵەی بارزانی ئەو خیانەتەیان تۆمارکرد کە دەبوو بۆ هەتا هەتایە ڕسوا کرانایەو دارو بەدیان دادگای بکرایە، ئەمڕۆش ڕژێمی ئەسەد وا ملی دەشکێنی و کورد لەڕۆژئاوادا خەریکە دەکەوێتە سەر پێی خۆی ، هەمان بنەماڵە مەقاشی دەستی داگیرکەران و بە پلان دەیانەوێت ئەو بەشە کۆچ و ڕەو پێبکەن و لەژێر خێمەدا کۆیلەو سوکیان بکەن، وەک چۆن بەر لە مردنی تاڵەبانی ووتی من ڕێگریم کردوە لە چەکدارکردنی کوردەکانی ڕۆژئاوادا، بەڵام مەسعود و بنەماڵەکەی سەرە نێزەی پلانێکن کە زۆر ترسناکە، ئەگینا وەکو مێژوو هەمیشە کورد لە هەر بەشێکی نیشتمانەوە ئاهێکی پێدا بهاتایە و شۆڕشەکەی کڵپەی بکردایە، بەخێرایی هەر چوار وەزیری دەرەوە کۆدەبوونەوە و نەخشيی تێکشکانی کوردیان دادەنا بەڵام ئێستاکە، هەمان وەزیری دەرەوە لەگەڵ نێچیر و مەسرور کۆدەبنەوە و پلانی تێک شکانی کورد دادەڕێژن .
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم لە کتێبەکەی نەوشیروان مستەفادا، ناوی هەموو ئەو کەسە خائینانە هاتوە کە لەکارەساتی هەکاریدا ڕاستەو خۆ بەشدار بوون ، بەڵام ئەوەی جێگەی سەر سوڕمان بوو لام کاتێک کەسێکی وەک جەوهەر نامیق دەمرێ کەناڵەکەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا لێمان دەکەنە پاڵەوان و بە ئاماژەیەکی بچوکیش پێمان ناڵێن ئەم پیاوە تاوانی هەکاری ئەنجام داوە، بۆ خاتری هاوڕێ شەهیدەکانمان ئەوەش با باسبکەین .
ئەمڕۆ هەمان کار ئەکتەری هەکاری دەبینین لەناو کۆنگرەی نەتەوەی، کە من بڕوام پێی نییە، چونکە کۆنگرەی نەتەوەیەک سەعدی ئەحمەد پیرە و کەمال کەرکوکی دەموچاوی بێت و مەسعود بارزانی بەڕێوەی بەرێت، بۆخۆی لەمەهزەلە مەهزەترە. ماوەتەوە بڵێم کە من لەناخەوە گلەیی لە پارتی کرێکاران دەکەم، کە ئیستا دێن و ئەم ڕووداوە باس دەکەن لەکاتێکدا زۆر لە مێژە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی هەمیشە و بەدرێژایی مێژوو هەر خەریکی خیانەت و هەراجی ووڵات بوون ، ئەگەر پارتی کرێکاران هەڵوێستێکی جدی هەبوایە لە 17ی شوباتدا ئەوە ئەمڕۆ ڕۆژئاوای ووڵات بەپلان چۆڵ نەدەکرا و شۆڕش لەوێ ئەنجامێکی تری دەبوو. نەک کوردانی ڕۆژئاوا بێنێتە ژێر خێمەکانەوەو پێیان بڵێت بۆتان هەیە تەنها وەک گیاندار نان بخۆن، لە تەلەفیزۆنەکانیشەوە وێنەی سواڵەکان پەخش بکاتەوە ، ئەمە بەپلان بۆ تێکشکاندن و کۆیلە کردن و دەستدرێژیکردنە سەر نامووسی ئەم هاو خوێنانەمانە، کور لە نیشتمانی خۆیاندا ئاوارەبوونێکی تریان بەباڵایان بڕا .
هیوا دارم هەر بۆ حورمەتی ئەو مێژووە نەوشیروان مستەفاس بێت و کەیسی کارەساتی هەکاری هەڵباتەوە و بەراوردێک بکات لەگەڵ ئەمڕۆی ڕۆژئاوادا، چونکە کاتێک کتێبی کارەساتی هەکاری دەخوێنیتەوە دەزانی ئەم بنەماڵەیە چ بەڵایەکن چ دومەڵێکی پڕ کێم و جەراعەتن ، چۆن بە موقەدەساتی میللەتیك یاری دەکەن و بۆیان چۆتە سەر .
لێرەدا دەپرسین، ئەرێ بەڕاست ئێمە مێژوو دەخوێنینەوە؟ ئەرێ ئێمە وانە لەمێژوو وەردەگرین؟ ئەرێ خیانەت کردنمان ناشرین نەکردوە، مەبەستم خودی ووشەکەیە ؟ نەک کردارەکەی.