دیار غەریب: کۆنفرانس پێویستە لەسەر بنەمای بەدیهاتنی مافەڕەواکانی گەلەکەمان بێت، نەک بۆ دڵخۆشکردنی دوژمنانی گەلەکەمان
Thursday, 02/04/2009, 12:00
1711 بینراوە
بەڕێز دیار غەریب لەپاش گەڕانەوەی بۆ کوردستان رۆژی 2009/3/25 لەلێدوانێکیدا سەبارەت دوا گوڕانکارییەکانی هەرێمەکە رایگەیاند: کۆنفرانسی نەتەوەیی پێویستییەکی قۆناخە، بەتایبەتیش بۆ ئێستای کوردان کە لەرەوشێکی مێژووییدا تێپەردەبن. بۆ بەستنی ئەم کۆنفرانسە پێویستە ئامادەکاری داڕشتنی لەلایەنی هزری، بەرنامە و ئامانجەکانی بکرێت. پێویستە بەشدارییەکەی نەتەوەییانە لەخۆوە بگرێت و لەسەر بنەمای بەدێ هاتنی مافەرەواکانی گەلەکەمان بێت، نە بۆ دڵخۆشکەرەوەی دوژمنانی گەلەکەمان. کۆنفرانسە ئامانجی نەچەک دانان، بەڵکو پێویستە یەکێتی نەتەوەیی و داڕشتنی ستراتیژییەتی نەتەوەیی بێت. شێوەی چەک دانانیش دەتوانێت وەک تەوەرێکی کۆنفرانسەکە گفتوگۆبکرێت، بەڵام ئامانج ئەوە نەبێت.
سەبارەت بە گوتنەکانی جەلال تاڵەبانی لەمەڕ چەکادانان پەکەکە و بەجێهێشتنی ئێراق بەڕێزی گوتی: پێویستە گوتنەکانمان خزمەت بە دوژمنان نەکەن، بەڵکو زەمینە بۆ چارەسەری ئاشتی و دیالۆگێکی واتادار خۆش بکەن. هەروەها بەرێزیان سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانی باکوور و باشووری کوردستانیش گوتی: پێویستە گەلەکەمان لە باکووری کوردستان دەنگی خۆیان بدەنە دەتەپە و هەرلەئێستاشەوە پێروزبایی خۆیی ئاراستەی سەرکەوتنەکانی دەتەپە کرد و گوتی بەسەرکەوتنی دەتەپە ئاشتی و ئازادی و دیموکراتی لەکوردستان زیاتر پێشدەکەوێت.
هەروەها بەڕێزی بڕیاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەڵبژاردنەکان رەخنەکرد و گوتی: نابێت لیستەکان داخراو بن، چونکە خەڵکێکی زۆر لایەنگری لیستی کراوەن بۆ ئەوەی خەڵک باشتر بتوانێت نوێنەرە راستەقینەکانی خۆیان لە پەرلەمان دا دەستنیشان بکەن. شایانی باسە سەرۆکی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان بەڕێز دیار غەریب بە سەردانێکی فەرمی لە بەرواری 9/2 ـ 25/3 بۆ ماوەی 34 رۆژ سەردانی ئەوروپای کرد و لەم سەردانەیدا کۆمەلێک کۆبوونەوەی بۆ پتەو کردن و رێکخستنەوەی خەباتی PCDK لەگەڵ کادر و دۆستان و لایەنگەران ئەنجامدا و بەشداری کۆنفرانسی رێکخستنەکانی ئەوروپای PCDK بوو، هەروەها لەگەڵ چەندین لایەن دیداری سازدا. سەبارەت بەتەوەرە جیهانی و کوردستانییەکان گفتوگۆیان ئەنجامدا.