بە قسەی مایکل رۆبین:یەکگرتوو دەتوانێت داوای لیژنەیەکی نێونەتەوەیی بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە
Tuesday, 06/12/2011, 12:00
نووسەر و رۆژنامەوانی ئەمەریکی مایکل رۆبین، لە ماڵپەڕی The Kurdistan Tribune وتارێکی سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی بادینان نوسیووە بە ناونیشانی (کوردستان پێویستی بە لێپرسینەوەیە..)
کوردستانپۆست بە پێویستی زانی لە پێش هەموو مێدیاکانی ترەوە دەستپێشخەری بکات و بەشێک لە وتارەکە وەربگێڕێتە سەر کوردی. ڕۆبین لەسەرەتادا دەنوسێت: لە 2 ی دیسەمبەردا دەڵێن گوایە بەهۆی وتاری هەینی مەلایەکەوە کۆمەڵێک گێرەشێوێن لە شاری زاخۆ ، هێرشیان کردۆتە سەر سەنتەری میساجێک و دواتر تەشەنەی کردووە بەرەو چەند دوکانی مەی فرۆش و هوتێلەکان . لە تۆڵەی ئەمەشدا لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان (کە مەسعودبارزانی سەرۆکایەتی دەکات) هێرش دەکەنە سەر بارەگا و بنکەی ڕاگەیاندنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی لەوێ لە دهۆک و سمێل . گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە ، وەک ئەندامێکی یەکگرتوو بۆی باسکردم : کە یەکگرتووی ئیسلامی لە شاری زاخۆدا دوو وتار خوێنی هەینی هەبووە و ماوەیەکی زۆرە لە لەلایەن دەستەڵاتەوە لە وتار خوێنی دەرکراون . پارتی دیموکراتی کوردستان بەخۆی وتار خوێنی سەر بە پارتەکەی خۆی خستۆتە جێگەیان . وە ئیسماعیل عوسمان ی وتار خوێن کە هاندەری ئەو ڕوداوانە بووە بە خۆی لێدوانی بۆ ڕۆژنامەی هاولاتی داوە کە ئەو سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و رقی لە یەکگرتووی ئیسلامی دەبێتەوە . سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی ئیدانەی ئەو ڕوداوانەی کردووە و بڕیاری داوە لیژنەیەکی تایبەت بۆلێکۆڵینەوەی ئەو ڕووداوە بهێنێت . بەداخەوە ،بارزانی لە پێکهێنانی ئەم لیژنەیەداگاڵتەکردنە بە دیموکراتی و بە ئاسایش کە لەلایەن ئەندامانی پارتەکەیەوە ئەنجام دەدرێت و ئەمەش وەک ئەوەیە کە تۆ ڕێوی بکەیت بە لێپرسرای لێکۆڵینەوە لە ڕوداوی هەڵکوتانە سەر کولانەی مریشک . وەک ئەو لیژنەیە کە بەشار ئەسەد رایسپاردووە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە تایبەتیەکانی خۆیەوە لێکۆڵینەوە بکەن. ڕەنگە بارزانی راست بکات لیژنەکە پێک بهێنێت ، بەڵام لەپاش ئەو هەموو سەرپێچی و تاوانانەی ئەندامانی پارتەکەی و ئەندامانی خێزانەکەیەوە ئەنجام دراون و بە بێ سزادانێک تاوانباران سەربەستن کە توندوتیژیان بەرانبەر پارتە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان و رۆژنامەنوسانی سەربەخۆ ئەنجام داوە ، بۆیە پەیمانەکانی بارزانی سەبارەت بە دۆزی دادپەروەری و مافی مرۆڤ مسداقیەتی نیە . لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا رۆبین درێژەی دەداتێ و دەنووسێت:لە دیسەمبەری ساڵی 2005 دا بە هەمان شێوە لایەنگران و ئەندامانی پارتی لە سەروبەری هەڵبژاردنەکاندا بوو ، لە شاری دهۆک هێرشیان کردە سەر مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی و لێپرسراوی مەڵبەندەکەشیان دەستبەسەرکرد ، ئەوکاتە ئەم کێشەیە گەشتە کۆشکی سپی و راستەخۆ گەیەنرایە جۆرج بوش و جێگرەکەی دیک چینی .
رۆبین ئاماژە بە بارودۆخی ئازادی بیروڕا دەکات لە کوردستان کە بە هەرێمێکی ترسناک باسی دەکات و دەڵێت:کوردستان هەرێمی ترسناکە بۆ ڕۆژنامە نوسان، بە تایبەتی ئەو رۆژنامە نوسە خۆییانەی لە گۆڤار و رۆژنامە سەربەخۆکاندا کاردەکەن .
باس لە شێوازەکانی دەزگای پاراستن دەکات :دەزگا ئەمنیەکانی کوردستان بۆ ئەنجام دانی کارە تۆقینەرەکانیان هەموو شت بەکار دەهێنن تەنانەت بەکارهێنانی کەسانی لەشفرۆش تا وەک بەرتیل لێپرسراوە ئەمەریکیەکانی پێ لە خشتە بەرن و نەهێڵن کار و جاودیری کردنەکانیان بە دروستی ئەنجام بدەن.
پاشان شەهید کردنی سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان بە بیر دەهێنێتەوە :شەهید کردنی سۆرانی مامە حەمە و دۆزینەوەی بکژەکانی تائێستەکە بێ وەلام ماوەتەوە و پێناچێت دەستەلاتداری هەرێم بیەوێت لەو بارەیەوە بگاتە ئەنجامێک بە تایبەتی کە نەجمەدین کەریم کرایە پارێزگای کەرکوک هێندەی تر خەمساری بەدواداچونی ئەو کەیسە دەردەکەوێت .
لەپاش کوشتنی سۆران بە دوو ساڵ ، ڕوداوی فڕاندن و تیرۆر کردنی شەهید سەردەشت عوسمان ڕویدا ، تەنیا لە بەر ئەوەی بە شێوەیەکی شیعرئامێزانە نوسیبووی حەزی لە کچەکەی بارزانیە . کوشتنی سەردەشت کاردانەوەیەکی نێودەولەتی بەدووی خۆیدا هێنا کە دەستەڵاتدارانی کوردستان چاوەروانی ئەو دەنگدانەوە گەورەیە نەبوون ، بۆیە ناچار حکومەتی هەرێم ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خۆی ئاشکرا کرد کە تیایدا سەردەشتیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە تێکەڵاوی لەگەڵ توندەڕەوە تیرۆریستەکاندا هەبووە و ئەوان تیرۆریان کردووە.
پاشان دێتە سەر روداوەکانی 17ی شوبات و کوشتارەکەی بەردەم لقی چوار لە سلێمانی: کاتێک چەند کۆمەڵێکی بچوک لە خەڵک بەردەبارانی بینای لقی پارتیان کرد لە سلێمانی ، چەکدارەکانی ئەو پارتە کەوتنە تەقەکردنی کوێرانە و تا ڕۆژانی دواتر12 کەسیان کوشت و دووسەد کەسێکیان بریندار کرد ..لەهەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا بوایە دەبوو ئەو تەقەکەرانەی پارتی بە تۆمەتی کوشتنی بێ مەبەست ، ئەگەر بە مەبەستیشەوە بوو ، زیندانی کرابان . دەبوو جەنابی سەرۆکی حکومەت دەستی لەکارکێشابایەوە کاتێک ئەو توڕەییەی خەڵکی بینی . بەڵام ئەو پلەو پایە داهات و دەستکەوتی باشی هەیە بۆیە دەست بەرداری نەبوون.
رۆبین لە کۆتایدا جدیەتی بارزانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە:ئەگەر سەرۆکی هەرێم و پارتەکەی جدیین لە چارەسەری و بەدوادا چوندا جارێ بەر لەهەر شتێک یەکەم هەنگاو دەبێت وەزیری ناوخۆکەی کەریم سنجاری لە کار لابدات چونکە لەسەردەمی وەزارەتەکەی ئەودا ئەم ڕووداوانە ڕویان داوە و روودەدەن . سەردەشت عوسمان لە سێبەری ئەمنیەتی وەزارەتەکی ئەودا فڕێنراوە و گەر وەهاش بێت ، ئەوا تیرۆریستەکان توانیویانە ئەمنیەتی شاری هەولێر ببەزێنن و بە بەرچاوی وەزیری ناوخۆوە لەبەردەم زانکۆ و پۆلیسەکانی ئەودا فڕێنرا..
هەنگاوی دووەم ، لادان و دەرکردنی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی هەرێمە کە کورەکەی بارزانی خۆیەتی (مەسرور) کە جێگر و وەلی عەهدەی خۆیەتی.
دوا پێشناری رۆبین سەرنج ڕاکێشە و جێگەی هەلوێستەکردنە بە تایبەتی بۆ یەکگرتووی ئسلامی و هەموو ئەو کەس و پارت و لایەنانەی کە لە کوردستاندا بە دەستی پارتی و دەستەلاتەکەیانەوە زیانیان پی گەشتووە کە لەبری ئەو لیژنانەی بارزانی پێکی دەهێنێت ، داوای لیژنەیەکی سەربەخۆی نێونەتەوی بکەن لە دەرەوەی کوردستانەوە بێن لێکۆڵینەوە لە روداوەکان بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست