هەڵبژاردن دەنگدانە بە پڕۆژەو بەرنامە ، نەك بە ئاین و ئایدۆلۆژیاو ڕابردووی حزب !؟
Monday, 09/09/2013, 12:00
1813 بینراوە
لەوڵاتانی پێشکەوتوو کە ڕوناکبیری تاك گەشتووە بە ئاستێکی باڵاو تاکەکان هۆشیارو پێگەشتوون و شارەزان بەما ف و ئەرکەکانی خۆیان و ئەوحکومەتەی کە بەڕێوەیان دەبات کاتێك دەچنە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردن و دواجاریش پرۆسەی هەڵبژاردن، لەسەر بنچینەی ئایدۆلۆژیا یاخود لەسەر مێژووی پارتەکان و ڕابردوویان دەنگ نادەنە پارتەکان ، چونکە دەنگدان بە پارتەکان و هەڵبژاردنیان بۆ گرتنەدەستی دەسڵات بەئامانجی هەرچی باشترو هەرچی خێراتر خزمەت گەیاندنە بە هاونیشتیمانیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان و تێر کردنی ئارەزووەکانیانە بە هەمان ئەو داهات و سامانەی کە لە بنچینەدا موڵکی خۆیانە ، نەك دانگادن بە ئایدۆلۆژیاو بەڕابردووی حزب و بە کەسایەتی لە سەر بنچینەو ڕێچکەی ئێل و هۆز، یاخود دین و مەزهەب ، ئێمە هەموومان دەزانین پەڕلەمان دەزگایەکی نیشتیمانی باڵای وڵاتەو چوار ئەرکی بنچینەیی هەیە کە ئەوانیش یاسادانان و متمانە بەخشین و متمانە سەندنەوەیە لە حکومەت و چاودێری کردنی دەسڵات و حکومەتە، کە ئەمانەش چوار ئەرکی گرنگن و هیچ پەیوەستییەکیان نییە نە بە ئاینەوە و نە بەئایدۆلۆژیاو ڕابردووەوە، بەڵام سەبارەت بە ئەرکی یەکەمی پەڕلەمان کە پەیوەستە بە یاسا دانان ڕەنگە هەندێك لایەن و کەس پێیان وابێ یان واتێگەیەنرابن کە دەنگدان بابەتێکی دینییەو دەنگی تۆ سۆزو باوەڕی تۆ دیاری دەکات دەربارەی دینەکەت یان ئاینەکەت بەو پێیەی لە پەڕلەمان یاسا دادەنرێت ، وە ئەگەر تۆ دەنگ بدەیت بە کەسانێك کە پابەندییەکی زیاتریان بە ئاینەوە هەیە ئەوا یاسا دەرکراوەکان بەو جۆرە دەبن کە مۆرکی دینییان پێوە دیار بێت ، بەڵام ئەمەش بەو ڕەهایە نییە چونکە لە هەموو وڵاتێکدا دەستورێك هەیە کە وەك چەتری یاساکان وایەو ئەو یاسایانەی دەردەکرێن دەبێ گونجاوو تەبا بن لە گەڵ بەندە دەستورێکاندا، واتە ئەگەر ئەوە هاندەری تاكە بۆ دەنگدان لە سەر بنچینەی ئینتیما بۆ ئاین بە هەندێك کەس و تاك کە ناسراون و باکگراوندێکی ئاینییان هەیە ، بێگومان هاندەرێکی سۆزدارییەو تا ئەندازەیەکی زۆر دوورە لە عەقڵانیەت و مەبەست و ئامانجی هەڵبژاردنەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە دەستاو دەست کردنی دەسڵات و ڕێگە نەدان بۆ ڕەگ داکوتاندنی حوکمی بنەماڵەیی و خزمەت گەیاندێکی باش بەتاک و کۆمەڵگە لە ماوەی ساڵانی ئایندەدا ، بێگومان ئەمانەش هێندەی وابەستەو پەیوەندیدارە بە جۆری پڕۆژەو بەرنامەی هەڵبژاردنێکی ڕوون و تۆکمەو شەفافەوە کە خەڵکانێکی شارەزای دەسڵاتداری و حکومەتداری دایانڕشتووە نیو هێندە پەیوەست نییە بە ڕابردووی تاك، یان جۆری بیرکردنەوەی تاکەوە لە بارەی میتافیزیك و ئاین و شتی لەو بابەتەوە ، تۆ دەنگ دەدەیت بە کەسێك چوار ڕۆڵەکەی پەڕلەمانت بە باشی بۆ بگێڕێت کە سێ ڕۆڵی کۆتاییان هیچ پەیوەستی ئایدۆلۆژیا و ئاین نین ، ڕۆڵێکیشیان وەك ڕوونمان کردەوە پەیوەستییەکی سنورداری بە ئاین یان ئایدۆلۆژیاوە هەیە ، چونکە دەستوور یەکلایی کردۆتەوە کە سەرچاوەی یاساکان هەڵقوڵاوی چی جۆرە شەریعەت و عورفێك بێت ، بەتایبەتی ئەمە لە دەستووری عێراقیدا ڕوونە و حەسم کراوە ، کە یاساکانی هەرێمی کوردستانیش دەبێت دژیەکی ئەو یاسایانەی بەغدا نەبێت بەپێیی دەقی دەستووری هەمیشەیی عێراق ، واتە ئیتر هێچ پاساوێکی گونجاوو پەسەند بۆ دەنگدان بە کاندید لەسەر بنەمای ئاین نییە ، ئەوە هەر باسی دەنگدان لەسەر بنچینەی مێژووی پارت و شەرعێتی شۆڕشگێڕانەو جۆری قوتابخانە سیاسییەکان مەکە کە هیچ لە گەڵ لۆژیك و ژیریی تاکی ڕوناکبیردا نایەتەوە ، بەڵکو دەبێت تاك دەنگ بدات لە سەربنچینەی توانای کاندیدو جۆری پڕۆژەی لیست و ڕاسگۆیی
لیست ، لەگەڵ پڕۆژە ڕاگەیەنراوەکەیدا ، ئەوەش بەوە دەبێت بزانرێت ئەو لیستەی کە بانگەشە دەکات و پڕۆژەیی سەرکاغەزی جوانی هەیە، لە خولەکانی ڕابردوودا تاچەند ڕاستگۆ بووە لە هەوڵدان بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی نێو پڕۆژەکانی، کە ڕایگەیاندووە لە چوارچێوەی بەرنامەی ڕابردووی لیستەکەیدا، نەك دەنگدان لەسەر بنچینەی سۆزو هەست و دوای قەرەباڵەغی کەوتن، یان دەنگدان لە سەر بنچینەی ئاین و دین ، بۆیە دەبینین لە وڵاتانی پێشکەوتوو یان نیمچە پێشکەوتووشدا کە هۆشیاری تاك لە ئاستێکی باڵادایە و لە گرنگی دەنگ تێدەگات و دەزانێ بۆچی دەنگدەدات و ئامانجی دەنگدان چییە ، دەبینیت دەنگدان دەستاو دەستکردنی دەسڵاتی لێدەکەوێتەوە ، کە بۆخۆی یەکێکە لە ئامانجە هەرە بنچینەیەکانی دەنگدان و کرۆکی دیمۆکراسیشە کە هەڵبژاردن و دەنگدان یەکێکیە لە میکانیزمەکانی ، هەر بۆیە دەبینیت چەند ساڵ جارێك حزبێکی نوێ لەدایك دەبێت و دێتە دەسڵات و چەند حزبێکیش دەپوکێتەوەو ماڵئاوایی لە سیاسەت دەکات ، یا خود هێند بچوك و بێکاریگەر دەبێت کە زیاتر لە کۆمپانیایەکی سیاسی دەچێت وەك لەوەی پارتێکی سیاسی بێت ، ئەمەش نیشانەی هۆشیاری تاك و زیندووی میللەتە لەو کۆمەڵگایانەدا کە پارت و ڕێکخراوی سیاسی وەك خۆیان دەبینن، کە میکانیزمە بۆ دەستڕاگەشتن بە ئامانجەکانیان ، نەك ئامانج بن و لە پێناو مانەوەیاندا پشت بکەنە مافەکانی خۆیان و دەروێش ئاسا بکەونە خزمەتی هەندێك پارتەوە بەبێ ئەوەی مۆدیلی ئەو پارتانەو جۆری بیرکردنەوەو ستایڵی خەباتیان مابێ، کە هەموو شتێك لە کۆمەڵگەدا دەبەستنەوە بەڕابردوویەکی شێوێنراوەوە کە گومانێکی قوڵیش لە سەر ڕاستی دروستی هەیە وەك شەرعێتی شۆڕشگێڕی و قوربانیدان و لەم بابەتانە.
بۆیە ماوەتەوە سەر ئەوەی بزانین دوای چەندان کۆرسی هەڵبژاردن و دوو دەیە لە ئەزموونکردنی هەندێك پارت و تاقیکردنەوەیان لە گۆڕەپانی حکومەتداریدا هاوڵاتیانمان کێ هەڵدەبژێرن و لە سەر بنچینەی مەشروع و بەرنامای لیست و ڕاستگۆیی لەگەڵ بەرنامەکەدا هەڵدەبژێرن ، یان نەخێر لەسەر بنچینەی ئایدۆلۆژیاو ڕابردووی خەباتێکی لێڵ هەڵدەبژێرن و گوێ بە ئایندەو خزمەت و پڕۆژە نادەن ، ماوەتەوە دە ڕۆژی کۆتایی مانگی سێبتەمبەری ئەمساڵ بۆ ئەوەی بزانین ئاستی هۆشیاری تاکی کوردی لە چی ئاستێکدایەو چۆن و بەکێ و بۆچی دەنگیداوە.