کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا و ئاکامه‌کانی

Monday, 20/06/2011, 12:00


له‌ 12ی حوزه‌یراندا 24هه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی تورکیا به‌ڕێوه‌ چوو ، ئه‌گه‌رچی ئاکه‌په‌ له‌سه‌ر ئاستی تورکیا وه‌کو لایه‌نی یه‌که‌م ده‌رکه‌وت و 49.9% واته‌ نزیکه‌ی نیوه‌ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ست هێنا ، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی کوردستان دووچاری تێکشکانێکی که‌م وێنه‌ هات که‌ خودی خۆیشیان چاوه‌ڕوانی وه‌ها تێکشکاندنێکیان نه‌ده‌کرد ، چونکه‌ له‌سه‌ر ئاستی کوردستان هه‌م ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کانیان زۆر که‌می کردبوو به‌ به‌راوردکردن به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2007 و هه‌م لایه‌نی کوردی(به‌ره‌ی ڕه‌نج ، ئازادی و دیموکراتی) توانیان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌نگی ته‌واوی پاڵێوراوه‌کانیان به‌ده‌ست بهێنن و سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ له‌ مێژووی تورکیادا تۆمار بکه‌ن که‌ 36 کورسی په‌ڕله‌مانیان مسۆگه‌ر کرد . لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم کورته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنک له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و ئاکامه‌کانی بێنمه‌ به‌ر باس .
1- هه‌ڵبژاردن :-
دوو شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ له‌ جیهاندا { بازنه‌یی"دائری" و ڕێژه‌یی"نسبی" } .
ێ-ب بازنه‌یی "دائری " :- له‌م جۆره‌ هه‌ڵبژاردنه‌دا وڵات ده‌کرێته‌ یه‌ک بازنه‌ و حیزبه‌کان به‌ لیستی جیاواز ده‌که‌ونه‌ کێبڕکێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ . هه‌ر حیزبه‌ش به‌پێی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی که‌ ده‌نگی به‌ ده‌ست هێناوه‌ کاندیده‌کانی خۆی ڕه‌وانه‌ی په‌ڕله‌مان ده‌کات ، له‌م جۆره‌ هه‌ڵبژاردنه‌دا جگه‌ له‌وه‌ی مافی که‌سانی سه‌ربه‌خۆ نامێنێت به‌ڵکو حیزبه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کان ده‌توانن ته‌واوی که‌سه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کان له‌ ناوچه‌یه‌ک یان چه‌ند ناوچه‌ی دیاریکراوه‌دا ڕه‌وانه‌ی په‌ڕله‌مان بکه‌ن . نموونه‌ی ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵبژاردنه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1991 له‌ باشووری کوردستان .
ب-ڕ ڕێژه‌یی "نسبی" :- له‌م شێوه‌ هه‌ڵبژاردنه‌دا وڵات به‌پێی ژماره‌ی پارێزگاکان دابه‌ش ده‌کرێت ، بۆ هه‌ر پارێزگایه‌کیش ژماره‌یه‌کی دیاریکراو له‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مان دیاری ده‌کرێت که‌ ده‌بنه‌ نوێنه‌ری شار و ناوچه‌کانی ئه‌و پارێزگایه‌ . له‌م جۆره‌ هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌م باشی هه‌یه‌ و هه‌م خراپی ، هه‌رچی باشیه‌که‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ که‌سانی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانن خۆیان کاندید بکه‌ن و به‌ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی پێویست ژماره‌یه‌کی دیاریکراو له‌ هه‌ر پارێزگایه‌کدا ده‌توانن بچنه‌ په‌ڕله‌مان و ببنه‌ نوێنه‌ری شاره‌که‌ی خۆیان . هه‌رچی خراپیه‌که‌شه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ژماره‌ی ده‌نگی به‌ ده‌ستهاتوو له‌ پارێزگایه‌که‌وه‌ بۆ پارێزگایه‌کی دیکه‌ له‌ گۆڕانکاریدایه‌ ، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق‌دا 19 کورسیان بۆ سلێمانی ده‌ستنیشان کردبوو بۆ سه‌رجه‌م ملیۆن و نیوێک ده‌نگده‌ر (واته‌ هه‌ر پاڵێوراوێک پێویستی به‌ 79هه‌زار ده‌نگده‌ر هه‌بوو) به‌ڵام بۆ پارێزگایه‌کی وه‌کو ئه‌نبار 13 کورسیان ده‌ستنیشان کردبوو بۆ 320هه‌زار ده‌نگده‌ر (واته‌ هه‌ر پاڵێوراوێک پێویستی به‌ که‌متر له‌ 25هه‌زار ده‌نگده‌ر هه‌بوو) .
2- هه‌ڵبژاردنی تورکیا :-
هه‌ڵبژاردن له‌ تورکیادا به‌ شێوه‌ی ڕێژه‌ییه‌ ، وڵات دابه‌شکراوه‌ به‌سه‌ر 81 پارێزگادا ، بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک ڕێژه‌یه‌کی دیاریکراو نوێنه‌ر هه‌یه‌ و له‌م نوێنه‌رانه‌ش ژماره‌یه‌کیان ده‌توانن به‌ شێوه‌ی که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ بچنه‌ په‌ڕله‌مان "ئه‌گه‌ر که‌سه‌ سه‌ربه‌خۆکان توانیان ده‌نگی پێویست به‌ ده‌ست بهێنن" .
لایه‌نی کوردی (به‌ره‌ی ڕه‌نج ، دیموکراتی و ئازادی) به‌هۆی بوونی به‌ربه‌ستی 10% وه‌کو که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ پاڵێوراوه‌کانی خۆیان ده‌ستنیشان کرد و له‌ سه‌رجه‌م 81 پارێزگادا ته‌نها له‌ 40 پارێزگادا پاڵێوراویان ده‌ستنیشان کرد ، زۆربه‌ی پاڵێوراوه‌کانیشیان له‌ پارێزگا کوردیه‌کاندا بوون و به‌شێکی که‌متریشیان له‌ پارێزگا تورکیه‌کاندا .
ئه‌و پارێزگا کوردیانه‌ی که‌ "به‌ره‌ی ڕه‌نج ، ئازادی و دیموکراتی " پاڵێوراویان بۆ دیار کردبوو بریتی بوون له‌ { ئامه‌د"دیاربه‌کر" 6 که‌س ، وان 4 که‌س ، مێردین 3 که‌س ، جۆڵه‌مێرگ"هه‌کاری" 3 که‌س ، شڕناخ 3 که‌س ، ڕۆحا"ئورفه‌" 2 که‌س ، باتمان 2 که‌س ، موش 2 که‌س ، قارس 2 ، سێرت 1 ، چه‌ولێک"بینگۆل" 1 ، ئاگری 1 ، ئیغدر 1 ، بدلیس 1 ، ئادیامان 1 ، دیلۆک"عه‌نتاب" 1 ، دێرسیم"تونجه‌لی" 1 ، ئارزه‌ڕوم 1 که‌س } ، جگه‌ له‌ شاره‌کانی ئادیامان و دیلۆک و دێرسیم و ئه‌رزه‌ڕوم که‌ نه‌یانتوانی ده‌نگی پێویست به‌ ده‌ست بهێنن و له‌ شاری قارسیش ته‌نها ده‌نگی پێویستیان بۆ یه‌کێک له‌ دوو پاڵێوراوه‌که‌یان مسۆگه‌ر کرد ، له‌ هه‌موو شاره‌کانی دیکه‌دا توانیان ده‌نگی پێویست بۆسه‌رجه‌م پاڵێوراوه‌کانیان مسۆگه‌ر بکه‌ن و ڕه‌وانه‌ی په‌ڕله‌مانیان بکه‌ن ، واته‌ به‌ غه‌یری ئه‌و شارانه‌ی که‌ ده‌نگی پێویستیان به‌ ده‌ست نه‌هێناوه‌ ده‌توانین بڵێین له‌ سه‌رجه‌می شاره‌ کوردیه‌کانی دیکه‌دا 100% سه‌رکه‌وتنیان مسۆگه‌ر کردووه‌ ، چونکه‌ چه‌ند که‌سیان ده‌ستنیشان کردبێت توانیویانه‌ بیانگه‌یه‌ننه‌ سه‌رکه‌وتن . هه‌روه‌ها له‌ شاره‌کانی (ئه‌سته‌مبوڵ 3 که‌س ، ئه‌ده‌نه‌ 1 که‌س ، مێرسین 1 که‌س) بنێرنه‌ په‌ڕله‌مان که‌ ئه‌م شارانه‌ له‌ خاکی تورکیادان .
3- که‌م و کوڕیه‌کانی به‌ره‌ی ڕه‌نج ، ئازادی و دیموکراتی :-
وه‌کو له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێدا که‌ لایه‌نی کوردی له‌ سه‌رجه‌م 81 مه‌ڵبه‌ند ته‌نها له‌ 40 پارێزگادا 64 پاڵێوراوی ده‌ستنیشان کردبوو و له‌ 41 پارێزگاکه‌ی دیکه‌دا هیچ که‌سێکیان ده‌ستنیشان نه‌کردبوو ، که‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ و که‌م و کوڕی بووه‌ ، چونکه‌ ئه‌گه‌ر له‌و 41 پارێزگایه‌ی دیکه‌دا نه‌شیان توانیایه‌ ده‌نگی پێویست به‌ ده‌ست بهێنن ئه‌وا زۆر به‌ ئاسانی ده‌یانتوانی قورسایی جه‌ماوه‌ری خۆیان ده‌ستنیشان بکه‌ن ، له‌و 41 پارێزگایه‌ به‌شێکیان خاکی کوردستانن وه‌ک پارێزگاکانی ئاڵازیخ"العزیز" و مه‌ره‌ش و سیواس و زۆر پارێزگای دیکه‌ش . بۆ نموونه‌ ئه‌و 36 که‌سه‌ی که‌ ده‌نگی پێویستیان به‌ ده‌ست هێناوه‌ توانیویانه‌ ڕێژه‌ی 6.65% ده‌نگه‌کانی هه‌موو تورکیا و باکووری کوردستان مسۆگه‌ر بکه‌ن و ئه‌و 28 که‌سه‌ی که‌ نه‌شیان توانیووه‌ ده‌نگی پێویست به‌ ده‌ست بهێنن توانیویانه‌ 2.2% ده‌نگه‌کان مسۆگه‌ر بکه‌ن که‌ سه‌رجه‌می ده‌نگه‌ دیاریکراوه‌کان ده‌کاته‌ 8.8% (ته‌نها له‌ 40 پارێزگادا) . خۆ ئه‌گه‌ر بێتو له‌و 41 مه‌ڵبه‌نده‌ی دیکه‌دا پاڵێوراویان ده‌ستنیشان بکردایه‌ ئه‌وا قورسایی خۆیان به‌ ته‌واوی ده‌زانی ، که‌ ئه‌مه‌ش دڵنیاییه‌کی سه‌د له‌ سه‌دی بوو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئاینده‌ که‌ بتوانن به‌ربه‌ستی 10% تێکبشکێنن . لایه‌نێکی نێگه‌تیڤی دیکه‌ له‌ فه‌رامۆشکردنی ئه‌و 41 پارێزگایه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ بوویه‌ وێردی سه‌ر زاری ئه‌ردۆغان بۆ به‌ ده‌ستهێنانی ده‌نگی تورکه‌ فاشست و توندڕه‌وه‌کان ، چونکه‌ هه‌میشه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ لایه‌نی کوردی جیاوازی له‌ نێوان پارێزگاکاندا دروست ده‌که‌ن .
کاتێک لایه‌نی کوردی هیچ که‌سێک ده‌ستنیشان نه‌کات (وه‌کو پاڵێوراو) ئه‌و کات خه‌ڵکه‌که‌ ناچار ده‌بن له‌ نێوان(خراپ ، خراپتر ، خراپترین)دا ده‌نگی خۆیان به‌ خراپه‌که‌ بده‌ن ، که‌ له‌چاوی هه‌ر کوردێکه‌وه‌ یه‌کێک له‌ لایه‌نه‌ تورکیه‌کان خراپه‌که‌ی به‌ر ده‌که‌وێت .
4- خاڵه‌ ئه‌رێنیه‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ به‌ره‌ی ڕه‌نج ، ئازادی و دیموکراتی :-
ێ-ب به‌هۆی ئه‌و ده‌نگه‌ زۆره‌ی که‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌ ده‌توانن فراکسیۆنی کوردی دابمه‌زرێنن له‌ په‌ڕله‌مانی تورکیادا ، چونکه‌ له‌ سه‌رووی 22 په‌ڕله‌مانتاره‌وه‌ ده‌توانن فراکسیۆنی سه‌ربه‌خۆ پێک بهێنن .
ب-ل له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا توانیان 6 سیاسه‌تمه‌داری زیندانیکراو له‌ زیندان ئازاد بکه‌ن و بیانگه‌یه‌ننه‌ په‌ڕله‌مان ، که‌ ئه‌مه‌ش به‌ واتای پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی قڕکردنی ده‌وڵه‌تی تورک دێت .
ج-ب بۆ یه‌که‌م جار بووه‌ له‌ مێژووی ده‌وڵه‌تی تورک‌دا که‌سێکی سریانی به‌ ناسنامه‌ی خۆیه‌وه‌ بچێته‌ په‌ڕله‌مان ، ئه‌و که‌سه‌ش به‌ڕێز "ئه‌رۆڵ دۆرای"ه‌ که‌ له‌لایه‌ن به‌ره‌ی ڕه‌نج ، ئازادی و دیموکراتیه‌وه‌ ده‌ستنیشان کرا .
چ-ل سه‌رجه‌می ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا گه‌یشتنه‌ په‌ڕله‌مان 69 که‌سن و له‌و ژماره‌یه‌ش 11 که‌سیان هه‌ڵبژێردراوه‌ کورده‌کانن ، واته‌ بۆ یه‌که‌م جار بووه‌ له‌ مێژووی تورکیادا که‌ به‌و ڕێژه‌ به‌رفره‌وانه‌ ئافره‌تان بچنه‌ په‌ڕله‌مان ، چونکه‌ له‌ سه‌رجه‌م 36 نوێنه‌ری کوردان 11 که‌سیان ئافره‌تن که‌ به‌ به‌راوردکردن به‌ 58 ئافره‌ت بۆ 514 په‌ڕله‌مانتاره‌که‌ی دیکه‌ ڕێژه‌یه‌کی هێجگار زۆره‌ .
د-ل له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچ واتایه‌کی بۆ به‌ربه‌ستی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی 10% نه‌هێشته‌وه‌ و ئه‌و ترسه‌ی لایه‌نی کوردیشی ڕه‌وانده‌وه‌ بۆ به‌ ده‌ستهێنانی ڕێژه‌ی 10% ، چونکه‌ ته‌نها ئه‌و 36 په‌ڕله‌مانتاره‌ کورده‌ توانیویانه‌ ده‌نگی 51 په‌ڕله‌مانتاری "ئاکه‌په‌"یی به‌ ده‌ستبهێنن ، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئاینده‌دا به‌ لیستی سه‌ربه‌خۆ بچنه‌ په‌ڕله‌مان ئه‌وا زۆر به‌ ئاسانی هه‌م به‌ربه‌ستی 10% ده‌شکێنن و هه‌م ژماره‌ی کورسیه‌کانیشیان له‌ 36 کورسییه‌وه‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 50 کورسی .
5- لایه‌نه‌ نه‌رێنێکان له‌ پاڵێوراوی سه‌ربه‌خۆدا :-
ئه‌گه‌ر لایه‌نێک به‌ لیستی سه‌ربه‌خۆ بچێته‌ په‌ڕله‌مان ئه‌وا هیچ ده‌نگێکی نافه‌وتێت و سه‌رجه‌م ده‌نگه‌کانیشی بۆ حساب ده‌کرێت به‌ڵام که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ به‌و جۆره‌ نییه‌ ، چونکه‌ له‌ که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆدا هه‌موو ده‌نگه‌کان هی ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ ده‌نگی پێدراوه‌ و ده‌نگه‌ زیاده‌کانی نادرێته‌ که‌سێکی هاوفکری خۆی ، بۆ نموونه‌ یه‌کێک له‌ په‌ڕله‌مانتاره‌ کورده‌کان به‌ ناوی "له‌وه‌ند" سه‌رجه‌م 136660 ده‌نگی به‌ ده‌ستهێنابوو ، که‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ش هێنده‌ی ده‌نگی دوو په‌ڕله‌مانتاری "ئاکه‌په‌" بوو . هه‌روه‌ها لایه‌نێکی نێگه‌تیڤی دیکه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر که‌سه‌ سه‌ربه‌خۆکان ده‌نگی پێویستان به‌ده‌ست نه‌هێنا ئه‌وا هه‌موو ده‌نگه‌که‌یان ده‌درێته‌ لیسته‌ براوه‌کان . بۆ نموونه‌ ئه‌و 28 پاڵێوراوه‌ی دیکه‌ که‌ ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌ست نه‌هێنابوو ته‌واوی ده‌نگه‌کانیان درایه‌ لیسته‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانی(ئاکه‌په‌ و جه‌هه‌په‌ و مه‌هه‌په‌) .
خاڵێکی نه‌رێنی دیکه‌ له‌ پاڵێوراوی سه‌ربه‌خۆدا ئه‌وه‌یه‌ که‌ چه‌نده‌ ده‌نگی زۆریش به‌ده‌ست بهێنێت ته‌نها ئه‌و که‌سه‌ ده‌چێته‌ په‌ڕله‌مان که‌ ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ست هێناوه‌ ، بۆ نموونه‌ لایه‌نی کوردی ته‌نها 3 که‌سی ده‌ستنیشان کردبوو له‌ شاری مێردین و ئه‌و 3که‌سه‌ش توانیان 57% ده‌نگه‌کانی ئه‌و شاره‌ به‌ده‌ست بهێنن ، که‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ لیستی سه‌ربه‌خۆ بوویایه‌ له‌ جیاتی 3 که‌س 5 که‌س ده‌چوونه‌ په‌ڕله‌مان ، خۆ ئه‌گه‌ر بێتوو هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ش ته‌نها به‌ یه‌ک پاڵێوراویان بدرایه‌ ئه‌وا ته‌نها ئه‌و پاڵێوراوه‌ ده‌گه‌یشته‌ په‌ڕله‌مان و سه‌رجه‌می په‌ڕله‌مانتاره‌کانی دیکه‌ له‌و لیسته‌ ده‌ستنیشان ده‌کرا که‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی لیسته‌کانی به‌ ده‌ست هێناوه‌ که‌ ئه‌ویش ئاکه‌په‌یه‌ . چونکه‌ له‌ شاری مێردین کۆی ده‌نگه‌کانی ئاکه‌په‌ 32% بووه‌ که‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش نیوه‌ی ده‌نگی لایه‌نی کوردییه‌ به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاکه‌په‌ خاوه‌نی لیستی سه‌ربه‌خۆ بوو 5 پاڵێوراوه‌که‌ی دیکه‌ی شاری مێردینیان پێدرا .
6- دیموکرات هه‌ڵخه‌له‌تێنه‌ :-
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆنترین حیزبی زیندووه‌ له‌ کوردستاندا ، به‌ڵام جێگه‌ی داخه‌ که‌ داماوترین و دواکه‌وتوترین لایه‌نیشه‌ له‌ کوردستاندا ، چونکه‌ کاتێک هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا ئه‌نجام دران ، لایه‌نی ئاکه‌په‌ نه‌خشه‌یه‌کی ته‌واوی تورکیا و باکووری کوردستانی بڵاوکرده‌وه‌ له‌سه‌ر لیستی سه‌ربه‌خۆ نه‌ک له‌سه‌ر که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ ، به‌پێی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ لیستی ئاکه‌په‌ جگه‌ له‌ دێرسیم و ئیغدر له‌ ته‌واوی باکووری کوردستاندا سه‌رکه‌وتوو بووه‌ ، چونکه‌ با لایه‌نی کوردی له‌ هه‌موو ئه‌و شاره‌ کوردیانه‌ی که‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنی کردووه‌ لایه‌نی براوه‌ و سه‌رکه‌وتوو بووبێت به‌ڵام خاوه‌نی لیستی سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه‌ تاوه‌کو له‌و نه‌خشه‌یه‌دا جێگه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانی بۆ ده‌ستنیشان کرابێت ، هه‌روه‌ها به‌ پێی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ ته‌نها دوو شاری شڕناخ و جۆڵه‌مێرگ خراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌خشه‌که‌ چونکه‌ له‌و دوو شاره‌دا سه‌رجه‌می که‌سه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کان که‌سانی سه‌ربه‌خۆ بوون و به‌ لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان نه‌کردووه‌ واته‌ هیچ لیستێک له‌و دوو شاره‌دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌ . بۆ بینینی نه‌خشه‌که‌ کرته‌ له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌ :-

http://secim2011.cnnturk.com/
کاتێک حیزبی دیموکرات ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی بینی وه‌کو هه‌نگی له‌ کلۆره‌ داردا دۆزیبێته‌وه‌ بروسکه‌ی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی ئاکه‌په‌ و ئه‌ردۆغان کرد و وه‌کو سه‌رکه‌وتووی هه‌ڵبژاردنه‌کانی باکووری کوردستانیش پێناسه‌ی کردن ، که‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆی‌دا نیشانه‌ی دواکه‌وتووی و له‌ ڕۆژگار به‌جێماوی حیزبی دیموکرات دیاری ده‌کات ، چونکه‌ ئه‌گه‌ر حیزبی دیموکرات داماو نه‌بوویایه‌ ئه‌وا ده‌بوو لانی که‌م سه‌رنجی بازنه‌ی خوار نه‌خشه‌که‌ی بدایه‌ که‌ نیوه‌ی بازنه‌که‌ ده‌کات نه‌ک جێگه‌ زه‌ردکراوه‌کانی نه‌خشه‌که‌ که‌ زیاتر له‌ 90% هه‌موو تورکیا و باکووری کوردستان ده‌کات ! . با خوێنه‌ر له‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌دا به‌یاننامه‌ شه‌رمهێنه‌ره‌که‌ی حیزبی دیموکرات بخوێنێته‌وه‌ :

http://www.peshmergekan.com/index_a.php?id=8529
7- کورته‌ و ئاکام :-
ئه‌گه‌رچی به‌ره‌ی "ڕه‌نج ، ئازادی و دیموکراتی" له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ست هێنا و له‌و شارانه‌ی که‌ پاڵێوراوی تێدا ده‌ستنیشان کردبوو جگه‌ له‌ چه‌ند شارێک توانی له‌ سه‌رجه‌م باژێڕه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت به‌ڵام ئه‌و شارانه‌ش که‌ سه‌رکه‌وتنی تێدا به‌ده‌ست نه‌هێنابوو توانیان به‌ ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌رز بکه‌نه‌وه‌ و پاشه‌کشه‌ش به‌ ئاکه‌په‌ بکه‌ن ، ته‌نها شارێک که‌ ده‌نگه‌کانیان دابه‌زیبوو شاری دێرسیم بوو ، هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌ بوو که‌ سه‌رۆکی جه‌هه‌په‌ خه‌ڵکی شاری دێرسیم بوو ، جێگه‌ی داخه‌ که‌ تاوه‌کو ڕۆژگاری ئیمڕۆش نه‌توانراوه‌ ئه‌قڵیه‌تی ناوچه‌گه‌رێتی تێکبشکێنرێت له‌ هه‌ندێک شوێنی کوردستاندا .
له‌ کۆتای‌دا پیرۆزبایی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ مێژووییه‌ له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌که‌م و به‌ هیوای سه‌رکه‌وتنی زیاتر .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە