نورى مالیكى دەیەوێت مەسعود بەرزانى بخاتە هەڵە
Tuesday, 19/05/2009, 12:00
931 بینراوە
لە دونیاى دیموكراسیدا هەردوو شێوازى فەرمانڕەواى دەبینین كە ئەویش سیستمى پەرلەمانى و سیستمى سەرۆكایەتیە,لە سیستمى پەرلەمانیدا سەرۆك لەلایەن پەرلەمان و لە ڕێگەى دەنگدانى پەرلەمانتارانەوە هەڵدەبژێرێت,لەسیستمى سەرۆكایەتدا سەرۆك ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت,لەم جۆرەى دووهەمیاندا دەستەڵاتێكى بێچەندو چوون دەكەوێتە دەستى سەرۆك,سەرۆك لەلایەن هیچ كەسك و دامودەزگایەكەوە چاودێرى ناكرێت و پەرلەمانیش تواناى لێپرسینەوەى نییە لەسەرۆك, هەموو كاتێك پەرلەمان لە ژێر ڕەحمەتى سەرۆكدایە لە كەمترین كاتدا ئەتوانێت پەرلەمان حەل بكات و هەڵیبوەشێنێـەوە.
لەكاتى دیاركردنى وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان مەسعود بەرزانى هەر لەو دانیشتنەدا شێوازى هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێمى دیارى كرد,لە بەشێكى لێدولنەكەیدا ووتى لەگەڵ ڕێزم بۆ پەرلەمان بەڵام من ئامادەنیم خۆم كاندید بكەم وخۆم هەڵنابژێرمەوە بۆ سەرۆكى هەرێم ئەگەر لە ڕێگەى دەنگدانى ڕاستەوخۆى خەڵكەوە نەبێت)ئەو چەند دێڕەى مەسعود بەرزانى لە نێو هۆڵى پەرلەماندا تا ئەندازەیەكى زۆر تەواوى حیزب و كەسایەتى و خودى پەلەمانتارانیشى توشى شۆك كرد,هەموومان تێكڕا ئەو پرسیارەمان لا گەڵاڵەبو كە ئایا ئێمە دەمانەوێت چ جۆرە سیستەمێك پیادە بكەین؟ سەرۆكایەتى یان پەرلەمانى؟كامیان بۆ ئەم ساتەوەختەى هەرێمى كوردستان باشە؟ ئەگەر چى تا ئێستا ئێمە دەستورمان نییە!بەڵام بە پێى دەستورى عێراق كە ئێمەش دەنگمان بۆداوە و پێى ڕازین كامیان شەرعەیەتى دەستورى هەیە؟ئایا دەكرێت عێراق سیستمى پەرلەمانى بێت و هەرێم سیستمى سەرۆكایەتى پەیڕەو بكات؟
ئەوەى سەرەوە كە گوتمان لاى هەموومان چەند زانیاریەكى ڕوونەو بەپێى بیرو بۆچوونى زۆرێك لە شارەزایان و ڕۆشنبیران و سیاسیەكان پەیڕەوكردنى سیستمى سەرۆكایەتى لەئەمڕۆى كوردستاندا لایەنە سلبیەكانى گەلێك زیاترو وەك لەلایەنە ئیجابیەكانى ,چونكە تا ئێستا یەك كەس مورەشەحەو دەرفەت و زەمینەسازى تەنها بۆ یەك كەس لەبارە بۆ ئەوەى خۆى بپاڵێوێت,ئەم جۆرە هەلومەرجەش هەروەك ڕۆشنبیرێكى خۆمان باسى لێوە كرد كە هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم لەم ساتەوەختەى كوردستاندا , هەڵبژاردنى سەرۆكەكانى دونیاى دەوڵەتانى عەرەبى و سەردەمى سەدەممان وەبیر دێنێتەوە ,كە هەڵبژاردن تەنها بۆیەك كەس و زەمینەى لەباریش تەنها بۆ یەك كەس ڕەخسابوو ,تەنها یەك كەسیش بۆى هەبوو خۆى هەڵبژێرت و زۆربەى خەڵكیش ئیجبار كرابوون دەنگ بۆ یەك كاندید بدەن.
بەڵام ئەوەى من دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم لێدوانێكى سەرۆك وەزیرانى عێراق نورى مالیكیە كە تا چ ڕادەیەك دەیەوێت سیستمى سیاسى هەرێمى كوردستان بخاتە ژێر پرسیارەوە, پاش ئەوەى مەسعود بەرزانى سوربوو لەسەر ئەوەى كە دەبێت هەڵبژاردنى سەرۆكایەتى هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە بێت,لەبەرامبەر ئەمەشدا دەنگێكى ناڕەزاى زۆر بەرز بوویەوە,بۆ ئەوەى مەسعود بەرزانى زیاتر سور بێت لەسەر هەڵوێستەكەى نورى مالیكى لە لێدوانێكیدا دەڵێت(سیستمى سەرۆكایەتى باشترە لە سیستمى پەرلەمانتارى).
لە ڕێگەى ئەم لێدوانەوە مالیكى دەیەوێت بەتیرێك چەند نیشانەیەك بپێكێت و هەنگاوێكیش بنێت بە ئاراستەى ئەو شوێنەى كە خۆى دەیەوێت و مەبەستێتى بەدەستى بهێنێت و پێى بگات.
چەند ساڵێكە ئێمەى كورد گلەى لە نورى مالیكى دەكەین و بەسەركردەیەكى تاكڕەوى لەقەڵەم دەدەین تەنانەت یەكێك لەبەرپرسە باڵاكانى كورد نورى مالیكى بە سەدامى دووەمى شوبهاند,بەڵام كاتێك ئێمە بزانین لە سیستمى پەرلەمانیدا مالیكى دیكتاتۆرانە هەڵسوكەت دەكات ئەى ئایا ئەگەر سبەى عێرا ق لە سیستمى پەرلەمانیەوە بگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتى ئەبێت چۆن چۆنى ڕەفتار بكات؟ئەگەر ئێستا كە جۆرى سیستمەكە پەرلەمانیەو ڕێگربێت لەبەردەمى تاك ڕەوى مالیكیدا ئەى ئەبێت سبەى كە سیستمى سەرۆكایەتى لە عێراقدا پیادە كرا چ شتێك ئەتوانێت ڕێگرى بە تاك ڕەوى نورى مالیكى یان هەركەسێكیتر بكات كە دەستەڵاتى دەكەوێتە دەست لە عێراقدا؟من دڵنیام ئەگەر هیچ جۆرە مۆدێلێكى كوردستانیان نەگواسبێتەوە بۆ باشورو ناوەراستى عێراق ئەوا ئەم مۆدێلى حوكمڕانى بە سیستمى سەرۆكایەتى وەردەگرن و دەیگوێزنەوە و پیادەى دەكەن ئەوكاتە زەرمەندى یەكەم ئێمەى كورد و حكومەتى هەرێمى كوردستانە.
مەبەستەكانى مالیكى ئەوەیە كە لەڕێگەى ئەو لێدوانەیەوە سەرنجى تەواوى كۆمەڵگاى نێو دەوڵەتى ڕابكێشێت بۆ سەر عێراق بەگشتى و هەرێمى كوردستان بەتایبەتى لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت بڵێت ئەوەتانێ كوردەكان حەزیان بە سیستمى سەرۆكایەتیەو دەیانەوێت دەستەڵاتى ڕەها لە دەستى تاكە كەسێكدا بێت ,ئەگەر سبەى منیش داواى دەستەڵاتى ڕەهام كرد ئەوە شتێكى ئاساییە.هەروەها ,مالیكى دەیەوێت بڵێت مادام ئێوە سیستمى پەرلەمانیتان قبوڵ نییە و خۆتان سیستمى سەرۆكایەتى پەسەند دەكەن ئەوا ئێمەش چیتر سیستمى سیاسى عێراق لە پەرلەمانتاریەوە دەگۆڕین بۆ سەرۆكایەتى و نابێت كوردەكان هیچ قسەیەك بكەن,ئەمەش بۆخۆى گەورەترین زیانى دەبێت بۆ تەواى گەلانى عێراق بەگشتى و كوردستان بەتایبەتى ,كە هەمومان قوربانى دەستى سیستمى سەرۆكایەتین ,قوربانى دەستى عەقڵیەتێكین كە تەواوى دەستەڵاتەكانى لەدەستى تەنها یەك كەسدا كۆكردبووە.
ئەوەى من لەو لێدوانى مالیكیەوە تێگەشتم ئەوەیە كە هەرێمى كوردستان لە ژێر چاودێریەكى ووردى بەرپرسانى حكومەتى عێراقدایەو بچوكرترین جوڵە و لێدوانیان هەڵدەگیرێت و لەبەغداد وەكو كاترێك بەكار دەهێنرێتەوە بەرامبەریان.
-هەڵەبجەى شەهید
[email protected]