هونەری جەنگ: ئەو کتێبەی که دەبوو کاتی خۆی پێشمهرگه بیخوێندایهتهوه
Wednesday, 24/10/2012, 12:00
هەرگیز ناتوانم ئەو بیرەوەرەییەی (کەریمی حیسامی) فەرامۆش بکەم، کە بۆ چەند ڕۆژێک ڕێگای دەکەوێتە سەرکردایەتی شۆڕش و تاکە ڕۆژنامە، کتێب، تەنانەت ڕادیۆیەکیشی دەست ناکەوێت تا کاتی خۆی پێوه خهریک بکات. ئەی شۆڕشگێڕەکان چۆن و چییان دەکرد و چۆن کاتی خۆیان بەسەر دەبرد؟ ئەوە دادەنێین بۆ مێژوو ئەگەرچی مێژوو نووسەکانمان بەداخەوە زۆربهیان به درۆ مێژوومان بۆ شرۆڤە دەکەن و دهنووسنهوه، وەک ئەو هەرا ناشرینەی لەکاتی یادی ئەیلولدا نمایشیان کرد. لەشۆشی نوێشدا دوای ئاشبەتاڵ ئێمە نەبوینە خاوەنی ئەم کتێبە پڕبەهایەی کە مێژووی ههموو مرۆڤایەتی سەرسام کردووە، بەڵکو لە کۆڵەپشتەکانماندا چیرۆکەکانی عەزیز نەسین و گۆرانییهکەی لەکۆڵانی تەنگە بەرری حەمە جەزا و شیعرەکانی جوامێر و گۆڤاری گزنگ و جارناجارێکیش کتێبێکی باشی وەک ئێستاتیکا، تاریک و ڕوون، هەژدەی برۆمێری لیوس پۆناپارت، لێنین و، بەرگەکانی کۆمەڵە و ڕۆژنامەی ڕێبازی نوێ. کە ههموو ئەوانە زیاترشتگەلی تیوریەکی لە قاڵبدراوی سەردەمێک بوو ئیتر ئێمە زۆر لە دوای ڕووداوەکانی جیهانەوە بووین، بۆیه بەدوای چەندین هەڵدێرو گلانەوە بە ئێمە گەیشتبو، لەهەمبەر داگیر کەران و دوژمناندا سودێکی وای بۆ ڕووبەڕووبونەوه و هونەری شەڕ پێنەدەداین.
بۆیە ئەو دەمەی کە خەریکی خوێندنەوەش دەبووین دەیان ووت، ئەهلی کتێبەکان ناسکن و زۆری لێک دەدەنەوە، یان ڕاپۆرتیان لەسەر دەنوسین و دەیان ووت ئەمانە ئاشن، واتە" ئاڵای شۆڕشن" دەشیان ووت ئێمە لە شۆڕشداین، شۆڕشیش واتە شەڕ و تفەنگ. کەچی ئێمە زانیاریمان نەبوو یان ڕەنگە سەرکردایەتی ئەودەمیش هەر هێندەی ئێمە زانیاریان هەبووبێت لەسەر شەڕ و پلاندانان، چونکە بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە هەمان تاکتیکی شەڕمان هەبوو کە بەر لە خۆمان پەیڕەو کرابوو. با ئەوان واتە سەرکردەکان ووڵاتانی تریشیان دیبێت هیچ لە هاوکێشەکە نەگۆڕابوو، بۆیە هەموو گەشت و دیدارێک نابێتە هۆکاری زانست و هونەر گەر پلانت نەبێت بۆی. بەر لە٢٥٠٠ ساڵ "سۆن تزو" نووسەری کتێبەکە ئەم کتێبە نایابە پڕ مانایە پێشکەش بەشای چینی دەکات و مانایەک بۆ شەڕ و جەنگاوەرەکان دادەمەزرێنێت و دەڵێ:
"جەنگ : ترسناکترین ساتەکانی ململانێی مانەوەی ئابڕوومەندانەیە بەرامبەر بەدوژمن و مێژوو "
ئێمە بەگەیشتنمان بۆ شاخ بووینە هاوڕێی تفەنگێک و ئیتر بە چرکەش بەرۆکی بەر نەدەداین، نە دەورەیەکی سەربازیمان دی نە چیرۆکی شەڕەکانی پێشخۆمان خوێندەوە و ناوێکیان لێ ناین کە "پێشمەرگە" بوو، دیارە کاتێک دەمان بیست لە ناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دا کۆرسی سەربازیی و سیاسیی هەیە، بۆ ئێمە جێگەی پرسیار بوو. داخۆ چیان فێر دەکەن. بەدرێژایی ئەو ساڵانەی کە چەکم لە شان بوو، زانیاریم لەسەر گوللەیەک نەبوو کە چۆن دروست دەکرێت، کەی و لەکوێ دروست کراوە، چ جای تفەنگ و قەمەو نارنجۆک و چەکەکانی دوژمنیش، لام وایە هەر من نا بەڵکو بەرپرسەکەم و سەرکردایەتییهکەشم هەر بەقەدەر من زانیاریان هەبوو. ئەوەی ئەمانزانی لەڕووی ئەزمونی ژیانەوە فێر ببووین، چۆن پێویست ناکات بەکەسێکی برسی بڵێین چۆن نان بخوات، ئێمەش وابووین لە دورەوە تەقەمان دەکرد، مەگەر ئازایانە ئیستا لە دورەوە دوای ئەو هەموو ساڵە بڵێین چەند کەس بە نهشارەزایی بۆتە قوربانی و گیانی سپاردوە چەند کەس تفەنگی لەدەست دەرچووە؟
کتێبی هونەری جەنگ (孫子兵法)
کە بە چینی نوسراوە، نوسەر لە ٣٨٠ی پێش زایندا ژیاوە و کتێبەکەی لە ١٣ بەش پێک هاتووە و دەیان شەڕکەر و جەنەراڵ لەدوای خۆیەوەو بەدرێژای مێژوو قسەیان لەسەر کردوە.
لەساڵەکانی ١٧٠٠ کاندا Joseph-Marie Amiot کتێبەکەی بۆ ناپلیۆن پۆناپارت وەرگێڕاوە لە زمانی چینێوە واتە ئەم کتێبە یەکەمین جار بەزمانی فەڕەنسی، ئەمە دەست نوسە کەی " سۆن تز"وە کە پارێزراوە و ماوەتەوە، دوای وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی فەرەنسی
پاشان لە دوای فەڕەنسییهکان کتێبەکە وەرگێڕاوە بۆ زمانی ئیگلیزی و دوایش بۆ زمانە زیندۆکانی تر، ڕەئوف حەسەن بە پێشەکیەکی پڕ و چر توانیوێتی باس لەناوەڕۆک و پهیامی نووسەرەکەی بگەیەنێت. من دەست خۆشی لێ دەکەم.
گەرچی وەرگێڕ لە زمانی عەرەبییهوە وەریگێڕاوە بەڵام لە ڕاستیدا وەک خوێنەرێکی کورد هەمان سودم لێوەرگرت و زانیم شەڕ بەراستی هونەرە، کەسە شەڕکەرەکان موڕاڵی شەڕیان لێ سەنیتەوە دەبنە دڕندە.
شەهید ئارام : لە جێگەیەکدا ووتبووی " هەموو ڕاپەڕین دەستدانە چەکێک شۆڕش نییە، هەموو بەرگ بۆرێک و چەک لەشانێکیش پێشمەرگە نییە"
شەڕ چەندێ لەگەڵ دوژمندا ڕەوای هەیە و هەموو مرۆڤایەتی نکۆڵی لەوە ناکات، کە بۆ خۆپاراستن و بەرەنگار بوونەوە شەڕی ڕەوا مافی هەموو گەلێکە. تۆ سەیری چەک داراکانی سەدام بکە لەژێر ناوی بەرگ ڕەش و فیدای و لەشکری سەدام و دەیان دەزگای موخابەرایەتی چیان بەرهەم هێنا وەک ڕۆماننوسی عێراقی "عبدالستار ناسر" لەڕۆمانی شەماعیەدا دەڵێ :
"میراتیەک لێوانلێوە لەنۆکەری و سەرشۆڕی و کۆکردنەوەی پارەی حەرام " هەمان قسەی ئەم ڕۆماننوسە بۆ ئێمەش وەک کورد دەمانگرێتەوە و بەدەر نین لەهەمان هزری بەعس و سەدام، تۆ سەیری بەناو شۆڕشگێرەکانی سەردەمی شاخ بکە بزانە ئەوانە چ بێموڕاڵیەکیان بۆ کردوین بەدیاری، چۆن سەدان دەزگا و کەسانی سوک و ترسنۆک و خوێنڕێژ و نائاگایان لەم گەلەی ئێمە بەرداوە! هەر لەڕۆژەکانی ١٧ی شوباتەوە تا داواکاری ئەو منداڵەی کە داوای باوکە وونبۆکەی دەکات و دەڵێ هیچم ناوێت تەنها باوکم بگەڕێنەوە. هەر لەشەهیدکردنی ڕێژوان و گەرمیان و بیلالەوە و شەهیدەکانی تر و بریندارەکانی کە بەدەست ئەو لەشکرە تڕۆ و نائاگایە زامدار بوون و گەنجێتیان شێواندوون و لەگەڵ بوونی زیندانە نهێنێکانیان کە هەمان ئەو لەشکرە پوچە پاسەوانی دەکەن.
نامەوێ ئهم کتێبه فەلسەفی پڕ حیکمەتی مێژووه بەراورد بکەم بە کرداری دەسەڵاتدارانی کورد لە باشور. بەڵام کاتێک خەریکی خوێندنەوەی کتێبەکە بووم و لە وێنەی پێشمەرگایەتی خۆمم دەڕوانی و بیرم لە هاوڕێ شەهیدەکانم دەکردەوە، بەدڵ بەزەییم بەگەلەکەمدا دەهاتەوە و دەمگووت بمبورن ماڵە جوتیارەکانی کە منی ناهوشیار بومە میوانتان و ەدەمی ماڵ و منداڵتان دەگرتەوە دەتان نا بە من، لەکاتێکدا کە هیچ هونەری جەنگم نەدەزانی و نەمدەزنی جەنگ هونەرێکە بەچرکە لە ژیانی تاک بەتاکماندا دەورو نەخشی هەیە. ئەم کتێبە هەر فێرت ناکات شەڕکەری چاک بیت بەڵکو فێرت دەکات بزانی لە ژیانی ئاسایی ڕۆژانەشدا کەسێکی سەرکەوتو بیت، ئەمە ئەو کتێبەیە کە لاپەڕەی تێدا نییه هێڵم بەژێردا نەهێنابێت، نازانم " سۆن تزو" چەندە لە بودیسمەوە نزیک بووە ؟ یاخوت چۆن مامەڵەی لەگەڵ قسە پڕحیکمەتەکانی کۆنفۆشۆسزدا کردووە؟
ئەم کتێبە شایستەی خوێندنەوەیە، هەڵەیەک کە کراوە لەچاپە کوردێکەیدا ئەو بەرگە نەعلەتیەیە کە بۆی دانراوە ووێنەی چەند سەربازێکی سوپای ووڵاتێکی داگیرکەرە، کە من بە سوپای عێراقم زانی، بریا لەچاپکردنی دووهەمدا سود لە پەیکەری سۆن تزو دەگیرا کە لە یابان بۆیان کردوە، بەڕاستی ئەو گەل و میللەتانەی ئاسیا پڕیانە لەجوانی و عیرفان.
مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە، کاتێک ناپلیۆن پۆناپارت دەگاتە مۆسکۆ و لە ئێوارەیەکی درەنگدا بەجەنەراڵەکان دەڵێ سوپاکهم چی دەکەن؟ ئەوانیش دەڵێن خەریکی تاڵانین، ناپلیۆن دەڵێ سوپایەک تاڵانی بکات شەڕی بۆ ناکرێ.
بەووتەیەکی بەپێزی" وانگ هسی" کۆتایی بەم نوسینە دەهێنین کە دەڵێ:
"ئەگەر سەرباز و ئەفسەران بەتەنێ بە دووی سامان و تاڵانی و زێدە موچەو پلەدارییهوه بن. . کەڵکی ووڵاتپارێزیان پێ نامێنێ. . لەشەڕیشدا هەر پاراستنی گیانی خۆیان لامەستە.. نەک بهرهو رووبوونهوه له بهرامبهر مەترسییهکانی دوژمن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست