ئایا باوی چەک ماوە یان نا ؟
Tuesday, 28/02/2012, 12:00
ڕۆژی هەینی " ٢٤-٢-٢٠١١ " کۆبوونەوەی بە ناو (هەڤاڵانی گەلی سوریا) لە وڵاتی تونس بەڕێوە چوو ، زۆربەی ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بە ئەمریکاشەوە جەختیان لەسەر پڕچەک کردنی دژبەرانی سوریا کرد ، هۆکاری پڕ چەککردنیش ئەوە بوو کە دەوڵەتەکەی بەشار ئەسەد توندوتیژی پەیڕەو دەکات لە بەرامبەر خۆپیشاندەراندا . دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرێسیش ڕایگەیاند :- پێویستە دژبەرانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد پڕ چەک بکرێن بۆ پاراستنی گەلی سوریا .
ئەوەی ئاشکرایە حیزبی بەعس دەسەڵاتدارە لە سوریادا ، حیزبی بەعسیش جگە لە سیاسەتی نەتەوەپەرستی و سەرکوت هیچ زمانێکی دیکە بە بنەما ناگرێت ، لێ بەڵێ ؛ لە هەمان کاتدا پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە دژبەرانی سوریا دوو بەشن :-
١- دژبەرانی ناوخۆ کە بە " هیئە التنسیق " بە ناوبانگن و کوردانیش لەم هەیئەتەدا جێگەیان گرتووە . ئەم هەیئەتە دژ بە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکیە لە سوریادا و ناخوازن مەرگەساتەکانی عێراق و لیبیا دووبارە بێتەوە ، بەهۆی ئەم سیاسەتە ژیرانەوە کوردان لە مەرگەسات پارێزراون .
٢- دژبەرانی دەرەکی کە بە " ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا " بە ناوبانگن و لەلایەن ئیخوان الموسلمینەوە ڕێبەرایەتی دەکرێن ، ئیخوان الموسلمینیش لە پێناو بە دەسەڵاتگەیشتندا هەمیشە بانگەوازی بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و سوتاندنی تەڕ و وشک بەیەکەوە دەکات ، کردەوەکانی ئیخوان الموسلمین دەستێوەردانی دەرەکی زۆری بە دوادا هاتووە بە تایبەت لەلایەن تورکیاوە ، ئەنجامی ئەم سیاسەتە چەپەڵەی ئیخوان الموسلمین کۆمەڵکوژی شارەکانی حومس و حەما و ئیدلبی بە دواوە بووە .
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە کە ئایا باوی شەڕی چەکداری ماوە یان نا ؟
لە ڕابردوودا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕاگەیەندرا { پێویستە پکک لە چەک دابماڵرێت } . ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبێتم یەکەمین کەس کە پەسەندی دەوڵەتی تورکی کرد و داوای بێ دەنگکردنی چەکی کرد نێچیرڤان بارزانی بوو ، هەمیشە گوتەی تورکە فاشیەکانی دووبارە دەکردەوە و دەیگوت { باوی چەک نەماوە } ، لە کاتێکدا نێچیرڤان بارزانی ئەو قسانەی دەکرد هەر لە هەمان کاتدا جۆرەها چەکی کۆکوژی ناتۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەسەر کورداندا دەباری .
تاڵەبانیش بە دوای گوتەکانی نێچیرڤان بارزانیدا ئەسپی خۆی تاودا و گوتی { سەردەمی گیڤارا بەسەر چوو } ، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەهاری گەلان بە وێنەی گیڤاراوە سەری هەڵدا و دیکتاتۆرانی وەکو زەینالعابدین و موبارەکی وڵاتبەدەر کرد و ملهوڕێکی وەکو عەلی عەبدوڵاشی لە دەسەڵات دوورخستەوە . لێ بەڵێ ؛ خەباتی گەلان بە وێنەی تێکۆشەرانی وەکو گیڤاراوە سەرهەڵدەدەن بەڵام جێگەی دڵگرانیە کە لەلایەن هێزی ئیمپریالیزمەوە شۆڕشەکان بە لاڕێدا دەبرێن و بەکرێگیراوانی وەکو مستەفا عبدالجلیل و بورهان غەلیون ئامادە دەکرێن بۆ بە کۆیلە هێشتنەوەی گەلان .
دوا بە دوای نێچیرڤان و تاڵەبانی دەروازەی گوتە بۆ ئەو کەسانە کرایەوە کە پیشەی هەمیشەییان هەڵهاتن بووە لە ڕاستیەکان و ڕەوایەتیدان بە ڕەشەکوژی داگیرکەران . کاتێک کۆماری ئیسلامیش مەزنترین هێرشی کردە سەر قەندیل لە ساڵی ڕابردوودا ، هەر خودی ئەو کەسە هەڵهاتوانە هەموو تاوانێکی ئەو شەڕەیان دایە پاڵ لایەنی کوردی و دەیانگوت باوی شەڕی چەکداری نەماوە ، تەنانەت یەکێک کە بە ناو سکرتێری حیزبە و سەرتاپای ژیانی لە هەڵهاتندا بەسەر بردووە زۆر بێ شەرمانە دەیگوت { شەڕکردن تەنها لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدایە } ، لە کاتێکدا ئەو کاکی بەناو سکرتێرە ئەم گوتەیەی گوت کە هێشتا ئەو گوتانەی لە گوێی کورداندا دەزرنگایەوە کە ئامادەیی خۆی و حیزبەکەی دەردەبڕی بۆ تەسلیمبونەوە و ناوگۆڕین و هەڵوەشاندنەوەش لە پێناو مادە دەستوریەکانی ١٥ و ١٩ی خودی کۆماری ئیسلامیدا . بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە :-
http://www.peshmergekan.com/index_a.php?id=5730 http://rojhelattimes.org/niviskar.php?id=3334 هەر دوا بە دوای ئەم کاکی بەناو سکرتێرە ئەوجار سکرتێری ڕاستەقینە هاتە گۆ و گوتی { باوی شەڕی چەکداری نەماوە ، چەکدار لەلای ئێمەش تەنها بۆ پاسەوانی و نیگابانییە } . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-
https://www.facebook.com/photo.php?v=2504887586080 ئەوەی لێرەدا جێگەی پرسیارە لە تەواوی ئەو بەرپرسانە " هەم داسەپاوەکان و هەم هەڵهاتووەکان " ئەوەیە :-
١- ئایا باوی شەڕی چەکداری بۆ دژبەرانی سوریاش نەماوە ؟
٢- ئەگەر چەک هۆی پاراستنی گیانی گەلی سوریایە ، ئەی بۆچی بۆ کوردان هۆی پاراستن نییە و لە بەرژەوەندی داگیرکەراندایە ؟
3- ئەی توندوتیژی دژ بە کوردان بەکار ناهێنرێت لەلایەن داگیرکەرانەوە و کوردانیش مافی خۆپاراستنیان نییە کە هێندە بێ شەرمانە گوتەی داگیرکەران دەڵێنەوە ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست