کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


تەنزەكانى زەمانى داعش

Thursday, 21/08/2014, 12:00


سیروان بەرزانى و شەڕە مۆبایل
سیروان بەرزانى خاوەنى هێڵى مۆبایلى كۆرەك تیلیكۆم وەك هەر خۆدەرخەرێكى بنەماڵەى بەرزانى كۆڵیك چەك و فیشەکی فشەى لە خۆی باركردوە بە حساب لە شەڕدایە، تەلەفیزۆنەكانى پارتى سەرقاڵكردووە ، تاوتاوە ژێرنووسیشى بۆ ئەنووسن . ئەمە دیوى ئاشكراى ئەم ئەزبەنیەیە ، بەڵام شەڕى ڕاستەقینەى دژ بەداعش بە مۆبایل ئەكات لەمەشدا خاوەنى عەقڵێكى زۆر ستراتیژیە ، ئێستا سەرقاڵى كڕینى مۆبایلى كۆنە لە هەولێر و ئەگەر بەشى نەكرد ئەوە لقەكانى پارتى لە هەمو شارو شارۆچكەكان خراوەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە بە پێى ئەو ئاگادارینامەیەى كە بڵاویكردۆتەوە نابێت كۆنە مۆبایلى ناوچەى بارزان بكڕدرێت نەوەكو نهێنیەكى بنەماڵە ئاشكرابێت، ئیستا لە هەولێر لیژنەى كڕین دروست بووە هەرچى مۆبایلە كۆنە هەیە ئەیكڕن ، ئەوەى كێشەیە لەكوردستان مۆبایلەكان ناوى لێنراوە نۆكیاى قەڵەو (مام جەلال)ە نۆكیاى سادەى بێ مواسەفات (عەلى باپیر)ە نۆكیاى خەت سور (مەسعود)ە ، پارەیەكى زۆر سەرفكراوە لیژنەكە نازانێت چى لەمۆبایلى مەسعودیەكان بكات ، داماوانە ئەترسن پاراستن بێسەر و شوێنیان بكات . ئەوەى كە هەتا ئێستا بۆ چاودێر و لێكۆڵەوانى ئاكادیمى و سەربازى لە پیلانەكەى سیروان كۆرەك بەرزانى دەركەوتوە ، ئەوەیە كە تەقەمەنى ناخرێتە ناو ئەو مۆبایلانە بەداعشدا بتەقێنرێتەوە ، چونكە دڵى داعش بە هەموو یەزیدییەكان ناگۆڕیتەوە ، بەڵكو ئەوەى ئاشكرابووە ئەم مۆبایلانە بۆ داعش ئەنێرێت ، ئەڵێت : ئەوانە شتى خراپیان تیا نییە وەكو وێنە و ڤیدیۆ و گۆرانى و شتى وا، هەریەكەى سیمكارتێكى دیارى تیایە ، هەتا بازاڕى داعش لەكیس پارتى نەچێت ، لەوەڵامى پرسیارى ئاژانسێكى بیانیدا هاتە بێژان : ئا بەو ڕێگەیە كۆنترۆڵى داعش ئەكەین زانیمان هاتن ، خێرا چۆڵى ئەكەین ، پییان وت ئەوانە كۆنە مۆبایلن كۆنترۆڵ ناكرێت ، وتویەتى : ئەوە چیە بە كاك ئەردوغان ئەڵین ئامێرێكمان بۆدروست بكات بۆ كۆنترۆڵ کردنی.

مەحمود سەنگاوی
ئەم کاوە کوژە ئەگەر بۆى بلوێت ڕۆژى سەعاتێك لەنیوەڕواندا سەرێ لەجەلەولا ئەدا ، ئیتر شەو و ڕۆژ لە خانەقین خەریكى ڕابواردنى خۆیەتى ، ئێستا ئەوەتى بە هیمەتى خۆی و برادەرانى جەلەولا ڕادەستى داعشیان كرد و ئەو ئەركەشى لەكۆڵكەوت، چەند قەڵسە كە باسى هەڵهاتنى ئەكرێت ، هەركەسێك ئەو پرسە بجوڵێنێت ئەڵێت قسە بە دایکی دەدات، هەروەک چۆن کاوە گەمیانی لە باوەشی دایکیدا کوشت، ئیستا فێربووە لە باوەشی قسە و وەڵامەکانییدا قسە بە دایکی خەڵکی دەدات و دەیەوێت سووکیان بکات و بیانکوژێت، بۆیە وتی ئەوەی دەڵێت من رامکردووە دایكى لەشفرۆشە . هەركەس بە پیشەیەكەوە ئەناسرێتەوە ، ئەم کاک مەحمودەش لەو جۆرە جنێوانە شارەزایە، دەزانێت بۆ ئەو قسە ناشرینەی بەکار هێناوە، ئەگەر لە فەرهەنگدا پێناسەی لەشفرۆش کرا، رێک بچن لەو بپرسن ئەو دەتوانێت پێناسەی بکات، ئەو دەسەڵاتەش بەتایبەتی یەکێتیی بەرەیەكى شەڕ ئەداتە دەست کەسێک كە خاوەنى ئەم فەرهەنگە جوانەیە. لێرەشەوە دەزانین کە بۆچی جەلەولای چۆڵ کردووە و لە خانەقین خەریکی چی بووە!؟

سورە جامانە
پەڕلەمانى كوردستان پێش مانگێك بڕیارێكى دەركرد كە نابێت ئاڵاى حیزبەكان لەبەرەكانى جەنگدا هەڵبكرێت، مەسعودی مەلا مستەفا، دزیەكى ئاشكراى لە پەڕلەمانكرد، خیرا خۆى كرد بەخاوەنى بڕیارەكە. ئەگەر ئەوە بچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە كارێكى باشە ، بەڵام لەم هەرێمە حیزبى بنەماڵەكان وئاڵاكەیان لەسەرەوەیە ، ئەوەى لەبەرەكانى جەنگدا نادیار و قوربانیە: ئەو هێزەیە كەلە هەژارو دڵسۆزانى بۆرە خەڵكەكەیە. میلیشیاى پارتى هەرناوێكى لێنرابێت، بۆ ئەوە دروست بووە، كە شەڕى ناوخۆ بكات، پێشى سوپاى داگیركەران بكەوێت، ئەگەر ئەوەشى بۆ نەلوا، ئەوا رێگا بۆ داگیرکەر خۆش دەکات ئەوان بەو کارە هەڵبستن، سوك و باریك مەیانەكە چۆڵ ئەكات، گرنگ ئەوەیە كە كورد نەچێتە ئەو شوێنانە. دواتر هەروەكو ئێستا ئەیبینین ئەوەى كە دەرئەكەوێت، جامانەى سورە ، بڕواننە ئەو هەموو لیوا كەڵتە كۆنانە، سیروان بەرزانى كۆرەك تیلیكۆم و كاك مەسرور و كاك مەنسور دواتر كاك مەغرور ئەنجا كاك جامانە سورێکی تر، دێنە پێشەوە.... چونکە ترسیان لەسەر نەماوە و ئەزانن جادەکەی پانبۆتەوە بۆ فشەکردن، جگە لەوانەى كە لە مارۆسۆنى هەڵهاتنەكەوە، نەیانپەرژاوەتە سەر ئەوەى كەجامانە سورەكانیان بخەنەوە سەر سەرى بۆشیان، هەتا ئێستا نەمانبینیوە بەرزانیەك لە شەڕدا كوژرابێت، وەفدى وڵاتانى بیانى ئەگەر بێن جامانەى سوریان لەگەڵدایە ، تەلەفیزۆنەكان هەرهەمووى جامانە سورە ، كە هەرپیشەیان هەڵهاتن بووە، لە ساڵى 1961 وە بەستراتیجى بەرزانیانەى خۆیان: (ئەم كێڤەى نا ئەڤ كێڤەى) هەر مەیانى بەرگریان چۆڵكردووە ، باشە جاماتەى سور ڕەمزى حیزبێكە ، لەوەش زیاتر ڕەمزى هەڵهاتنە بۆ قەدەغە نەكرێت، لە ئاڵاى حیزبەكان قێزونترە . تۆ بڵییت ڕۆژێك پەڕلەمان و وەزیرى پێشمەرگە كاریكى وابكەن : پێناچێت ، چونكە خاوەن غیرەتەكان گردى زەرگەتە یان چۆڵكردووە .

17 ى شوباتى سلێمانى و ژەنگال
كاتێك شارۆچكەى زوممار لەلایەن هێزەكانى داعشەوە داگیركرا ، تەلەفیزۆنەكەى پارتى كوردستان تى ڤى لەناو شارى ژەنگالدا كردبوى بەهەرایەك كە گوایە هێزەكانى پێشمەرگەى شارەكە ئەپارێزێت ، دڵنیاییەكی گەورەى بەدانیشتوانى شارەكە بەخشى ، بەڵام لەگەڵ بۆنیان كرد داعش لە جوڵەدایە هێزە فشۆڵەكەى بەرزانى قوچانیان ، دانیشتوانى شارەكەیان خستە بەردەم كەڵبەى خوێناوى داعشەوە ، باشە هێزەكانى پارتى تەنها ئەوەندەى تەقەیان لەگەنجانى سلێمانى كرد لە 17ى شوباتدا ئەوەندە تەقەیان لەهێزەكانى داعش بكردایە .ئایا بەشێكى بەرچاوى ئەو خەڵكە ڕزگارى نەدەبوو؟ بۆچی لە داعشیش ئەسڵەمیەوە ، لاى پارتى گەنجى سلێمانى لە داعش ترسناكتر و دوژمنترە .

ئێزیدى قوربانى
سەركردەى كورد هەمیشە . قەت ستراتیژى پاراستنى خەڵكى كوردستان نەبووە ، بەڵكو ویستویەتى لە سەر قوربانیەكانى خەڵكى كوردستان و بەكوشتدانیان خۆى نمایشبكات ، سۆزى ئەمو ئەو ڕابكێشێت ، تاڵەبانى كەنەفت كاتى خۆى وتبوى ئاخ بۆ یەكدو هەڵەبجەى تر ، ئەوەتا كاک مەسعودیش ئەیەوێت نان بە ئەنفالى ئێزیدییەكان بخوات .

ئێزیدییەكان و حیزبایەتى
لە ئەنفالەكاندا یەكێتى نەیدەهێشت خەڵكى گەرمیان خۆیان ڕزگار بكەن ، بەناوى ئەوەى كە بەرگرییان لێدەكات ، كە گەشتە تەنگانە خۆیان دەربازكرد و هەڵیانتیزان و گەرمیانیەكانیان خستە بەردەم كەڵبەى ئەنفالى بەعسەوە ، وەكوئەوەى كا مەسعود بە ئیزیدیەكانیكرد ، خەڵكى گەرمیان بیریانە عومەر فەتاح نەیهێشت گەرمیانیەكان خۆیان ڕزگار بكەن ، بەڵام خۆیو بارە پارەكانى بەقەتارەى هیستر هەڵهاتن . وامانزانى تف لەناوچاوانى عومەرو یەكێتیەكەى ئەكرێت وانەبو . هەڵەبجە بە پاسدارى خومەینى داگیر كرا وتیان ڕزگارمانكرد ، بەرەى كوردستانى ئابڵوقەى شارەكەیاندا ، نەیانهێشت خەلك خۆى دەرباز بكات ، هاتە سەر تەنگانە خۆیان هەڵهاتن هەڵەبجە یانكرد بەخوانێكى بەلەزەت بۆ بەعسو كیمیا بارانكرا . وتمان هەڵەبجە تف لە ناو چاوانى حیزبى كوردى ئەكات وانە بو ، كە تاڵەبانى فڕۆكەوانەكى بەعس تاریق ڕەمەزانى بەردا وتمان ئەوە هەڵەبجە یەكێتى تەڵاقدا ئەمیش هەروانەبو ، كەخیانەتى سەرسورى 31ى ئاب قەوما وتمان ئیترپارتیبون بوە بەعەیبە ، ئەمیش هەروا دەرنەچو ، ئیزیدیە بەڕێزەكان پارتی چ پەنێكى جەرگبڕو كوشندەى لە ئێوە داوە ، ئیتر با پارتیبون لاى ئێوە ببێتە عەیبە ، ئێوەببنە سەرمەشقى خەڵكى كوردستان .

داواكارى گشتى سلێمانى
هەبو نەبو.. لە سلێمانى چەندەها داواكارى گشتى دڵسۆزو بوێر هەبو .. بەڵام یەكێتى كۆێلەیەكى هێنا كردى بە لێپرسراویان ..ئەم كۆیلەیە تامردن ..كەناڵى تەلەفزیۆنى نەماوە نەنێرێ بەدوایدا بۆ چاوپێكەوتن .. مێدیا نەماوە بە ئەهلى ونا ئەهلى بە سێبەر و بەرخۆر ئەم قسەى بۆ نەكات .. درۆى بۆ هەڵڕشتن ، ماوەیەك ئۆپۆزیسیۆنى داماویشى بە ووتە ڕەنگینەكانى هەڵخەڵەتان ..ئامان سەد ئامان . ئەوانە هەموى بەلایەك ئێستا بارێكى نائاسایى لە هەرێمدا ئەگوزەرێت ، كوردى ئێزیدى ئەنفالكرا . كەهەمو سیماكانى جینۆسایدى تیایە وەكوتاوانێكى ناو دەوڵەتى . مامۆستاى زانكۆ د. عبدالواحد لە ڤیدیۆیەكدا كەدیارە قسە بۆ خەڵكانێك ئەكات هەرچى ووتەى نەشیاوە بە یەزیدیەكانى ئەڵێت ئەیەوێت ڕاى گشتى گەنجانێك لەڕێگەى دینەوە دژیان ببزوێنێت ، ئەبێت لەڕێگەى ئەم دكتۆرە بێبەزەییە وە ، داعش چۆن چەكەرە بكات ودڵى گەنجانمان ڕەشبكات ، كێدەڵێت داعش لەناومانا نیە ئەوەتا مەلایەكى سەركردایەتى كۆمەڵ لەبەرنامەى تەباو ناتەباى كەناڵى ئێن ئاڕتى دانى بە تیرۆریست بونى داعشدا نەنا . بەڵام ئەم داواكارى گشتیە هەتا ئێستا نوزەیەكى بەرامبەر ئەو ژەهر وتنەى ئەم بەناو دكتۆرە نەكردووە . بەهیوام دڵسۆزانێكى ئەو دەزگاى داواكارى گشتیە لە سلێمانى . ئەو دڕندە ئیسلامیە ڕا پێچى دادگا بكرێت بە سزایەك بگەیەنرێت كە شایستەى ئەو تاوانە بێت .

لیوا سەلاح شوتى
سەیرە لەم كاتى جەنگەدا لیوایەك هە بێت بەناوى لیوا شوتى ، قابیلە بە شوتى شەڕبكات ئیتر ئەوە جەنگە چەندەها شتى سەیرو سەمەرە بەرهەم ئەهێنێت ، ئەمەش یەكێكە لەوانە : ئاى لەو بەرەیەى كە ئەم لیوایە بەرپرسیاریەتى ، ئاى لەو پێشمەرگە بەدبەختانەى كە ئەم لیوایە لێپرسراویانە ، پێشتر هەرلەم كوردستان پۆستە ئازیزە وتارێكى بە پێز لەسەر لیوا سەلاح دیلمان بڵاوكرایەوە ، ئەو كاتە یەكەم هەڵهاتنیبو وەكو ڕێوى گەڕ ، كەبرینداربونى عەمید سەرباز گراوى كردبوە بیانو لەگەڵیا هاتبووەوە بۆ ڕانیە ، ئەوە لە چ فەرهەنگێكى سەربازیدایە ، كەلیوایەك لەگەڵ بریندارێكدا شەڕگە جێبهێڵێت . بڕواننە هەواڵەكانى 26و27و28ى مانگى حەوت لەكەناڵى ئێن ئاڕتى و قسەكانى لیوا حسین مەنسور فەرماندەى هێزى سێ و دووى پیادە لە جەلەولا.
لیوا سەلاح دیلمان فەرماندەى هێزى یەكەى (118) باڵەك سەر بە هێزەكانى (70) ى یەكێتى ، هاتنى هێزەكانى داعش لە شەوى 10 لەسەر 11ى ئەم مانگە ، مامەى لیوا ئەمجارەشیان چنگ لە سەر شان بۆ ڕانیە هەڵهات ، سەیر لە ڕاكردنى ئەمجارەیدا ئەوەیە كە شوتى یەكەى (وحدە) سەربازیەكەى لە گەڵ خۆى هێناوەتەوە بۆ ڕانیە ، ئەبێت مامەى لیوا ئەگەر چەكو تەقەمەنى دەست بكەوێت چیلێبكات . ئیستا لە بازاڕى ڕانیە بوە بەگاڵتە جاڕ ، شوتى لیوا ، شوتى سەلاحى ، شوتى دیلمانى ...هەر هەموى هەیە .
یەكێتى چاك ئەزانێت ، كەئەم بەناو لیوایە چ ڕسواییەكى بەسەر هێزى یەكێتى دا هێناوە ، نهێنى بێدەنگبونى ئەوەیە : ئەم كابرایە ساختە كاریەكى زۆر زۆر گەورەى بەهاوكارى عەوڵا بۆر و لێپرسراوى فەرمانگەى بارى شارستانى چوار قوڕنە و حاجیاوا و ڕانیە بۆ یەكێتى ئەنجامدا لەهەڵبژاردنى ئەم دواییەى پەڕلەمانى عێراق . یەكێك لەوانەى كەساختە كارى بۆكرا دادوەر سامان فتاح كۆیبو كە بەدزەكەى ڕانیە ناسراوە ، كە لەبانگەشەى هەڵبژاردنەكاندا ئەیوت شەڕى سەخت لەسەر كورد و ناوچە دابڕێنراوەكان ئەگێڕمەوە وە ڕانیە ئەكەم بە پارێزگا ، بەڵام ئەمیش وەكو خۆى وتى : لەتەلەفیزیۆنى گەلى كوردستان شەوى 11 لەسەر 12 ى ئەم مانگە كەوا لەترسى مالیكى ئەمیش هەڵهاتووە.
قسەقسە دێنێت ئەم كابرایە كە ئەندام پەڕلەمانە هەتا ئێستا خانوى دادوەرى چۆڵنەكردوە ، ئەڵێن لەبەر خاترى دكتۆر بەرهەمە چونكە خۆى بەمریدى ئەو ئەزانێت ، یان ئەوەتا سەرۆكى دادگا لەخەوى قوڵى غەفڵەتدایە وە پێناچێت وا زوو بەئاگابێتەوە.

ئارى هەرسین
ئارى هەرسین ، داوا لەو كەسە ئەكات كە باوكى كوشتووە ، پلەى سەربازى بداتێ ، هەتا لە شەڕدا بە شدارى بكات ، هەتا ئێستا دیار نیە بەچ پلەیەكى سەربازى داوا ئەكات ، بەڵام واقیعى سەر زەوى و سەربازى و پارتیو هەڵهاتن دەخوازێت پلەیكى بەرز داوابكات ، پارتیەك كچە17 ساڵانەكەى بباتە شەڕگەكان و بەرەڵاى بكات ، پلەى نە قیبى بۆ وەرگرێت ، بە تەرازوەكەى پارتى كاك ئارى بۆ هەقى نەبێت ، ئەم كاكە هەرسینە ئەگەر پلەى بەرزى سەربازى نەبێت شەڕى بۆناكرێت ، بەڵام دڵسۆزانى پارتیو سەرۆك بەوە ڕازینابن چونكە مەترسى ئەوە هەیە كاكە ئارى كودەتایەكى سەربازى بكات لەتۆڵەى كوشتنى باوكى .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە