شەوی26/3 سلێمانی، شارێكی بێئاسایش و پۆلیس بوو
Friday, 26/03/2010, 12:00
لەدوای هەموو هەڵبژاردنێك و راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەهەرێمی كوردستاندا میلیشیاكانی جەلال و مەسعود بەقەد باڵای بیركردنەوەی خۆیان خۆشی دەردەبڕن، ئاخر توخوا بووە بگەڕێیتەوە بۆ سەردەمی هەشتاكان و جاش رەفتارانە خۆشی دەربڕی، لۆمەم مەكەن بەمانە بڵێم جاش، چونكە ئەمانە ئەگەر جاش رەفتار نەبن، بۆ لەدوای ئەنجامی هەڵبژاردن دەست بەتەقەی خۆشی دەكەن و لەو رێگەیەوە دەیان كەس دەبن بەقوربانی ئەو رەفتارە، ئەوەتا لەسەعات 9ی شەو تا 10ی شەوی 26/3، ئاسمانی سلێمانی دەبێت بەدەنووكی كەو، ئاسمانی سلێمانی گوللەباران دەكرێت، میلیشیاكانی جەلال و مەسعود، چونكە پارەی ئەو فیشەكانی كە دەیكەن بەهەوای ئاسماندا لەگیرفانی خۆیان دەرنەچووەو موڵكی خەڵكە بەلایانەوە مەبەست نییە چەند فیشەك دەكەن بەئاسمانداو ئاسمانی پێ گوللەباران دەكەن.
میلیشیاكانی جەلال و مەسعود فێرن دەبێت هەموو مانگێك مەخزەنی فیشەكەكانیان خاڵی بكەنەوە، ئیتر ئەو خاڵی كردنەوەیە لەبارەگای لایەن و حزبێكدا بێت یان لەلایەنگری لایەنێكدا بێت یان ئاسماندا بێت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئەوان بەبێ تەقەكردن و چەك بەكارهێنان و بەكارهێنانی ترس و دڵەڕاوكێ ناژین، كاتێك گوێم لەشیڕەی ئەو تەقانە دەبوو هەستم بەئەوپەری ترس و نائارامی لەسلێمانیدا دەكرد، یەك سەعاتی تەواو سلێمانی كەوتە بەر هەرەشەی میلیشیاكانی جەلال و مەسعود و ئاسایش و پۆلیسی ئەو شارەش نەك بیدەنگیان لێكرد، بەڵكو خەوتن بۆئەوەی بیسەلمێنن كە ئەمانە ناتوانن ئاسایشی ئەو شارە بپارێزن، كاتێ كە ئەم وشانەم دەنووسی بێئاگا بووم لەوەی كە هەولێر و دهۆك بەهەمان شێوەیە یان نا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست