کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوردستانپۆست و گۆڕان (2)

Sunday, 21/02/2010, 12:00


ئێمه‌ چۆن‌ له‌ گۆڕان ده‌گه‌ین؟
ئه‌م ده‌سه‌ڵات و حیزب، داموده‌زگا و که‌لتوره‌ی، ئیستا له‌ کوردستانی باشووردا په‌لی هاویشتووه، به‌رپرسیاره‌ له‌م ڕۆژه‌ی، که‌ کورد به‌ره‌وه‌ لێواری تێداچوون ده‌بات،‌ ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ بۆ ئه‌وه‌ نابێت داواکاریت‌ له‌سه‌ری هه‌بێت، به‌ڵکو هی ئه‌وه‌یه‌ لاببرێت. کاتێک ده‌سه‌ڵات و حیزب له‌ خه‌ڵکی دوور ده‌که‌ونه‌وه‌، چاره‌سه‌ر ته‌نها بیرکردنه‌وه‌یه‌ له‌ دروستبوونی هێزێک و ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاسته‌قینه‌، ئۆپۆزیسیۆنێک نزیک له‌ داخوازییه‌کانی خه‌ڵک، نه‌ک هێزێک سازشکارانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کاندا خۆی بگونجێنێت.
ئۆپۆزیسیۆن نابێت به‌ ده‌مامکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نێکدا کاربکات. هێز و توانای ئۆپۆزیسیۆن گه‌له‌، نه‌ک ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خوود له‌ناو ده‌سه‌ڵاتێکی تردا، ئه‌وانه‌ی دێنه‌ ناو ئۆپۆزیسیۆن‌، ده‌بێت بڕوایان به‌هێز و به‌تواناکانی گه‌ل‌ هه‌بێت، تا ببنه‌ جێگای متمانه‌ ، گۆمانه‌کان بڕه‌وێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی له‌ ده‌سه‌ڵات تووڕه ده‌کات‌، ئه‌مان کاری له‌سه‌ر بکه‌ن و تاڵی توره‌بوونه‌که‌ بهۆننه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ له‌ دواڕۆژدا زیادبوونی گومان و بێمتمانه‌یی ده‌بێت له‌ خواست و مه‌به‌ستی ئه‌مانیش.
ئێمه‌ کاتێک باس له‌ ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان له‌و هێزه‌ شاراوه‌یه‌‌، که‌ به‌ره‌وه‌ رووی ده‌سه‌ڵات و حیزب و داموده‌زگاکانی پارتی و یه‌کیتی دروست ده‌بێت و ده‌بێته‌ هێزێکی کارا بۆ به‌ره‌و ڕووبوونه‌وه‌. ئه‌و هێزه‌ ده‌سه‌ڵات و هیوای پاشه‌ڕۆژه‌، ده‌سه‌ڵات به‌مانای کۆنتراکتی نێوان ده‌سه‌ڵات و میلله‌ت، په‌یمانی به‌جێهێنانی به‌ڵێنه‌کان، کارکردن بۆ چاککردنی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕابردوودا خراپ کراون، جێ پێ هه‌ڵنه‌گرتنی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێشوتر کردوویه‌تی، به‌ڵێنه‌، که‌ ئه‌م نایکاته‌وه‌. ئه‌و ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌ی دێت و جێگای ئه‌وه‌ی رابردوو ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی په‌یمانه‌کانی به‌جێ بهێنێ و وه‌ک پێویست کاره‌کانی بکات، ده‌بێت ددان له‌ بێتوانایی خۆی و به‌ هه‌ڵه‌کانیدا بنێت، داوای لێبوردن بکات، ڕاشکاوانه‌ هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنی ڕابگه‌یه‌نێت، جێگا بۆ که‌س و ‌تواناکانی تر چۆڵ بکات. ده‌سه‌ڵات ده‌بێت وا به‌ڕێوه‌ بچێت.
پره‌نسیپی کارکردن بۆ گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تیی به‌لای ئێمه‌وه‌ به‌م هه‌نگاوانه‌دا ده‌ڕوات، له‌ گۆڕاندا چاوپۆشین له بچوکترین هه‌ڵه‌ ناکرێ، خیانه‌ت ده‌بێت مانایه‌کی قورس بگه‌یه‌نێت، به‌ تووندی بکه‌رانی سزابدرێن، له‌ناو فه‌رهه‌نگی سیاسه‌تی کوردییدا، خیانه‌ت مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت‌. مانه‌وه‌ی میلله‌تێک به‌ چاوپۆشین له‌ خیانه‌ته‌ گه‌وره‌کان، ده‌رگا واڵاکردنه‌ بۆ تاوان و خیانه‌تی گه‌وره‌تر، لێسه‌ندنه‌وه‌ی ڕه‌وای به‌ نه‌ته‌وه‌بوونه‌، که‌ بۆ کورد مانای کوردبوونمان کاڵترده‌کاته‌وه‌. کوردبوونمان ده‌بێت ئه‌رک بێت، نه‌ک سیما و جلوبه‌رگ و زمانی ئاخافتن، کاتێک ئه‌رکه‌کان دیاری ده‌کرێن، هه‌موو که‌سێک ده‌توانێ خۆی له‌ناو جوانیی و ناشرینییه‌کاندا بدۆزێته‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتی کوردیی، به‌تایبه‌تیی هه‌ردوو بنه‌ماڵه،‌ ناشرینی و جوانییان تێکه‌ڵ کردووه‌، بۆیه‌ کوردبوونمان ناشرین و که‌سایه‌تییشمان تێکشکێنراوه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی که‌سایه‌تیمان ڕاستبکه‌ینه‌وه‌ و بیخه‌ینه‌ سه‌ر هێڵی سروشت و ڕاستی خۆی، ده‌بێت له‌ ڕابه‌ره‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین، ده‌رس له‌ میلله‌تانی تر وه‌ربگرین. سه‌رکرده‌ و ڕابه‌ریی سیاسیی ته‌نها قسه‌ی پفکراو و گه‌یاندنی په‌یڤێک نییه‌، به‌ڵکو کردار و هه‌ڵوێسته‌‌.
له‌ ڕابردوودا ڕابه‌ره‌ سیاسییه‌کانی کورد کاری ناشرینیان ئه‌نجام داوه‌، ئازایه‌تییه‌، ددان به‌ هه‌ڵه ‌و تاوانه‌کاندا بنرێت، که‌ خوودی خۆیان کردوویانه‌. ددانپێدان‌ خۆپاککردنه‌وه‌یه‌ له‌ تاوانێک، که‌ پێشتر ئه‌نجام دراوه‌‌. مرۆڤی ئازا، هه‌ڵه‌کانی خۆی ناشارێته‌وه‌، گه‌وره‌یی له‌درکاندن و دانپێدانانی هه‌ڵه‌کاندا‌ ده‌رده‌که‌وێت. سه‌رکرده‌ و ڕابه‌رێکی ئازا به‌م شێوه‌یه ‌ده‌توانێت پێناسه‌ی گه‌وره‌یی و که‌سایه‌تیی خۆی بکات.

- وه‌زیری کشتوکاڵی یابانی (تۆشیکاسو ماتسوکا) ساڵی2007 ، له‌سه‌ری نووسرا و گومانی گه‌نده‌ڵیی و ته‌زویری ده‌نگدانی لێکرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن که‌رامه‌ت بوو، پێی نه‌نگیی بوو به‌و ناشرینییه‌ بژی، هات و خۆی کوشت.
- وه‌زیری ناوخۆی ئۆکراینیا (یوری کراڤشینکۆ)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاوانبارکرا، گوایه‌ له‌ تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووسێکدا ده‌ستی هه‌یه‌، ئه‌میش نه‌یویست وه‌ک تاوانبارێک بژی، خۆکوشتنی بۆ خۆی هه‌ڵبژارد.
نمونه‌ زۆرن، که‌ ئێمه‌ به‌ خۆکوشتنی هێتله‌ر، واز له‌ نمونه‌ی دیکه‌ ده‌هێنین. کاتێک هێتله‌ر زانی جه‌نگی دۆڕان، خۆی کوشت، سه‌رکرده‌ی کوردیش کاتێک ئاشبه‌تاڵی کرد، رایکرد، چووه‌ ئه‌مه‌ریکا و پاڵی لێدایه‌وه‌، حاشای له‌ هه‌موو شتێک کرد، خه‌مساردانه‌ له‌و کاره‌ساته‌ی ده‌ڕوانی، که‌ دوای ئه‌شبه‌تاڵ، به‌عس به‌سه‌ر کوردیدا ده‌هێنا، که‌ ئه‌م خۆی هۆکاری بوو.
کوردستانپۆست، بڕوای وایه‌، هه‌ر سه‌رکرده‌ و ڕابه‌رێکی سیاسیی کورد، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ببێته‌ جێی متمانه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ و تاوانێکیان کردووه‌ باسی بکه‌ن،  ئه‌مه‌ ده‌بێت ببێته‌ که‌لتورێکی سیاسیی، ددانپێنان مه‌زنییه‌‌، نه‌ک بچوککبوونه‌وه‌، درکاندنی ڕاستیی خه‌سڵه‌ت و ڕه‌وای به‌سه‌رکردبوونه‌، نه‌ک پێچه‌وانه‌که‌ی. ڕاستیی نابێت بشارێته‌وه‌، بڕیار ده‌بێت بدرێته‌ ده‌ست میلله‌ت، مێژوو خوێندنه‌وه‌ی، ویژدانی زیندووی ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌یه‌‌، که‌ به‌ڕاستیی ڕۆڵیان بینیوه‌ و ده‌ینووسنه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە