تەنها 30 مامۆستاى رزگارى زەوییان وەرگرتووە
Wednesday, 28/04/2010, 12:00
لە كۆی ئەو زەوییانەى كە تا ئێستا شارەوانى ناحیەى رزگارى لە گەرمیان دابەشیكردوون،مامۆستایانى ناحیەكە تەنها (30) پارچەیان پێدراوە لە كاتێكدا وەك خۆیان باسی دەكەن چەندین پارچە زەوى بەسەر خەڵكى ئەملاودا دابەشكراوە.
لە یاداشتنامەیەكدا كە 250 واژۆى مامۆستایانى ناحیەى رزگارى لەگەڵدایەو دانەیەكى دەست ئاوێنە كەوتووە،توێژى مامۆستایان داواكارەن لە سەرۆكى حكومەتى هەرێم و شارەوانى ناحیەى رزگارى زەوى بەسەر مامۆستایان دابەشبكرێت و (30) مامۆستا لەو ناحیەیە سودمەند بووە لە زەوى وەرگرتن.
بەپێی هەندێك زانیارییش كە دەست ئاوێنە كەوتووە لەماوەى پێشودا لە رێگەى هەندێك دەزگاى سەربازى و ئەمنییەوە گوشار لە شارەوانى رزگارى كراوە بۆ ئەوەى زەوى بەسەر خەڵكى دەرەوەى ناحیەكەدا دابەش بكرێت.
هەندێك لە خەڵكى ئەم ناحیەش بانگەشەى ئەوەیانكرد لەماوەى پێشودا زەوى دراوە بە خەڵكانیترى دەرەوەى ناحیەى رزگارى كە چی مامۆستایانى ئەم دەڤەرەى لێ بێ بەشە.
مامۆستایەكى ئەو ناحیەیە كە نەیویست ناوى خۆی ئاشكرابكات وتى"ئەو خەڵكانەى لەدەرەوە هاتون و لە رزگارى زەویان وەرگرتووە مافی ئەوانیان خواردووە".هەروەها وتیشی"پێویست ئەكات حكومەت ئەم كێشەیە چارەسەر بكات".
م.دلێر كەریم لە ئامادەیی گەرمیانى ناحیەى رزگارى بۆ ئاوێنەى رونكردەوە كە ئەوان كۆمەڵێك مامۆستاى سەربەخۆن و (250) ئیمزایان كۆكردۆتەوەو ئاراستەى د.بەرهەم ساڵح یان كردووە،بۆ ئەوەى فەرمانى ئەو زەویانەیان بۆ دەربكات و وتیشی"ئەگەر حكومەت گوێمان لێ بگرێت پێمان باشە ئەو مامۆستایانەى خاڵیان زۆرە ئەرزەیان پێ بدرێت."
بەختیار محەمەد،كە مامۆستایەكترى ناحیەكەیە ئاماژەى بەوەدا لەناوچەكانیترى هەرێمى كوردستان دەستكراوە بەدابەشكردنى زەوى و وتى"ئێمەش ئەو ئیمزایانە ئاراستەى لایەنى پەیوەندیدارمان كردووە لەناحیەكەدا بوارى زۆر هەیە بۆ دابەشكردنى زەوى لەهەمان كاتدا كۆمەڵێك مامۆستاى زۆریش هەن لەزەوى سودمەند نەبووەو وتى"مامۆستاكان سورن لەسەر ئەوەى كەوا هەڵوێستیان دەبێت ئەگەر زەویان پێنەدرێت."
سەرۆكى شارەوانى رزگارى،تەیمور نامیق،لەبارەى زەوى دابەشكردن بەسەر مامۆستایان بە ئاوێنەى راگەیاند"زەوى دابەشكردن لە دەسەڵاتى مندا نییە،ئەوكات ئیفرازى زەویمان كردووە لەناحیەى رزگارى هیچ كات دەسەڵات لاى ئێمە نەبووە كە زەوى دابەش بكەن و فەرمانەكان لەسەرەوە هاتوون".ناوبراو وتیشی"گلەیەكیش ئەگەڕێتەوە بۆ پەروەردە،چونكە پەروەردە فۆرمیان بناردایە بۆ سەرەوە ئەوكات هەموو مامۆستاكان وەكو فەرمانبەرەكان زەویان وەردەگرت".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست