کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هاوپەیمانی و چۆلەكەكانی ئەمریكا *؟!

Sunday, 13/12/2009, 12:00


ئۆپۆزسیۆن قسەو دروشم و دەنگ هەڵبرین و خۆڵكردنە چاوی جەماوەر نیە، ئەوەش نیە شێر بیت لەماڵەوەو رێوی بیت لە دەرەوە، مالیكی و هاوكوفەكانی بەدرێژایی ئەم چەند ساڵە لە هەرێمی كوردستان مەڕو بزنەلاتە بوون و لەبەغداش وەك دوپشكە رەشە داویانە بەكوردەوە، كوردەكانیش وەك رۆژنامەنوسە ئەمریكیەكە بە ئێمەی ووت "لە هەرێمەكەی خۆیان تیماركەری جەستەی خەڵك و لەبەغداش برینداركەری جەستەی خۆیان"
ئۆپۆزسیۆن كردەوەو گەرانە بەشوێن ئەڵتەرناتیڤ و تیۆریزەكردنی فیكر بۆ قەیران و كێماسیەكان، لەبەغداد كورد نە ئۆپۆزسیۆنەو نە حوكومران، نەخۆشەویستەو نە دوژمن، نە خاوەنماڵەو نە كرێچی، چونكە هیچی بۆ چارەسەر نەكرا، دەركەوت هاوپەیمانی كوردستانی بەس هاوپەیمانی كوردستانی نین، هاوپەیمانین بۆ دیواربەندكردن و راگرتنی بەڵانسی هێزو بەرژەوەندیەكانی یەكێتی و پارتی و هەندێ ئیمتیازاتی لاوەكی كە لە فەرهەنگی سیاسیدا جێگای نابێتەوە، نە لە كەركوك و مادەی 140 و نەلە زمانی كوردی و نە لە بودجەی گشتی و نەلە كورسیە زیادكراوەكان و كورسیە قەرەبووەكانی ئەمجارەدا لە بەرژەوەندی كورد دەنگیان نەداو بگرە ئەو پەرلەمانتارە كوردانە لە شیعەكان شیعەترو لە قەومیە عەرەبیەكان قەومی تر بوون بۆ سیادەی عیراق و بەرژەوەندیەكانی ناو ماڵی عیراق، ئاخۆ ئەگەر وەك رۆژنامەنوسە حیزبیەكان پاساوی بۆ ئەكەن كەمكردنەوەی كورسی كورد بەو رێژە خەتەرناكە هیچ كاریگەری دروست ناكات بۆ گوتارو پێگەو ستراتیجی سیاسی و تەوافوقاتی سیاسی "كوردی عەرەبی" لە بەغدا بۆچی شیعەكان كورسیەكانیان بۆ خۆیان زیادكردو پەرلەمانیان هەڵكشان بۆ 325 كورسی؟!
گەلی كورد لە باشووری كوردستان دەنگی بەوان بەخشی بۆ پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەی كوردو ماف و ئازادیەكان بەڵام ئەوان كوردیان لە بیركرد و كەوتنە مەتەرێزی دژایەتی كوردو دەنگدان بەئاراستەی بەرژەوەندیەكانی عەرەبی عیراقی و گوتاری متمانەپێنەكراوی ئەمریكا، ئاخر لۆژیك نییە كورد ئەو هەموو كورسیە لەدەست بدات و عەرەبیش كورسیەكانی بەرەو هەڵكشان بچێ؟ دیارە هاوپەیمانی دەنگیان بۆ ئەو چۆلەكانەداوە كە بەئاسمانەوە ئەفڕن و زەمانی گرتنیان سفرەو خەریكە چۆلەكەكەی دەستیشیان بە پەنجەكانیان ئەكوژن و ئەخنكێنن كە كوردو هەرێمەكەیەتی !؟ كەواتە كاری ئەو پۆلە پەرلەمانتارە كارێكی حیزبیە نەك نیشتیمانی و بە ئاوازو نەغمەكانی حیزب زیاتر ئەجوڵێن تا ئازارو تراژیدیەكانی نیشتیمان، خەڵكیش ئەوانی نەكردۆتە پەرلەمانتار تا ببنە كاراكتەرێكی حیزبی و گوێرایەڵ، ئێستا لیستەكانی عیراق بە كوردیشەوە لە كێبركێدان بەمەبەستی بردنەوەی زۆرترین كورسی و ماشینەوەی دەنگ، لە هەمواركردنی یاسای ژمارە 15 ی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2005 كورد شكستی هێناو ڤیتۆكەی تاریق هاشمی كەمێ هۆشیاری و كەمێكیش خوێنبەری هێنایەوە بۆ هەندێ كورسی زیادە بۆ كوردو دەبوو تاڵەبانی ئەم ڤیتۆیەی بەكار هێنابا نەك بە تەلەفۆنێكی جۆ بایدن هەموو میللەتی كورد بخاتە مەترسیەوە، تەنها لیست فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بوو كە مەترسیەكانی خۆی راگەیاند بە قازانجی بەرژەوەندیەكانی كورد، ئاخر رازی بوونی هاوپەیمانی بە 41 كورسی لە پەرلەمانی داهاتووی عیراق كە ئەكاتە رێژەی 13.2 % ی پەرلەمانی عیراق گەورەترین زیان بەر دەسەڵات و سەنگی كوردو بودجەكەشی ئەكەوێت لە بەغداو هەرگیز وەكو جاران كورد ناتوانێ پۆستە حەساسەكان وەدەست بهێنێتەوەو گەمە بە هەندێ كارتەوە بكا، ئەم فشارەش بۆ پەسەند كردنی ئەم یاسایە كە گوایە بە فشاری ئەمریكاو ئۆباماو بایدن و رۆژئاوا كراوە بەڵام لەبەرانبەردا كورد هیچ گرەنتیەكی وەرنەگرتووە وەكو دیكۆمێنتێك كە سبەی ئەمریكاو ئەو لایەنانە پشتگیری كورد بكەن لەبەرانبەر كەركوك و مادەی 140 و لاوازبوونی گوتاری كوردیدا، دەركەوت هاوپەیمانی كوردستان هێشتا بە گیانی گوێگرتن لە دەرەوە ئەژی بەبێ گوێدان بە بەرژەوەندیە هەنووكەییەكانی كورد كە ناچێتە خانەی هیچ پرەنسیپێكی نەتەوەییەوە وەك چۆن شیعەكان بەو پرەنسیپەوە سیاسەت ئەكەن، پەرلەمانتار لە نەتیجەدا دەبێ هێز بچێنێ لە پەرلەمان و چاندنی هێز بكاتە پێوەر بۆ میللەتەكەی و بەكارهێنانەوەی ئەو هێزەش لەبەردەم دەسەڵاتدا بەبێ شەرم و لەكاتی خۆیدا، واتە ئۆرگەنایزكردنی مەعریفەی سیاسی و بەكارهێنانی هێز بۆ گۆرانكاریی كە بە هەموویانەوە دەبنە فشارو گۆڕان لە هێزەكاندا وەلێ لای كوردنا، لەراستیدا ئەمجارە تەها یەكگرتوو وەك بكەرێكی سیاسی ئیسلامی خاوەن گوتار مامەڵەی كرد، كە ساڵانێك ئەیانچواندن بە ئیسلامیەكانی جەزائیرو سۆماڵ و سودان و میسرو ئەفغانستان و كشمیر كە دژی كوردو لە بەرژەوەندی عەرەب كار ئەكەن و ئیش لەسەر چەمكە ئەبستراكتە عەقائیدیەكان و بە دوژمنكردنی رۆژئاواو فەندەمێنتاڵیزمی مەسیحی ئەكەن دژی زمان و مێژووی خۆیان و دیواربەندی تاكی كوردیش بكەن بۆ دووبەرە، بەڵام وادەرنەچوو یەكگرتوو دژی سوننەكان و شیعەكانیش وەستانەوە تەنها بەخاتری تێنەپەراندنی ئەو یاسایەی كە سەنگی كورد كەم ئەكاتەوە لە پەرلەمانی داهاتوو كە چاوەروانكراو نەبوو، بەداخەوە لیستی هاوپەیمانیش شوێن ئەو چۆلەكانەی ئەمریكا كەوتن كە ئەگەرچی رەنگیان جوانە وەلێ لە خەون دەچن و بەئاسانی ناگیرێن، بەهەرحاڵ تازە هاوپەیمانی كاری نەكردەی خۆیان كردو ئەوەی بۆ كورد گرنگ بوو چاویان لێ كەلاكرد، وەلێ رۆژنامەنوسە موبەریرچیەكانی هاوپەیمانی گڕ ئەكەنەوەو وازناهێنن لە تەحلیلی سەیر و خۆشنودی بەباڵای ئەو چۆلەكانەدا!
[email protected]

* لە هاوڵاتی ژمارە 584 بڵاو بۆتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە