کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌وڵه‌ته‌که‌ی مه‌سعود بارزانی ... !!!

Monday, 05/09/2011, 12:00





پێشه‌کی حه‌زئه‌که‌م ئه‌وه‌بڵێم : ئه‌و کورده‌ی له‌ناخه‌وه‌باوه‌ڕه‌یی ته‌واوی به ئازادی کورد و‌سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی گه‌وره‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستانی یه‌کگرتوو نه‌بێت ، ئه‌وا یان که‌وده‌ن و گه‌وج و گه‌مژه‌یه‌‌ ، یان جاش و فایلداری خۆفرۆشی که‌لله‌پووته‌ ‌و له‌گه‌ڵ داگیرکه‌راندا ‌ ... ماوه‌یه‌که‌ناوه‌ناوه‌گوێمان له‌ده‌نگۆی ئه‌وه‌ده‌بێت ، که‌گوایه‌مه‌سعود به‌رزانی به‌نیازی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردییه‌، که‌دیاره‌ئه‌م هه‌واڵه‌ش ئه‌گه‌ر ڕاست بێت و نه‌خشه‌ی وردی بۆ کێشرابێت ، ئه‌وا وه‌ک شنه‌بایه‌کی ئێجگار خۆش باوه‌شێنی ڕۆحمان ئه‌کات و خه‌ون و ئاواته‌ هه‌ره‌گه‌وره‌کانمان ئه‌هێنێته‌دی و گیانی پاکوبێگه‌ردی ئه‌و هه‌زاران هه‌زار شه‌هیده‌ش ئاسوده‌ئه‌کات ، که‌له‌پێناوی ئه‌و هیوا زۆر به‌رزه‌دا سه‌ریان نایه‌وه‌.. جا ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، دوای له‌ده‌ستدانی هه‌لیی زێڕینی کۆڕه‌وه‌که‌و ڕوخان و لاوازبوونی ڕژێمی عیراق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق ، سه‌رکردایه‌تی کورد ، که‌له‌دوو بنه‌ماڵه‌دا چڕ بۆته‌وه‌، توانیویانه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و بیست ساڵه‌ی ڕابوردوودا ‌بناغه‌ی ده‌وڵه‌تێکی کوردیمان بۆ دابمه‌زرێنن ؟ .. یان توانیویانه ‌ژێرخانێکی ئابوری تۆکمه‌مان بۆ مسۆگه‌ربکه‌ن له‌ئاستی ده‌وڵه‌تێکدا بێت ، که له‌‌هه‌رچوارلایه‌وه‌به‌ داگیرکه‌ران ته‌نراوه‌ ؟ . ئه‌ی توانیویانه‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست و لێوان لێو له‌عه‌داله‌ت و یه‌کسانیمان بۆ به‌رهه‌م بهێنن ، که‌توانای به‌رگرییان له‌و ده‌وڵه‌ته‌ ساوایه‌ هه‌بێت ؟ ... بۆ ئه‌مانه‌ش پێویسته‌به‌راوردێک له‌ نێوان سه‌رده‌می پێش ڕاپه‌ڕین و بیست ساڵی دوای ڕاپه‌ڕیندا بکه‌ین ، جا بۆ ئه‌وه‌ی نووسینه‌که‌م درێژ نه‌بێت ، ته‌نها دوو نموونه‌ئه‌هێنمه‌وه‌، ئه‌و دوو نموونه‌یه‌ش مشتێکن له‌خه‌روارێک ... له‌نێوان ساڵه‌کانی (1965 و 1974) دا ، که‌به‌هۆی شۆرشی ئه‌یلوله‌وه‌‌ پشێوی و نائارامییه‌کی زۆر باڵی به‌سه‌ر ‌کوردستاندا کێشابوو‌‌، هه‌ر ته‌نها کارگه‌کانی پوخته‌کردنی تووتنی سلێمانی ، بڕیی حه‌وت ملیۆن و حه‌وسه‌د و هه‌شتا و هه‌شت هه‌زار کیلۆگرام تووتنی زۆر نایابی کوردستانیان فرۆشتووه‌به‌م وڵاتانه‌: (ئه‌مه‌ریکا ، به‌ریتانیا ، ژاپۆن ، به‌لجیکا ، چین ، یه‌کییه‌تی سۆڤیه‌ت ، هه‌نگاریا ، میسر و ئوردن) و داهاتێکی زۆریشی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌و له‌و سه‌رده‌مه‌شدا زیاتر له‌ سیی هه‌زار ماڵه‌جوتیاری سه‌ربه‌رزی کورد‌ له‌سایه‌ی‌ به‌رهه‌می تووتندا ژیاون ، ئه‌مه‌جگه‌له‌سه‌ده‌ها حه‌ماڵ و کرێکار و فه‌رمانبه‌رانی بواری پیشه‌سازی تووتن . خۆ ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا ئاشتی و ئارامی به‌رقه‌رار بوایه‌‌، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌بڕی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ناوازه‌یه‌چه‌ندین قات زیاتر ئه‌بوو . هه‌ر بۆ زانیاریی زیاتریش له‌ساڵی 1986 دا ، که‌زوربه‌ی زۆری گونده‌کانی کوردستان له‌ژێر پۆستاڵیی برا عه‌ره‌به‌کانی دوێنێ و ئه‌مڕۆماندا وێران کرابوون ، که‌چیی له‌و ساڵه‌تووش و شوومه‌شدا کارگه‌کانی پوخته‌کردنی تووتن بڕیی هه‌ژده‌ملیۆن و پێنج سه‌دو بیست هه‌زار کیلۆگرام تووتنیان له‌جوتیاری کورد وه‌رگرتووه‌. له‌ساڵی 1988 دا هه‌ر ته‌نها قازانجی کارگه‌ی جگه‌ره‌و پوخته‌کردنی تووتنی سلێمانی بریتیی بووه‌له‌بیست و حه‌وت ملیۆن دۆلاری ئه‌و کاته‌‌.. که‌چیی داخی گرانم ئه‌وه‌بیست ساڵی ته‌واوه‌له‌سایه‌ی حکومڕانی پارتی و یه‌کێتیدا ئه‌وه‌ی نه‌بێ تووتن و پیشه‌سازیی تووتنه‌و ماڵی نزیکه‌ی سیی هه‌زار جوتیاری کورد و سه‌ده‌ها حه‌ماڵ و کریکار و فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و بواره‌گرنگه‌یان به‌قوڕدا کردووه‌.. له‌مه‌ش ناخۆشتر ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش دوو کرێکاری ئاواره‌ کاریان بۆ ئه‌کردین ، یه‌کێکیان کوردێکی یه‌زیدی ناوچه‌ی سنجار بوو ، ئه‌وه‌ی تریشیان کوردێکی شاری جه‌له‌ولا بوو . . یه‌که‌میان خوێندکاری پۆلی دووی زانکۆی موسڵ و ئه‌وه‌ی که‌شیان ده‌رچووی پۆلی شه‌شی دواناوه‌ندیی بوو . هه‌ردووکیان له‌ژێر زه‌بری توندوتیژیی برا عه‌ره‌به‌شۆڤێنییه‌کانماندا ڕاونرابوون و به‌ناچاری زێدی باوباپیرانی خۆیانیان بۆ عه‌ره‌به‌کان به‌جێهێشتبوو ، وه‌ک دوو ئاواره‌ی کزۆڵه‌ی ڕه‌نگ زه‌رد ‌له‌پشت عه‌لوه‌که‌ی سلێمانیدا به‌سه‌رگه‌ردانی گیرسابوونه‌وه‌.. ئه‌و ڕۆژه‌حه‌زیان له‌باینجان بوو . به‌جاده‌که‌ی هه‌واره‌به‌رزه‌دا هاتمه‌خواره‌وه‌تا گه‌یشتمه‌سابونکه‌ران ، هه‌رچ سه‌وزه‌فرۆشێکم دیبێت ، پرسیاری باینجانم لێکردووه‌، به‌ڵام له‌به‌ختی ڕه‌شی ئه‌و دوو گه‌نجه‌دا ئه‌و ڕۆژه‌باینجان چوو بووه‌قاتی . له‌ دواجاردا له‌ سه‌وزه‌فرۆشێکم پرسیی : (ئه‌رێ خاڵه‌گیان ئه‌وه‌خێره ئه‌مڕۆ‌باینجان ده‌ست ناکه‌وێت ؟!!) .. مامه‌ی سه‌وزه‌فرۆشیش به‌خه‌موپه‌ژاره‌یه‌کیی ئێجگار زۆره‌وه‌‌ووتێ : (ئه‌ی نازانیت ئێستا نزیک جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌و‌تا دوای نه‌ورۆز سنوره‌کانی ئیران دائه‌خرێن و هیچ شتێکمان بۆ نایه‌ت‌) . منیش ووتم : (بۆ به‌خێرێ باینجانیشمان له‌ئێرانه‌وه‌بۆ دێت ؟!!) . کابراش ووتیی : (ئه‌ره‌وه‌ڵڵا هه‌تا کنگریشمان به‌فه‌رده‌له‌ئێرانه‌وه‌بۆ دێت) . به‌م قسه‌یه‌ده‌تووت قه‌ڵا خه‌واڵۆکه‌ی هه‌ولێر به‌سه‌رما ڕوخاوه‌.. جا کاکه‌مه‌سعود ئه‌وه‌تا کنگر و باینجانمان له‌ئیرانه‌وه‌بۆ دیت ، ئیتر باسی ده‌وڵه‌تی کوردیی چیمان بۆ ئه‌که‌یت . ئێوه‌نه‌تانتوانیوه‌له‌ماوه‌ی بیست ساڵی ڕه‌به‌قدا باری ناله‌باری کوردستان بگه‌ڕیننه‌وه‌بۆ سه‌رده‌می شۆرشی ئه‌یلول ، که‌هاوڵاتیان و سه‌دوبیست هه‌زار پێشمه‌رگه‌، به‌نان و ئاو و ماست و دۆی داده‌ و خۆراکی خۆماڵی ئه‌ژیان ، که‌چی ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا ، نه‌ باینجانمان ماوه‌ و نه‌ هیچ به‌رهه‌مێکی گرنگی خۆماڵیی ئه‌وتۆش ، که‌ به‌رگه‌ی ئابلۆقه‌بگرێت ، ئه‌و گوندانه‌شی له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌به‌شه‌ره‌فه‌که‌یه‌وه‌ ئاوه‌دان کراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌تا به‌به‌رچاوی تۆ و تاله‌بانییه‌وه‌له‌لایه‌ن تورکیا و ئێرانه‌وه‌وێران ئه‌کرێن و دانیشتووه‌کانیان شه‌هید و ئاواره‌ئه‌کرێن ، که‌چی نقه‌تان لێوه‌نایه‌ت .. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ده‌وڵه‌ت چۆن دروستده‌که‌یت ، که‌خودی تاله‌بانی باوه‌ڕیی به‌ده‌وڵه‌تی کوردیی نییه‌و پڕ به‌ده‌می ئه‌ڵێ : (ده‌وڵه‌تی کوردیی خه‌ونی شاعیرانه‌یه‌) . دیاره‌ئه‌و له‌تۆ شاره‌زاتره‌و چاکئه‌زانی ماوه‌ی بیست ساڵی ڕه‌به‌قه‌ هه‌ردووکتان میلله‌تان به‌جۆرێک خه‌ساندووه‌بۆته‌ میلله‌تێکی به‌رخۆری بێکار و کوردستانیشتان وا کاول و وێرانکردووه‌، که‌مه‌حاڵه‌له‌سه‌ر بناغه‌یه‌کی فشۆڵی ڕفۆک و لاواز و کۆمه‌ڵگایه‌کی لێوان لێو له‌گه‌نده‌ڵیی و نایه‌کسانی وه‌ک ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئه‌مڕۆمان‌ده‌وڵه‌ت دروستبکرێت . ئێوه‌ئه‌بوایه‌‌پێش ئه‌وه‌ی هه‌وڵی وه‌رگرتنی پۆست و پله‌و پایه‌ و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانتان بدایه‌و به‌رله‌وه‌ی ‌ کۆشک و ته‌لار و مۆڵیی گه‌وره‌گه‌وره‌و سه‌دان شوققه‌مان بۆ ‌به‌رزبکه‌نه‌وه‌ ، هه‌لی مێژوویتان به‌فیڕۆ نه‌دایه‌و گونده‌کانتان ئاوه‌دان بکردایه‌ته‌وه‌و هه‌ر بسته‌زه‌وییه‌ک ئه‌گه‌ر نه‌رمانیش نه‌بوایه‌و بۆ جووت و کێڵان ده‌ستی بدایه‌ تۆوی لێی بخرایه و شین بکرایه‌‌، ئه‌و کاته‌ئه‌کرا ئه‌مڕۆ باسیی ده‌وڵه‌ت بکه‌ن ، ئیوه‌باسی ده‌وڵه‌تی چییمان بۆ ئه‌که‌ن ، که‌هه‌تا ئێستاش‌ نه‌تانتوانیوه‌یه‌ک بست له‌خاکی داگیرکراومان بگه‌ڕیننه‌وه سه‌ر زێدی باوباپیرانمان ‌و ڕۆژانه‌ش ناوچه‌ی تازه‌مان لیێ داگیرئه‌که‌ن و به‌به‌رده‌وامی سنور و که‌وشه‌نی وڵاته‌که‌مان ئه‌چیته‌ئاوی عه‌ره‌به‌شۆڤێنییه‌کانه‌وه‌ . باسی ده‌وڵه‌تی چیمان بۆ ئه‌که‌ن تورکیا و ئێران به‌ده‌ستێکیان وڵاته‌که‌مان تاڵان ئه‌که‌ن و به‌ده‌سته‌که‌ی تریشیان بۆمبا بارانمان ئه‌که‌ن ، که‌چی نه‌ده‌نگدانه‌وه‌ی بۆمباکان و نه‌هاوار و ناڵه‌ی شه‌هید و ئاواره‌بێ ده‌ره‌تانه‌کان ناگاته‌گوێتان .. باسی ده‌وڵه‌تی چیمان بۆ ئه‌که‌ن ‌له‌سه‌ره‌وه‌له‌گه‌ڵ تاله‌بانیدا بران و له‌ژێریشه‌وه‌دوژمن به‌یه‌کترین و که‌ستان نامه‌ی که‌ستان ناخوێننه‌وه‌ ، ئاخر له‌سایه‌ی سه‌رکردایه‌تی وادا چۆن ده‌وڵه‌ت دروستده‌کرێت ... به‌کورتی ئێوه‌گوزارشت له‌خواستی خه‌ڵکی ناکه‌ن و سایه‌ی وشکتان‌ په‌نا و په‌سێوی هه‌ژاران نییه‌و نه‌تانتوانیوه‌نان و کار و ئارامی و دواڕۆژێکی ڕوناک بۆ خه‌ڵکی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن و به‌ سیاسه‌تی چه‌وتی ناله‌بارتان‌ وڵاته‌که‌مان وێران بووه‌و په‌یوه‌ندی نێوان میلله‌ت و ئێوه‌ش تا دێت درز و ده‌لاقه‌ی گه‌وره گه‌وره‌‌ی تێ ئه‌که‌وێت ، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌خوێنی به‌ناهه‌ق ڕژاوی سه‌رده‌شت و کاکه‌سۆران و شێخ ستار و ڕێژوان و زمناکۆ و شه‌هیده‌کانی تری سه‌رای ئازادیی و کراسه‌خوێناوییه‌که‌ی ‌ ئاسۆس هه‌ردییه‌ ... ئێوه‌ڕۆژێک به‌ئاش به‌تاڵ میلله‌تتان سه‌رگه‌ردانکرد و نه‌تانتوانی فشه‌مافێکمان بۆ وه‌ربگرن ، که‌‌سه‌دوبیست هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی ئازا و نه‌به‌ردی وه‌ک شه‌هیدی قاره‌مان کاکه ‌(حه‌مه‌ی سه‌ید عه‌لی حافز) تان له پشته‌وه‌بوو ، جا ئێستا پێمان ناڵێن چۆن چۆنی به دوو سوپای یه‌ک نه‌گرتووی پڕ له‌‌ جاش و موسته‌شار و فایلداری خۆفرۆش و گه‌نده‌ڵ و تاڵانچی ده‌وڵه‌تمان بۆ دروست ئه‌که‌ن . ئیتر خواتان بێت خوا ، کاتی ئه‌وه‌هاتووه‌ده‌ست له‌ به‌رۆکی ئه‌و میلله‌ته‌کڵۆڵه‌دڵپاکه‌مان بکه‌نه‌وه‌ و له‌مه‌زیاتر چه‌واشه‌مان مه‌که‌ن و به‌قسه‌ی بریقه‌دار و پڕوپاگه‌نده‌ی سه‌ربه‌خۆیی خۆڵ مه‌که‌نه‌چاومانه‌وه‌، چونکه‌نه‌ده‌وڵه‌ت به‌ئێوه‌دروست ئه‌کرێت . نه‌دڕکی زه‌ردیش ترێ ئه‌گرێ و نه‌ئاسنی ساردیش به‌فوو گه‌رم ئه‌بێت .


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە