کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


کۆڕه‌که‌ی ئه‌حمه‌د میره‌ له ‌شاری یۆته‌بۆری (نوێ کراوه‌ته‌وه‌)

Saturday, 27/11/2010, 12:00


ئاڵایه‌کی گه‌وره‌ی کوردستان به‌دیواری هۆڵه‌که‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو، له‌ سه‌ر مێزه‌که‌ش نه‌خشه‌ی کوردستان، لای ده‌سته‌ چه‌پیش ئاڵایه‌کی سویدیی و چه‌پكێک گوڵ، به‌رده‌می ئه‌حمه‌د میره‌ش میکرۆفۆنێک و په‌رداخێک و شوشه‌یه‌ک ئاوی مه‌عده‌نی، له‌گه‌ڵ چه‌ند په‌ره‌یه‌کی چاپکراو، زوو زووش به‌ده‌سماڵێکی کاغه‌ز نێوچه‌وانی خۆی ده‌سڕێ:
(ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێ: ته‌نها قسه‌ له‌سه‌ر دووکه‌س مه‌که‌ن، چی ده‌که‌ن بیکه‌ن، چی ده‌ڵێن بیڵێن). ئه‌وه‌ قسه‌ی ئه‌حمه‌د میره‌ بوو، که‌ له ‌وه‌ڵامی پرسیارێکدا، که‌ ئه‌م په‌یڤه‌ی که‌وته‌وه‌ بیر.
کۆڕه‌که‌ی ئه‌حمه‌د میره‌ له‌م ئێواره‌ سارده‌دا 26 / 11 / 2010، که‌ سه‌رما له‌ شاری یۆته‌بۆری ولاتی سوید، له‌ خوار 10پله‌ی ژێر سفره‌وه‌ بوو، لێ خه‌ڵکانێکی به‌رچاو ڕوویان کردبووه‌ ئێره‌، تا بزانن میدیای ئه‌هلی له‌ کوردستاندا له ‌ژێر چ فشارێکدایه‌.

کوردستانپۆست: ئه‌حمه‌د میره‌ ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ ئیستا له ‌هه‌وڵێکی تیرۆریی جه‌سته‌ییدا ڕزگاری بوو، خۆشبه‌ختانه‌ ده‌زگای ئاسایشی یه‌کێتیی پلانی کوشتنه‌که‌یان ئاشکرا کرد، له‌مه‌وه‌ ده‌زگای پاراستنی پارتیش، که‌وتنه‌ پڕۆپاگه‌نده‌ کردن، که‌ ئه‌حمه‌د میره‌ دروستکراوی یه‌کێتیی خۆیه‌تیی‌، ده‌نا راشکاوانه‌ قسه‌کانی تاوانباره‌ گیراوه‌کان  ئاشکرا ده‌که‌ن و ئێمه‌ی پێ تاوانبار ده‌که‌ن؟ له‌مه‌وه‌ به‌ندێکی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ ده‌خرێته‌ روو که‌ له‌ نێو ئه‌و رێککه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ی نێوان هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ به‌ نهێنی له‌ سه‌ری رێککه‌وتوون.

له‌میانه‌ی پرسیارێکدا ئه‌حمه‌د میره‌ باسی له‌وه‌ کرد، که‌سه‌کان هه‌وڵی کوشتنیان داوه‌، تا هه‌نوکه‌ له‌ زیندانان و ناوه‌کانیشیانی ووت، که‌ خه‌ڵکی کوێن و ده‌نگیشیان تۆمار کراوه‌. میره‌ ووتی: ئه‌گه‌ر زه‌مه‌ن ڕێگه‌ بدات هه‌مووی بڵاوده‌کرێته‌وه‌.

کوردستانپۆست: ئیستا شه‌ڕێکی سارد له‌ نێوان ئه‌و دوو زلحیزبه‌دا هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتی پارتیی ده‌یه‌وێت سلێمانی بکات به‌ گۆڕه‌پانی خوێن و به‌ ده‌یان نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا تیرۆر بکات، دانانی هیوا ئه‌حمه‌د موسته‌فا، که‌ بکوژی راسته‌وخۆی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌یه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کراوه‌‌ به‌ به‌رپرسی سلێمانی، تا نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌کانیشی پێ بتۆقێنێت.

میره‌ زۆر پشت به ‌کات و سه‌رده‌م ده‌به‌ستێ و ڕووداوه‌کان له‌سه‌ر مێدیای ئه‌هلیی به کات و رۆژه‌کانه‌وه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر باس. بۆ مه‌سه‌له‌ی داخوازییه‌کانی پارتیی، ئه‌و خۆی به‌ قه‌رزار ده‌زانێت، که‌ ده‌بێ بیداته‌ پارتی له ‌سه‌ر ئه‌و سکاڵایانه‌ی له‌ سه‌ری تۆمار کراوه،‌ قه‌رزه‌که‌ی میره ده‌ڵێت:‌ (سێ ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دیناره‌) ئه‌مه‌ بڕیاری پارتییه‌، نه‌ک دادگا. میره‌ ده‌ڵێ: تۆ چی چاوه‌ڕوان ده‌که‌یت له ‌داوه‌رێک، که‌ له ‌پشت خۆیه‌وه‌ وێنه‌ی سه‌رۆکی هه‌ڵواسیبێ؟ پارتی ده‌ڵێ: ئێمه‌ سکاڵاکان ده‌کێشینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ داوای لێبوردن بکه‌ن.
قسه‌کانی میره‌ که‌م بوون، لێ چڕیی و ماندوبوونی پێوه‌ دیاربوو. ئه‌و ده‌یویست په‌یامه‌که‌ی به‌ کوردانی تاڕاوگه‌ بگه‌یه‌نێت، ته‌نانه‌ت به‌هه‌موو که‌سه‌ نه‌یاره‌کانی خۆشی ده‌وت به‌ڕێز.
کۆڕه‌که‌ له‌ سه‌رخۆ و شارستانییانه‌ به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ندێ جاریش قسه‌گه‌لێکی خۆشی ده‌کرد و خه‌نده‌ی ده‌خسته‌ سه‌ر لێوی دانیشتووان. بۆ نمونه‌ باسی له‌ سه‌رۆکی حوکمه‌ت کرد، که ‌ڕۆژنامه‌یه‌ک له‌سه‌ر ڕۆژی فاڵانتاین ده‌یه‌وێت پرسیارێکی لێبکات، دووجار په‌یوه‌ندی پێوه‌ ده‌کات، به‌ڵام سه‌رۆکی حوکمه‌ت وه‌ڵامیان ناداته‌وه‌، دوای دوو هه‌فته‌ ده‌نگیان ده‌گات به‌سه‌رۆکی حوکمه‌ت و ڕۆژنامه‌که‌ ده‌ڵێ: ئێمه‌ ویستمان بزانین سه‌رۆکی حوکمه‌ت له ‌ڕۆژی خۆشه‌ویستییدا چی ده‌کات؟ سه‌رۆکی حوکمه‌ت ده‌ڵێ: وامزانی پرسیارم له له‌سه‌ر ‌باره‌ی ئاسایشیی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ لێ ده‌که‌ن.

ده‌مێکه‌ قسه‌ له‌سه‌ر لڤین ده‌کرێت، که‌ گۆڤارێکه‌ هێزێکی ده‌ره‌کی، چاکتر بڵێین باوه‌ڕێکی ئیسلامی له ‌پشته‌وه‌یه‌ و گومان له‌ یارمه‌تیی و باری ئابووری گۆڤاری لڤین ده‌کرێت؟ ئه‌مه‌ و چه‌ند پرسیارێکی تر، که‌ که‌سێک له‌ کۆڕه‌که‌دا ئاراسته‌ی کرد، میره‌ ووتی: تاوانبارکردنی که‌سێک، ده‌زگایه‌ک و گۆڤارێک زۆر ئاسانه‌، به‌ڵام زه‌حمه‌ته‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ تاوانه‌که‌ ساغ بکه‌یته‌وه‌. ووتی: من ته‌حدا ده‌که‌م، ئه‌گه‌ر که‌سێک بێت به‌به‌ڵگه‌وه‌ بڵێ: گۆڤاری لڤین له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پارته‌، یان له‌ که‌سێک پاره‌ی وه‌رگرتووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌لماندی، ئه‌وا من داوای لێبوردن له‌گه‌له‌که‌م ده‌که‌م و خۆم به ‌تاوانبار ده‌زانم به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو کارانه‌ی کردوومه‌.
- ئه‌ی بۆ که‌متر ڕه‌خنه‌ له‌ ئیسلامییه‌کان و که‌سه‌ دیاریه‌کانی ناگرن؟ وه‌ڵامی میره‌ ئه‌مه‌ بوو:
- ئاخر ڕه‌خنه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی زیاتر له‌وه‌ ده‌گیرێت، که‌ زیاتر ده‌رده‌که‌وێت، نه‌ک له‌ حیزبێکی بچوک‌، یان که‌سێک، که‌ که‌متر ڕۆڵی هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ تاڵه‌بانی و بارزانیی ڕۆژانه‌ ده‌رده‌که‌ون.
له‌ پرسیارێکدا بۆچی دژایه‌تی مێدیای ئازاد ده‌کرێت؟ ووتی: خۆتان ده‌زانن. ئه‌ی بۆ ئه‌وانه‌ی خۆیان ناوناوه‌ مێدیای ئازاد هه‌مووی له‌ سلێمانی کۆبۆته‌وه‌؟ هاوڵاتی، لڤین، ئاوێنه‌. ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌مێژوویه‌کی دوور و درێژه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌کرێ به‌ بابه‌تێکی تایبه‌ت وه‌ڵام بدرێته‌وه‌. میره‌ ووتی: 864 که‌ناڵی مێدیایی له ‌باشوردا هه‌یه‌، 850ی سه‌ر به‌ پارتی و یه‌کێتین که‌چی، 30% خه‌ڵکی باشوری کوردستان، نه‌ک ڕۆژنامه‌ ناخوێننه‌وه‌، به‌ڵکو هه‌ر خوێنه‌واریشیان نییه‌.
بۆ خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی شه‌هیدی قه‌ڵه‌م (سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌) ڕه‌خنه‌ی لێگیرا، ته‌نانه‌ت که‌سێک ووتی: هه‌ر زۆر ناقۆڵایه‌، که‌سانێکی ناو ده‌سه‌ڵات خه‌ڵات ده‌که‌ن، ئه‌و که‌سه‌ ووتی: که‌سه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵات شایسته‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌ نیین، ئه‌وه‌ کارێکی خراپه‌ ئێوه‌ ده‌یکه‌ن. میره‌ له‌ وه‌ڵامدا ووتی: زۆرکه‌س ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ده‌گرن له‌وانه‌ (کوردستانپۆست)یش، نازانم براده‌رانی کوردستانپۆست لێره‌ن یان نا؟ (په‌یامنێری کوردستانپۆست: ده‌بێ ئه‌حمه‌د میره‌ لێمان ببورێ، که‌ ئێمه‌ خۆمان پێیان نه‌ناساند، ئێمه‌ کاره‌کانمان زۆر شاراوه‌ ده‌که‌ین، چونکه‌ سه‌رده‌شت و سۆران باشترین قوتابخانه‌ی ئێمه‌ن بۆ کارکردن.).
ئه‌حمه‌د میره‌ وتی: خه‌ڵاته‌که‌ لیژنه‌یه‌کی حه‌وت که‌سی بڕیاری له‌ سه‌ر ده‌دات: (ئه‌حمه‌د میره‌، ئاسۆ هه‌ردی، هه‌ڤاڵ ئه‌بو به‌کر، ڕێبین هه‌ردی، که‌مال، ...) ناوی دووکه‌سه‌که‌ی تری له‌ بیر نه‌بوو، نه‌ی ووت. خه‌ڵاته‌که‌ش‌ ڕه‌مزییه‌ و ده‌زگایه‌کی ئه‌مه‌ریکی ده‌یدات و ئه‌وان ده‌ڵێن ده‌بێ که‌سێک له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵبژێرێت، پێرار (د. زریان) وه‌زیری ته‌ندروستییان هه‌ڵبژاردووه‌، چونکه‌ میره‌ ده‌ڵێ وه‌زاره‌ته‌که‌ی ئاواڵابووه‌ بۆ دانی زانیاری، پاریش (عیماد ئه‌حمه‌د)، که‌ جێگری سه‌رۆک وه‌زیران بووه‌ و زیاتر مێدیای ئه‌هلی توانیوێتی قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات. میره‌ له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکدا، که‌ له ‌جێگه‌یه‌ک ووتوێتی: له‌ناو پارتیدا باڵێکی نه‌رم هه‌یه‌، نه‌یشارده‌وه‌، ووتی: به‌ڵی ئیستاش ده‌ڵێم باڵێکی نه‌رم له‌ناو پارتیدا هه‌یه،‌ ئه‌ویش (نێچیرڤان بارزانی) ڕابه‌رایه‌تی ده‌کات.(کۆره‌که‌ی میره‌ و قسه‌کانی هه‌مووی یان زیاتر ڕوو له‌ پارتی بوو، ئه‌وه‌ بۆ من بووه‌ جێگه‌ی پرسیار). که‌سێک به‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژی ووڵاته‌وه‌، بۆ ماوه‌ی چوار کاتژمێر ڕاده‌گیرێت له‌ چوونه‌ ناو هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ست به‌ سه‌ر ڕۆژنامه‌کانیاندا ده‌گرن، میره‌ش ووتی شتێکی سه‌یر نه‌بێت منیش چوم بۆ هه‌ولێر لای که‌سنه‌زان له‌پرسگه‌که‌ پێیان ووتم تۆ (ئه‌حمه‌د میره‌)ی ووتم: به‌ڵی. وام زانی ڕێزم ده‌گرێ ووتی: که‌واته‌ دابه‌زه‌، له‌ دهۆک و زاخۆ، هه‌رچی گۆڤاری لڤین بفرۆشێ به ‌سزای گه‌ل و شۆڕشی ده‌گه‌یه‌نن. ئه‌مه‌ قسه‌ی میره‌ بوو.

میره‌ ده‌ڵێ: دادگا مه‌زادخانه‌یه‌‌ و به‌ یاسای ژماره‌ (35)، که‌ ئه‌مه‌ به‌ندێکی یاساییه‌ له‌ ساڵی 1969 دانراوه‌ کاری پێده‌که‌ن (تیشکی نه‌خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆکی یاساکه‌)، ده‌توانن رۆژنامه‌نوس به‌و یاسایه‌ له‌که‌دار بکه‌ن و رۆژنامه‌که‌ی پێ دابخه‌ن، میره‌ پێی چاک بوو له ‌سه‌ر ئه‌وه‌ی فازیل میرانی سوکایه‌تی به‌ یاسا کردووه،‌ ده‌بێ مه‌سعود بارزانی سکالا له‌سه‌ر میرانی تۆمار بکات، چونکه‌ له‌ هه‌یبه‌تی پارتی هێناوه‌ته‌ خواره‌وه‌، کۆمێدیا له‌وه‌دایه‌ سه‌ره‌تا به‌ملیۆنه‌ دۆلار داوای پاره‌که‌ ده‌که‌ن، کاتێکیش ده‌ڵێین بابه‌ ئه‌وه‌ زۆره‌ ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی کۆمپیوته‌ر بووه‌، دوای ئه‌وه‌ دۆلار ده‌که‌نه‌ دینار. میره‌ ده‌ڵێ هه‌موو ده‌زگایه‌کی هه‌واڵگرییان تاقی کرده‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش به‌ته‌له‌فۆن، به‌ئێمه‌یل، له‌ڕێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌وه‌، ئینجا فشاری کۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌گه‌ر نه‌کرا، ئه‌وه‌ تیرۆرکردنی جه‌سته‌ ده‌ست پێده‌کات و هه‌ر سێ شه‌هیدی قه‌ڵه‌میشی باسکرد،‌ ووتی به‌رده‌وام داوا ده‌که‌ن که‌ واز بهێنین. میره‌ ووتی سامانی خه‌ڵک له ‌ڕیگه‌ی مێدیای سێبه‌ر و مێدیای حیزبه‌کانه‌وه‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت، که‌سێک ووتی: تایتڵی سه‌یر ده‌بینێت، شاره‌زا له ووڵاتی تورکیا، ئێران، سوریا، ڕۆژنامه‌نووس، مێژوونووس، چه‌ند شتی تر، له‌ وه‌ڵامدا میره‌ ووتی: ئه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بپرسه‌ چۆن ئه‌و که‌سانه‌ی دروست کردوه ‌و ئه‌و بڕوانامانه‌ی پێ به‌خشیوون.

ئه‌حمه‌د میره‌ میدیاکانی کوردستانی به‌ میدیای ئازاد ناوبرد، که‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی زانستیانه‌ و پێچه‌وانه‌ی رای کوردستانپۆسته‌، به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌دا قسه‌ له‌ سه‌ر جیاوازیی مێدیای ئه‌هلیی و مێدیای ئازاد ناکه‌ین، ئه‌وه‌ بابه‌تێکی تایبه‌تییه‌ و له‌ کاتی خۆیدا دێینه‌ سه‌ر باسکردنی. کاک ئه‌حمه‌د میره‌ پێی خوازیار بوو، که‌ مێدیای ئازاد ببێته‌ خاوه‌نی وه‌رگرتنی ئازادیی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن کاره‌کانیان پرۆفشناڵ بکه‌ن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات زانیاری نادات، بۆیه‌ مێدیای ئازاد ده‌که‌وێته‌ هه‌ڵه‌وه‌. زۆرجار، زانیاری شێواو و ناته‌ندروست سه‌ر هه‌ڵده‌دات.

کۆڕه‌که‌ی (ئه‌حمه‌د میره‌) قسه‌ی زۆرتر هه‌ڵده‌گرێ، ئێمه‌  لێره‌دا سه‌باره‌ت به‌ مێدیای ئازاد قسه‌ له ‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی کۆره‌که‌ ناکه‌ین و هیچ بیر و بۆچوونی خۆمان تێکه‌ڵ به‌قسه‌کانی ئه‌و ناکه‌ین.

په‌یامنێری کوردستانپۆست/ یۆته‌بۆری- سوید

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە