وه‌رچه‌رخان
Saturday, 06/03/2010, 12:00
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له باشووری کوردستان له ڕۆژه‌ڤدایه به هه‌موو پێوه‌ره‌کان ئه‌توانین ناوی بنێین وه‌رچه‌رخان.
له ساده‌ترین پێناسه دا ئه‌توانین بڵێین وه‌رچه‌رخان:بریتی یه له گۆڕانی بارودۆخێکی دیاریکراوی ژیانی مرۆڤایه‌تی بۆ باروودۆخێکی تر،که به جۆرێک له جۆره‌کان جیاوازێکی هه‌بێت له‌گه‌ڵ بارودۆخی پێش خۆی ، وه‌ک گۆڕانی بارودۆخێکی ناخۆشی ژیانی مرۆڤێک ،کۆمه‌ڵگاێک،ووڵاتێک ،گه‌لێک،نه‌ته‌وه‌ێک،یان ته‌واوی مرۆڤایه‌تی بۆ بارودۆخێکی خۆشتری پێش سه‌رده‌می خۆی.
له مێژووی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی دا بێ شوومار وه‌رچه‌رخان ڕوویانداوه ، ئه‌گه‌ر له مێژوو قوڵ نه‌بینه‌وه و سه‌رپێی ئاماژه به چه‌ند ڕووداوێکی مێژووی مرۆڤایه‌تی بکه‌ین ئه‌وا ئه‌توانین په‌نجه درێژ بکه‌ین بۆ هاتنی هه‌ریه‌کێک له پێغه‌مبه‌ران که له لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه بۆ ڕێنوێنی خه‌ڵک هاتوون و به جۆرێک له جۆره‌کان ژیانی مرۆڤایه‌تیان گۆڕیوه‌و وه‌رچه‌رخانێکیان له ژیانی مرۆڤایه‌تیدا دروست کردووه به پێی سه‌رده‌مه‌کانی خۆیان و به گوێره‌ی به‌هێزی و لاوازی په‌یامه‌که‌یان ،هاتنی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام محمد(د.خ) نمونه‌ێکی زیندووه که هاتنی ئه‌و به وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره ئه‌ژمار ده‌کرێت له ژیانی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و کۆمه‌ڵگای نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی که جۆرێک له مێژووزانان ئاماژه ده‌که‌ن به‌وه‌ی که مرۆڤایه‌تی له نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بی له خاڵی بڕانه‌وه‌دا بوو به‌ر له هاتنی محمد(د.خ) ، شۆڕشی فه‌ره‌نسی له ساڵی 1789دا نمونه‌ێکی تری وه‌رچه‌رخانی ژیانی مرۆڤایه‌تی بوو به‌گشتی و به تایبه‌تیش کیشوه‌ری ئه‌وروپا بۆ ڕزگار بوون له ده‌سه‌ڵاتی (که‌نیسه) و گه‌شه کردنی چه‌مکی دیموکراسی له ئه‌وروپا و ته‌واوی جیهان ،لێره‌دا ده‌کرێت ئاماژه بکه‌ین به وه‌ی ئه‌گه‌رچی سه‌رجه‌م گه‌لانی ئه‌وروپا له ژێر چه‌وسانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی که‌نیسه‌دا ئه‌یان ناڵاند به‌ڵام گه‌لی فه‌ره‌نسا له ناو هه‌موو ئه‌م گه‌لانه‌دا زیاتر هه‌ستیان به‌م چه‌وساندنه‌وه‌یه ده‌کرد، ئه‌وه‌ش به هۆی بوونی چه‌ندان ڕۆشنبیر و رۆڵیان بۆ هۆشیار کردنه‌وه‌ی گه‌لی فه‌ڕه‌نسی له‌م زوڵم و سته‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتی که‌نیسه ،هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م شۆڕشه له وڵاتی فه‌ره‌نسا،شۆڕشی فه‌ره‌نسا كه ساڵی 1789 ده‌ستیپێكرد و ساڵی 1799 كۆتایی هات به سه‌رده‌می گۆڕانكارییه سیاسی و كۆمه‌ڵاتییه گه‌وره‌كانی مێژووی فه‌ره‌نسا و ئه‌وروپا داده‌نرێت كه رێگه خۆشكه‌ر بوو بۆ نه‌هێشتنی موڵكداری ره‌ها و ئیمتیازانی چینی ئه‌رستۆكراتی وده‌سه‌ڵاتی ئاینی كاسۆلیك، هه‌روه‌ك چه‌ندین گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی هێنایه‌كایه‌وه وه‌ك چه‌سپاندنی دیموكراسی و مافی گه‌ل و مافی هاوڵاتی بوون.،ئه‌مه‌وشۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1917ی له رووسیا بۆ ڕزگار بوون له ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ره‌کانی ڕووسیا به‌ڕابه‌رایه‌تی لینین یه‌کێکی تره له وه‌رچه‌رخانه‌کانی مێژووی ژیانی مرۆڤایه‌تی،که له ماوه‌ێکی که‌مدا پڕشنگه‌کانی ئه‌م فکره‌یه هه‌موو لاێکی جیهان گرته‌وه‌و تا وای لێهات نیوه‌ی سه‌ر گۆی زه‌وی له ده‌وری ئه‌م فکره‌یه کۆ بوونه‌وه ،گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م فکره‌یه له‌و ووته‌یه‌ی لینین سه‌رچاوه‌ی‌گرت کاتێ هاتو ووتی:(ئه‌گه‌ر ئێمه به که‌مایه‌تیش بمێنینه‌وه ده‌بێ بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆمان به هۆشیاریه‌وه بنیاد بنێین،ده‌بێت کارکردنمان له ڕخنه‌گرتندا به‌رده‌وام بێت تا جه‌ماوه‌ر له هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن ڕزگاری ده‌بێ،به‌م جۆره ئه‌توانین هێڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمان به‌ده‌ست بهێنین وه‌هه‌موو چه‌وساوه‌کان ڕوو له ئێمه ده‌که‌ن چونکه ڕێگاێکی تریان نییه) به‌ڵێ لینین زۆر هۆشیارانه هه‌ستی به به مه‌ترسی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی کرێکاران و هه‌ژارانی ووڵات کرد وزۆر باش له‌و ڕاستیه گه‌یشت بوو که سه‌رمایه‌داران و هه‌ڵگرانی بیروبۆچوونی بۆرژوازی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و به‌زه‌ییان تێدا نییه و ئه‌ویش زۆر به ووریاییه‌وه سودی له‌م هه‌له وه‌رگرت.به‌ڵێ ئه‌مه‌و چه‌ندین وه‌رچه‌رخانی تر له ژیانی مرۆڤایه‌تی بوونیان هه‌یه و که هه‌ریه‌که‌یان هۆکارێک بوون بۆ گۆڕانی بارودۆخی ژیان له ناخۆشی یه‌وه بۆ خۆشی ،له به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌شدا ڕووداو گه‌لی تر هه‌ن که بارودۆخی ژیانی مرۆڤایه‌تیان گۆڕیوه بۆ ناخۆشی له به‌ناوبانگترینیان هه‌ردوو جه‌نگه جیهانییه گه‌وره‌که‌یه که به هۆی ئه‌م دوو جه‌نگه‌وه نه‌خشه‌ی سیاسی و ئابووری و جیهان گۆڕانی گه‌وره‌ی به خۆوه بینیوه که لێره‌دا باس له هه‌موویان ناکرێت به‌ڵام ده‌کرێت ئاماژه بده‌ین به پاشهاته‌کانی دوای جه‌نگی یه‌که‌می جیهان که له‌و ڕۆژه‌وه ته‌وژمی ئیمپریالزم په‌ره‌ی سه‌ند و که‌وتنه هه‌ڵپه‌ی داگیر کردنی وولاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند به سامانی سروشتی و له‌م پێناوه‌شدا هه‌موو به‌ها ڕه‌وشتی و مرۆڤیه‌کانیان خسته ژێر پێ و چه‌ندان گه‌لیان کرده قوربانی مه‌رامه ئابوریه‌کانیان له پێناو ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زۆرترین ئه‌و ولاتانه‌ی که ده‌وڵه‌مه‌ندن به سامانی سروشتی و به تایبه‌تیش نه‌وت ،ووڵاتی کوردان کوردستان یه‌کێکه له‌و قوربانیانه‌ی که له و ڕۆژگاره‌وه تاکو ئه‌مڕۆ به‌م ده‌رده‌وه ئه‌ناڵێنێت.
ئه‌گه‌رچی کوردستان و کورد پێش ئه‌م مێژووه‌ش و له دوای ڕووخانی ئیمڕاتۆریای (ماد) به‌شی داگیرکاری و سته‌م بووه و دواتریش له جه‌نگی چاڵدێرانی ساڵی 1514ی نێوان فارس و عوسمانیه‌کان خاکه‌که‌ی دابه‌شکرا له نێوان ئه‌م دوو ئیمپڕاتۆره‌دا که ئه‌مانه‌ش به وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره و ناخۆش دائه‌نرێت له مێژووی گه‌لی کوردا، به‌ڵام وه‌رچه‌رخانی دوای جه‌نگی یه‌که‌می جیهان زۆر ناخۆش تر و جه‌رگ بڕتربوو بۆ گه‌لی کورد، چونکه ئه‌مه سه‌ره‌داوی چه‌ندین رووداوی دژوارتر بوو بۆ گه‌ل و خاکی کوردستان له ناویاندا کۆمه‌ڵکوژی خه‌ڵکی کورد له هه‌رچوار پارچه‌که‌ی کوردستان له قۆناغه جیا جیاکانی سه‌ده‌ی بیستدا که به شۆڕشه‌کانی شێخ مه‌حمود و شێخ شه‌عیدی پیرا ن ده‌ستی پێ‌کرد و دواتر سه‌ری کێشا بۆ شۆڕشی ئاگری دا‌غ و شۆڕشی شێخ ڕه‌زای ده‌رسیم که ئه‌مانه هه‌موویان وه‌رچه‌رخانێک بوون له مێژووی کورد‌و کوردستان دا که ئازار‌و ناخۆشی بۆ گه‌لی کورد هێنا و له دوای خۆیشی به‌جێی هێشت ،دوای ئه‌مانه‌ش ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌رچه‌رخانێکی تری گرنگ بوو له مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی کوردا ، ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نی ئه‌م کۆماره کوردیه کورت بوو به‌ڵام وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره بوو له ته‌کاندان به هه‌ستی نیشتیمان په‌روه‌ری گه‌لی کورد و ده‌رخستنی توانای گه‌لی کورد له به داموده‌زگا بوونی ئه‌م گه‌له‌و توانای خۆ به‌ڕێوه بردنیان ئه‌گه‌ر بواریان بۆ بڕه‌خسێت،ئه‌م کۆماره چۆن به دامه‌زراندنی بوو به وه‌رچه‌رخانێکی مه‌زن له مێژووی گه‌لی کورد ئاواش به ڕووخانی بوو به وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌تر بۆ زیاتر سوور بوونی ئه‌م گه‌له له سه‌ر به‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانیان و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کرد که کاروانی ئه‌م کۆماره پاش ساڵانێک له باشووری کوردستان بگیرسێته‌وه‌و له ئه‌یلولی ساڵی 1961دا جارێکی تر شۆڕش دژی حکومه‌تی عێڕاق هه‌ڵگیرسا و تاساڵی 1975 درێژه‌ی کێشا که ئه‌مه‌ش وه‌رچه‌رخانێکی تری میژووی ئه‌م گه‌له بوو،دوای ئه‌مانه‌ش هه‌ر له باشووری کوردستان دامه‌زراندنی هه‌ریه‌که له کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان و دواتر بوو به یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ندین ڕۆشنبیری ئه‌و سه‌رده‌مه له پێناو دریژه‌دان به کاروانی نه‌پچڕاوه‌ی خه‌باتی گه‌لی کوردی دوای نسکۆی شۆڕشی ئه‌یلول وه‌رچه‌رخانێکی تری مێژووی گه‌لی کورد بوو هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له باکووری کوردستان پاش ساڵانێکی زۆری بێ ده‌نگی گه‌لی کورد له‌و به‌شه و پاش ساڵانێکی زۆری چه‌وساندنه‌وه‌ی بێ به‌رگری گه‌لی کورد له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیاوه که له ساڵی 1938 و دوای دامرکاندنه‌وه‌ی شۆڕشی شێخ ڕه‌زای ده‌رسیم ده‌ستی پێ‌کرد بوو و به هه‌موو شێوازێک ده‌وڵه‌تی تورک خه‌ریکی تواندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی گه‌لی کورد بوو له بواری زمان ،فه‌رهه‌نگ،کلتور،ته‌نانه‌ت وایان له گه‌لی کورد کرد بوو که خۆیان نکوڵی له کورد بوونی خۆیان بکه‌ن و کورد بوونی خۆیان بیربچێته‌وه و خۆیان به تورک بزانن، به‌ڵام له ساڵی 1978دا چه‌ند که‌سێکی ڕۆشنبیر که خوێندکاری زانکۆی ئه‌نقه‌ره بوون و هه‌رله‌وێ به‌ردی بناغه‌ی پارتێکی کوریان دانا بوو ئه‌وه بووپاشان گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ کوردستان و توانیان له باکوری کوردستان پارتێکی کوردی ووڵاتپارێز دابمه‌زرێنن به ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و توانیان به‌ربگرن به سیاسه‌تی چه‌ندین ساڵه‌ی تواندنه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورک، که ئه‌مه‌ش به هه‌ره گرنگترین وه‌رچه‌رخانه‌کانی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد ئه‌ژمێردرێت که توانیان گه‌ل له توانه‌وه‌و له‌ناوچوون ڕزگار بکه‌ن و ته‌کانێک بده‌ن به ئاراسته‌ی خه‌باتی ڕزگاری خاک و نه‌ته‌وه، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م ته‌وژمه‌ی گه‌ل له باکور له باشووری کوردستانیش دوای ساڵانێکی زۆر له چه‌وسانه‌وه‌و قرکردن و کیمیا باران به هۆی ڕووداوی داگیرکردنی (کوه‌یت) له لایه‌ن ڕژێمی ێدام حسێن و دواتر ناسرا به جه‌نگی که‌نداو هه‌لێک بۆ گه‌لی کورد ڕه‌خسا که دژی ده‌م و ده‌زگاکانی ڕژێمی داگیرکه‌ری (بعپ) ڕاپه‌ڕن،که ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ش به ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری به‌هاری ساڵی 1991 ناسراوئه‌مه‌ش به وه‌رچه‌رخانێکی تری گه‌لی کورد دائه‌نرێت له مێژووی تازه‌ی گه‌لی کورد،که کورد دوای ئه‌وه توانیان به پشتگیری کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌تانی زلهێز دامه‌زراوه‌ێکی خۆبه‌ڕیوه‌به‌ری له‌و هه‌رێمه دابمه‌زرێنن و هه‌ڵبژاردنیکی په‌رله‌مانی ئه‌نجام بده‌ن ،ئه‌گه‌رچی ئه‌م په‌رله‌مانه بوو به هۆی له که‌دار کردنی گه‌لی کورد و ئه‌زموونه‌که‌ی به‌وه‌ی که هه‌ردوو پارته سه‌ره‌کییه‌که‌ی ئه‌وسای کوردستان ڕاستی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ئه‌وکاتیان له گه‌ل شارده‌وه و کردیان به ئه‌نجامی په‌نجا به په‌نجا،که ئه‌مه‌ش بوو به هۆکارێکی سه‌ره‌کی بۆ چه‌ندین نه‌هامه‌تی گه‌لی کوردستان له باشوور که خۆی ده‌بینێته‌وه له شه‌ڕی ناوه‌خۆی چه‌ند ساڵه‌ی نێوان پارته سیاسیه‌کانی باشووری کوردستان به تایبه‌تیش دوو هێزی سه‌ره‌کی ئه‌وسای کوردستان ،به‌ڵام هێشتاش ئه‌و هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه ده‌توانرێت به وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌ی ژیانی گه‌لی کورد ئه‌ژمار بکرێت ڕاسته ئه‌و کاته و تا ساڵانێکی زۆری دوای ئه‌وه‌ش ئه‌م په‌رله‌مانه بێ ماناترین په‌رله‌مانی سه‌ر گۆی زه‌وی بوو و به‌هه‌ڵکه‌وتیش په‌رله‌منتاری ڕاسته‌قینه‌ی کورد ڕووی تێنه‌کرد بوو،به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و په‌رله‌مانه بووه به‌و په‌رله‌مانه‌ی که ئه‌ندام په‌رله‌مانی ڕاسته‌قینه ڕوویان تێکردووه وبۆ داکۆکی کردن له مافه‌کانی گه‌لی کوردستان ده‌نگی مێزه‌کانیان کرده زه‌نگێکی مه‌ترسی دار بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له ده‌سه‌ڵاتدان و بۆ ئه‌وانه‌ش که به‌یانی دێنه سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات،به‌ڵێ په‌رله‌مانی ڕاسته‌قینه‌ی کوردستان ئه‌و ڕۆژه بوو به په‌رله‌مان کاتێ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی مێزه‌کانیان کوتا بۆ ئه‌وه ی ڕێگه نه‌ده‌ن به بێده‌نگی و دوور له چاوی گه‌ل وورده‌کاریه‌کانی بودجه‌ی حکومه‌ته‌که‌یان تێپه‌ڕ ببێت.
خوێنه‌ری به‌ڕێزئه‌مانه مشتێکن له خه‌رمانی وه‌رچه‌رخانه‌کانی ژیانی گه‌لی کورد له مێژووی دوور و نزیکی ئه‌و گه‌له‌دا له گشت پارچه‌کانی کوردستان،به‌ڵام ئه‌وه‌ی که مه‌به‌ستمه بیڵێم ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری گه‌لی کورد له باشووری کوردستان له به‌هاری 1991دا وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره بوو بێت بۆ گه‌لی کورد ئه‌وا ڕووخانی ڕژێمی عێڕاق له به‌هاری 2003دا وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌تر بوو بۆ هاتنه‌دی ئاواته‌کانی گه‌لی کوردی باشووری کوردستان ئه‌گه‌رسه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له وکاته‌دا ووریایانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ل بارودۆخه‌که‌دا کردبا و خاوه‌ن دیبلۆماسیه‌تێکی به‌هێز بوونایه چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌دا، له ناوخۆدا خاوه‌ن بیر‌و باوه‌ڕێکی یه‌کگرتوو بوونایه و سه‌نگ و قورسای خۆیان له به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌کانیاندا پیشان بدایه ،به‌ڵام هێزه سیاسیه‌کان له به‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانی خۆیان بۆ ده‌ستکه‌وتنی زیاتری پله‌وپایه‌ی حیزبی هه‌موو ئه‌م هه‌لانه‌یه له‌بار برد و به سیاسه‌ته ته‌سک بینینه حیزب و که‌سی و بنه‌ماڵه‌ییه‌کانیان نه‌ک پرسی کوردیان به‌ره‌و پێشه‌وه نه‌برد به‌ڵکو به‌م سیاسه‌ته‌یان هه‌م پرسی کورد و هه‌م هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان به‌ره‌و پوکانه‌وه برد،به‌ڵێ دوای چه‌ندین هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له به‌غداد و بێ ئه‌مه‌لکردنی گه‌ل له هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی تری که پێشتر به‌ده‌ست هات بوون به‌تایبه‌تیش له مه‌سه‌له‌ی چاره‌سه‌ری که‌رکوک و ناوچه جێ ناکۆکه‌کان که خاڵی گرنگ و پڕ سووده بۆ گه‌لی کورد که ئه‌مڕۆ خۆی ده‌بینێته‌وه له جێبه‌جێ کردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێڕاق ئه‌مه‌و سه‌ره‌ڕای پرسی گرێبه‌سته نه‌وتیه‌کان و پێشمه‌رگه‌و بودجه...تاد .
جگه له‌و کێشه ده‌ره‌کییانه کێشه ناوخۆییه‌کانی هه‌رێم که‌متر نین له کێشه ده‌ره‌کیه‌کان که خۆی ده‌بینێته‌وه له گه‌نده‌ڵی به هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه‌و زاڵ بوونی هه‌ژموونی حیزب به‌سه‌ر حکومه‌ت و دوو ئیداره‌ی و هێزی چه‌کداری حیزب وچه‌ندین کێشه‌ی تر، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش هێشتا ئه‌م هه‌له له ده‌ست نه‌چووه‌و هه‌ل له‌به‌رده‌مدایه بۆ گۆڕانی سه‌رجه‌م ئه‌م بارودۆخه و وه‌رچه‌رخاندنی بۆ بارودۆخێکی خۆشتر، به‌ڵێ ڕووداوه‌کانی ئه‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوو ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت که ئه‌وه‌ی ئێستا له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا له باشووری کوردستان له ڕۆژه‌ڤدایه به ڕابه‌رایه‌تی چه‌ندین ڕۆشنبیری گه‌نج و پاڵپشتی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ر چ له ناوه و چ له ده‌ره‌وه و به‌تایبه‌تیش چینی گه‌نجی دوور له چه‌ک ، ده‌توانین ناوی بنێین وه‌رچه‌رخان ، وه‌رچه‌رخان له گۆڕانی کارکردنی بێ به‌رنامه بۆ کارکردن به به‌رنامه به تایبه‌تی له کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن،وه‌رچه‌رخان له گۆڕانی کۆمه‌ڵگای چه‌ک بۆ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ،وه‌رچه‌رخان له گۆڕانی شه‌ڕی سه‌نگه‌ر بۆ شه‌ڕی ده‌نگ،وه‌رچه‌رخان له گۆڕانی ڕه‌تکردنه‌وه بۆ قبوڵکردنی ڕای جیاوازی به‌رامبه‌ر،وه‌رچه‌رخان له‌گۆڕانی بێ ده‌نگییه‌وه بۆ هاوارکردن ،وه‌رچه‌رخان له گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له که‌سانی بێ بڕوانامه بۆ که‌سانی پڕۆفیشناڵ،وه‌رچه‌رخان له سیاسه‌تی شاره‌وه‌ی کاره‌کانی حیزب بۆئاشکرا کردنی کاره‌کانیان،وه‌رچه‌رخان له تێکه‌ڵی حیزب و حکومه‌ت بۆ جیاکردنه‌وه‌ی حیزب له حکومه‌ت،وه‌رچه‌رخان له خۆشاردنه‌وه‌ی نوێنه‌رانی گه‌ل بۆ هاتنه ناو خه‌ڵک،له هه‌مووشی گرنگتر وه‌رچه‌رخان له بێ هیوای گه‌نج بۆ خاوه‌ن ئومیدی ئایینده ،وه‌رچه‌رخان له بێ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی گه‌نجان بۆگه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی و خۆشه‌ویستی خاک و گه‌لی کوردستان و ئاماده بوونیان بۆ یه‌کلا کردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بیر‌و ڕاکان له ڕیگه‌ی سندوقه‌کانی ده‌نگدان،وه‌رچه‌رخان له توڕه‌ی گه‌ل له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت بۆ ئاشتبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌دارانی ڕاسته‌قینه‌و دڵسۆز و سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه.
هیچ گومانی تێدا نییه که ئه‌م سه‌روه‌ریانه به‌گشتی داینه‌مۆکه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌یه که ڕیبه‌راتی ده‌کرێت له‌لایه‌ن چینێکی به‌رچاوی کۆمه‌ڵگا که خۆی ده‌بینێته‌وه له هه‌زاران که‌سی خۆنه‌ویست وخاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز له سه‌رجه‌م بواره‌کانی ژیان و ئاماده بوونیان بۆ ده‌ست به‌ردار بوونی هه‌موو ماف و ئیمتیازاتیکی که‌سی و حیزبی وبنه‌ماڵه‌یی و هه‌وڵدانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌ل و ده‌یانه‌وێت وه‌رچه‌رخانێک له ژیانی کۆمه‌ڵگای باشووری کوردستاندا بکه‌ن،نمونه‌ی مێزکووتانی نوێنه‌رانی گه‌ل له په‌رله‌مانی کوردستان بۆ به ئازادی قسه کردن له سه‌ر بوودجه‌ی گشتی هه‌رێمی کوردستان به به‌رچاوی ڕای گشتی کوردستان و جیهان و به ئازایانه به‌رگری کردن له مافی ئه‌م گه‌له ،خۆی له خۆیدا وه‌رچه‌رخانێکی تری گرنگه له میژووی دیموکراسی باشووری کوردستان و ته‌کاندانێکی تر بوو بۆ به‌رز کردنه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌وانه‌ی که چه‌ندین ساڵه مافه‌کانیان پێشێل ده‌کرێت وبێ ده‌نگ ده‌کرێن به زه‌بری هێز،هه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان وای کرد که گه‌ل له سه‌شه‌قامه‌کان به شێوازی جۆراو جۆر ئه‌م هه‌ڵوێسته هه‌ڵبسه‌نگێنن و به وه‌رچه‌خانێکی ئه‌ژمار بکه‌ن بۆ له خه‌وهه‌ڵسانی په‌رله‌مانی کوردستان له خه‌وی قوڵی چه‌ندین ساڵه و جۆش دان به جه‌ماوه‌ری گه‌لی کوردستان بۆ هه‌نگاو نانی زیاتری گۆڕان و وه‌رچه‌رخانێکی تری گه‌وره که خۆی ئه‌بینێته‌وه له هه‌ڵبژارندنه په‌رله‌مانییه‌که‌ی عێڕاق له 7 ئازار که بێگومان ده‌رئه‌نجامی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش وه‌رچرخانێکی تر ده‌بێت له مێژووی باشووری کوردستان ئه‌ویش به چوونی چه‌ندین په‌رله‌مانتاری ڕاسته‌قینه بۆ نوێنه‌راتی کردنی گه‌لی کوردستان و خۆنه‌ویستانه کارکردنیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خاک و گه‌لی کوردستان و وه‌لانانی به‌رژه‌وه‌ندی که‌سی و حیزبی و بنه‌ماڵه‌ی ،که ئه‌مه خاڵی به‌هێزی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌یه و ته‌واوی گه‌لی کوردیش چاوه‌ڕوانی ده‌کات، خۆ ئه‌گه‌رهاتوو ئه‌وانیش له ئاستی ئه‌م ئومێده‌ی خه‌ڵکدا نه‌بوون ئه‌وا جێگه‌ی ئه‌وانیش له پاڵ ئه‌وانه‌ی پێش خۆیان ده‌بێت و به‌رپرسیاری به‌رده‌م خودا‌و گه‌ل و خاکی کوردستان ده‌بن.
به‌ریتانیا
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست