کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەستوری هەرێم کەرەسەی شەڕێکی ڕاگەیاندنی کۆنەپەرستانەیە لە نێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسۆندا!

Sunday, 19/05/2013, 12:00



هەڕەشەی ڕاپرسی لەسەر دەستوری پێشنیاری هەرێم، کە دەسەڵات‌و بە دیاریکراویش پارتی، ناوە ناوە بەدەستیەوە دەگرێت لەگەڵ پێداگری ئۆپۆزیسێۆن بۆ گێرانەوەی دەستور بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، لایەنیکی بەرجەستەی ململانێی نێوان ئەو دوو لایەنە بۆرژواییەیە لە هەلومەرجی ئێستای کوردستاندا.
هەڕەشەی خستنە دەنگدانی دەستور لەلایەن پارتیەوە بۆ ئەوەیە کە گوشار بخاتە سەر ئۆپۆزیسیۆن بۆ سازان‌و قبوڵکرنەوەی بارزانی بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی هەرێم. ته‌نانه‌ت خودی هێنانە ئارای پرسی دووبارە هەموارکردنەوەی دەستوریش لەلایەن پارتیەوە، هه‌ر بۆ ئه‌م ئامانجه‌یه‌. بەڵام له ‌به‌رامبه‌ردا سووربوون‌و پێداگری ئۆپۆزیسێۆن"بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئیسلامیەکان" لەسەر گێڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان، گوشارێکە بۆ ئەوەی دەرگا دابخات بە رووی بارزانیدا بۆ خۆکاندنیکردن‌و هەڵبژرادنەوەی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی هەرێم. دەستور بۆ پارتی تەنها ئامرازێکی بەناو یاساییە بۆ ئەبەدیکردنی دەسەڵاتی پارتی‌و بە دیاریکراویش زاڵکردنی پێگەی بنەماڵەی بارزانییە بەسەر خەڵکی کوردستاندا.
ئەو گەمەیەی ئێستا دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسێۆن، لە چوارچێوەی ململانێی خۆیاندا هێناویانەتەوە سەر گۆرەپانەکە، ئه‌وه‌نده‌ی ململانێی‌و کێبەرکێیەکی نەخشەمەندانەی ئه‌م دوو لایه‌نه‌یه‌ له‌پێناو پچرینی بەشی داهاتی زۆرترو لووشدانیەتی، نیو ئەوەندە باس نییه‌ لەسه‌ر ناوەرۆکی دەستورو ململانێ لەسەر جێگیرکردنی ماف‌و ئازادیه‌کانی هاوڵاتیانی کوردستان. بە پێچەوانەی بانگەشەی فریوده‌رانه‌ی دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسێۆنه‌‌وه‌، ناوەرۆکی دەستوری ئێستای هه‌رێم، ناوه‌ڕۆکێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی قه‌ومی‌و ئیسلامی هه‌یه‌و سه‌رتاپاش گونجاوه‌ بە باڵای هه‌موو حزبه‌کانی بزوتنەوەی کوردایه‌تی‌و ڕه‌وته‌ ئیسلامیه‌کان، چ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌سه‌لاتدان‌و چ ئه‌وانه‌شی به‌رگی ئۆپۆزسیۆنیان پۆشیووه‌. ده‌ستورێک که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای جیاکاری چینایه‌تی‌و به‌قازانجی سه‌رمایه‌داران‌و بازرگانان‌و خاوه‌ن کۆمپانیاکان داڕێژراوه، به‌ڕۆشنی ماف‌و ئازادیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، به‌تایبه‌تی ژنان‌و لاوان‌و کرێکاران، سه‌رکوت ده‌کاو ده‌یکاته‌ پاشکۆی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی بازاڕی سه‌رمایه‌داران.
ڕه‌خنه‌یه‌کی سه‌ره‌کی کە ئۆپۆزیسێۆن لە دەستوری هەیە، هه‌ر ئەوەیە کە سیستەمی سیاسی لە سەرۆکایەتیەوە بگۆرێت بۆ پەرلەمانی‌و شیوازی هەڵبژاردنی سەرۆکیش ئاڵوگۆری بەسەردا بێت. به‌م جۆره‌ش ئۆپۆزسیۆن بنه‌ما ‌سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌ستوری ئێستایان قه‌بوڵ کردووه‌‌و هیچ رەخنەیه‌کیان لەوە نییە کە سەرچاوەیەکی سەرەکی یاساکان شەریعەتی ئیسلامییە. رەخنەیان لەوە نییە که ‌لەژێر ناوی پیرۆزیە نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و دینیەکاندا، ده‌می ئازادیخوازان دەبه‌ستێ‌و ئازادی بیروراو ڕه‌خنه سه‌رکوت ده‌کا. ته‌نانه‌ت رەخنەیان لەوە نییە کە بنەمای ئەم دەستورە ماف‌و چەمکی هاوڵاتی بەڕەسمی نەناسیوەو رێگەی بەشداری راستەوخۆی جەماوەری لەسیستەمی سیاسی‌و بەرێوەبردندا، بەستووه‌. ئەمەش به‌ڵگه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی کە ململانێی نێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسێۆن لەسەر دەستور، ململانێیەکی ئاشکرایە لەسەر چۆنیه‌تی وەستانەوەیان بەرووی داواو ویستی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان، دابه‌شکردنی جومگه‌کانی ده‌سه‌لات‌و به‌تاڵانبردنی کۆمەڵگا له‌نیوانیاندا.
سیستەمی سیاسی لە کوردستان تا ئەوکاتەی له‌لایه‌ن چه‌ند حزبێکی بۆرژوا قه‌ومی‌و میلیشیایی‌و سه‌رکوتگه‌ره‌وه‌ به‌ڕیوه‌ببرێت، ئه‌گه‌ر سەرۆکایەتی بێت یان پەرلەمانی، به ‌پیویست له‌سه‌ر ده‌ستورێک ڕاده‌وه‌ستێت که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نایەکسانی ئابووری له‌نێوان هاوڵاتیاندا داڕێژرابێت‌و شه‌ریعه‌تی ئیسلامیش وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک بکاته‌ پێوانه‌ی ماف‌و ئازادیه‌ فه‌ردی‌و مه‌ده‌نیه‌کان‌و هه‌ر که‌سێکێش لێی لابدات بە پێی ئه‌م ده‌ستوره‌و یاساکانی ڕووبه‌ڕووی سه‌رکوت‌و سزاو زیندان ببێته‌وه‌.
پرسی دەستور لە ئێستادا دۆسێیەکە بۆ له‌ چوارچێوه‌ گرتنی ململانێی نێوان چه‌ند حزبێکی قه‌ومی‌و ئیسلامی، به‌ ئاڕاسته‌ی سازدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ره‌وه‌ی ماف‌و ئازادیه‌کان‌و به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی هاولاتیاندا، ئه‌مه‌ش لە هاوکێشه‌یه‌کی سیاسی وادایه‌ کە پارتی تیا باڵادەستتره‌و یەکێتی نیشتمانیشی کردۆتە هێزێکی کەنارکەوتوو. بێگومان له‌ ململانێیه‌کی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ‌ئاواشدا، ئه‌وه‌ ته‌نها خەڵکی کرێکارو دەستەنگی کوردستان‌و ئازادیه‌کانیانه‌، که‌ چ لە گێرانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان‌و هەموار کردنەوەیداو چ له‌ خستنە راپرسیی ده‌ستوره‌وه‌ ده‌کاته‌ قوربانی. بۆیە ئەرکی چینی کرێکارو خەڵکی ستەم دیدەی کوردستان‌و بەرەی ئازادیخوازو مۆدێرنی کوردستانە لە ریزێکی سەربەخۆو فراونی خۆیاندا، بەرامبەر به ‌دەسەڵات، یه‌کگرتوانه‌ ڕاوه‌ستن‌و ڕیگا نه‌ده‌ن گه‌مه‌ی ده‌ستور به ‌زیان بۆ سه‌ر ماف‌و ئازادیه‌کانیاندا بشکێته‌وه. ئه‌حزابی قەومی‌و ئیسلامی به‌وانه‌ی ‌دەسەڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و ئه‌وانه‌شی ناوی ئۆپۆزیسێۆنیان له‌ خۆیان ناوه‌، ئه‌حزابی بۆرژوازی‌و چینەداراکانی کوردستانن‌و ململانێیان لەسه‌ر دەستور تا درۆی هەڵبژاردن‌و سیستەمی سیاسی پەرلەمانی‌و سەرۆکایەتییان، هیچ شتێک نییە جگە لە ململانێیه‌کی کۆنه‌په‌رستانه‌ له‌ پێناو سازان‌و رێکەوتندا، له‌سه‌ر چۆنیه‌تی‌ درێژەدان بەدەسەڵاتی ئێستاو دابه‌شکردنی داهات‌و بازاڕی سه‌رمایه‌.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ڕاده‌گه‌یه‌نێت که ‌ده‌بێ له ‌‌خه‌باتێکی سیاسی‌و جه‌ماوه‌ریدا، ده‌ستوری ئێستای کوردستان له‌لا‌یه‌ن هاولاتیانه‌وه‌‌ ڕه‌ت بکرێته‌وه‌و له‌جێگه‌یدا، ده‌ستورێکی عه‌لمانی‌و داڕیژراو له‌سه‌ر بنه‌مای مافی هاولاتی بوونی یه‌کسان‌و سه‌لماندنی ئه‌وپه‌ڕی ئازادیه‌کان‌و به‌شداری ڕاسته‌وخۆی نوێنه‌رانی خه‌ڵک له ‌به‌ریوه‌بردنی کاروباری وڵاتدا، شوێنی بگریته‌وه‌. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پێی وایه‌ که ‌لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئه‌حزابی بۆرژوازی کورد و هێزه‌ میلیشیاییه‌کانیدا، ناکرێت چاوەروانی دەستورێکی ئازادیخوازانە بکرێت. به‌ڵکو ئاڵوگۆری بنەرەتی‌و ریشەیی لە ژیانی مادی‌و مەعنەوی خەڵکی کوردستان‌و زامن بوونی ماف‌و ئازادییە فەردی‌و مەدەنیەکان به‌ باشترین شێوه‌و باڵکێشانی خۆشگوزەرانی گشتی‌و ئاسودەیی به‌سه‌ر دانیشتواندا، له ‌گره‌وی هێنانه‌ سه‌رکاری حکومه‌تی سۆسیالیستی‌و سیسته‌می شوراییدا مسۆگه‌ر ده‌بێت‌. بێگومان خه‌بات بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حزبه‌ بۆرژوا ناسیونالیستیه‌کانی ئێستا، پێشمه‌رجی به‌دیهاتنی ئه‌م ئامانجه‌یه‌. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگه‌وازی کرێکاران‌و زه‌حمه‌تکێشان‌و ئازادیخوازان ده‌کات که ‌به‌ڕیزی ئه‌م خه‌باته‌وه‌ په‌یوه‌ست بن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
ناوەراستی ئایاری ٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە