کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پایەى ژن لاى هەورامییەكان

Monday, 16/11/2009, 12:00


هەورامان وەك بەشێك لە كوردستان خاوەنى پێگەو جوگرافیایەكى تایبەتى خۆیەتى بە جیاواز لە گەڵ باقى بەشەكانیترى كوردستان هەروەها كولتورو فەرهەنگ و مێژویەكى تایبەتى ناوچەیى هەیەو لە ڕوى ژیانى كۆمەڵایەتیشەوە تایبەتمەندى باوەڕبەخۆبوون داهێنانى سەركەوتووانەى هەبووە .
ژن بەشێوەیەكى گشتى لە كوردستاندا جیاواز لە گەلان و ووڵاتانیتر هەڵسوكوتى لە گەڵ كراوە بۆنمونە: نە لە پێش هاتنى ئاینى پیرۆزى ئیسلام و نە دواى ئەوەش ژن وەك عەرەبەكان زیندە بەچاڵ نەكراوەو بەشێوەى كەنیزەك و كۆیلە كڕین و فرۆشى پێوەنەكراوە وەك باقى شوێنانیتر .
لە هەورامان بە جیاوازتر لەبەشەكانیترى كوردستان پێگەى ئافرەت دیاریكراوەو ڕێز لە سەروەریەكانى گیراوە هەر لەدەمى لەدایك بوونیەوە تا گەڕان بەدواى ناوى شیاودا بۆی و دواتر بانگكرنى خزم و كەس و دەربڕینى خۆشى بۆ ناولێنانى بەبێ جیاوازى ڕەگەزى پاشان برەودان بە بەخێوكردنى و نازپێدانى تەمەنى مناڵى و...هتد ،خەڵكى هەورامان بەپیرۆز سەیرى ژنیان كردووە هەر لەدێر زەمانەوە تائەمڕۆ وەك كاڵا مامەڵەیان پێوە نەكردووە لەپێناوى بەرژەوەندى پیاوسالاریدا ، ڕاستە ئەڵێن چەم بێ چەقەڵ نابێ بەڵام لەم ڕوەوە چەمى هەورامان بە دەگمەن تێى كەوتووە هەموو ڕاستیەكان ئەوە ئەسەلمێنن كە هەورامیەكان ژنیان بە كرێ نەداوە تا خۆیانى پێ بژیێنن ، لە جیاتى خوێنیان نەداوە تا گیانى خۆیانى پێ بپارێزن ، هەروەها شیربایى و گەورە بە بچووك و مارەبرَینى سەر بێشكە لاى ئەوان نەك هەر نەبووە بەڵكو نەفرەتیشى لێ كراوە ژن بە ژن زۆر بەكەمى هەبووە ئەویش نەك بەزۆرەملێ وهەڕەشەى كوشتنوئەشكەنجە، ڕەنگە ئەم نەریتە هى خۆیان نەبێت لەملاولەلاوە هاتبێتە ناویان چونكە هەورامییەكان ڕقیان لێیەتى و بە نەریتى خۆیانى نازانن ،سەیر لەوە دایە ئەو كەسانەى باس لە مافى ئافرەت وئازارەكانى ژن دەكەن هەموو
ئەو خەسڵەتە نابەجێیانە لەكۆڵ خۆیان و خووخدەى هۆزو بنەماڵەكانیان دەكەنەوەو هەموو ئەو ناڕەواییانە دەخەنە پاڵ دین و ئاین بەهاندەرى ئەو كارانەى دەزانن كەچى هەورامیەكان هەموو ئەوانە بەدرۆ دەخەنەوە چونكە مێژوو ئەوە دەسەلمێنێ كە خەڵكى هەورامان لە پێش ئاینى پیرۆزى ئیسلامیشەوە هەر خواناس و یەكتاپەرست بوون و بەگەیشتنى ئیسلامیش بە ناوچەكەیان پشتیوانێكى ڕاستەقینە بوون بۆى ، خانەقاو قوتابخانە ئاینیەكانى هەورامان بەڵگەى ئەو ڕاستیانەن ، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕیان بەئازادى تاكەكانى كۆمەڵگا هەیەو ژنیش بە نیوەى كۆمەڵ دەزانن ئەمەش وایكردووە كە ئازادى كارى بەجۆرێك بۆ ژنانى دەڤەرەكە فەراهەم هێناوە كە نەك تەنها هاوكارى تەواوى هاوسەرو خێزانەكانیان بن لەئیش وكارى ڕۆژانەیاندا بەڵكو لەكارى داهێنان و دەستڕەنگینیشدا ڕۆڵێكى كاریگەریان هەبوەو لەزۆربەى داهێنانەكاندا نەك تەنها شەریكى پیاوان بووبن بەڵكو لەپێش پیاوانیشەوەبوون . كەواتە هەورامیەكان مرۆڤدۆستن و سەرقافڵەى هەڵگرانى مەشخەڵى ئازادى تاكەكانى ناو كۆمەڵگەى كوردەوارین .




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە