مام ڕۆستەم قارەمانى دوێنێیى شاخ و پێشمەرگەى ئەمڕۆى گۆڕان !

Tuesday, 26/01/2010, 12:00


زۆرن ئەو پیاوە تێكۆشەرانەى ڕۆژانێك پێشمەرگە و پاسەوان و قارەمانى شاخ بوون لە پێناو ئازادى و سەرفرازى ئەمڕۆى میللەتەكەمان و ڕۆژێك بێت دەسەڵاتێكى كوردى خۆماڵى خۆمان هەبێت و هەناسەیەكى خۆشى و ئازادى لەسایەیى هەڵمژین و چیتر چەوساوەى ژێر دەستى دەسەڵاتدارە دڕندە و دكتاتۆرەكانى وەك بەعس نەبین ، ڕۆژانێك ئەمانە لەشاخ بوون ژیان و خۆشى و خۆشبەختیەكانى خۆیان خست بووە لاوە ، خێزان و منداڵەكانیشیان ژیانیان كولە مەرگى و لانە و ماڵ و حەوانەوەیان ئەم شاخ و ئەو شاخ و ئەم لادێ و ئەو گوندى كوردستان بوو ، سەیر ئەكەى ئەمڕۆش دوایى ئەو هەموو ئازار و ناڕەحەتیانەیان دوایى ئەو هەموو تەمەن و خەبات و ماندووبوونەیان هەر بەردەوامن لەخەبات و ئەمڕۆ بوون بەپاڕێزەر و پاسەوانى ئەو شار و شارۆچكە كوردى و كوردستانیانەى كە دوایى پڕۆسەى ئازادى عێراق باوەشیان بۆ ئازادى و بۆ كوردستان كردۆتەوە كە دوایى نەمان و ڕووخانى ڕژێمى بەعس هەستیان بەكورد بوونى خۆیان كردوە و بەو هیوایەن هەرچى زووە بگەڕێنەوە سەر هەرێمى كوردستان ، بەڵام بەداخەوە بەهۆى سازشكردنى سەركردەكانمان و ململانێیى ناشەریفى حزبیان و ڕەنگدانەوەى سیستەمى دووئیدارەیى لەو ناوچانە ئەم خەونانە لەباربراون ناچار ئەمڕۆ ئومێدى هەموومان لەسەر گۆڕان هەڵچنراوە كەسەركردەیەكى تێكۆشەرى ماندوونەناسى وەك مام ڕۆستەم پاسەوان و پێشمەرگەى ئەم شۆڕشى گۆڕانەیە لەكەركوك...
چەند ڕۆژێك لەمەوبەرلەگەڵ چەند هاوڕێیەك ڕێگامان كەوتە كەركوكى كورد و كوردستانى ، لەپڕو لە بینینێكى چاوەڕوان نەكراودا چاومان كەوت بەپێشمەرگەى ماندوونەناس ، قاڵبووى خەبات و تێكۆشان مام ڕۆستەم ، بەڕاستى سەیرە مرۆڤ تووشى شۆك و سەرسوڕمان ئەبێت و بەخیلى دێت پێیى ، سەیرئەكەى دوایى ئەو هەموو خەبات و تێكۆشانە ئەمڕۆش بەهەمان گیان و ڕوحى سەردەمى شاخ ئامادەیە پاسەوان و پاڕێزەرى لەكوردستانى بوونى كەركوك و سەرجەم ناوچە دبڕاوەكان بكات ، دوایى چاك و چۆنى و هەواڵ پرسین مام ڕۆستەم بەزمانە پاراو و شیرینەكەى و بەبەسەرهات و قسەخۆش و نەستەقەكانى هاتە ئاخاوتن و فەرمووى ... واجبمانە لێرەبین و من هەر پێشمەرگە و پاسەوانى كەركوك و كوردستانم .
دوایى كەمێك مانەوەمان لاى ، هیواى تەمەن درێژى و سەركەوتنمان بۆى خواست دوایى بەجێمان هێشت و بەرەو سلێمانى گەڕاینەوە ، بەدرێژایى ڕێگاى گەڕانەوەمان لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمدا هەر باسى ئەو پیاوە تیكۆشەرەمان دەكرد ، پیاوێك بەو هەموو تەمەنەوە ئێستاش هێزوبەخشش و تواناى ئەوەى هەبێت و ئامادەبێت لەپێناو گەڕانەوى ناوچەئازادكراوەكان بۆسەر هەرێمى كوردستان بببێت بەپاسەوان و پێشمەرگەى گۆڕان بەڕاستى مایەیى شانازیە ، شایەنى هەموو مەدالیا و بەخششێكە دوایى ئەو هەموو سەختى ژیان و هەورازو نشێوەى شاخ ، لەجیاتى پشوودان ئێستاش شەونخونى و ئازار بكێشیت و بییت بەپاڕێزەر و پاسەوانى گۆڕان بەڕاستى شایەنى هەموو ستایش و ڕێز و تەقدیرێكە .
لەكۆتایدا ئەڵێم وێڕایى ڕێزو سڵاو و خۆشەیستیم بۆ مام ڕۆستەم و هەموو ئەو تێكۆشەرانەى تریش كە هاوشانى مام ڕۆستەم ئێستاش ئامادەیان تێدایە بوون بەپاسەوان و پێشمەرگەى گۆڕان ، هیواى تەمەن درێژیان بۆ ئەخوازم و هیوادارم هەر سەركەوتوو و تەمەن درێژبن ، بەپێچەوانەى ئەوانەوە كەهەر خەریكى كۆمپانیا و ڕابواردنى شەوانە و ڕاستكردنەوەى كۆشك و تەلارن لەسەر حسابى خەڵك و ماندووبوون و شەونخونى پێشمەرگە ....



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە