کەمال میراودەلی داوا لە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکا بەشداری لە روو-بە-روویەکی تەلەفزیۆنی راستەوخۆدا بکەن
Sunday, 27/03/2011, 12:00
داوایەکی کراوە لە د. کەمال میراودەلی یەوە بۆ سەرکردەکانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو
برایانی خۆشەویست و بەرێز
دەمەوێ لە رێگای ئەم نامە کراوەوە تکا لە بەرێزتان بکەم بەشداری لە روو-بە-روویەکی تەلەفزیۆنی راستەوخۆدا بکەین.
ئاشکرایە لە کاتێکدا خۆپیشاندانی ١٧/٢ خۆرسک بوو وەکو تونس و میسر دەربڕی تووڕەیی و ئیرادەی بەهێزی گەنجەکانمان بوو، دوای ئەوە بە شێوەیەکی جیا لە هەموو شوێنێکی دنیا، خۆنیشاندان کەوتە ژێر کۆنترۆڵی میکانیزمی خڕکردنەوەو نەفیکردن و سنووردارکردن و بەڕیوەبردنەوەو لە هەمان کاتدا دەسەڵات لە لایەکەوە بەکارهێنانی توندوتیژی و سەرکوتکردنی لە دەرەوەی سەرای ئازادی بە تایبەتی لە هەولێرو گەرمیان زیاترکردو لە لایەکی ترەوە داواکاری سەرەکی گرتن و دادگاییکردنی لاوانکوژان و هیچ داواکارییەکی بنەرەتی جێبەجێنەکردووەو بە خەمساردییەوە دەڕوانێتە خۆنیشاندانەکان لە هەمان کاتدا تووڕەیی جەماوەر لە زیادبووندایەو ئەگەری پرۆسەکە لە نێوان کۆتایی هاتن بە توندوتیژی و رێکەوتنی ئۆپۆزیسیۆن و چارەسەری عەقڵانی رادیکالی لە ئارا دایە.
لەم کاتە هەستیارەدا کە بۆ زیاتر لە٣٦ رۆژە، خۆنیشاندانی جەماوەری مەزن و پیرۆزی بەردەرکی سەرا شێلگیرانەو ئاشتیخوازانە بەردەوامەو گرەوی دەسەلات لە سەر چەق بەستن و ساردبوونەوەی جەماوەرە، پێویستی بە پەلەی ئێستا بە رای من بریتییە لە دروستکردنی بەرەیەکی فراوانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و شەقام و کۆمەڵگای مەدەنی و میدیای ئازاد و جەماوەری فراوانی کوردی ئەوروپا و دەرەوە بۆ جەختکردن لەسەر گۆرین و کۆتایی پێهێنانی سیستەمی حیزبی بنەماڵەیی و دامەزراندنی سیستمێکی دەستووریی دیمۆکراتی دەزگایی دادپەروەرو پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکراتی کاتیی ناحیزبیی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەو وریایی لە خۆخەریککردن و کاتکوشتن بە کاردانەوە بۆ کردارو بەڵێنەکانی دەسەڵات و لە جیاتی ئەمە بەرفراوانکردنی خۆپیشاندانەکان و جەختکردن لە سەر داواکارییە بنچینەییەکان و دامەزراندنی حوکمی دەستوورو یاساو دامودەزگای نەتەوەیی (موئەسسەسات) لەپێش هەموو شتێکدا بریاردان لە سەر دەستوورێکی دیمۆکراتی کە هەموو خۆنیشاندەرێک کۆپییەکی دەستووری پێبێت تا بزانێ بۆچی خۆنیشاندان دەکاو ئەنجامەکەی چ دەبێ.
لە بەرئەوەی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان بەم شێوە کۆنترۆلکراوەو هەلویستی ناروونی ئۆپۆزیسیۆن ئەو مەترسییەی لە دڵی جەماوەردا دروست کردووە کە خوانەخواستە ئەمجارەش گەلەکەمان لە پرۆسەی شۆڕشی شەقامی خۆرهەلاتی نێوەندو و دامەزراندنی سیستمی دەستووریی دادو دیمۆکراسی دوابکەوێ، و لە بەرئەوەی روونیی دەورو هەلوێستی ئۆپۆزیسیۆن بۆ بریاردانی پرۆسەو ئاکامی خۆپیشاندانەکان و رەواندنەوەی دڵەراوکێی جەماوەر یەکجار گرنگ و چارەنووسسازەو لە سەر پێشنیازی کۆمەڵێ گەنجی هوشیار تکا لە بەرێزتان دەکەم قبووڵ بفەرموون کە بەشداری لە رووبەروو بوونەوەی جەماوەر لە دایەلۆگێکی تەلەفزیۆنی راستەوخۆدا بکەین و وەلامی ئەو پرسیارو پێشنیازو گومانانە بدەینەوە کە جەماوەری دەنگدەری هەرێمی کوردستان هەیانە. وا پێشنیاز دەکەم کە ئەو مونازەرەیە لە لایەن دوو رۆژنامەی سەربەخۆی ئاوێنەو هاوڵاتییەوە ساز بکرێ و پەنێلێک بۆ پرسیارکردن لە رۆژنامەنووسان و خوێندکارانی زانکۆو خۆنیشاندەران پێکبهێنرێ و مونازەرەکە سێ سەعات بخایەنێ و راستەوخۆ لە کەنالەکانی کەی.ئێن.ئێن و سپیدەو پەیام ەوە پەخش بکرێ.
ئەمڕۆ سەردەمی هوشیاری خەلک و ئازادیی دەربڕین و راستگۆیی و روونگۆیی یە لەگەڵ جەماوەردا. قبوڵکردنی بەرێزتان بۆ ئەم پێشنیازە گوڕو تینێکی نوێ بە ئیرادەی جەماوەر دەدات و دەبێتە سەرەتای دامەزراندنی نەریتێکی دیمۆکراتی جوان کە لە هەموو ولاتە دیمۆکراتییەکاندا شتێکی ئاسایی یە.
لە گەڵ رێزو خۆشەویستی زۆرمدا
بە هیوای وەلامی پۆزەتیڤی بەرێزتان
براتان: کەمال میراودەلی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست