کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوو کۆتری وه‌ته‌ن و به‌رائه‌ت نامه‌ی خواوه‌ند بۆ منداڵێک

Thursday, 16/04/2009, 12:00







کۆتری یه‌که‌م خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی
کۆتری دووه‌م وه‌ته‌ن ئاوا ناکاو له‌ حه‌سره‌تا ڕۆی
وه‌ک ته‌مێک ئێره‌ی به‌جێهێشت
خه‌مباربوو به‌وه‌ی هه‌ر وه‌ته‌ن ئاواکاو...
جه‌للاده‌کان وێرانی بکه‌نه‌وه‌
دیساوه‌نه‌وه‌ کۆتری یه‌که‌م خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی
کۆتری دووه‌م ئاوای ناکاو وه‌ک هه‌ڵمی ده‌ریاکان
لێره‌ دوورکه‌وته‌وه‌
وه‌ک دواتیشکه‌ کاڵه‌کانی خۆر
لێره‌ دوورکه‌وته‌وه‌
له‌ حه‌سره‌تا ڕۆی
به‌رگه‌ی مه‌رگی په‌پووله‌و گوڵ و گۆزه‌و کانی و
ژن و جوانی و باغ و بێستانی نه‌گرت
وه‌ک به‌فرێک به‌سه‌ر خۆیدا توایه‌وه‌
له‌ حه‌سره‌تا ڕۆی
به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ حه‌شرێکیان به‌رپاکرد
به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ ژه‌هریان کرده‌ ئینجانه‌ی دڵی سۆفیه‌کانه‌وه‌
چاوی کانی یه‌کانیان پڕکرد له‌ تاریکی
مه‌مکی گوڵه‌ نازنازه‌کانیان
ده‌رخواردی سه‌گه‌کاندا
ئاوێنه‌ی ماڵه‌کانیان پڕکرد له‌ تارمایی شپرزه‌بوون
قه‌ڵه‌م چاوی کۆتره‌کان و هێلانه‌ی پاسارییه‌کان و
ڕه‌نگی تاوسه‌کانیان فڕێدایه‌ ئاوه‌کانه‌وه‌
ئای چیان کرد ده‌رگای هه‌موو جوانییه‌کیان شکان
به‌ به‌رچاوی دارتووه‌که‌ی به‌رماڵانه‌وه‌
گویسه‌وانه‌ی مزگه‌وته‌کانیان به‌ چۆله‌که‌کانه‌وه‌ کوشت
به‌ به‌رچاوی عاشقانی گونده‌وه‌
قژی دارتووه‌که‌ی به‌رماڵانیان سووتان
به‌ به‌رچاوی ئاسمانه‌وه‌
عاشقانیان دایه‌ ده‌ستی مردن و
وتیان: ها مردن ئه‌مانه‌ به‌ره‌ چیان لێده‌که‌ی بیکه‌
ئای چییان کرد
شوانیان له‌ شمشاڵ و
شمشاڵیان له‌ ده‌شت و
ده‌شتیان له‌ مه‌ڕو
مه‌ڕیان له‌ خه‌یاڵی گیا دابڕی
دیسانه‌وه‌ کۆتری یه‌که‌م
دوای ئه‌م هه‌موو مه‌رگه‌ساته‌
خوایه‌ بگه‌ڕێوه‌و وه‌ته‌ن ئاواکه‌ وه‌ته‌ن
وه‌ته‌ن ئاواکه‌ وه‌ته‌ن.
کۆتری دووه‌م وه‌ته‌ن بۆ کێ ئاوابکا؟
بۆ گوڵ کوشتن
بۆ دڵ کوشتن
خواوه‌ند وه‌ته‌ن ئاوا ناکاو
ئێره‌ی داوه‌ته‌ ده‌ستی قه‌ده‌رو جه‌للاده‌کان
خواوه‌ند له‌ حه‌سره‌تا ڕۆی
ڕۆی بۆ دوورگه‌کانی عه‌شق
بۆ ئاسمانه‌کانی خه‌یاڵ
بۆ ده‌ریاکانی فڕین
بۆ باخچه‌کانی روناکی
بۆ پێده‌شته‌کانی نێرگزو هه‌ڵاڵه‌
بۆ چیمه‌نه‌کانی ڕه‌نگ و
بۆ کانیاوه‌کانی ورشه‌و
بۆ لای دارسێوه‌کانی منداڵی رۆی
خواوه‌ند به‌ هانای گوڵێکه‌وه‌ چوو
دڵی پڕبوو له‌ گریان
به‌ هانای گه‌ڵایه‌که‌وه‌ چوو
وه‌رین ده‌ستی گرتبوو
به‌ هانای مێرووله‌یه‌که‌وه‌ چوو که‌ له‌ شه‌پۆلی ده‌ریایه‌کدا
خه‌ریکبوو شێتبێت
به‌ هانای کۆترێکه‌وه‌ چوو
که‌ وه‌ته‌نی ته‌یکردوو
دره‌ختێکی نه‌دۆزییه‌وه‌ تابیکاته‌ هێلانه‌ و... شه‌ڕ وێرانی نه‌کردبێت
به‌ هانای په‌پووله‌یه‌که‌وه‌ چوو
بیری له‌ خۆکوشتن ده‌کرده‌وه‌
به‌ هانای ئه‌ستێره‌یه‌که‌وه‌ دووکه‌ڵ ئه‌یویست بیخنکێنێت
به‌ هانای مانگه‌وه‌ چوو مانگ له‌و سه‌ری بێهووده‌ییه‌وه‌
ده‌یووت: ئیتر خۆم له‌ دڵی هیچ ئاوێکدا نابینم
ده‌ریاکان پڕن له‌ ته‌رم و خوێن
خواوه‌ند رۆی دڵی منداڵێک ژیرکاته‌وه‌‌
ئه‌نفالی بۆ پێناسه‌ بکات
به‌رائه‌ت نامه‌یه‌کی بۆ بنووسێت
منداڵێک له‌ بیابانه‌کانی ئه‌نفاله‌وه‌
وه‌ک باران به‌دوای ڕه‌شه‌باکاندا ڕایده‌کرد
ئه‌ی زریکاند: توخوا بمبه‌نه‌وه‌ بۆ ئامێزی سپی دایکم
توخوا بمبه‌نه‌وه‌ بۆ لای کۆترو بووکه‌شوشه‌و
به‌رخه‌کانی یاریکردن
توخوا بمبه‌نه‌وه‌
له‌م بیابانه‌دا ترس خه‌ریکه‌ دڵم بخوات.
(به‌رائه‌ت نامه‌ی خواوه‌ند لێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات
که‌ له‌سه‌ر سه‌رابی بیابان بۆ ئه‌و منداڵه‌ی نووسیبوو
ئه‌و منداڵه‌ی له‌ بیابانه‌کانی ئه‌نفاله‌وه‌ هاواریده‌کرد
توخوا بمبه‌نه‌وه‌ بۆ ئامێزی سپی دایکم
ترس خه‌ریکه‌ دڵم بخوات.
خواوه‌ند ئه‌مه‌ی بۆ نووسیبوو،
ئه‌ی په‌پووله‌ ئه‌ی گوڵی ئاو
ئه‌ی گه‌ڵای تیشکه‌کانی خۆر
چۆن دڵم دێت چۆن به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ ده‌گرم
چۆن دڵم دێت تۆو بووکه‌شوشه‌و کۆترو
سێو فڕێده‌مه‌ دۆزه‌خی ئه‌نفاله‌وه‌
دۆزه‌خی ئه‌نفال چییه‌!؟
به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ ناگرم
گوڵه‌ گیان ئه‌ی ئه‌ستێره‌ خوێناوی یه‌که
به‌ دایکت، به‌ نیشتیمانه‌که‌ت بڵێ
به‌کۆتره‌ بێوه‌ژنه‌کان بڵێ
خواوه‌ند فه‌رموویه‌تی ئه‌نفال پۆستاڵێکه‌ عه‌گال به‌سه‌ر
پێ به‌گوڵه‌کانی نێوانماندا ده‌نێ
ئه‌نفال ته‌ورێکه‌ ئه‌و دارسێوانه‌ له‌توپه‌ت ده‌کات
که‌ ئێوه‌ به‌وان دا، ده‌هاتن بۆ لای من و
منیش له‌ ڕه‌نگی سێوێکه‌وه‌
خوڕ خوڕ ده‌ڕژامه‌ رۆحی ئێوه‌وه‌
ئه‌نفال به‌ردێکه‌ ئاوێنه‌ی ئه‌و کانییانه په‌راش په‌راش ده‌کات
که‌ ئێوه‌ له‌و ئاوێنانه‌وه‌ منتان ده‌بینی و
خۆتان بیرده‌چوو
ئه‌نفال ته‌مێکه‌ ئه‌و په‌نجه‌رانه‌ داده‌پۆشێ
که‌ ئێوه‌ له‌و په‌نجه‌رانه‌وه‌ سه‌یری بارانتان ده‌کرد
تا دڵۆپێک پێکه‌نینی من ببینن
ئه‌نفال ئاگرێکه‌ نه‌فره‌تی
ئه‌و به‌فرانه‌ ده‌خواته‌وه‌
که‌ ئێوه‌ له‌هه‌ر کلویه‌کی دا، له‌ خه‌یاڵی مندا ون ده‌بوون
ئه‌نفال وه‌رزێکه‌ له‌ دۆزه‌خ، دڵی پڕه‌ له‌ جه‌للاد‌
ئه‌و گه‌ڵایانه‌ ده‌وه‌رێنێت
که‌ ناونیشانی په‌پووله‌و دارسێوه‌کانم لێ نووسیبوون
تا له‌کاتی ته‌نیایدا خه‌مبارنه‌بن و
به‌ گه‌ڵایه‌کا بچن بۆ ماڵی په‌پووله‌کان و
سێوێک له‌ خه‌یاڵ و روناکی بخۆن
ئه‌نفال قڕکردنی شه‌هێن و بازو نه‌وره‌سه‌کان بوو
ئه‌و باڵندانه‌ی له‌ کاتی فڕیند
ته‌نیایی ئاسمانیان پڕده‌کرد له‌ جوانی و ده‌نگ
ئه‌نفال بۆ سڕینه‌وه‌ی ئێوه‌بوو به‌ ناوی منه‌وه‌
بۆ زیزبوونی ئێوه‌بوو له‌من
بۆ ئه‌وه‌ی تا دونیا دونیایه‌
کورد دڵی به‌ شکاوی بمێنێته‌وه‌
ئه‌نفال لافاوێکبوو له‌ لم ئه‌و ماسییانه‌ی کوشت
که‌ له‌ چریسکه‌ی پوله‌که‌کانیاندا ده‌ڕژانه‌ منه‌وه‌
ئه‌نفال گه‌رده‌لوولێکه‌ له‌ تاریکیی
ئه‌نفال زریانێکه‌ له‌ به‌رد
دیوارێک له‌ نێوان من و ئێوه‌و مانگ و ئه‌ستێره‌کاندا
هه‌ڵده‌چنێت،
تا ئێوه‌ له‌ تریفه‌ی مانگ و
ورشه‌ی ئه‌ستێره‌کاندا
بۆ من نه‌گه‌ڕێنن و
به‌ کۆڵێک بێهووده‌یی و به‌کۆڵێک ئاخ و داخه‌وه‌
بڵێن: ئاخ که‌رامه‌تی نیشتیمانمان
به‌ ئاسمانه‌وه‌ هه‌ڵواسرا.
1995


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە