کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

رەفعەت هەڵەبجەیی

ئەندامی پێشووی ستافی کوردستانپۆست، رەفعەت هەڵەبجەیی سەر لە بەیانی رۆژی یەكشەممە، 07 / 06 /2020 بە نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.


ئەوەی لەپارتی نزیك بێتەوە بێجگە لەشکست هیچ ناچنێتەوە

Tuesday, 08/10/2013, 12:00







ئەوەندەی تەجروبەم هەبێت لە لەژیانی سیاسیمدا نەمبینوە لایەنێکی سیاسی گۆڕەپانی کوردستان توانیبێتی کاریگەری ئەرێنی واتە ئیجابی هەبێت لەسەر پارتی یاخود نەمبینیوە کەسێك توانیبێتی ئەندامێکی پارتی بگۆڕێت.
بە پێچەوانە هەرلایەنێکی سیاسی کوردستان لەگەڵ پارتیدا حکومەتی پێك هێنابێت یاخود هاوپەیمانی کردبێت تووشی شکست و پاشەکشێ هاتووە باشە هۆکارەکەی چیە؟
پارتی تەنها حیزبی کوردیە تاکو ئێستا سەنتەری بڕیاردانی لە بازنەی بنەماڵەی بارزانیدا نەچۆتە دەرەوە واتە هیچ ئەندامێکی پارتی لەهەر ئاستێکدا بێت بۆی نیە خاوەنی بڕیار بێت جگە لە بنەماڵەی بارزانی هەر ئەمەشە بۆتە خاڵی بەهێزی مانەوەی ئەو حیزبە.
پارتی ئەو حیزبەیە کە بەرژەوەندی خودی بنەماڵەی بارزانی لەسەرووی بەرژەوەندیە نیشتمانی و نەتەوەیی یەکانەوە دەبینێت واتە هەرکاتێك بەرژەوەندی بنەماڵە بکەوێتە مەترسی یەوە هەرهەموو هێڵە سورەکان سەوز دەبن و هەموو حەرامە سیاسی یەکان حەلاڵ دەبن هەوەکو ئەوەی کە لە ٣١ی ئابدا ڕووی دا.
ستراتیژی نەتەوەیی لەناو پارتیدا لە دووربینی ستراتیژی بنەماڵەوە سەرچاوە دەگرێت ئەگەر هەموو دوژمنانی کوردستان لەهەرچوار پارچەدا دژایەتی میللەتەکەمان بکەن ئەوان بەلایانەوە گرنگ نیە بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئەوان پەیوندی پارتی بنەماڵە لەگەڵ ئەواندا چۆن بخەنە خزمەتی خۆیانەوە هەروەکو دژایەتی تورك بۆ شۆڕشی باکورو دژایەتی ئێران بۆ کوردی ڕۆژهەڵات و
بۆردومانکردنی بەردەوامی ئەو دوو ووڵاتە بۆسەر خاکی کوردستان و شەهید کردنی دەیان هاوڵاتی کورد کەچی سەرۆکی پارتی نەك هەر وورتەی لێوە نایەت بەڵکو چەندین سەربازگەی تورکی فاشیشی لە دەڤەری بادینان مۆڵ داوە بۆ پاراستنی پارتی بنەماڵە لە هەرڕوبەڕبونەوەیەکی هاوشێوەی ٣١ی ئاب و هێرشەکانی ساڵی ١٩٩٧ بۆ سەر پەکەکەو یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
پارتی بنەماڵە هەرگیز بڕوای بە هاوپەیمانی شەراکەتی ڕاستەقینە نیە بەڵکو ئەو تەنها بڕوای حیزبی قائیدو برای گەورە هەیە لەگەڵ هیچ پارتێکیش شەراکەت ناکات ئەگەر نەبێتە پاشکۆی.
جەماوەری کوردستان بەگشتی و یەکێتی بەتایبەتی هێشتا لە خیانەتەکانی پارتی نەگەیشتوون یان تێگەیشتوون و بوێریان تێدا نیە باسی بکەن، ئەگینا ٢٢ ساڵە پارتی لەڕێگەی تەزویرو خۆسەپاندنەوە دەسەڵاتی خۆی فەرز کردووە بەسەر جەماوەری کوردستاندا نە لایەنە سیاسی یەکان و نە جەماوەر وورتەیان لێوە نایەت بگرە پاشکۆیەتی دەکەن و مەرایی بۆ دەکەن.
٢٢ ساڵە یەکێتی بەشێوەی بەناو شەراکەت هاوپەیمان و هاودەسەڵاتی پارتی بنەماڵەیە بەڵام لەواقعدا یەکێتی لەبرابچوکێك و پاشکۆیەك و کۆیلەیەکی بنەماڵە بەولاوە شتێکی تر نەبووە. پاشکۆ بوونی یەکێتی بۆ پارتی بنەماڵە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی عێراقەوە دەستی پێکرد بە تایبەتی دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری لەلایەن تاڵەبانی یەوە .
سەرانی یەکێتی تاڵەبانی سکرتێری حیزبەکەیان بە عەسای سیحری و کاریزمایەك دەزانن بۆ حیزبەکەیان کەچی ئەو ڕاستیە لەبەرچاو ناگرن کە تاڵەبانی لەبەر خاتری پۆستی سەرۆک کۆماری مەیدانی چۆڵ کرد بۆ پارتی و دەسەڵاتی کوردستانی لەسەر سینیەک لەزێر پێش کەش کرد.تاڵەبانی وەکو ئەو تیمساحە وایە کە بێچوەکانی خۆی دەخوات دواتر فرمێسکیان بۆ دەڕێژێت ئەویش یەکێتی گەیاندە لێواری مەرگ کەچی لە دوا هەناسەکانی ژیانیدا بیری دەکەوێتەوە کەچ خیانەتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دژی حیزبەکەی خۆی و جەماوەری کوردستان ئەنجام داوە بۆیە خێرا پەنا دەبات بۆ نەوشیروان مستەفاو هەوڵ دەدات لە پەیمانی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا بکشێتەوەو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانی دەباشان لەجێگەیدا پێك بهێنێت بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا ئەوە بکات. لەماوەی هەشت ساڵ سەرۆ ک کۆماری ئەودا بارزانی حیزبەکەی بونە ڤایرۆسێکی شێرەپەنجەو چونە لەشی حیزبەکەی تاڵەبانی یەوەو گەیاندویەتی یە لێواری مەرگ. سەرانی یەکێتی دەیانەوێت شکستی حیزبەکەیان بە پاساوی جۆراو جۆر بشارنەوەو جەماوەری خۆیان کوردستانیشی پێ چەواشە بکەن و بڵێن کەوا کاریگەڕی بزوتنەوەی گۆڕان بووە لەسەر یەکێتی یاخود نەمانتوانیوە خزمەتی جەماوەر بکەین یاخود گەندەڵی سەرانی یەکێتی بووە ڕاستە ئەمە هۆکارێکە بەڵام بەبۆچونی من تەنها هۆکارێکی سەرەکی و ڕاستەقینە کەوا بۆتە هۆی شکست خواردنی یەکێتی نیشتمانی هاوپەیمانی ستراتیژی و پاشکۆبوونی سەرانی یەکێتی یە بۆ بنەماڵەی بارزانی .
بەدەیان هەزار کادیرو جەماوەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان دژی هاوپەیمانی ستراتیژی وحکومەتی شەراکەتە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا بۆیە من پێم وایە جەماوەرێکی زۆری یەکێتی لەهەڵبژاردنی ئەم جارەدا دەنگیان بە بزوتنەوەی گۆ ڕان داوەو سزای حیزبەکەی خۆیان داوە.
نێچیرەڤان بارزانی کە کەسی دووەمی پارتی و بنەماڵەی بارزانی یە لەهەمان کاتدا سەرۆکی حکومەتە لە هەموو کابینەکانی حکومەتدا ڕۆڵێکی زۆر کوشندە دەبینێت لە خەساندنی وەزیرانی لایەنەکانی شەریك لە حکومەتدا کە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە.
نێچیرەڤان بارزانی کەسایەتی وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکانی شەریکە کابینەی حیزبەکەی خۆی خوێندۆتەوە و ئەوە دەزانێت ئەو کەسانە لە ئاست پارەو موچەو ئیمتیازاتدا خۆڕاگر نین و زۆر زوو تەسلیم دەبن ئەویش بە پارەی دزراوی میللەت دەستیان بۆ شل دەکات و دەیانکات بە جاسوس بەسەر حیزبەکانی خۆیانەوە چەندین وەزیرو لەوانیش باڵاتر دەناسم ئەوەندە وەلایان بۆ نێچیرەڤان بارزانی هەیە ئەوەندە وەلایان بۆ حیزبەکەی خۆیان نیە تەنانەت لەکاتی پێویست و لەکات قەیرانەکانی پارتیدا ئەم کەسانە وەکو هێور کەروەو ناوبژیوان و زۆرجاریش لە کپ کردنی دەنگە ناڕەزایی یەکانی دژ بە پارتی بەکاریان دەهێنێت .
من هوشیاری دەدەمە بزوتنەوەی گۆڕان سوود لەهەڵەکانی وەزیرەکانی یەکێتی و یەکگرتوو و حیزبە بچوکەکانی تر وەربگرێت چونکە نێچیرەڤان بارزانی ترسناکترین کەسایەتی ناو پارتی بنەماڵەیە مەسعود بارزانی کوڕەکەی بە توندی و بە ئاشکرا ڕووی دیکتاتۆری خۆیان بۆ جەماوەری کوردستان و لایەنە سیاسی یەکان ئاشکرا دەکەن بەڵام نێچیرەڤان بارزانی بە هێمنی و میانڕەوی و کڕینی وەلای حیزبە کوردیەکان بە گەورەو بچوکەوەو دواتر کڕینی وەزیرو ئەندام پەرلەمان و کاربەدەستە باڵاکانی لایەنەکان لەڕێگەی ئیغرائاتی مادیەوە هیچ دوور نیە بەیانی دەست نەکات بە کڕینی وەزیرەکانی گۆڕانیش و بیانکات بە جاسوس بەسەر بزوتنەوەی گۆڕانەوە و بەهەمان چارەنوسی یەکێتی بەرێت.
بەکورتی کەسایەتی نێچیرەڤان وەکو سەرۆکی حکومەت ئەو کارەی پێ سپێردراوە کەوا شەریکە کابینەکەی خۆی لە حیزب و لە وەزیرو لە کاربەدەستەباڵاکان فێری بەرتیل و ئیمتیازات و پارەخواردن بکات و گەندەڵیان بکات تاکو لەکاتی پێویستدا دژی حیزبەکانی خۆیان بەکاریان بهێنن لەم کارەیشیاندا بەدرێژایی کابینە یەک لەدوایەکەکانی حکومەتدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە.
پلنیۆمی یەکێتی ١٠ ی مانگ واتە پێنج شەممە لەشاری سلێمانی دەبەسترێت دڵنیام هەر لە ئێستاوە نێچیرەڤان بارزانی کۆبونەوە بە عیماد ئەحمەد دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ چوار ئەندامە دەسترۆیشتوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی قسە بکات و بە ئیغرائاتی مادی زۆر چەور کەخۆی لە پشکی نەوت و چەندین پۆستی وەزاری و سەدان ملیۆن دۆلاری دزراوی پارەی نەوتی میللەت دەخاتە بەردەمیان تاکو لەگەڵ گۆڕان نزیك نەبنەوەو کتلەی پەرلەمانی پێك نەهێنن و بچن لەگەڵ پارتیدا لە حکوممەت بەردەوام بن و کابینەی نوێ پێك بهێنن من دڵنیام کەوا مەکتەب سیاسیش زۆر ڕوو ئەستورن و جارێکی تر هەوڵی ئەوە دەدەن کە قەناعەت بە جەماوەرو کادیرانی خۆیان بکەن بۆ دووبارە بونەوە بە پاشکۆی پارتی . ڕاستە کەوا گروپی مەکتەب سیاسی دەوڵەمەندتر سەمایەدار تر دەبن بەڵام جەماوەری یەکێتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئاگادار دەکەمەوە کەوا ئەگەر بێت و جارێکی تر یەکێتی بچێتە کابینەی نوێ لەگەڵ پارتیدا بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان دەبنە حیزبی چوارەم و شکستی گەورەتر دەخۆن
جا بۆیە داوا لەدڵسۆزانی یەکێتی دەکەم کەوا بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نەدەن یەکێتی تاك لایەنە بچێتە ناو حکومەتی نوێوە.
چونکە ڕابووردوو ئەو ڕاستیەی سەلماندووە هەر لایەنێك کابینەی لەگەڵ پارتی پێك هنابێت نەوەك هەر نەیتوانیوە چاکسازی بکات بگرە زیاترو زیاتر کۆمەڵگاو جەماوەرەکەیان گەندەڵ کردووە جا بۆیە جارێکی تر دەڵێم ئەوەی لە پارتی نزیك بێتەوە جگە لە شکست هیچ ناچنێتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە