کوردی باشوور بەرەو نەمان و تواندنەوە دەچێت
Thursday, 02/10/2014, 12:00
2007 بینراوە
گەلێک هەمووی خانەنشین و موچەخۆری بەر سێبەری دەسەڵاتە. گەلێک نیوەی زیاتر لە گەنجەکانی پاسەوانی بەر قاپی خاوەن خزمەتکارەکانە. گەلێک گەنجانی زۆربەیان شەوانە لەناو قولەکاندا باوێشک دەدەن و گەنجێتی خۆیان بەهەدەر دەدەن بۆ بەرپرسە پیسخۆرەکان. گەنجەکانی وڵاتەکەم شەوانە خزمەتکار و کۆیلەی بەردەم پیاوە سەر بۆیاخەکراوەکانن، دوای قوزەڵقورتکردنی خواردنەکنیان، ئەم گەنجانە دوایی چایان بۆ دەگێڕن و ئاگر لەنێرگەلەکانیان بەر دەدەن، پشتاو پشت دەگەڕێنە دواوە، دەڵێن: "قوربان کارێکی ترتان نییە؟"
ئەمڕۆ لە کوبانی کوردستانەکەم شەرڤانەکانی یەپەکە گیانیان بەخت دەکەن و لە باشوریش خەڵکی گفتوگۆ دەکەن لەسەر هاتنی موچە و دەنگوباسی بەهەدەردانی سامانی وڵات. قولەکانی شار و ناو گەڕەکەکان پێمان دەڵێن ئێمە لەماوەی ئەم ٢٣ساڵەی دەسەڵاتی کوردییدا چ جەهەنەمێکمان بۆ ئەم گەلە خوڵقاندوە! ئەو گەنجانە جگە لە بەسەربردنی کات و بەهەدەردانی تەمەنیان لەبەردەم بەرپرس و شایەر و حاکم و ژن و منداڵی بەرپرسەکان هیچ ئەرکێکی تریان پێ نەسپێردراوە. بۆ سووککردنی ناوی پێشمەرگە، هەموو ئەمانە کە لەلای ئەم بەرپرسانە کاردەکەن وەک باخەوان و چاگێر، قاپیەوانی بەردەگای ژنە لەشفرۆشەکان، عەلاگە هەڵگر و دایبی کڕی ماڵ و مناڵی بەرپرسەکان، هەموویان پێیان دەڵێن "پێشمەرگە". ئەوان بەپلان دەیانەوێت ناوی پێشمەرگە و بەرزی کەسایەتی پێشمەرگە کاڵکەنەوە، ئەوان دەیانەوێت بڵێن پێشمەرگە لە مێژووشدا هەمان ئەو کەسایەتییە بووە کە ئێستا لە قولەکانی بەر ماڵە بەرپرسەکاندا خۆیان دەلێسنەوەو کلکەلەقێ دەکەن.
کێن ئەوانەی لە قولەکاندا شەو و ڕۆژ دەبەنە سەر؟
بەڵێ ئەوانە ئەو کەسانەن کە دەرچووی زانکۆ، پەیمانگا و ناوەندەکانن، بەشێکی تریان ئەو گوندییانەن کە دەسەڵاتی کوردی لە ڕێگەی داگیرکەرانی تورک و فارسەوە بەپلان نەیان ویستوە کە گوندەکانیان لە دوای ئەنفال ئاوەدان بکەنەوەو هێناونی لە ڕێگەی جۆراو جۆرەوە کردونی بە چەکدار موچە خۆری بەر سێبەر، خۆیان وتەنی مووچەخۆری بندیوار. ئەمە داڕزاندنی ئەخلاقە لەم وڵاتەدا ئەوانە هەموو لە فێڵکردندا یەقیان کردۆتەوە، بە قسەی خۆیان هەمووشیان بە دوای ئازادییدا وێڵن و کەچی بە ناشرینترین شێوە سووکایەتی و کۆیلەبوونیان قبوڵ کردووە ئەمانە کەسانێکن تەنها دەیانەوێت موچە وەرگرن و دواییش لایان گرنگ نییە ئاغاکانیان چ جۆرە کەسێکە؟ بەلایانەوە گرنگ نییە ئەمەی دەیکەن ناشرینترین کار و پیشەیە، ئەوەی لایان گرنگە ئەوان بگەنە چڵکاوی ئەو کەفی عەمامەی ئاغاکانیان وسکی خۆیانی پێ دەر دەکەن. نیشتمانی ئێمە پڕ بووە لەکەسی کۆیلە، هیچ داهاتویەک نابینی، نەخۆشی و داماوی و چڵکنی و قەرەباڵغی شار و گەرەک و ناو کۆڵانەکان پێت دەڵێت ئای خودایە ئێمە لە چ جەهەنەمێکدا دەژین؟
قولەی بەر ماڵەکان وێنەیەکی هێندە ناشرینە دەڵێی بڵقی سەر دەموچاوە بەکوێدا گوزەر بکەیت قولەیەک کابینەیەک دەبینی کە چەند بەرگ بۆرێکی تێدایە و سەر بە بەرپرسێکی ترسنۆک و تڕۆن، هەندێک لەم بەرپرسانە لەزەت لەم کۆیلانە دەبینن لە شاردا لە بەردەمی ماڵەکەی کە داگیریان کردووە پاسەوانێک وەک سەگێکی بەوەفا ئێشکی بۆ دەگرێت و کە دەچنە دەرەوەی شار بۆ باخە تەلبەند کراوەکەی خۆیان چەند چەکدارێک بەناوی پاسەوانییەوە لەگەڵ خۆیاندا دەبەن، لەڕاستیدا ئەمانە خزمەتکاری سوک و بێ کەسایەتین و لەوێ خەریکی زەلاتەکردن و چێشت لێنان و نێرگەلە ئاگر دانن و پێک تێدەکەن بۆ بەرپرسەکان و دواییش ئەمە دەبێتە مێژووی پێشمەرگە، وەک پێشمەرگەیەک خانە نشین دەکرێت بەپلەی لیوا عەمید، عەقید و ئەفسەر.
من کاتێک لەو گەنجانە دەڕوانم هەست دەکەم کورد بوون لەم باشوری نیشتمانەدا بۆتە شەرم، هیچ شتێک نەماوە پیاو شانازیی پێوە بکات.
قولەی ناوگەڕەکانی شار پێمان دەڵێن ئێمە بەچ ئازادییەک گەیشتوین؟ بەعسیەکان کە داگیریان کردبووین و ئەوان حاکمی شار بوون ئاوا گەڕەکەکانیان تژی نەکردبوو لە قولە، ئەم بەرپرسە خۆفرۆش و ترسنۆک و کۆیلەی داگیرکەرانە، هێندە لەناشرینیدا داهێنانیان کردوە، پیاو قێز لە هەموو شتێک دەکاتەوە. بۆ نمونە ماڵە بەرپرسێکیان پیشان دام کە زیاتر لە ٣٠ ئۆتۆمۆبیل لە حەوشەکەیدا ڕاگرتوە، یاخود ترسنۆکێکی وەک وەستا حەسەن کامێرای داناوە و لای خەڵکی بڵاوی کردۆتەوە، کە ئەو کامێرایە ناشازە و بە ٣٠ دەفتەر دۆلار لە هەموو جێگاکاندا چاودێری دەکات، ئەمە بڵاو دەکاتەوە گوایە ئەمان مێشولەش ڕاو دەکەن. یاخود ئەم بەرپرسە ترسنۆکانە چونکە بە پیری و بە پارەی دزراو گەیشتوون باس و کۆڕو کۆبونەوەکانیان تەنها باسی داو و دەرمان، گیا خۆراکاکانە لەخەمی "دوا ناوگەڵیاندان" و دەیانەوێت وەک سەرە بۆیاخکراوەکانیان ناوگەڵیشیان لە کار نەکەوێت، ئەمە لوتکەی داڕزانی ئەخلاق و کەرامەتە لەم باشورەدا کە بە پلان ٢٣ ساڵە ئەم دەسەڵاتە کاری لەسەر دەکات. نیشتمان و پرسیاریی و ئازادیی لای هەموو ئەم بەشەرانە بوونی نییە، گەنجانی کورد بیر لە شۆڕش ناکەنەوە بەڵکو لە هەوڵی ئەوەدان لە یەکێک لە قولەکاندا ئەوانیش ئێشک بگرن و ببنە باخەوان و حەماڵی زەمیلەی ژنە بەرپرسەکان کە بۆ خۆشیی و پشو دێنەوە نیشتمان.
نیشتمانی ئێمە بەقۆناغێکی مێژووی تاڵدا دەڕوات، ئەمڕۆ ژیان لێرە بەبێ پلان دەگوزەرێت، باڵەخانە و ماڵەکان کە تێیان دەڕوانی تەنها سەحنی سەتەرلایتەکان دەبینی، شار وەک خۆڵ ئۆتۆمبیلی لێ کەڵەکە کراوە بەکوێدا دەڕۆیت ئاسنێکی گەورە و گران ڕەزاگران راگیراوە، مرۆڤەکانی ئێرە کۆیلەی هەموو شتێکن، قولەکان کۆیلەکانمان جوانتر پێدەناسێنێت.