ڕابیتەی ئیسلامی و دەزگای خێرخوازی بارزانی دوو ڕووی یەک دراون
Monday, 28/11/2011, 12:00
ڕابیتەی ئیسلامی کورد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی ١٩/١١/٢٠١١ ڕایدەگەیەنێت کە پرۆژەیەکیان لە لایەن دەزگای خێرخوازی (بارزانی)ەوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا ڕاگەیاندنیکی (عەلی قەرەداغی) سەرۆکی ڕابیتەی ئیسلامی کورد خوێنرایەوە، لەو ڕاگەیاندنەدا هاتووە کە (موچەی ٥٠٠٠ مناڵ) کە پێشتر لە لایەن ڕابیتەی ئیسلامی کوردەوە دابەش دەکرا ئێستا لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانیەوە داگیرکراوەو پرۆژەکەیان بۆ خۆیانیان بردوە، ڕێکخراوی مانگی سوری (ئیمارات)ی کەفالەتی موچەی ئەم (٥٠٠٠) مناڵانەی کردوە، سەرچاوی هەوڵ بڕواننە ماڵپەری ئاوێنە ڕۆژی ١٩/١١/٢٠١١.
دەزگای خێرخوازی بارزانی لە دوای ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەی ڕابیتەی ئیسلامی ڕونکردنەوەیەکیان بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت: ڕێکخراوی مانگی سوری (ئیمارات)ی بەفەرمی بڕیای داوە ئەو بڕە یارمەتیەی ساڵانێکە بۆ مناڵانی بێ باوکی هەرێمی کوردستانی دەنێرن لە ڕێگای دەزگاکەمان دابەش بکرێت، سەرچاوی هەواڵ بڕواننە دەزگای هەواڵ و بەدواداچوونی کوردستان_پەیامنێر ڕۆژی ١٩/١١/٢٠١١.
ڕابیتەی ئیسلامی و دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنگرە و ڕاگەیاندن و ڕونکردنەوەکانیاندا باسی ئەوە دەکەن، کە ئەوان دەیانەوێت دوور لە سیاسەت و جیاوازی بە ئەرکی خێرخوازی خۆیان هەستن و تەنها ئامانجیان خزمەتی مناڵانی بێ باوکی کوردستانە، لە ڕاستیدا هەر لە سەرەتاوە هەردوو لایەن کە ئێستا لە ململانێیەکی سەختدان لە گەڵ یەکتردا، فریوکاریەکی گەورەیان بەخشیەوە کە گوایە ئەوان کاری سیاسی ناکەن و تەنها دەزگا و ڕێکخراوی خێرخوازین، بەڵام ئەوەی ئێستا لەسەر گۆڕەپانی واقیعدا دەبینرێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن و نوسەر و ڕۆژنامەنوسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە ڕێگای وتار و نوسین و ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەوانی و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە کەمپینێکی ڕاگەیاندنی گەورەیان لە دژی یەکتر بەڕێخستووە، لە ڕوکەشدا ململانێکە لە نێوان ڕابیتەی ئیسلامی و دەزگای خێرخوازی بارزانیدایە، بەڵام هیز و ئیلهام بەخشی پشتی ئەم دوو ئۆرگانە حیزبە سیاسیەکانیانن، بۆیە لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە، بۆچی لە ئیستادا کادیر و ڕۆژنامەنوسانی ئەم دوو حیزبە لەسەر ئەم ئاڵوگۆڕە سەنگەریان لەیەکتر گرتووە؟ ئایا نهێنی و مشتەی ناو هەمانەکەی ئەم خێرخوازیەی ڕابیتەی ئیسلامی و دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کوێدایە؟.
لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ئازاری ١٩٩١دا، بەشێک لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانی کەنداوی عەرەبی بۆ بەرگرتن لە گاریگەری کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک دەسەڵاتێکی شیعە مەزهەب لەسەر هەلومەرجی سیاسی کوردستان و، ڕێگرتن لە نفوسی کۆمەڵایەتی ئەو حیزبە ئیسلامیانەی هاوکاریان لە جمهوری ئیسلامی ئێرانەوە وەردەگرت بۆ جێخستنی بەشێک لە بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتە، لە ژێر ناوی کۆمەک و هاوکاری و کاری خێرخوازی هەستان بەناردنی پارە و موچە بۆ کوردستان لە ڕێگای ڕابیتەی ئیسلامیەوە، سەرەڕای هەر خیلاف و جیاوازیەکی بیروڕای دەسەڵاتدارانی ئیمارات لە گەڵ تەوژمی ئیخوان موسلیمین بەڵام لەو کاتەدا ئەو کارە بۆ ئەوان گرنگیەکی چارەنوسسازی هەبوو، بەڵام ئێستا واقیعەکە گۆڕاوە بۆیە شێواز و ئۆرگانی دابەش کردنی یارمەتیەکەی ئیماراتیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
ڕابیتەی ئیسلامی بەسود وەرگرتن لە گەمارۆی ئابوری و شەڕی ناوخۆ، بوونی دەسەڵاتێکی تاکو سەرئێسقان گەندەڵ و دژی ئاوات و ئارەزوەکانی خەڵکی کوردستان، توانی پیلان و پرۆژەی سیاسی خۆی بۆ بەهێز کردنی یەکگرتووی ئیسلامی، لە ڕێگای موچەی مناڵانەوە بەرێتە ناو هەزاران خێزان، ئەگەر چی ڕابیتەی ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی خێرخوازی خۆی پێناسە دەکات، بەڵام ئەم ڕێکخراوە لە ڕێگای ئەزمونێک کە ئیخوان موسلیمین لە بەشێک لە وڵاتەکانی دنیادا هەیانە، توانیان بە ماسکی خێرخوازیەوە کار بۆ ئەجندایەکی سیاسی داریکراو بکەن، ئەم دەزگا بەناو خێرخوازیە لە چوارچێوە گشتیەکەی و ئاڕاستەی کارە ئامانجدارەکانی بەردەوام خەریکی تەغزیە کردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە.
ئەم ڕێکخراوە بەردەوام کە موچەی گەیاندۆتە دەست هەر خێزانێک لە ڕێگای مناڵەکانیانەوە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئیستیغلالی ئیرادە و بیروباوەڕی گەورەکانیان کردوە، مناڵان بۆ ڕابیتەی ئیسلامی ئەو ئامرازانەبوون کە کۆنترۆڵی دۆخی ژیان و سونەت و بیرکردنەوەی خێزانەکانی بۆ فەراهەم کردون، مناڵان بۆ ڕابیتەی ئیسلامی ئەو پردە بوون کە بەسەریاندا پەڕینەوە بۆ ئەندامگیری و بەهێزکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەم ڕابیتەی ئیسلامیە کاتێک موچەی داوەتە منداڵێک مەرج بووە لەسەری کە لەمزگەوتێک قورئان بخوێنێت کە بیناکەی یان (هیئە الاغاپە الاسلامیە) دروستی کردبێت یان ڕابیتەی ئیسلامی، مەلای مزگەوتەکەش کادیرێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بێت، سەیری ئەم هاوکێشەیە بکەن چ تۆڕێک دانراوە بۆ ڕاوی خێزانە هەژار و کەم دەرامەتەکان.
لە کاتێکدا مناڵانی بێ باوک موچەیان لە ڕابیتەی ئیسلامی وەرگرتووە، پەیوەندی خێزانەکانیان لە گەڵ کۆمەڵێک کادیری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بووە، چ وەک فەرمانبەری ئۆرگانەکانی ڕابیتەی ئیسلامی چ وەک ئەو مەڵبەند و حوجرە و مزگەوت و ماڵانەی وانەی سیاسی و ئاینی تێدا خوێنراوە، هەر کاتێک منداڵی خێزانێک ئەم موچەیەی وەرگرتبێت پاش ماوەیەک کاریگەری و نفوسی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەو ماڵەوە دیاربووە، من بۆ خۆم شاهیدی چەندین نمونەی لەو جۆرەم، خێزانێک تەنها لەبەر ئەوەی مناڵێکیان موچەی هەبووە دەبوایە دایکی بەشداری ئەو بۆنەو یادانەی بکردایە کە یەکگرتووی ئیسلامی سازی دەدا، دەبوایە براکەی لەو مزگەوتە نوێژی بکردایە کە مەلاکەی یەکگرتووی ئیسلامیە، خوشکەکەشی مامۆستایەکی ئافرەتیان بۆ دادەنا تاکو وانەی قورئانی پێ بڵێت و ئامۆژگاری بکات کە حیجاب بپۆشێت، ئەمەیە کاری خێرخوازی و دور لە سیاسەت.
تەنانەت لە پشتی داهات و پارەی ئەم ڕابیتەی ئیسلامیە شەوانی ڕەمەزان کادیرەکانی یەکگرتوو لە ماڵەکاندا خەڵکیان کۆدەکردەوە، خواردن و شیرینی و میوەیان دابەش دەکرد، خەڵک هەبوو تەنها لەبەر نەبوونی و گرانی ئامادەبوو بڕوات و سکی خۆی و مناڵەکانی تێر بکات، لە کاتێکدا ڕابیتە مەسروفی ئەم ماڵانەی دەکرد کە کادیرەکانی یەکگرتوو بە ژن و پیاوەوە بەڕێوەیان دەبرد، چەند ماڵێک لەولاوە کە بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی و سۆفیەکان بەهەمان شێوە خەڵکیان کۆدەکردەوە ئامادە نەبوون ١ دیناریان بۆ سەرف بکەن، ئەمەیە جیاوازی نەکردن و یەکسانی لای ڕابیتەی ئیسلامی کورد.
ئەوەی ئێستا ڕابیتەی ئیسلامی شینی بۆ دەکات هەریسەکەیە نەک ئەوەی کە موچەی مناڵەکان بەیەکسانی دابەش ناکرێت و دەدزرێت، هەر کەسێک بە سادەی سەیری ئەم تۆڕی پەیوەندی و پیلانە بکات کە ڕابیتەی ئیسلامی دایناوە تێدەگات خۆ سورکردنەوەو کەمپینی ڕاگەیاندنی ئێستایان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.
دەزگای خێرخوازی بارزانی کە جۆرێکی ترە لەو ئۆرگانانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت لەو ڕێگایەوە (بارزانی) پیرۆز و ڕۆحانی بکات، لەم جۆرە دەزگایانە لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیەو بەفراوانی کار لەسەر ئەم چەمکە دەکەن، چەمکی پیرۆز کردن و بەڕۆحانی کردنی سەرکردەکان، دەزگای خێرخوازی (قەزافی) لە لیبیا نمونەیەکی بەرجەستەی ئەم پەیامەیە، پارتی دەیەوێت لە ڕێگای ئەم دەزگایەوە پردی پەیوەندی خۆی و قوربانیەکانی دەستی زوڵم و چەوساندنەوەکانی خۆی دروست بکاتەوە، ئاشکرایە وەک چۆن یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان یەکەمین سودمەندی سیاسی پشت کارەکانی ڕابیتەی ئیسلامی کوردە، هەروەها پارتیش سودمەندی یەکەمی پشت کارەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانییە، لە کاتێکدا (٢٠٠) خانوی پلاستیکی ڕەوانەی شاری وان دەکرێت بەهۆی بومەلەرزەوە، ئەوە (مەسرور بەرزانی)ە لە ڕێوڕەسمەکەیدا ئامادە دەبێت، کاتێک لە وان کۆمەڵگایەک بەناوی (بارزانی)ەوە دروست دەکرێت ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە لە پشتی ئەم دەزگایە نفوسی خۆی پەرە پێ دەدات، ئیتر موچەی ئەو (٥٠٠٠) مناڵە بێ باوکانە لە ڕێگای کادیرەکانی پارتیەوە دابەش دەکرێت، ئیتر پەیوەندی نێوان خێزانەکان و ئەم دەزگایە بە جۆرێک ڕێکدەخرێت کە لە بەرژەوەندی پارتیدا بێت، ئیتر مناڵەکان وێنەی بارزانی دەبینن لە کاتێکدا موچەکانیان وەردەگرن.
ئەوەی گرژی خستۆتە نێوان ڕابیتەی ئیسلامی و دەزگای خێرخوزی بارزانی، شێوەی دابەش کردن و نەبونی متمانە نیە بە یەکتر، بەڵکو دەرک کردنە بەو ڕاستیەی کە ئەم موچەیە دەتوانێت هاوکێشەی نفوسی پارتی و یەکگرتوو لەناو ئەو خێزانانەدا ئاڵوگۆڕ پێ بکات، ئەگەر لەلای ئەم دوو لایەن خێرخوازە تەنها ئامانج گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییە بۆ ئینسان گەلێک کە ژیانیان ڕوبەڕوی ناڕەحەتی و سەختی بۆتەوە، ئەوا دەکرا دەزگای خێرخوازی بارزانی هەر تێبینیەکی لەسەر کاری ڕابیتەی ئیسلامی هەیە لە پەیوەند بە موچەی ئەو (٥٠٠٠) مناڵانەوە ئاڕاستەی بکردنایە، یان بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم پرۆژەیە تەنها ئامانج لێی تێرکردنی سکی برسیەکانە ئەوا دەکرا ڕابیتەی ئیسلامی ئەزمونی زیاتر لە ٢٠ ساڵی خۆی پێشکەش بە دەزگای خێرخوازی بارزانی بکردایە بۆ باشتر گەیاندن و دابەش کردنی موچەی ئەو (٥٠٠٠) مناڵە بێ باوکانە، ئەوەی کە باسی ئەوە دەکرێت کێ دەست پاکانە موچەکە دەگەیەنێت؟ یان کێ سەرەتا ئەم کارەی کردوە؟ یان کێ دڵسۆز و خەم خۆری ڕاستەقینەی منداڵە بێ باوکەکانە؟ یان ئەوەی کێ ئەم منداڵانەی هەتیوو بێ باوک کردوە؟ سەرجەم ئەم ڕستەو تەبریرانە لە چوارچێوەیەکی ئەخلاقیدا مەعنا پەیدا دەکات و، هیچ پەیوەندیەکی بە ناوەڕۆکی ڕوبەڕوبونەوەی ئێستای ڕابیتەی ئیسلامی و یەکگرتوو لە لایەک و، دەزگای خێرخوازی بارزانی و پارتی لە لایەکی ترەوە نیە، ڕوبەڕوبونەوە لەسەر هۆکاری کۆنترۆڵ کردنی (٥٠٠٠) خێزانە لە ڕێگای خێر و سەدەقەوە، لە لایەن دوو هێزی سیاسیەوە.
ئەوەی کە ڕابیتەی ئیسلامی کورد و دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکاتە دوو دیوی یەک دراو، ئەوەیە کە ئەم دوو ئۆرگانە هیچ کێشەیەکیان نیە لەسەر بەکارهێنای مناڵان وەک وەسیلەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ مسۆگەر کردنی ئامانجی سیاسی، ئەم دوو دەزگایە مناڵان وەک فریادڕەسی ئاوێتەبوون بە سەدان خێزان بەکار دەهێنن، ئەم دوو دەزگایە هیچ کێشەیەکیان نیە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە ناشایستەیەی کە ژیانی ئینسانەکانی تیدایە لە کوردستان، ئەم دوو دەزگایە خاوەن دیدێکی ئینسانی بەو جۆرە نین کە باوەڕیان وابێت مناڵ نابێت هیچ بیروباوەڕێکیان بەسەردا بسەپێنرێت تاکو دەگەنە تەمەنی گەورەیی، ئەگەر ڕابیتەی ئیسلامی کورد لە ڕێگای موچەکەیەوە سونەت و سروتی مەزهەبی بەسەر مناڵاندا دادەسەپێنیت، ئەوا لەمەودوا مناڵان سونەت و سروتی قەومی دەکرێتە کاڵاو دەبڕێت بە باڵایان، لە هەردوو جەمسەرەکەوە مناڵان کارئەکتەری یاریەکی دژی ئینسانی و دژی مناڵانەیە.
پارتی و یەکێتی زیاتر لە ٢٠ ساڵە سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان بۆ خۆیان دەبەن، پارتی و یەکێتی زیاتر لە ٢٠ ساڵە هیچ کەمتەرخەمیەکیان نەکردوە لە شەڕ و ئینسان کوشتن، ئەم دەسەڵاتە شیرازەی ژیانی هەزاران خێزانی تێکداوە، ئەم دەسەڵاتە چونکە نادادپەروەر و سەرچاوی گەورەترین گەندەڵییە، ئینسانی موحتاجی سەرەتایترین پێداویستەکانی ژیان کردوە، ئەم دەسەڵاتە لەبەر ئەوەی مافی یەکسان بۆ هاوڵاتی بەڕەوا نابینێت، ئەوا ئاشکرایە ئینسانەکان پۆڵین دەکرێن و جۆری ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە.
لە کوردستان ئەوەندە سەروەت و سامان و پارە هەیە، کە مناڵانی بێ باوک و هیچ ئینسانێک پێویستی بە خێر و سەدەقەی شێخ و مەلیکەکانی کەنداوی عەرەبی نەبێت، لە کوردستان ئەوەندە داهات و بودجەی زەبەلاح هەیە کە ئینسانی ئەم کۆمەڵگایە بە کەرامەتەوە بژی، هەر ڕۆژێک نەبیتە میوانی برسی و موحتاجی بەردەم دەرگای دەزگای خێرخوازی بارزانی و ڕابیتەی ئیسلامی کورد، لە کوردستان تەنها ئەو پارەیەیی دەکەوێتە ئۆقیانوسی گەندەڵی و لوش دەدرێت، تەنها ئەو پارەیەیی کە وەک موچەیەکی خەیاڵی دەکرێت بە قوڕگی وەزیر، پەرلەمانتار، سەرکردایەتی و بودجەی حیزبەکان، تەنها ئەو پارەیەیی کە دەدرێتە وەزیر و بەڕێوەبەرە خانەنشینەکان، تەنها ئەو پارەیەیی کە دەکرێت بە گەروی کۆمپانیا و پرۆژەکانی حیزب، تەنها ئەو پارانە بۆ خەڵکی کوردستان بەکار بهێنرێت ئیتر هیچ مناڵ و هیچ ئینسانێک پێویستی بەوە نابێت بەناوی خێرخوازیەوە یاری بە چارەنوس و ئیرادەیانەوە بکرێت، تەنها یەکێتی و پارتی لە داهات و سەروەت و سامان و بودجەی خەڵکی کوردستان ساڵانە بڕی ٦٠ ملیۆن دۆلار کە دەکاتە ٦٠ هەزار دەفتەر لە حکومەت وەک بودجە دەبەن بۆ حیزبەکانیان، سەرچاوی هەواڵ بڕواننە ماڵپەڕی لڤین پرێس ڕۆژی ٢٤/١١/٢٠١١، ئەگەر تەنها ئەو پارەیە بۆ خەڵک بگەڕێتەوە چ ئاڵوگۆڕێک لە ژیانی مناڵان و خەڵکی کوردستاندا ڕوو دەدات.
ئەگەر کەسێک دڵسۆزی مناڵانە و دەیەوێت ژیانی ئینسانی و شایستەیان هەبێت، ئەگەر دەزگا و ڕێکخراوێک دەیەوێت خەڵکی کوردستان بە کەرامەت و غروری ئینسانی خۆیانەوە بژین، ئەگەر هەر کادیر و هەڵسوڕاو ڕۆژنامەنوسێک دەیەوێت ئینسان وەک بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و خاوەن ئیرادە و بیروباوەڕی خۆی سەیر بکرێت، دەبێت هەموومان کار بۆ ئەوە بکەین کۆتایی بەو زەمینەو هەلومەجە دژی ئینسانیە بهێنین کە بۆ خەڵکی کوردستان بەرهەم هێنراوە، دەبێت مافی یەکسان و هاوڵاتی بوون و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ببێتە ئاڵای خەبات و بەرگری کردنمان، نەک جیاوازی کردن و شەرعیەتدان بە کارەکانی ڕابیتەی ئیسلامی و دەزگای خێرخوازی بارزانی، ڕابیتەی ئیسلامی کورد و دەزگای خێرخوازی بارزانی دوو ڕووی یەک دراون تکایە ئاگاداربن مەڕۆنە ناو شەڕەکانیانەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست