کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هاوسه‌ری ئەنفالكراوێک: ئەنفالچییەكان موچەكەیان پێنج ئەوەندەى موچەى ئەنفالەكانە

Friday, 15/05/2009, 12:00


"مێردەكەم لەسەر دەستی دوو كورد ئەنفالكراوە بە ناوەكانى (مۆفەق مەجید فاتە) ئێستا لەدووز نیشتەجێیەو كاربەدەستی حكومەتەو ئەوى دیكەیان (فایەق حەمە لالە) لەكەركوك نیشتەجێیەو كاربەدەستەو موچەكەى پێنج ئەوەندەى موچەى ئەنفالەكانە، كوا چییان لێ كردوون"، ئەمە قسەى (شازاد حسێن سەعید)ە، وەك ژنە كەسوكارێكی ئەنفالكراو دەربارەى جاش و موستەشارەكان.
لەو رۆژەدا زامی گەرمیانییەكان قوڵتر بووەوە، گریانی كەسوكارو دایكانی ئەنفالكراوەكان گەشتبووە عەرشی ویژدان، ئەوەى لەهیچ شوێنێكدا نەدەبینرا لەوێ بەدیت دەكرد، قیژەو فیزاحی ژنە كەسوكارى ئەنفال گەشتبووە ئاسمان، ژنێك دوو وێنەى كەسوكارەكەى بەدەستەوە گرتبوو، هەر لەگەڵ هاتنی یەكەم ئۆتۆمبیلی هەڵگری یەكەم رووفاتدا بە گریان و هاوارەوە دەیوت دەك رووتان رەش بێ مەسئولەكان، ئەوەتا جاشەكان بە بەرچاومانەوە دەسوڕێنەوە، هەموو خەڵكەكە زۆر توڕە بوون لەمەسئولە ئامادەبوو و ئامادەنەبووەكانیش.
گەنجێكی پاشماوەى ئەنفال لەكاتی مەراسیمی هێنانەوەى 187 ئەنفالكراودا بە توڕەییەوە لەبەرامبەر هەموو مەسئولەكاندا كە بە مەبەستی مەراسیمەكە هاتبوون بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن دواو وتى"19 كەسم ئەنفالەو ئەوەتا جاشەكان بە بەر چاومانەوە دەسوڕێنەوە، ئێمە ئیتر قبوڵ ناكەین هیچ مەسئولێك بێتە ئێرە قسەمان بۆ بكات، سەرۆكی هەرێم خۆی دەڵدەیانیان داوە، ئەڵێن ئێمە لەراپەڕینی 91ەوە بڕیاری لێبوردنمان بۆ دەركردوون، 21 ساڵە چاوەڕوانی كەسوكارەكانمانین كەچی سەرۆكی حكومەت لەخۆی نەگرت بێتە ئێرەو دەست بهێنێت بەسەرى منداڵی ئەنفالێكداو دڵنەوایمان لێ بكات، ئەگەر ئەو جاش نییە بۆ نەهات بۆ ئێرە، من دڵنیام ئەویش جاشە، ئەى كامەیە وەزیرەكەمان وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، رۆشتووە بۆ گەشتوگوزار، كەچی نوێنەرى خۆی ناردووە بۆ ئێرە، ئەگەر نوێنەرەكەى بچێتە سەر ئەو سەكۆیە قسە بكات بە شەق دەیهێنمە خوارەوە، قبوڵ ناكەین هیچ لایەن و رێكخراوێك بچێتە سەر سەكۆكەو بە ناوی سەرۆكی حكومەتەوە قسە بكات، دەبێت وەزیرو سەرۆكی حكومەت خۆی بێتە ئێرە قسە بكات"، دواتر وتى"هەر گەرمیانییەك دەنگ بۆ ئەوانە بدات غیرەت و شەرفی نییە".
دەربارەى نەهاتنی سەرۆكی كوردستان و سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ مەراسیمەكە شازاد وتى"سەرۆكی كوردستان بە دەنگی پاشاوەى ئەنفال گەشتووەتە ئەو شوێنە، بۆچی ئەمڕۆ لەگەرمیان ئامەدە نەبوو بۆچی بۆ بارزانییەكان ئامادەبوو، دەستەسڕەكە بە چاوییەوەوە بوو بەردەوام دەگریا، ئەى بەڕێز مام جەلال سەركردەى كوردەو بە دەنگی كورد گەشتووەتە ئەو شوێنە بۆچی دیار نەبوون، ئەگەر شیعەیەك بكوژرایە یان تەقینەوەیەك لەبەغدا ببوایە ئەوان باسیان دەكردو دەگریان بۆی"، هەروەها ئەوەشی وت كە"ئەنفال كراین لەگوندەكەمانەوە تاوەكوو هێنراینە ناو شارەوە یەك عەرەبمان نەبینی هەمووى كورد بوو ئەنفالی كردین و ئێمەیان دابەدەستی سوپای عیراقەوە، جاش و موستەشارەكان بوون، ئەوەتا ئەمڕۆ لەلاین دوو حزبی سەرەكى (ینك و پدك) داڵدە دراون و خۆیان بە خاوەنى كوردستان و عیراق دەزانن، هەر حزبێك لەو دوو حزبە كۆمەڵێكیان ئیسخبارات و موستەشاریان لاى خۆیان وەرگرتووەو پاسەوانیان بۆیان دبین كردووە، هەر پاسەوانێكیان دوو بە قەد ئەنفالكراوێك كە 300 هەزار وەردەگرێت موچەكەیەتى، بەڕاستی زۆر ناڕازین لێیان".
پێش ئەوەى میوانان و قەرپرسەكان گۆڕەپانی مەراسیمەكە بە جێ بهێڵن، كەسوكاری ئەنفالكراوەكان ئەو سەكۆیەی كە دكتۆر بەرهەم و چەند كەسێكی تر قسەى لەسەر كرد، شكاندیان و بە حەماسەوە هاواریان دەكرد 18 ساڵە ئێمە لەسەردەستی ئێوەى مەسئولە كوردەكان ئەنفال دەكرێینەوە، چیتر بۆتان نییە بێنە ئێرە.
تێبینی/ ئەم راپۆرتە لەرۆژی هێنانەوەى روفاتەكاندا ئامادە كراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە