كۆماری مهاباد وەك بەشێك لەمێژوویی بەرخودان
Wednesday, 26/01/2011, 12:00
(65) ساڵ بەرلەئەمڕۆ لەئەنجام هەوڵ و تێكۆشانی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی وڵات و كۆتایی هاتن بەشەڕی جیهانی دووەم و سەركەوتنی یەكێتی سۆڤیتی جاران لەم شەڕەدا، دەرگای لەبەردەم ئەوەكردەوە كەنەتەوە بێ دەوڵەتەكانیش بیر لەداهاتووی خۆیان بكەنەوە، سەرەنجام كۆماری كوردستان كەناوەندەكەی مهابادبوو دروست بوو.
دیارە تا ئێستا زۆرلێكۆلینەوەو بەدواداچوو، بەلایەنی رەخنەی و بەڕووی پێداهەڵگووتنیشەوەكراون، من نامەوێت تاكلایەنە نزیكایەتی بكەم، چونكە بێگومان رووداوێك هەردوو لایەنی هەیە جا رووداوێكی وەك كۆماری مهاباد دیارە لەسەر نووسینی زۆر هەڵدەگرێت.
لەهەموو ئەو راپەڕین و سەرهەڵدانە كوردیانەی لەرابردوو روویانداوە دەبێ وەك سەرەتایەك لایەنە قارەمانیەتی و رۆحی بەرخودانیكەی بەبینرێت و دوای ئەوە لایەنەكانی تری هەڵبسەنگێندرێت. بۆ كەسایەتی پێشەوا قازیش دەبێ رۆحی مەردایەتی و پەیوەست بوون بەخاك و وڵاتەكەی ببینرێت. باوەڕدەكەم قازی لەهەموو كەس باشتر ئەوەی دەزانی ئەگەر لەمهاباد دەرنچێت ئەوە شەهید دەبێت، بۆیە بڕیاری دەرنەچوونی قازی لەمهاباد ئەوە بڕیاری كوردێكی رەسەنە كەگرێدراوی خاك و ئاو و وڵاتەكەیەتی، ئەگەر بەمەرگی خۆشی تەواوبێت. وشەی پێشمەرگە بەرهەمی تێكۆشانی كۆمارە خودی قازیش پێشمەرگەیەكی راستەقینە بوو، لەبنەمادا ئەوانەی دەیانەوێت جارێكیتر بزانن مانای وشەی پێشمەرگە چیە؟ ئەوا با ئەو هەڵوێستەی پێشەوا ببینن و ئینجا باسی ناوەڕۆكی زاراوەی پێشمەرگەبكەن.
بۆ ئەوەی باشتر ئەزمون وەرگرین لەكۆمار پێویست دەكات كەموكورتیەكانیشی ببینین، بۆ ئەمەش بەدوو لایەنەوە سەیری بكەین باشە؛ لایەنێكی وەك پرسی هزری و ئایدیۆلۆژی و فەلسەفی، لایەنی دووەمیشی وەك خوێندنەوەی هاوسەنگیە سیاسیە جیهانیەكانی ئەوكات و لەناو ئەوانەدا چۆنیەتی پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی سەربەخۆ كەنەبێتە جێی مامەڵەو كڕین و فرۆشتنی زڵهێزەكان، لەهەمووشی گرنگتر پەیڕەوكردنی سیاسەتی یەكێتی نەتەوەی كورد بۆ هەر بزووتنەوەو سەرهەڵدانێكی كوردی لەنان و ئاو زیاتر پێویستە. چونكە هەموو سەرهەڵدان و بزاڤە كوردیەكان لەناوخۆ درزیان تێكەوتووە.
كاتێك لەوسێ گۆشە نیگایەوە كۆماری كوردستانیش هەڵسەنگێنیین باوەڕدەكەم بابەتەكەمان زیاتر بابەتیانەدەبێت. لەدووسەد ساڵی رابردوودا راپەڕینە كوردیەكان لاوازی یەكەمیان كە نیشانداوە ئەویش پرسی هزری و فەلسەفیان بەپرسی خۆیان نەزانیوەو بۆیەش ئایدیۆلۆژیایی تێكۆشانیان دیارنەبووەو ئەوەی پەیڕەویان كردوە هزری ئیسلامی لەگەلأ ئەو دابونەریتەی كەلەكۆمەڵگای كوردیدا ماوەتەوە، ئەویش دووبەشە بەشێكی كاریگەریەكانی پاشماوەی هزری دەوڵەتگەرایی و دەسەڵاتگەرایە (5000) ساڵەیە. بەشێكیشی نرخەكانی كۆمەڵگایی سروشتین كەوەك بەهاێك لەناو جڤاكی كورد دا بەهێز دەبینرێت. بۆیەش زۆرینەی پێشەوای بزووتنەوە كوردیەكان یان شێخن یان مەڵا و سەید چونكە فەلسەفەی داسەپاو لەكوردستان فەلسەفەی ئیسلام بووە. لەكۆماریشدا هەمانشتمان بەرچاودەكەوێت پێشەوا مەحمەد ئیمام و قازی مهاباد بوو، بەواتایەكی تر ئەقڵمەندی ئەوكات بوو، ئەوەی دەیتوانی سەرێك لەڕووداوەكانی جیهان دەركات ئەویش قازی بووە. بۆیە وەك چۆن لەهەموو راپەڕینە كوردیەكانی تریش ئەمە دەبینین لەكۆماری مهابادیش ئەمە بەڕوونی بەرچاودەكەوێت. لەو لایەنەوە بووە ئەزموونێكی خراپ بۆ باشووری كوردستان، وایكرد بەهەمان تێزی هزری بزووتنەوە سیاسی باشووری كوردستان دەستپێبكات، بۆ ئەمەشە تا ئێستاش نەقسێكی ئایدیۆلۆژی و هزری لەناو بزاڤی سیاسی باشووردا هەیە، بەڵام بۆ خۆی بەكەمووكوڕی سەرەكی نابینێت. لایەنی دووەمیش كەدەبێ ببینرێت ئەویش، دەزانرێت كۆماری مهاباد لەسەردەمێك دەركەوت كە كۆتایی شەڕی جیهانی دووەم بوو، زڵهێزەكان بەگوێرەی سەركەوتنی خۆیان لەشەڕدا هاوسەنگی نوێیان سازدەكردەوە، بەڵام هێشتا بەتەواویی هاوسەنگیەكان جێگری نەببوون بۆیە كۆماری مهاباد كرایە قوربانی نێوان سیاسەتی ئەوكاتی سۆڤیەت و ئەمریكا كە دووبراوەی شەڕی جیهانی دووەم بوون. بزووتنەوەی سیاسی ئەوكات لەرۆژهەڵات هیچیان بەو ئاستە نەگەیشتبوون كەبتوانن خودی خۆیان بێنە مەیدان و جێ بەرژێمی ئەوكاتی ئێران لەق بكەن، دۆڕانی ئێران لەشەڕدا دەرفەتێكی بۆ خەڵكی رۆژهەڵات سازكرد، لەم دەرفەتدا وایكرد هێزە سیاسیەكان بێ ئامادەكاری بێن لەهەرێمێكدا دەسەڵات بگرنە دەست، بەمانایەكیتر ئەزمونی خۆبەڕێوەبردن هێشتا دروست نەببوو. لەگەلأ ئەو هەموو تازەبوونەش ئەوەی كراوە لەمهاباد لەخۆئامادەكردن دەچێت بۆ زیاترخۆفروانكردن. لەباشووری كوردستانیش لەئەنجامی دۆڕانی سەدام لەشەڕی كەنداو دەرفەتی هەرێمی كوردستان دروست بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەزموونی سیاسی زیاتر بوو هەمانكات هەمووشتێك كرا تەنها بۆ ئەوەی لەدەسەڵاتدا بمێنەوە. بۆیە دەتوانین ئەوە بڵێین بەڕێوەبەرانی ئەوكاتی مهاباد نەیانتوانیوە ئەوسیاسەتە جیهانیە ببینن یان بێ سیاسەت ماون لەبەرامبەر ئەو هەژمونگەرایە سیاسیەی زڵهێزەكانی ئەوكات.
بەشی سێیەم خۆ رزگارنەكردن لەسیاسەتی ناوچەگەریەتی، بەمانایەكی تر خۆنەكردنە موڵكی هەموو نەتەوە. رۆحی وڵاتپارێزی خەڵكی موكریان جێگای گومان نییە، بەڵام كۆمار سنوری موكریانی تێنەپەڕاند، بۆیەش نەتوانرا سوود لەزۆری ژمارەی كورد و بەرفروانی خاكی كوردستان وەربگیردرێت، لەلایەكی تر بووە هۆكاری خۆ خنكاندنی لەمهاباد. ئەمەش بووە ئەزمونێكی خراپ كەلەباشووری كوردستان دووبارە دەبێتەوە، بۆیە سەرەڕای پشتگیری جیهانی وهەرێمی بۆ ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەڵام تا ئێستا ناتوانێت بیر لەستراتیژێكی نەتەوەیی بكاتەوە، ئەو ناوچەگەریەتیەی لەباشوور هەیە ناهێڵێت تەكانێك بدرێتە بەر چارەسەری سەرتاسەری بۆ كێشەی كورد. ئەو هزرە ناوچەگەریە بووە هۆكار لەبەكارنەهێنانی جوگرافیای كوردستان بۆ خۆپاراستن و بەردەوامی بەكۆمارو سوودی تەواو وەرگرتن لەو دەرفەتەی كەلەئەنجامی شەڕی جیهانی دووەم دەركەوتبوو.
تەمەنی (11)مانگی كۆمار دەبێ دەرفەتێكی زۆرنەبێت تاكو مرۆڤ بیكاتە جێگای رەخنەو لێكۆلینەوەی زۆر، بەڵام جموجۆل و رووداوێكی وەك كۆمار ناكرێت تەنها بەهاوسەنگی نێوان زڵهێزەكان وازی لێبێنین چونكە وەفاداریمان بۆ شەهیدانی بەرخودانی مهاباد و مێژووی رابردوومان ئەوەیە كە باشەو خراپەی لێ بزانین، رووداوێك تەنها لایەنی باش یان خراپی وەرگرین ئەوەش دەبێتە نزیك بوونێكی دۆگماتیك و راست نییە. راستینەی كورد و كوردستانیش لەمە زیاتر هەڵدەگرێت، ئەگەرنا چۆن لەدوای شەڕی دووەمی جیهانی(22)دەوڵەتی عەرەبی دروستكران و كەسیش دەنگی نەكرد ئەوا هەرێمێكی وەك مهابادیش بەكورد رەوا دەبینرا كەهەزاران قوربانی لەپێناودا.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست