سیستێمی دیکتاتۆریی "هێزی خۆبەست"ی باشور لە گەمەی دیموکراتییدا
Saturday, 17/01/2015, 12:00
(کەلـلەی مرۆڤی کورد و چارەنوسی نەتەوەیەک بوون بە تۆپێک لە قاچی ژمارەیەک بازرگاندا. ئەوەی چاوەڕێی ئۆپۆزیسیۆنێکی ناو ئەم سیستێمەیە رەوشەکە بگۆڕێت، چاوەڕێی ئەوەیە سەرمان بکەوێتە بەر شەقی قاچێکی تر.)
ئۆپۆزیسیۆن بۆ گۆڕانکاریی نییە، بۆ راگرتنی منکراتییە
کورد پێویستی بە خۆڕێکخستنەوەیە نەک بە ئۆپۆزیسیۆن
چارەنوسی ناوچە وازلێهێنراوەکان ئەکەوێتە دەستی عێراقەوە
بەکوشتدانی پێشمەرگە تەنها بۆ بەرژەوەندیی کورد رەوایە
کوردستان هەلومەرجی دیموکراتیی تیا نییە
چارەسەر لە دەرەوەی پارتەکانە
-------------------------------------------------------
بە گوێرەی "هێربەرت تینگ ستێن" دیموکراتیی ئایدۆلۆجیی نییە. دیموکراتیی بۆ نموونە وەک لیبراڵیزم یان سۆشیالیزم دنیابینیی و بیروباوەڕ نییە. ناوەڕۆکێکی نییە بۆ بونیادی کۆمەڵگاو رێکخستنی. ئەی کەواتە دیموکراتیی چییە؟
دیموکراتیی ئامرازێکی تەکنیکییە بۆ دەستخستنی بڕیاری زۆربە. بە رای هێربەرت دیموکراتیی لە سەرو ئایدۆلۆجییەوەیە. هەموو لایەنە جیاوازەکان، لیبراڵ بێت، ئاینیی یان سۆشیالیست دەتوانن کۆک بن لە سەر پیادەکردنی پرەنسپی دیموکراتیی سیاسیی.
کاتێک زۆربەی هاوڵاتیان دەنگ بۆ سۆسیالیستیی ئەدەن ئەوا تەکنیکی هەڵبژاردن و دەنگدان ناوەڕۆکێکی سۆشیالیستانە لە دەنگی زۆربەدا زاڵ دەکات. ئیتر ئەم ناوەڕۆکە سۆشیالیستییە بە گوێرەی ئایدیاکانی فۆرم ئەدات بە کۆمەڵگاو رێکی دەخات. بۆ نموونە:
سۆشیالیستەکان هەوڵ ئەدەن لە رێگای سیاسەتی باجەوە پارە لە دەوڵەمەندەکان بگرنەوەو لە هەژاراندا سەرفی بکەن.
براوە لە پەڕلەماندا زۆربەی کورسییەکان دەباتەوە، حکومەت دادەمەزرێنێت و دامودەزگاکانی دەوڵەت ئەگرێتە دەست. ئەوەی لە بلۆکی براوە دەمێنێتەوە لە پەڕلەماندا ئۆپۆزیسیۆن پێک دەهێنن. ئۆپۆزیسیۆن چییە؟
ئۆپۆزیسیۆن
ئۆپۆزیسیۆن رۆڵی رەخنە، لاریی، بەرهەڵستیی دەبینێت و چاودێریی کارەکانی حکومەت دەکات. ئۆپۆزیسیۆن بۆ دەستەڵاتی دیموکراتیی وەکو هەوا وایە بۆ ئاگر. دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن وەکو دوو لقی دارێک وان لە دیموکراتییدا. هەردوکیان هاوهەبوونن. دیموکراتیی بۆ ئەوەی دیموکراتیی بێت پێویستە ئۆپۆزیسیۆنیش شانبەشانی دەستەڵات رۆڵی خۆی ببینێت. ئەگینا دەستەڵات وەکو شەمەندەفەر لەسەر هێڵی دیموکراتیی دەردەچێت.
دیموکراتیی لە سەر دوو قاچ بە پێوەیە. قاچێکی دەستەڵات و قاچێکی ئۆپۆزیسیۆن. ئەوەی ئەمڕۆ ئۆپۆزیسیۆنە سبەینێ ئەتوانێت ببێت بە دەستەڵات. لە ناو پارتێکیشدا ئۆپۆزیسیۆن کە ئەمڕۆ نوێنەری ئایدیایەکی تازەیە لە داهاتوودا ئەتوانێت گەشە بکات و زۆربە بگرێتەوە. بەپێچەوانەوە، ئەو ئایدایەی ئەمڕۆ زۆربە لە پارتێکدا هاوڕان لەسەری سبەینێ روو ئەدات بەرەو پەراوێز بچێت. لە راستییدا پارتی سیاسیی ئەو جێگایەیە کە ئایدیای تازەی تیادا سەوز دەبێت، گەشە دەکات و دەچێتە کردارەوە. بۆیە ئایدیای تازە، نەوەی نوێ و رێگای ئۆپۆزیسیۆن لە کۆمەڵگادا بەگشتیی گرنگە هەلومەرجیان بۆ بڕەخسێت.
دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە پرۆسەی ناکۆکییاندا وەکو ماتۆڕێکی چوونە پێشەوەو پێشکەوتن ئیش دەکەن. رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لە دیموکراتییدا پێویستییەو بۆ هەموو لایەک گرنگە. بۆ ئەوەی سیستێمی دیموکراتیی سیاسیی باش ئیش بکات، پێویستە دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە سنوری هاوسەنگییەکی راستدا کار لە یەک بکەن. ئایا کامەیە ئەو هاوسەنگییە؟
راگرتنی لاسەنگیی
بە گوێرەی "هێربێرت تینگ ستێن" پێویستە هاوسەنگییەکی راست هەبێت لە نێوانی دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا. بەڵام ئەو هاوسەنگییە بە مانای گشتیی کە دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن وەکو یەک بەهێزبن دەبێتە لاسەنگیی. چونکە ئۆپۆزیسیۆنێکی زۆر بەهێز کە نزیک بێتەوە لە هێزی دەستەڵات، حکومەتێکی لاوازی لێ دەکەوێتەوە کە هەڵمەتی کارکردنی کز دەبێت. ئۆپۆزیسیۆنێکی زۆر لاوازیش حکومەتێکی زۆر بەهێز دروست دەکات کە مەترسیی لێ دەکرێت پێشێلکاریی بکات. راگرتنی هاوسەنگیی ئەم لاسەنگییە یەکێکە لە کرۆکە گرنگەکانی دەستگرتن بە دیموکراتییەوە.
دیموکراتیی تەکنیکێکە بونیادێکی کۆمەڵایەتیی تایبەتیی لە پشتەوەیە. دیموکراتیی سیمای بینایەکی کۆمەڵایەتیی و کولتورییە کە بە مێژووییەکی سەختی خەباتی مافی مرۆڤدا هاتووە. هەروەکو چۆن وێنەو دەنگی رەنگاوڕەنگ لەسەر شاشەیەک پەیوەستە بە بینایەکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتووەوە ئاواش تەکنیکی دیموکراتیی سیاسیی بەستراوە بە بونیادێکی کۆمەڵایەتیی و کولتوریی واوە کە یەکسانیی و مافەکانی مرۆڤ تیایدا چەسپیوون. بۆیە کاتێک "هێربەرت" دەڵێت دیموکراتیی تەکنیکەو لەسەرو ئایدۆلۆجییەوەیە مانای ئەوە نییە کە بە بێ هەبوونی بونیادێکی کۆمەڵایەتییش کە لەسەر پایەکانی مافی مرۆڤ راوەستاوە، ئەتوانرێت سیستێمێکی دیموکراتیی بڕەخسێت. هێربەرت لە وڵاتێکی دیموکراتییەوە قسەکانی دەکات. باس لە سێوێک دەکات کە بە دارەکەیەوەیە. ئەو بونیادە کۆمەڵایەتیی و کولتورییە هەیە کە سیستێمی دیموکراتییەکە دروست دەکات. ئەگینا ئەگەر دارەکە نەبێت سێوەکەش نییە. بۆیە دیموکراتیی مەکینەی چیمەن نییە بخوازرێت. تەکنیکێکی بەڕێوەبردنە کە لە ناو کۆمەڵگاکە خۆیەوە سەوز دەبێت و ناتوانرێت لە یەک داببڕدرێن.
منکراتیی و تۆکراتیی
تەکنیکی دیموکراتیی کە سەرچاوە لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتییەوە دەگرێت، لە دەرەوەی دیموکراتیی ناتوانێت دیموکراتیی بێت. کە دارسێوەکە نەبوو ئەوەی لە دەستدایە سێو نییە شتێکی ترە. ئەم شتە لای ئێمە ناو دەبرێت بە "دیموکراتیی کارتۆنیی". بەڵام ئەمیش پێویستە وەکو خۆی بناسرێت و ناوی خۆی هەبێت. بۆ ئەمەش دەبێت بگەڕێینەوە بۆ وشەی دیموکراتیی و ئۆپۆزیسیۆن.
دیموکراتیی لە پێکهێنانی وشەی "دیمو: گەل" لەگەڵ "کراتیی: حوکم"دا پێکهاتووە، واتا "حوکمی گەل". دیکتاتۆرییش "حوکمی تاکە کەس"ە، کەواتە ئەتوانین لە چاوی دیکتاتۆرەوە بڵێین: حوکمی من، واتە "منکراتیی". تۆش کە بەرژەوەندییت لە حوکمەکەی مندایەو لە ناو منکراتییدا رەخنە بۆ پارێزگاریی و سودی سیستێمەکە دەگریت لای خۆتەوە رۆڵی"تۆکراتیی" واتە، "حوکمی تۆ" دەبینیت.
منکراتیی هەموو لێچوەکانی تەکنیکی دیموکراتیی بەکار دەهێنێت. فرە پارتێتیی، رێکخراوی مەدەنیی، ساندیکا، ئازادیی رادەربڕین، دەنگدان و هەڵبژاردن. بەڵام لەبەر ئەوەی هەردوو تەکنیکەکە "دیموکراتیی سیاسیی" و "منکراتیی زۆرداریی" دوو ناوەڕۆکی جیاواز دەرئەدەن ئەوا ناتوانین بە هەڵبژاردن لە منکراتییدا بڵێین تەکنیکی دیموکراتیی. مرۆڤ بەوە راهاتووە کە دیموکراتیی ببەستێت بە هەڵبژاردنەوە. بەڵام دیموکراتیی هەڵبژاردن نییە. خودی پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن پەیوەندییەکی راستەوخۆیان نییە بە دیموکراتییەوە. توتییەک ئەتوانێت قسەی مرۆڤ بکات. بەڵام توتی بە قسەی مرۆڤ نابێت بە مرۆڤ. دیکتاتۆریش بە باسی دیموکراتیی نابێت بە دیموکرات، دەریدەخات کە منکراتە.
هەڵبژاردن تەکنیکێکە دەتوانرێت بۆ مەبەستی جیاواز بەکار بێت. ئەم جیاوازییەش لە دەرئەنجامدا روونە. لە دیموکراتییدا جەماوەر پەڕلەمانێک هەڵدەبژێرێت کە نوێنەری خواست و بەرژەوەندیی خەڵک و وڵاتە لە دانانی یاساو رێنماییدا بۆ دەستەڵاتی حوکم. بەڵام لە منکراتییدا دەنگ بە جەماوەرێک ئەدرێت بۆ دانانی ئەنجومەنێکی ملکەچ کە پەردەپۆشیی بکات بۆ دەستەڵاتێکی ناڕەوا. نموونەی منکراتیی زۆرە لە وڵاتانی دیکتاتۆرو دواکەوتوودا کە هەڵبژاردنیان بە خەڵک کردووە، لەوانە سەددام حسەین لە عێراق و بەشار ئەسەد لە سوریا.
بەکارهێنانی هەڵبژاردن
لە باشوری کوردستان بۆ یەکەم جار کە کورد ئازاد لە داگیرکەر هەڵبژاردن بکات رۆژی ١٩/٠٥/١٩٩٢ بوو. جەماوەرێکی زۆر بە خۆشیی و بە هیواوە چوون بەرەو دەنگدان. بەڵام هەڵبژاردن دیموکراتیی نەبوو. یەکێتی و پارتی لە رێگای بەکارهێنانی لێچووی تەکنیکی دیموکراتییەوە توانیان رەوایی بە خۆیان بدەن و کۆنترۆڵی جەماوەر بکەن. دوای هەڵبژاردن بە دوو ساڵ شەڕی نێوان هەردوو هێز یەکێتی و پارتی دەستی پێ کردەوە. پەڕلەمانی کوردستان تاکە ئەندامێکی دەست لەکارکێش نەبوو چ جای ئەوەی کە بە خۆی و حکومەتەکەیەوە سنورێک دابنێت بۆ سەرانی ئەو دوو پارتە. لە دوای ئەو هەڵبژاردنەوە شانبەشانی هەڵبژاردنەکانی تری کوردستان تا هات پیسخۆریی، لادانی نیشتیمانیی، تاڵانیی و رەفتاری مافیایی لە دەزگاکانی کۆمەڵی داو بوو بە ناهەمواریی بۆ مرۆڤی کورد. ناڕەزایی خەڵک گەشتە ئەوەی کە ساڵی ٢٠٠٦ جەماوەر مۆنۆمێنتەکەی هەڵەبجەیان سوتاند. ناڕەزایی بەرەو دەرچوون لە کۆنترۆڵی دەستەڵات ملی دەنا. تا ساڵی ٢٠٠٩ نەوشیروان مستەفا بە سود وەرگرتن لە ناڕەزایی جەماوەر لیستێکی خۆی دروست کرد لە هەڵبژاردندا. ئەم لیستە بوو بە هەوێنی دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان. لە راستییدا نەوشیروان مستەفا هەر لە سەرەتای نەوەدەکانەوە ئەو رایەی هەبوو کە یەکێک لەو دوو پارتە رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینێت. بەڵام لە کردەوەدا ئەمە بۆ هەر یەكیک لە یەکێتی و پارتی زەحمەت بوو کە دەست لە دەستەڵات بەربدات و ئەوەی تریان نەیەڵێت هەستێتەوە.
گۆڕانەکانی وڵاتانی عەربیی لە تونس، میسرو سوریا لە ژێر هەوای بەهاری عەرەبییدا زیاتر ناڕەزایی لە کوردستاندا گەرم کرد. دەستەڵات بەرەو رووی گرفتێکی گەورە دەبووەوە. بزووتنەوەی گۆڕانیش بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی حەوت خاڵیی ئەو پەڕی ناڕەزایی گرت. بەمەش جەماوەری لە نێوان خۆی و دەستەڵاتدا حەشار دا. لە خاڵەکانیدا داوای روخانی حکومەت و گۆڕانکاریی بنەڕەتیی دەکرد. لە هەمان کاتیشدا ئەندامانی لەو پەڕلەمانەدا نە دەکشانەوە کە بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی ئەو کاتی بزووتنەوەی گۆڕان هیچ رەواییەکی نەبوو. بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای رۆژی (١٧)ی شوباتی ساڵی (٢٠١١)ەوە دەستی گرت بەسەر خۆپیشاندانەکانداو پیسخۆریی و خراپەکارییەکانی دەستەڵاتی تا دەهات زیاتر دەخستە روو. بەڵام لە سەرئەنجامدا دوای٦٠ رۆژ خۆپیشاندان هیچ گۆڕانکارییەک رووی نەدا. بزووتنەوەی گۆڕان رۆڵی تۆکراتیی دەبینی. دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ بزووتنەوەی گۆڕان لە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمدا بوو بە بەشێک لەو دەستەڵاتەی کە خۆی هیچ رەواییەکی سیاسیی تیادا نەهێشتۆتەوە.
رایەک لە ناو گۆڕاندا هەبوو کە چوونە دەستەڵاتەوە بەشدارییە لەو هەموو پیسخۆرییەی دەستەڵاتداراندا. بەڵام چوونە دەستەڵاتەوە هەڵبژاردنێکی راست بوو بۆ بزووتنەوەی گۆڕان. چونکە کە بزووتنەوەی گۆڕان لە بنەڕەتدا بۆ خواستی سروشتیی جەماوەر دروست نەبووبێت ئەوا ئیتر دەبوو بۆ مانەوەی خۆی ئەندامان و هەوادارانی بە سودمەندیی لە دەستەڵاتدا پاداشت بداتەوە. ژمارەیەکیش بە سەرابی گەیشتن بە پۆست و دەستکەوتەوە رابگرێت.
بە درێژایی دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان جەماوەری کورد بە گشتیی بزووتنەوەی گٶڕانی جیاواز لە پارتی و یەکێتی دەبینی و بڕواو هیوایان پێ هەبوو. جەماوەر گردی زەرگەتەیان ناو نا گردی پیرۆز. بەڵام گردی تۆکراتیی بوو. لە تاریکیی ناهەموارییدا خەڵک جیاوازیی نێوان راست و چەپ ناکات. کوێر دامێن دەگرێت. پێشەنگ هەڵنابژێرێت.
تۆکراتیی لە فۆرمی ئۆپۆزیسیۆندا
جوڵانەوەی ناڕەزایی خەڵک بە درێژایی ١٥ساڵ لە دوای شەڕی ناوخۆی ساڵی (١٩٩٤)ەوە بە هیوای گۆڕانێکی بنەڕەتییەوە دڵی خۆی دا بە بزووتنەوەی گۆڕان. بەڵام راستیی بزووتنەوەی گۆڕان شتێکی تر بوو. رێگای بزووتنەوەی گۆڕان رێگایەک نەبوو بۆ گۆڕان. رێگایەکە کە دەچێتەوە سەر هەمان ئەو سیستێمی دەستەڵاتدارییەی کە ژمارەیەک دەستەڵاتدارو پارتی خۆبەست و دەستێخراو دروستیان کردووە. بزووتنەوەی گۆڕان لە ناو "منکراتیی" کوردستاندا رۆڵی "ئۆپۆزیسیۆنی تۆکراتیی" بینی. سیستێمی دەستەڵاتی پارتە کوردییەکانی باشور لە منکراتییدا پێویستی بە ئۆپۆزیسیۆنێکی تۆکراتی بەهێز هەبوو بۆ ئەوەی لەو بارە سەختە دەرباز بێت کە بە هۆی پیسخۆریی ناوەوەو هەلومەرجی جیهانییەوە تێی کەوتبوو. بزووتنەوەی گۆڕان لەو هێزە دەچوو کە بۆ بەرگریی لە قەڵاکە بێتە دەرەوەی قەڵاکە بجەنگێت. هەروەکو چۆن دیموکراتیی لەسەر دوو قاچ راوەستاوە، قاچێکی دەستەڵات و قاچێکی ئۆپۆزیسیۆن ئاواش دەستەڵاتی دیکتاتۆریی هەرێم لە فۆرمی منکراتییدا لەسەر قاچێکی دەستەڵات و قاچێکی ئۆپۆزیسیۆنی تۆکرات راوەستاوە. دەستەڵات بە زەبری تۆکراتەکەی کۆنترۆڵی جەماوەری کرد. راستیی ئەم بابەتەش دواتر لە چوونە ناو دەستەڵاتی بزووتنەوەی گۆڕاندا دەرکەوت. سەرۆکی هەرێم لە پێشتر بێباکتر بڕیار ئەداو قسە دەکات. دیوێکی هەموو ئەو بڕیارانەی کە سەرۆکی هەرێم دەیان دات تۆکراتیی ئەو پارتانەیە کە بەشدارن لە پێکهێنانی سیتێمی دەستەڵاتدارییەکەدا.
ئێمە راهاتووین لەسەر ئەوەی کە تەنها چاومان لەسەر دەستەڵاتی باڵا بێت. بەڵام دارێک بە هۆی راگرتنی دارێکی ترەوە خۆشی لار دەوەستێت. بۆیە لە ئێستادا دەرکردنی فەرمانێکی حەوت خاڵیی لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە رۆژی ١٤/١٢/٢٠١٤ بۆ نەهێشتنی دەستی پارتی تر لە ناو هێزی پێشمەرگەداو یەکخستنی لە ژێر دەستەڵاتی خۆیدا، ناتوانرێت وەکو ویستی بزووتنەوەی گۆڕانیش نەبینرێت. رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان لە شاخیش دەیویست هێزو فەرمان لە ناوەندێکدا کۆ ببێتەوەو رێکبخرێت نەک هەر یەکەو ژمارەیەک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. هەندێک تانە لە بزووتنەوەی گۆڕان ئەدەن کە وەزیری پێشمەرگەکەیان هیچ دەستەڵاتێکی نییە. بەڵام لە راستییدا بزووتنەوەی گۆڕان وەزیری نەناردووە بۆ مەیدان بە هێزەکانی سەرۆکی هەرێم سیاسەتێک پیادە بکات لە سەرۆکی هەرێمەوە نەبێت. کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا چەند کێشەی منکراتە ئەوەندەش کێشەی تۆکراتەکەیەتی. سەرکەوتنە بۆ تۆکراتێک کە منکراتەکەی هیچ هێزێک لە دەرەوەی خۆی نەهێڵێتەوە. تۆکرات دەیەوێت بە پێی کەسایەتیی منکراتەکەی کۆمەڵگا رێکبخات و کۆنترۆڵی بکات. ئەو دەستەڵاتدارەی کلیلی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە دەستدا نەبێت، ئەتوانێت هەڵسوڕێنەری جوڵانەوە ناوخۆییەکە بێت. ئەم دووانەش منکرات و تۆکرات تەواوکەری یەکتریین. بۆیە بەدیلی مام جەلال بۆ رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا ئاساییە سەرۆکی هەرێم بێت.
جەمیل بایک باش و راشکاوانە منکراتیی و تۆکراتیی خستۆتە روو. بایک دەربارەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت: "هەر سەرکردایەتییەک رێبەرایەتیی خەباتێک بکات، بە گوێرەی تایبەتمەندی خۆی ئەم پارتییە درووست دەکات و هەر بەم شێوەیەش بەڕێوەی ئەبات." هەروەها دەڵێت: "سەرۆکایەتی واتای مان و نەمان دەبەخشێت." دیسان دەڵێت: "هەر گەلێک لە مێژوودا سەرۆکایەتی خۆی دەرنەخست ون بوو و توایەوە (١)."
ئەو کارانەی کە جەمیل بایک بۆ سەرکەوتنی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان "عەبدوڵا ئۆجەلان" کردونی رابەر خۆی هەرگیز دەستی نەیانگەشتۆتێ. لە راستییدا "سەرکردایەتیی" وەکو بایک ناوی دەبات کە مەبەستی عەبدوڵا ئۆجەلانە، لە سوریاوە لە پەیوەندیی دەوڵەتیی و بڕیاردارییدا بووە. بەڵام جەمیل بایک خەباتێکی سەختی لەناو کوردستان و دەرەوەدا کردووە بۆ سەرکەوتن و چەسپاندنی "سەرکردایەتیی". ئەمە لەوە دەچێت کە مرۆڤێک بە پاڵ بەردێکی گەورە سەر بخات بۆ لوتکەیەک. ئێستا هەموو عەبدوڵا ئۆجەلان دەبینین بەڵام جەمیل بایک ئەوی لەوێ داناوە. ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە جەمیل بایک ناچارە یان وەفاداری هاوڕێیەکێتی. بەڵکو بایک جێگای خۆی لە پەیوەندییدا بە سەرکردایەتییەوە دیاری کردووە. سێ خاڵ کە سێگۆشەیەک دروست دەکەن بوونی هەر یەکێکیان ویستی ئەوی تریان تەواو دەکات. ئەگەر جەمیل بایک نەبووایە نازانین "سەرکردایەتیی"ش ئەبوو یان نا؟ بە درێژایی مێژووی یەکێتی نیشتیمانیی ئەگەر نەوشیروان مستەفا نەبووایە مام جەلال سوکانی ئوتومبیلێکی لە دەستدا دەبوو بێ مەکینە.
لە راستییدا رۆڵ و چالاکیی هەر کەس و کۆمەڵەیەک بەشێکن لە بینایەک و مانایەکی گەورەتر. ئەوە هەر کەسەکە نییە کە ئیشێک دەکات، بەڵکو پرۆسەیەکی گەورەتریش هەیە کە کەسەکان لە وردەکاریی خۆیدا بەکار دەهێنێت. لە پرۆسەی دروستبوونی هێزیکی بەرگریکەردا بەرامبەر بە شۆڤێنیی تورک وەکو بەرد، رێکخراوێکی وەکو پەکەکە دروست دەبێت کە ئەم بەردە بشکێنێت. ئەم مەبەستە کەسەکان بۆ رۆڵە جیاوازەکان لە پرۆسەکەدا هەڵدەبژێرێت. لە ناو سیستێمی دەستەڵاتداریی پارتە خۆبەستەکانی باشوریشدا ئامانجی پیسخۆریی و پیادەکردنی سیاسەتی بێگانە رۆڵی رێکخراو و دەستەڵاتدارەکان لە پرۆسەکەدا دابەش دەکات.
بزووتنەوەی گۆڕان سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێنا لە رۆڵی تۆکراتییدا بۆ پاراستنی سیستێمی دەستەڵاتی باشور. ئەوەی شکستی خوارد بزووتنەوەی گۆڕان نەبوو، ئەو جەماوەرە بوو کە هیوای بە بزووتنەوەی گۆڕان بوو سیستێمی دەستەڵاتداریی بگۆڕێت. سیستێمێک کە بزووتنەوەی گٶڕان خۆی یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی. ئەمەش شتێکی مەحاڵە. کەس ناتوانێت بەڕەیەک رابکێشێت خۆی لەسەری دانیشتبێت.
لە راستییدا جەوهەری کێشەکە نە بەستراوە بە خودی کەسەکانەوە. بەڵکو ئەوەیە کە لە ناو ئەو سیستێمی دەستەڵاتدارییەدا هیچ هێزێک ناتوانێت گۆڕانکارییەک بکات بەدەر بێت لە کارەکتەرەکانی بونیادی ئەو دەستەڵاتە. بۆیە هەر هێزێکی نیشتیمانیی بچێتە ناو هەڵبژاردنی منکراتیی باشورەوە دەکەوێتە پێگەیەکەوە کە توانای سیاسیی بە مانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاو پاراستنی خاک لەدەست ئەدات. کەواتە سروشتی ئەو دەستەڵاتە کامەیە؟
سروشتی دەستەڵاتی باشور
پارتەکانی ناو پەڕلەمانی باشور بەگشتیی سیاسەتێکی کوردییان نییە. بە درێژایی مێژوو ئەو وڵاتانە بەکاری هێناون کە دەستیان تێ خستوون. دەستەڵاتی هەرێم لەسەر بناغەی رێکەوتنێکی سیاسیی دروست نەکراوە کە تیایدا مافی نەتەوەیی کورد رەچاو کرابێت. لەسەر ناوچەیەکی دابڕاوی باشوری کوردستاندا دروست کراوە بۆ مەبەستی هاوسەنگیی شیعەو سوننەو کۆنترۆڵی ناوچەکە. سیستێمی دەستەڵاتداریی لە باشوری کوردستاندا بەندە بە سروشتی پارتەکان و ئەو مەبەستانەی بۆی دروست کراوە. دەستەڵات ناتوانێت لەو کارەکتەرانە دەربچێت کە ئەرکی دەستێخراوییان بە درێژایی مێژوو تیایاندا دروستی کردووە. بۆ نموونە، بزووتنەوەی گۆڕان لە ناو ئەم سیستێمی دەستەڵاتدارییەدا لە کێشەی نیشتیمانییدا نەیتوانیووە داوای دەستنیشانکردنی سنوری کوردستان بکات. ئەمیش وەکو پارتەکانی تر ماددەی ١٤٠ دەجوێتەوە کە گوزارشتە لە وازهێنان لە بەشێک خاکی نیشتیمان. لە ئێستاشدا شەڕی پێشمەرگە دژی داعش ستراتیجێکی نییە کە سەرچاوەی لە سیاسەتێکی کوردییەوە گرتبێت. وڵاتانی ئەوروپیی و ناوچەکە هێزی پێشمەرگە بۆ مەبەستەکانی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەمەش لە راستییدا ئەو ئەرکەیە کە پارتەکانی پێ دروست بوون. سەرۆکی هەرێم توانی بڵێت: "ماددی ١٤٠ تەواو، ئیتر باسی ناکەین." بەڵام ئەو ناوچە وازلێهێنراوانە کە دەکەونە دەست هێزی پێشمەرگە لە داهاتوودا عێراق بڕیاریان لەسەر ئەدات نەک دەستەڵاتی هەرێم.
کارەکتەرەکانی دەستەڵاتی پارتی خۆبەست
ئەو سیستێمی دەستەڵاتدارییەی کە لە باشوری کوردستاندا سەوز دەبێت دوو کارەکتەری سەرەکیی دەبێت:
یەکەم،
کارەکتەرێکی پیسخۆریی کە جێگای بەڕێووەبردنی کۆمەڵگا دەگرێتەوەو دژکارانە لە دەزگاو بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەکو تەندروستیی، پەروەردە، بەرگریی و ئابوریی ئەدات و لە رۆڵی پێویستی خۆیانی دەخات. ئەم کارەکتەرەیان بژێو لە ملکەچیی و زەلیلیی جەماوەرەوە وەردەگرێت.
دووەم،
کارەکتەرێکی نانیشتیمانیی کە بریتییە لە رۆڵبینینی دەستەڵات بۆ بێگانەو نەبوونی سیاسەتێکی کوردیی. ئەم کارەکتەرەیان سەرچاوە لە مێژووی پارتەکانەوە دەگرێت کە پارتی خۆبەست و دەستێخراون. خۆبەستیی بەشێوەیەک فۆرمانیونی کە کارەکتەری سیاسییان تیادا نەماوە. واتە، نە هێزی بەرگریکەرن لە نیشتیمان نە بەڕێوەبەری کۆمەڵگان. ئەو دوو کارەکتەرەش هاوهەبوونن.
هەر پارتێک لەناو سیستێمی ئەو دەستەڵاتدارییەدا بێت کە پارتە خۆبەستەکان دروستی دەکەن ناتوانێت لە سنوری ئەو دوو کارەکتەرە سەرەکییەی سیستێمی دەستەڵاتدارییەکە دەربچێت. ئەمە وەکو ئەوە وایە کە پێنج کەس لە یەک ئوتومبیلدا هیچ کامیان ناتوانێت لە هەمان یاسای فیزیاویی دەربچێت کە هەموویان دەگرێتەوە. ئەمەش لە رووی سیاسییەوە ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ کام لەو پارتانەی ناو سیستێمەکە نە دەتوانن پیسخۆریی نەهێڵن نە دەتوانن سیاسەتێکی نیشتیمانیی پیادە بکەن. بزووتنەوەی گۆڕان لەناو ئەم سیستێمەدا توانی بەرنامەی باشی هەبێت و رەخنەی توند بگرێت لە دەستەڵات لە رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی تۆکراتییدا. بەڵام ناتوانێت شتێک بگۆڕێت لەوانەی کە ئەو سیستێمی دەستەڵاتدارییەی کە خۆی بەشێکە لێی، کردانویەتی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە بنەڕەتدا تۆکراتیی بۆ گۆڕینی ئەو سیستێمە نییە کە خۆی تیایدا رۆڵی تۆکرات دەلەزێت. بە پێچەوانەوە، وەکو چۆن سیستێمی دیموکراتیی لەسەر قاچی راستی دەستەڵات و قاچی چەپی ئۆپۆزیسیۆن راوەستاوە، ئاواش سیستێمی دیکتاتۆریی لە منکراتییدا کەم و زۆر بە زەبری ئۆپۆزیسیۆنی تۆکراتیی کۆنترۆڵی جەماوەر دەکات، وەکو لە رۆڵی بزووتنەوەی گۆڕاندا بینیمان. بۆیە ئەوانەی گۆڕانکاریی دەخوازن لە سیستێمی دەستەڵاتداریی و کۆمەڵگاکەیەدا هەڵەیە چاوەڕێی ئەم گۆڕانکارییە بکەن لە هەر پارتێکی ناو ئەو سیستێمە. ئەمە بنەمای ئەوەیە کە ١٥ ساڵ لەمەوبەر "کۆنتراکت" نوسی: "چارەسەر لە دەرەوەی پارتەکانە."
چارەسەر چییە؟
چارەسەر نە بە ئۆپۆزیسیۆنی دەستەڵاتی سەر حوکم دەکرێت نە بە ئۆپۆزیسیۆنی سیستێمی دەستەڵاتدارییەکە کە پارتەکان پێکڕا پێکیان هێناوە. چارەسەر لە ئەنجامی خۆڕێکخستنەوەی کۆمەڵگاوە دێت لە کۆنتراکتێکی سیاسییدا کە سەرچاوە لە زانستەوە بگرێت. سیستێمێکی سیاسیی جێگای دەستەڵاتی کەس بگرێتەوە. رێکخستنێک کە کێشەی کوردو بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردستان بەند بن بە پرەنسسیپە موراڵییەکانەوە نەک بە مەزاج و ئەقڵی دەستەڵاتدارێکەوە کە بە پارەو چەکی بێگانە جەماوەر زەلیل دەکات. ئەوە منکراتییە کە پێویستی بە ئۆپۆزیسیۆنێکی تۆکراتە بۆ دەستەڵات بۆ ئەوەی خۆی لەسەر هەردوکیان رابوەستێت و بەردەوام بێت. بۆیە ئاساییە لە دوای دەورگۆڕینی بزووتنەوەی گۆڕان ئەندامێکی پەڕلەمانی یەکێتی نیشتیمانی باس لە بۆشایی ئۆپۆزیسیۆن بکات و رای وا بێت کە بە رێکخراوە مەدەنییەکان ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە.
گۆڕینی سیستێمێک بە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو سیستێمە ناکرێت. بە خۆڕێکخستنەوەیەکی تر دەکرێت سەربەست لە دەستەڵات و سیستێمەکەی. چونکە هەر بزووتنەوەیەک لە دژایەتیی و ئۆپۆزیسیۆنی هەر دەستەڵات و سیستێمێکدا خۆشی دەبێتەوە بە بەشیک لەو سیستێمە. ئۆپۆزیسیۆن لە جەدەلییەتی دەستەڵاتدا دەفۆرمێت و وەکو جەمسەری نێگەتیڤی دەستەڵات لەگەڵیا دەڕوات. بەم پێیە کارەکتەری خۆڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا لە دەست ئەدات کە بناغەی گۆڕانکاریی و چارەسەرە. ئۆپۆزیسیۆن ئەو تونێلەیە کە تۆکراتیی جوڵانەوەی ناڕەزایی پیادا دەبات بۆ پاراستنی سیستێمی منکراتیی.
کورتەی باس
دیموکراتیی سیاسیی تەکنیکێکی حوکمکردنە لە کۆمەڵگایەکدا کە بونیادی کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکەی لە ئاستی دەردانی ئەو سیستێمەدایە. پایەکانی دیموکراتیی سیاسیی بەگشتیی بریتین لە ئازادیی رادەربڕین، فرە پارتێتیی، مافی دەنگدان و هەڵبژاردن. دیموکراتیی سیاسیی لە سەر دوو قاچ راوەستاوە. قاچی راستی دەستەڵات و قاچی چەپی ئۆپۆزیسیۆن. دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هاوهەبوونن و بۆ ئەوەی دیموکراتیی باش بڕوات بە ڕێووە پێویستە لە لاسەنگییەکی دیاریکراودا بن.
تەکنیکەکانی دیموکراتیی وەکو ئامرازو چەکی سیاسیی لە دەرەوەی دیموکراتییش بۆ مەبەستی جیاواز بەکار دێن. ئینگلیزەکان لە دوای گرتنی عێراق و کوردستان لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا چەکی دەنگ پێدانیان بە کارهێنا بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق و کوردستان. ژمارەیەک دیکتاتۆر قبوڵی ناکات پێی نەوترێت دیموکرات، هەڵبژاردن رێکدەخات و دەنگ بە خەڵک دەدات بۆ دروستکردنی پەڕلەمانی کارتۆنیی و حکومەتی داردەست. لە رێگای بەکارهێنانی هەڵبژاردنەوە رەوایی دەدرێت بە دەستەڵاتێکی حوکم و دەستەڵات لە مەیدانی سیاسییدا یەکلایی دەکرێتەوە.
تەکنیکەکانی دیموکراتیی سیاسیی لە دەرەوەی دیموکراتیی ناتوانێت دیموکراتیی بێت. چونکە دوو ناوەڕۆکی جیاواز دەست دەخەن. لە دیموکراتییدا ناوەڕۆک بڕیاری جەماوەرە لە سەر پرەنیسپی زۆربە بەڵام لە دووەمدا ناوەڕۆک بێمافییە بۆ تازەکردنەوەی ملکەچیی جەماوەر بۆ دەستەڵاتێکی سەپاو. بەکارهێنانی تەکنیکەکانی دیموکراتیی لە لایەن دیکتاتۆرەوە هەڵەیەکی زانستییە بگێڕدرێتەوە بۆ دیموکراتیی بۆ نموونە بوترێت "دیموکراتیی کارتۆنیی". بەکارهێنانی تەکنیکەکانی دیموکراتیی سیاسیی لە دەرەوەی دیموکراتیی لە کۆمەڵگایەکیی نادیموکراتییدا سیستێمێکی دەستەڵاتداریی تر دروست دەکەن کە پێویستە سەربەست لە دیموکراتیی کارەکتەرەکانی بناسرێت و ناوی خۆی هەبێت.
دیکتاتۆریی لە فۆرمی بەکارهێنانی لێچووی تەکنیکەکانی دیموکراتییدا ناو دەبەین بە "منکراتیی" واتە، حوکمی من. ئەو ملکەچییەش کە منکراتیی قبوڵەو رایدەگرێت ناو دەنێین "تۆکراتیی". "تۆکراتی ئۆپۆزیسیۆن" فۆرمی هێزێکی رێکخراوە لە تۆکراتیی. تۆکراتیی لە رێگای بوون بە ئۆپۆزیسیۆنەوە ناڕەزایی خەڵک ئەکاتەوە بە قاچیکی تری سیستێمەکە.
ئۆپۆزیسیۆن لە هەر فۆرمێکدا بێت دیموکراتیی یان تۆکراتیی بۆ گۆڕینی ئەو سیستێمە نییە کە خۆی بەشێکە لێی. بەڵکو لە بەرامبەر بە دەستەڵاتدا بۆ راگرتن و بۆ پێشەوەبردنی سیستێمی حوکمدارییەکەن. ئیخوان موسلیمین لە میسر ئۆپۆزیسیۆن نەبوو. چونکە کە هاتە سەر حوکم ویستی خودی سیستێمەکە بگۆڕێت. بۆیە لێیان قبوڵ نەکرا.
لە پرۆسەی ئۆپۆزیسیۆنبوونی هەر دەستەڵاتێک یان سیستێمێکدا ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەک دەفۆرمێت کە کارەکتەرەکانی گۆڕینی بنەڕەتیی ئەو سیستێمەی تیادا نامێنێت. بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی (١٧)ی شوبات ٢٠١٠ کە خۆپیشاندانی جەماوەر لە کۆنترۆڵ دەرچوو داوای لە ئەندامانی خۆی کرد کە بچنە پاڵ دەزگا رەسمییەکان. هەروەها رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان چەند جارێک رایگەیاندووە کە پاراستنی دەستەڵاتی هەرێم ئەرکی نیشتیمانیی هەر هاوڵاتییەکە.
هەڵەیە لە ئۆپۆزیسیۆنی هیچ دەستەڵاتێک گۆڕانی رەوشێک چاوەڕێ بکرێت کە کارەکتەری ئەو سیستێمی دەستەڵاتدارییە خستبێتییەوە کە دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەشێک بن لێی و رایان گرتبێت. بۆیە لە باشوردا ئۆپۆزیسیۆن نە ئەتوانێت پیسخۆریی نەهێڵێت نە دەتوانێت سیاسەتێکی نیشتیمانیی پیادە بکات.
کوردستان ئەمڕۆ دورە لە هەلومەرجی دیموکراتییەوە. چارەسەر لە خۆڕێکخستەوەی کۆمەڵگادایە سەربەست لە سیستێمی حوکم لە سەر بناغەی پرەنسیپێکی موراڵیی نوێ کە تیایدا سیستێمی حوکم سەرچاوە لە زانستەوە بگرێت. بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاو کێشەی نەتەوەی کورد لە بەرژەوەندیی بازرگانی خوێن و مەزاجی دەستەڵاتدار ئازاد بکرێن. دیکتاتۆر بەند نییە بە پرەنسیپی بەڕێوەبردن و نیشتیمانییەوە. بە پێچەوانەوە، کەلـلەی مرۆڤی کوردو چارەنوسی نەتەوەیەک بوون بە تۆپێک لە قاچی ژمارەیەک بازرگاندا. ئەوەی چاوەڕێی ئۆپۆزیسیۆنێکی ناو ئەم سیستێمەیە رەوشەکە بگۆڕێت، چاوەڕێی ئەوەیە سەرمان بکەوێتە بەر شەقی قاچێکی تر.
ناسر حەفید
https://www.facebook.com/3kontrakt?fref=tsسەنتەری لێکٶڵینەوەی کۆنتراکت
---------------------------------------------------
سەرچاوە:
١. ل: ٣٠، هەڤاڵ جومعە، مێژووی پارتی کرێکارانی کوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست