پەراوێزخستنی گۆڕان بێهودەیی زیاتر هیچیکە سەوز ناکات
Monday, 18/11/2013, 12:00
بزوتنەوەی گۆڕان براوەی سێ خولی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی و کارگێڕایەتی گەرمیان و زۆرێك لە ناوچەکانی زۆنی سەوزی جارانەو خاوەنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و میدیایی و ڕوناکبیری بەهێزەو جێگای متمانەی دڵسۆزان و بازرگانان و زۆرینەی خەڵکی ئەم زۆنەیەو تاکە ئومێدیانە بۆچاکسازی کۆمەڵایەتی و کارگێڕی و ڕامیاری و ئابوری کوردستان و پاکسازی گەندەڵی و دەستپیسی و ڕۆتینی ماندوکەر، بۆیە هەر هێزو لایەنێك بییەوێ یان بخوازێت پەراوێزو بێبەشی بکات لە بەرکەوتی هەڵبژاردن و هەوڵی ئەوە بدات ویست و ئەجێندای خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت ، جگە لە بێهودەیی و بۆ دواوەگەڕانەوەی دەسکەوتی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەشێك لە گەلەکەمان لە باشوردا هیچیکە سەوز ناکات و هەوڵ و کۆششەکانیان بێ ئاکام و پوچ ئەبێ، گۆڕان هێزێکی ڕەسەن و لە بن نەهاتوی کۆمەڵەکەمانن و بزوتنەوەکەش ڕەنگدانەوەی هەبونی گرفتێکی قوڵ و برینێکی بەسۆیە لە دڵ و دەرونی ئەم بەشەی گەلەکەماندا کە چارەکە سەدەیەکە بە عەقڵییەتی خێڵ و تەکتیك و پلانی کاتی بەڕێوە ئەبرێ، کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی خەڵك نەبووەو نەیتوانیوە ژیانێکی پڕ لە شکۆو کامەرانی بۆ ئەم بەشەی کوردستان فەراهەم بهێنێ ، بۆیە پێموایە ئەو خاڵانەی گۆڕان بە مەرجی گرتوون لە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتدا ویست و ئیرادەی بەشێکی بەرینی خەڵکی کوردستانە، بەوانەشەوە کە گۆڕانیان وەك نوێنەری خۆیان پەسەند نییە ، بۆیە ئەخوازین حکومەتی دادێ حکومەتێك بێت کەجێگەی ڕەزامەندی هەموان و حکومەتی پێکەوەیی و بەشداری فعلی سەراپای لایەنە براوەکان بێت و هیچ جۆرە خۆ سەپاندنێک تیایا نەبینرێت، چونکە سەردەمەکەو گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە ئەوەمان لێدەخوازێت ، بۆیە بە هیواین نەکەوینە بۆشایی دەستورییەوەو لەماوەیەکی نزیکدا حکومەت پێکبهێنرێت و حکومەتیش خزمەتکردن و ڕونی کار بکات بە ئامانج و کوردستانەکەمان ببێت بە مێرگوزاری پەرەسەندن و پەرەپێدان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست