کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئۆباما كوردستانی له‌ بیر نه‌چوو،به‌ڵكو له‌ بیری كرد

Wednesday, 25/05/2011, 12:00


پێویسته‌ بزانرێت كه‌ نه‌ ئه‌مریكا پێوه‌ری دیموكراسییه‌ و نه‌ ئۆباماش كۆبۆنی دیموكراسی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كاندا دابه‌ش ده‌كات. خۆشبه‌ختانه‌ به‌م دواییانه‌ سه‌ركرده‌ و كه‌سه‌ سیاسیه‌كان و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ئاساییش له‌وه‌ گه‌یشتون كه‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی وڵاتان له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌ژه‌وه‌ندییه‌ وه‌ هه‌ر ته‌وژمێكیش كه‌ هاو‌ته‌ریب و هاوئاراسته‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵایانه‌ نه‌بێت ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نه‌ك پشتگیری لێ ناكرێت به‌ڵكو گه‌ر پێویستیش بكات دژایه‌تی ده‌كرێن. ڕاسته‌ ئۆباما له‌ وته‌یه‌كی دورودرێژی 45 خوله‌كیدا له‌ به‌رواری 19/5 تا له‌ توانایدا بوو په‌رده‌ی له‌سه‌ر زۆرێك له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ هه‌ڵدایه‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا زۆرترین "خواستی ئه‌مریكییان" له‌سه‌ره‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ باسی لێوه‌ كرا ئه‌وه‌نده‌ ڕون و ئاشكرا بوو كه‌ پێویست به‌ قسه‌ له‌سه‌ر كردن ناكات،هیچ نه‌بێت له‌ مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره‌دا نییه‌. گرنگه‌ باس له‌و پرسانه‌ بكرێت كه‌ له‌ وتاره‌كه‌ی ئۆبامادا نه‌بوو،چونكه‌ ناكرێت له‌ سایه‌ی تیمێكی ڕاوێژكاری و بلیمه‌تی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بابه‌تێك له‌و وتاره‌دا بێ مه‌به‌ست له‌ بیر كرابێت،به‌ڵكو باس لێوه‌ نه‌كردنی به‌ ئه‌ندازه‌ی باس لێوه‌ كردنی جێگه‌ی تێ ڕامانه‌.

له‌و وتاره‌دا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ هاوپه‌یمانێكی گرنگی ئه‌و وڵاته‌،واته‌ سعودییه‌،نه‌كرا و گه‌ر به‌ باس كردنیش بێت ئاماژه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بوونی نه‌بوو و هاوكات باس له‌ باری خراپی مافه‌كانی مرۆڤ نه‌كرا كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك. یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه‌ وڵاتی سعودییه‌ وڵاتێكی نه‌وتییه‌ و تا ئێستا خواستی بووه‌ كه‌ نرخی نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ بهێڵێته‌وه‌ تا وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌ گشتی و ئه‌مریكا به‌ تایبه‌تی نه‌كه‌وێته‌ قه‌یرانێكی داراییه‌وه‌ كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ توانای ئه‌مریكادا نییه‌ له‌ وه‌ها سیناریۆیه‌كدا ڕزگاری بێت. هۆكاری دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا دڵنیایی سیاسی نییه‌ له‌ باره‌ی جێگره‌وه‌ی ڕژێمی سیاسی ئێستای ئه‌و وڵاته‌،به‌و مانایه‌ی كه‌ هه‌ر حكومه‌تێكی تر كه‌ زاده‌ی ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندان وه‌ یاخود هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد بێت ئه‌وا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته‌ ژێر باری سیاسه‌ته‌كانی ڕۆژئاوه‌وه‌،ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا خۆپیشادان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ ناوچه‌ شێعه‌ نشینه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مریكا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵیدا نییه و‌ نایه‌وێت ئایینده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ناوه‌ندێكی سیاسی شێعه‌ مه‌زهه‌ب.

پرسێكی گرنگی تر كه‌ له‌ وتاره‌كه‌دا بوونی نه‌بوو و ده‌كرا به‌شی دانه‌بڕاو له‌ به‌هاری عه‌ره‌بی بێت بریتی بوو له‌ وڵاتی عێڕاق و خۆپیشانداانه‌كان و به‌كارهێنانی هێز بۆ كۆتایی پێ هێنانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكو له‌ موسڵ و پارێزگاكانی تریش سه‌رهه‌ڵدانێكی خوێناوی بوو به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتتدا مالیكی ناچار به‌ پێداچونه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی كرد و گفتی چاكسازی دا له‌ ماوه‌ی 100 ڕۆژدا،هه‌رچه‌ند تا ئێستا له‌ چوارچێوه‌ی گفتدا ماوه‌ته‌وه‌ و ڕاستییه‌كی كرده‌یی نییه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كوردستاندا 10 كه‌س له‌ خۆپیشانده‌ر و هێزه‌كانی ناوخۆ شه‌هید كران و زیاتر له‌ 500 كه‌س بریندار كران و ژماره‌یه‌كی زۆر پێشێلكاری دژی مافه‌ گشتی و تایبه‌تییه‌كان ئه‌نجام درا كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ چاو ئه‌ندازه‌ی بچوكی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام نه‌بوونه‌ جێی سه‌رنجی وتاره‌كه‌ی ئۆباما. ئه‌مه‌ش ناكاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستانی به‌ هه‌رێمێكی دیموكراسی له‌ قه‌ڵه‌م درابێت.

ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆ خولێكی نوێ و هاوپه‌یمانێتی بێ مه‌رجی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بێ هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌ كورده‌كان له‌ هه‌مبه‌ر بابه‌ته‌ گرنگه‌كانی ڕۆژ له‌ نمونه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كانی كوردانی باكور و باشور وای كردووه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌ بارودۆخی ئێستای كوردستان ڕازی بێت،با پێشێلكاریش هه‌بێت و گه‌رمیانی 11 ساڵیش به‌ گولله‌ی میلیشیا شه‌هید بكرێت و ڕۆژنامه‌نوسانیش گرت و به‌ند بكرێن. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بریتییه‌ له‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌م به‌شه‌ی جیهاندا كه‌ له‌ ئێستادا پارتی و یه‌كێتی ئه‌و گره‌نتییه‌یان به‌خشیوه‌ته‌ لێپرسراوانی ئه‌مریكا. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌به‌ر كارابوونی هێزه‌ ئیسلامییه‌كان،به‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵ تا ئێستاش ئه‌مریكا به‌ داگیركه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات،له‌ نوێژه‌كانی هه‌ینی خۆپیشانده‌ران و هه‌روه‌ها قه‌تیسمانی شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ پارێزگای سلێمانیدا ئه‌و په‌یامه‌ی نارد كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ توانیدا هه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر به‌ر به‌ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی بگرێت كه‌ ئه‌مه‌ش خواستی ئیداره‌ی ئۆبامامایه‌.
بۆیه‌ نه‌بوونی پرسی هه‌ندێك له‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌ گشتی و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌و وتاره‌دا ئه‌ونده‌ی هۆكاره‌كه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وندی ئه‌مریكایه‌،چاره‌كێكی ئه‌وه‌ به‌هێزی و پته‌وی ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودییه‌و هه‌رێمی كوردستان نییه‌. ئه‌مریكا چاك ده‌زانێت كه‌ خوانی سه‌ركرده‌كانمان چه‌ن خوێی تێ كراوه‌،جا چ بگات به‌ كوشت و كوشتاری خۆپیشانده‌ر و كه‌سانی ناڕازی به‌ سه‌ركردایه‌تی ئێستای كوردستان. هه‌ر بۆیه‌ ناكرێت ئه‌گه‌ری ئاماژه‌ پێ نه‌دانی هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌هێزی كارتی فشاری كورد وه‌ یاخود هه‌بوونی شه‌رعیه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت وه‌ یاخود،وه‌ك هه‌ندێك مه‌یخۆشانه‌،هۆكاره‌كه‌ی بۆ به‌ دیموكراسی ناساندنی هه‌رێمی كوردستان بگێڕنه‌وه‌،كه‌ ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ی دوایی،ته‌نانه‌ت به‌ پێی پێوه‌ره‌ هه‌لپه‌رستییه‌كانی ئه‌مریكا،ڕست نییه‌ و دوره‌ له‌ خه‌یاڵیشه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە