پرسى بیست ودوو ساڵەى راپەرین
Wednesday, 06/03/2013, 12:00
گەر یادكردنەوەى راپەرینى میللەتى كورد لە كوردستانى عێراق بە میتۆدێكى وردى زانستیانەو توێژینەوەى لەسەربكرێت دەرئەنجامو تێگەیشتنى جیاوازى دەبێت، بۆیە دەبێت لێرەدا بپرسین راپەرین بۆچى كراو چى لێبەرهەمهاتو چەندە لە ئامانجەكانى پشت راپەرین گەڵاڵەبوون ئەمە لە لایەكو لەلایەكیترەوە بە لێنوارینێكى سیاسیانە بۆ گوزەراندنى چەندین ساڵەى تەمەنى راپەرین تەمەنێكى باشە بۆ باڵغبوونو پێگەیشتنو ئەو دۆخەى ئێستا دەگوزەرێت لەزۆر خاڵدا هەڵوێستەكردنى دەوێتو پرسى ئەو تەمەنە زۆرەو ئەو دۆخە سیاسیە ناجێگیرو گەندەڵىو ئاستى سیاسىو نەتەوەیى بە گەرمى دەخاتەژێر پرسیارەوە لەحكومەتدارىو نەتەوەگەرى لەم بەشەى كوردستاندا، ئەم تەمەنە بۆ هەر شتێكیتر بێت چەندین قۆناغو گەشەو پێگەیشتنى تێدا روودەدات بەڵام لە چانسى ئێمەى كوردا بۆ ئێمە هێشتا هەر قۆناغى ساواییە .
باسكردن لەرابردوو، هەڵدانەوەى لاپەرەكانى رابردوو بەو شكڵو شێوەیە نییە كە هەندێك پێیانوایە هەڵدانەوەى شتانێكى بەسەرچوو، زیندووكردنەوەى هەندێ بابەت كە باسنەكردنیان باشترە، بەڵام ئەگەر حەكیمانە خوێندنەوەیان بۆ بگرێتو پەنجەبخرێتەسەر جومگە تێكشكاوەكان لە پێناو دووبارەنەكردنەوەو پەندوەرگرتن، هێندە بە سوودى ئەزموونى سیاسى كوردستان تەواودەبێت ئەوەندە بە لاى شتیتردا ناچێت، ئەمەش بۆ ئەوەى ئەو گوتەزا مێژووییە (التاریخ یعود نفسە) هێندە راستیەتى خۆى بەسەر كوردستاندا جێبەجێنەكات كە بەلاكردنەوەیەكى خێرا چەندین حاڵەتى لەم چەشنە دەبینین كە هەندێكات باش هاتین بەڵام وەك عبدالله پەشیوى شاعیر دەڵێت (خۆمان شاپمان تێهەڵدا)و جارێكیتر دەستمانپێكردەوە، لەم نووسینەدا چەند باسێك دەوروژێنم بە هیوایەى یادەكانى راپەرین بۆ لەمەودوا تەنها گیرانەوەى یادەوەرى پێشمەرگەو شەرو بەسەركردنەوەى راگەیاندنى پرۆژەى بێكردەوەى شوێنەكان نەبێت بەڵكو لە سەر ئاستى ئەكادیمىو زانستىو سیاسى كۆنفراسو كۆنگرەى لەسەرببەسترێت.
راپەرین چۆن كرا؟
ئەم پرسە زۆرجار بە مێشكماندا گوزەریكردووە بەڵام بەداخەوە وەڵامى ئەم پرسەشمان هێندە سۆزدارانە داوەتەوە ئەوەندە لۆژیكیانە نەبووە، كە گەورەترین هەڵى دەستپێكى راپەرین سازبوونى ئەو رەوشە سیاسیە نێودەوڵەتیە بوو بۆ عێراق هاتەپێشەوە كە دۆستەكەى لێی بوویە دوژمن، گەلى كورد دواى ئەوەى كرا بە پشكى دەوڵەتانى هاوماڵىو لەرووى نێودەوڵەتیشەوە مامەڵەى تایبەتى لەگەڵ كرا هەر لە سیڤەرو لۆزانو سایكس بیكۆوە، لەوكاتانەوە تا راپەرین رژێمە یەك لە دواى یەكەكانى عێراق كوردیان بە فلتەرى چەوساندنەوەو ستەملێكردنو قركردندا بردووەو لەبەرامبەریشدا كورد بەهێندەى تواناى خۆى بەرگریكاربووە لە مافەكانى بەڵام نەیتوانى ئەوەى لەراپەریندا بۆى دەستەبەربوو لەوەپێش ئەنجامیبدات هەرچەندە لەو مێژووەوە ناوبەناو رێكەوتنو سەركەوتن هەبووە وەك یانزەى ئازارى 1970 بەڵام نەگەشتە راپەرین كە ئەمانە ئەوەندە بۆ خۆرێكخستنەوەى رژێمو رزگاربوونى بوو لەو گێژاوە سیاسیەى لەوكاتەدا تێكەوتبووئەوەندە سازشكردنو داننان نەبوو بە مافەكانى گەلى كورد، ئەم رێكەوتنەو هاوچەشنەكانى نەیانتوانى راپەرین بەرهەمبهێنن، بۆیە دەبێت لێرەدا بۆ سەرهەڵدانى راپەرینو بەئەنجامگەیشتنى، ئەو هەلومەرجە سیاسىو نێودەوڵەتیە لەبەرچاوبگرین كە هاوكارو یارمەتیدەرى راپەرین بوو چونكە 1990 وەك چۆن لە سیاسەتى ئەمەریكادا دۆستایەتىو دوژمنایەتى نیە بەڵكو بەرژوەندى هەیە، چانسى كورد ئەمەریكا خۆرى بەرژەوەندییەكانى رووى لە كورد كردو دواتر هێرشى عێراق بۆ كویتی لێدانى هاوپەیمانانی كشانەوەى بەشێكى هێزەكانى عێراق لە كوردستانی دواتر دیاریكردنى هێڵى پارێزگارى ئاسمانى لە هەرێمى كوردستان ئەمانە بوونە شورەى ئەستوورى هەڵگیرساندنى راپەرینی لەبەرامبەریشدا ئەمەریكا بێدەنگى بەرامبەر بەمە دەربرى.
عەقڵیەتى راپەرینی رەنگدانەوەى دواى راپەرین
ئەوەى عەقڵیەتى تاكى كوردو دواتریش سیاسیەكانى لەسەر پەروەردەبووبوو لە زەمەنى شاخ كە لەشاریشدا رەنگیدایەوە عەقڵیەتى تاكگەرایانە بوو بۆیە نموونەى ئەو بەریككەوتنە چەكدارییانەى لەخەباتى شاخدا هەبوون راستیەتی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن كە لەو بارە ناسكی هەستیارەدا ئەوەندەى بەرژەوەندى حزبو دەستەو تاقم بەبەهاو بایەخ بووە ئەوەندە بیر لە نەتەوەو نیشتمان نەدەكرایەوە كە لێرەدا ناكرێت وەك مێژوو بە وردى بیانخەینەروو كە تا ئێستاش بەشێكى زۆرى بە لاى جەماورەوە شاراوەو نەزانراون، بۆیە كلتوورى شەرى ناوخۆ ئێمە لە دواى راپەرینەوە پێى ئاشنانەبووین بەڵكو درَژكراوەى شەرە ناوخۆییەكانى شاخمانن، ئەم عەقڵیەتەیە كە پێشمەرگەو سیاسیەكانى ئێمەى لەسەرپەروەردە بووە بۆیە لە دواى راپەرینو خەباتى شار كە خەباتێكى مەدەنیانەى دەوێت لەگەڵ تەماسى گەیشتنمان بەنیشتمانو شار یەكەم بەریەككەوتنەكان لەسەر جیاوازى هوتافو وێنەو بارەگاكان دواتریش گەروەبوونیان دروستبوون كە كەم لایەن هەیە تێوەى نەگلابێتو شەرەكانیان بە هێندەى قەبارەو قورسایان ماناكانى پشت راپەرینى خستە ژێر پرسیارەوەو مێژووى شەرى ناوخۆی بۆ تۆماركردین كە گرفتى سەرهەڵدانو هۆكارى سەرهەڵدانیان لەوەوە سەرچاوەدەگرێت ئەو حزبو گرووپانە ئایدۆلۆژیاپەرستانە مامەڵەو بیریاندەكردەوە بۆیە هەریەك لە شاخ خەونو یۆتۆپیایەكى بۆ شار هەبوو دواتر دەیویست كوردستان ببێتە زەمینەو مەیدانى ئەوەى ئەو، كە ئەمەش بەشێكبووە لە كاركردن لە سەر سرینەوەى ئەوى دی كە لەم ناوەندەشدا شەرى ناوخۆ چەندین رووداوو بارى نەخوازراوى بە شوێن خۆیدا هێنا هەریەك بۆ بەردەوامى ملمڵانێى مانەوەى خۆی (ێراع من اجل البقا) پەناى بۆ هەر شتێك دەبرد ئەوەى بۆ مسۆگەربكات، لەبەرامبەریشدا ئەم عەقڵە هێندە سەركەشانەبوو ئامادەنەبوو مل بۆ هەوڵە ئاشتەواییەكانى ناوخۆیىو هەرێمایەتیەكان بدات ، ئەوەى ئێساش كە هێشتا یەك نەگرتنەوەى هەندێ لە وەزارەتە سیادییەكانو دابەشكردنى بودجە بە پێى رێكەوتنى خۆیان بەرئەنجامى ئەو زرووفو دۆخەیە كە بەدواى هەرەسى رژێم لە عێراق هاتەئاراوە، بۆیە تا ئەم عەقڵیەتە تێنەپەرێنین ناتوانین وەك پێویست كار لەسەر فەلسەفەى راپەرین بكەینو ئامانجەكانیشى بهێنینەدی.
كوردستان لە نێوان مۆنۆپۆل و خزمەتگوزارى
پاش فۆرمەلەبوونى راپەرین و تارادەیەك شكڵگرتنى، ئێستا جێی خۆیەتى بپرسین تا چەندە ئەو ئامانجەى راپەرینیان هێنایەدى گەڵاڵەبوون، بە هەڵەدانەچووین بڵێن تاكە ئامانجێك وەك پێویست خەمڵابێت نەمانى چەوەساندنەوەى نەتەوەیىو ژێردەستەیى رژێم بوو وەگەرنا بەرادەو رێژەی جیاواز لە پێش راپەرین زیاتر دەستخراوەتە گەرووى كوردو لە هەموو بوارەكانەوە گەندەڵى تەخشانو پەخشانیەتىو واقیعى ئێستاى كوردستان بووەتە بازارێكى مۆنۆپۆڵكراوى حزبو دەستەو تاقمەكانو تەواوى بازارو جموجوڵى بازرگانىو تەندەرە زەبەلاحەكان بەتایبەتى لە بوارى نەوت بەدەستی ئەوان رێدەكاتو چاو لە هەموو ناتەواوییەكانیشیان دەپۆشرێت، ئەم گەندەڵییە تێكراى بوارەكانى گرتووەتەوە پێویستى بە راپەرینێكى مەدەنیانە هەیە بۆ فۆرمەلەبوونى ئەو ئامانجانەى راپەرینى بۆ سازكرا .
هەموو دەسەڵاتێكى سیاسى دەستەڵاتدار گەر لە ماوەى دەسەڵاتیدا هەندێ كارو پرۆژە جێبەجێنەكات بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتەكەى مانەوەى هیچ ماناێكى نامێنێت، ئازادى رادەربرینو ئەو مشتە خزمەتگوزارییەى لە ناوچەكانى كوردستان جێبەجێدەكرێت لە چاو ئەو پارە و سامانە بێشومارەى كە مەگەر خۆیان حسابەكەى بزانن نابێت بكرێتە وەڵامى پرسیارەكانى جەماوەرو قەناعەتپێكردنیانو شەفاعەتى بەهەدەرچوونو تەخشانو پەخشانى سەروەتى ئەم وڵاتە بەویستى خۆیان، كە مەگەر بە هەبوونى دەزگایەكى نەزاهەى پاكژو بێلایەن لێپرسینەوەى ئەمە بكات و سەرمایەو بودجەى حكومەت لە چنگى حزبەوە بگێرێتەوە بۆ حكومەت و لە حكومەتەوە سەرچاوەبگرێت نەك وەك ئێستا لە حزبەوە ببەخشرێتە حكومەت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست