لە سلێمانی رائیدێك پاسەوانی بانكێك فەلاقە ئەكات
Monday, 02/08/2010, 12:00
لە وڵاتەپێشكەوتوەكاندا خەڵكی یاسا بە بنەمای ڕاپەڕاندنی كارەكانی ڕۆژانەیان دائەنێن و هەموو تاكێكی كۆمەڵگا ڕێز لەڕێسا و یاساكانی وڵاتەكەیان ئەگرن و هەرگیز ڕێگە نادەن كەسێك جا لە هەر پلە و پایە یە كدا بێت سەروەری یاسا پێشێل بكات یاخود بۆ بە رژەوەندی تایبەتی خۆی قۆرخی بكات ، چەندین جار لەڕێگەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن ومیدیا جۆراو جۆرەكانەوە بینیومانە و بیستومانە كەلەو وڵاتانەدا بەرپرسە باڵاكانی حكومەت و تەنانەت سەرۆكە كانیشیان بانگێشتی دادگا كردووە و لێ پێچینەوەیان لەگەڵداكردون .
بەڵام بەداخەوە لەم هەرێمە خنجیلانەیەی ئێمەدا یاسا مەودای هەیە و ئەوەی لە دەرەوەی ئەو مەودایەبێت ئەوا یاسا نایگرێتەوە و هەرچیەكی بوێت زۆر بە ئاسانی ئەیكات ، لەلای ئێمە هەندێك كەس كاتێك بەپلە و پایەیەك ئەگات ئەوا ئیتر ئەڵێت من هەزم هەڵئەبەزم وبە بێ ئەوەی ئەرك و سنوری بەرپرسیاریەتی خۆی بزانێت ئەوا شەلم كوێرم هەڵسوكەوت ئەكات و هەركەسێك لەخوار دەسەڵاتی خۆیەوە بێت وەك كۆیلە تەماشای ئەكات .
ڕۆژی پێنج شەممە ی ڕابردوو ڕێكەوتی 30/7/2010لیژنەیەك كە لە فەرمانبەرانی شارەوانی و بەرگری شارستانی و ئەفسەرێكی هێزەكانی ناوخۆ بەپلەی ڕائید پێك هاتبوون بەمەبەستی بەسەركردنەوەی دامودەزگاو باڵەخانەكان لەهەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی ئاگركەوتنەوە، سەردانی بانكی بازرگانی عێراقیان لە سلێمانی كردبوو تاوەكو لەنزیكەوە لەومەرجانە بكۆڵنەوە لە كاتی چونەژورەوەیاندا بۆ بانكەكە یەكێك لەپاسەوانەكانی بانكەكە داوای لە ئەفسەری لیژنەكە كردووە كە دەمانچەكەی دابنێت بەڵام ئەفسەرەكە زۆر بە لوتبەرزیەوە ووتویەتی تۆ چیت تا من دەمانچەت بدەمێ ، ئەمە لێرەدا سەرەتا كاكی ڕائید یاسای پێشێل كرد لە بەرئەوەی لە یاسای هەموو بانكێكدا ئەوەیە كە نابێت جگە لە پاسەوانەكانی پشكنینی بانكەكە كەسی دیكە بە چەكەوە بچێتە ژورەوە،بە هەر حاڵ ڕائیدەكە هەر بە نێرەكەری دە مانچەكەی دانەناوە و لەگەڵ لیژنەكەدا چۆتە ناو بانكەكەوە و دوای بەسەر كردنەوەی بانكەكە لەكاتی هاتنە دەرەوەیدا هێشتا دڵی لە پاسەوانەكە پاك نەبۆتەوە و بە بیانوی ئەوەی سەلام قوتی بۆنەكردووە هەرچەندە كە جەنابی بێریشی لە سەردا نەبووە بە هەموو هێزو توانای خۆی بەر ئەبێتە بۆكس و شەق تێهەڵدانی ئەو پاسەوانە بەستەزما نەو بە بەرچاوی پاسەوانەكانی دیكە و فەرمانبەران وخەڵكانی هاتوو بۆ مامەڵە لە بانكەكەداسەرو چاوی خەڵتانی خوێن ئەكات. من بۆ خۆم یەكێك بوم لەو كەسانەی كە بۆ مامەڵەی بانكی چووبوم و شاهیەت حاڵی ڕوداوەكە بووم.
بەڕاستی ستەمە پاسەوانێك كە ئەركی پاراستنی بانكێك بێت لە دزو پیاو خراپ ولەناو حەرەمی دامەزراوەیەكی فەرمیداو لەكاتی بەئەنجامگەیاندنی كارەكەیدالەلایەن بەناو یاسا پارێزێكەوە سوكایەتی پێ بكرێت .
ئەمە ئەوە ئەگەیەنێت یا ئەو ڕائیدە هیچ لەیاسا نازانێت یاخود ئەوەیە كە خۆی لەیاسا گێل ئەكات و نایەوێت یاسا پەیڕوبكات ،لەسەدا سەدیش ئەگەری دووەم ڕاستە لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەمەپشتی بە بەرپرسێكی وەك خۆی نێرەكەر قایم نەبێت چۆن ئەتوانێت بە ڕۆژی نیوەڕۆ ئەوكارە نابەجێیە بكات ،یاخود دیارە ماوەیەكە بووە بە مۆدە كە بەڕۆژی نیوەڕۆ و بە بەر چاوی خەڵكەوە كاری نا ڕوا بكرێت هەر وەك چۆن پێشتریش كەسانی هاوشێوەی كاكی ڕئید لە هەولێر بەڕۆژی نیوەڕۆ شەهید سەردەشت عوسمانیان ڕفاند.
مەخابن بۆ وڵاتە بێسەرو بەرەكەم تۆبڵێی ڕۆژێك دابێت ئێمەش وەكو وڵاتانی پێشكەوتو بەرپرسە یاخی بووەكانمان ڕاپێچی دادگابكەین و بەێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بكەین ویاسا بكەینە چەتری سەری هەموو تاكێكی كۆمەڵگا بە بێ جیاوازی.
ئیمەیل :
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست