کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سوتەمەنی و قەیران

Sunday, 19/05/2013, 12:00










سوتەمەنی یەکێکە لە هەرە گرنگترین ئینپوتەکانی بەرهەمهێنان و بەرز و نزمی نرخی ئەم شمەکە هەتا ئەندازەیەکی زۆر کاریگەری دادەنێت لە سەر بەرز بونەوەی نرخی شمەك و کەلوپەل و کار گوزارییەکان ، بەو پێیەی سوتەمەنی بزوێنەرو هەڵسوڕێنەری سەراپای پیشەسازییەکانە بە قورس و سوکییەوە، جگە لەوەش سوتەمەنی میکانیزمی جوڵەی شمەك کەلوپەلە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی کە ، بۆیە هەر بەرز بونەوەیەك لە نرخی ئەودا واتای بەرز بونەوەی نرخی شمەکەکانە، چی سەبارەت بە وڵاتانی بەرهەمهێنەر بێ ، یاخود وڵاتانی بەکار بەر ، هەر یەکێک لەو وڵاتانە ناتوانن خۆیان لە کاریگەرییە خراپەکانی پشت بەرز بونەوەی نرخی سوتەمەنی بپارێزن ، چونکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرزی و نزمی نرخی ئەم شمەکە ستراتیژییە کاریگەری لە سەر ڕەوشی ئابوری وڵات جێدەهێڵێت .
هەر بۆیەشە هەمو دەوڵەتانی پێشکەوتو و پیشەسازی جیهان لە هەوڵی مسۆگەر کردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی سوتەمەنیدان بۆ خۆیان ، هەتا خۆیان لەو کاریگەرییە نێگەتیڤانە بپارێزن کە بەهۆی کەمی یاخود کەم بەردەستی ئەم شمەکەوە دەکەوێتە سەر ئابوری هەموەکییان ، بۆیە دەبینین هەندێك لەو وڵاتانە لە پێناو دابینکردنی ئەم کاڵا بە نرخ و بە به بەهایەدا کورد وتەنی شەڕی سور ئەکەن و هەتا ئەندازەی بەیەکدا دانی سەربازی و جەنگی هەرێمی و داگیرکاری وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت سنوریان بەزاندووە ! چونکە دەزانن ماکی گەشەی ئابوری بونی سوتەمەنی پێویست و هەرزانە ، چونکە سوتەمەنی ئینپوتێکی حەتمی بەرهەمهێنانە لە هەمو سێکتەرو کایە جۆربەجۆرەکانی ئابوریدا ، بەرهەمهێنان و دواتریش وەبازاڕخستن و ساغ کردنەوەی شمەك و کارگوزاری دەرگیرو پێبەندی ئەم شمەکە گرنگەیە ، بۆیە لەجێی خۆیەتی هەر هێزو دەسڵاتێکی میللەت دۆست و نیشتیمانی و خاوەن پڕۆژەیی ژیانی و خاوەن ئامانجی باڵا ، هەوڵبدات دەستەبەری ئەم کاڵا گرنگە بکات چی بە بەرهەمهێنانی لە ناوخۆدا یاخود هاوردەکردنی لە دەرەوە ، چونکە گەشەی ئابوری وەستاوەتە سەر هەرزانی و زەوەندی بڕی سوتەمەنی ، هەر هەوڵێکیش لەم بوارەیا بە ئاراستەی دەستەبەرکردن و فەراهەمکردنی شایستەی بەرز نرخاندن و پەسناندنە ، بە تایبەت وەبەرهێنانی نەوت بەجۆرێکی ڕون و شەفاف و زانستی و بەدامەزراوەیی کردنی کایەی نەوت و دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتیمانی بۆی و دەرهێنان و دواجار فرۆشتن و پاڵاوتنی بە ڕێژەیەکی زۆرو بە نرخێکی گونجاو کە لە بەرژەوەندی هەمواندا بێت، بەڵام بە داخەوە لە کوردستانی خاوەن سامانی نەوتدا لە پاش چارەکە سەدەیەك دەسڵاتی کوردی و لە پاش نزیکی دە ساڵ بون بە خاوەنی بیری نەوت و داهاتێکی زۆر و زەوەند ، نەتوانراوە سوتەمەنی پێویست دەستەبەر بکرێت بۆ وڵات ، نەتوانراوە پاڵێوگەی گەورەو بە توانا دامەزرێنرێت کە پێویستییەکانی کوردستان لە سوتەمەنی بە شێوەیەکی سەربەخۆ پڕ بکاتەوە ، شتێکی نالۆژیکی و نا ئابورییە وڵاتێك بەرهەمهێنەرێکی گەورەی نەوت و خاوەنی یەدەگێکی بێ ئەندازەی نەوت بێت و هەرێمێکی سەرەکی یەکێك لە وڵاتە دامەزرێنەرەکانی وڵاتانی هەناردە کاری نەوت بێت ، کە چی لە گەڵ ئەوەشدا سوتەمەنی لە تورکمانستان و ئێران و کوێ و کوێ هاوردە بکات و قەیرانی سوتەمەنی هۆکاری بێزاری و نیگەرانی هاو نیشتیمانییەکانی بێت ، ئیدی کامە پلان و کامە نیازو کامە دڵسۆزی و کامە ویژدان و کامە نیشتیمان پەروەرییەك ڕێگە بەوە دەدا نرخی سوتەمەنی لە کوردستان دو هێندەی وڵاتانی هەژار بە نەوت بێت؟ ئەگەر بڕیار وایە وڵاتەکەما ن دروست بکەین و لە سەر پێی خۆمان ڕاوەستین و خاوەنی ویست و بۆچون و سەربەخۆیی خۆمان بین ، دەبێت شکۆی کورد بونمان بپارێزین و ئابورییەکەمان تۆکمەو پەرەسەند و گەشەکردو بێت ، ئەویش بە دامەزراندنی ژێرخانی ئابوری دێتە دی نەك بە شتی ڕوکەش و باق و بریق و کەم بەها ، یەكێك لەو کایانەی ژێرخانیش پاڵێوگەکانی نەوتە ، چونکە وەك پێشتر باسمان کرد گەشەی ئابوری و سەخلەمی ڕەوشی ئابوری پێوە بەندە .
بۆیە هیوا خوازم ئەم سکانداڵی قەیرانی سوتەمەنی و ڕیزی درێژی سەرەی بەنزینخانەو گرانی نرخی سوتەمەنی ، بنە بڕ ببێت و هەوڵێك بۆ چارەسەر کردنی بدرێت بەو شێوەی کە باسمان کرد ، نەك بە پینەو پەڕۆکردن و هاوردەکردن لە دەرێ ، چارەسەری کاتی و ساتەوەختی چارەسەر نییە بەڵکو ئیدارەدانی قەیرانە، کە ئەویش فێڵ و تەکتیك و تاوانە.
چونکە سستی و کەمدەربەستی و خەمساردی لە بەجێگەیاندنی پڕۆژەکانی ژێرخاندا ، ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و نیشتیمانی بونی ئەم دەسڵاتەی خستۆتە ژێر نیشانەیەکی گەورەی پرسەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە