ئه‌گه‌ر شۆڕشمان پێ نه‌کرێ، دەتوانین تێکی بده‌ین (به‌شی دووه‌م)

Friday, 04/12/2009, 12:00


یه‌کێک له‌ دوکومێنته‌ نهێنییه‌کانی سه‌فاره‌تی ئه‌مه‌ریکی له‌ تاران، که‌ له‌ ساڵی 1979 ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا ده‌ڵێت:" گه‌ر مێژوو شتێکی فێری کوردان کردبێت ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه‌کانی غه‌یری کورد ئاماده‌ن مه‌سه‌له‌ی کورد بکه‌نه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کانی خۆیان.
ئه‌مه‌ نیوه‌ یان به‌شێکی ئه‌و ڕاستییه‌یه‌، چونکه‌ دوژمنان و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ به‌ته‌نها مه‌سه‌له‌ی کوردیان نه‌کردۆته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان، به‌ڵکو سه‌رانی سیاسیی کوردیش به‌ گشتی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کوردیان کردۆته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان! هه‌ر ده‌نگ و ناره‌زاییه‌کیش ئه‌گه‌ر له‌ تاکی کورده‌وه‌ بووبێت ئه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردییانه‌وه‌ هه‌وڵی کپکردنی بۆ دراوه‌، به‌تایبه‌تی پارتی و ده‌ستگای پاراستن!
سامناکترین میتوود و ئامرازی ده‌مکوتکردن، که‌ ده‌سگای پاراستن و ده‌سگاکانی دیکه‌ پیاده‌ی ده‌که‌ن به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستپێده‌کات: پاره‌، خه‌ڵات، هه‌ڕه‌شه‌، ناوناتۆره‌ و سووککردن، به‌ندکردن، ئه‌شکه‌دان دواجار تێرورکردنی ئه‌و ده‌نگه‌ئازادانه‌ی ڕه‌خنه‌یان لیده‌گرن، یان ئه‌و ئۆپۆزیسیونانه‌ی ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، که‌ ناره‌زاییه‌ک ده‌رده‌بڕن.
ئه‌مه‌ شێوازی کارکردنی ده‌زگای پاراستنی پارتییه‌ بۆ خنکاندنی ده‌نگی ئازاد و ناڕه‌زایی مرۆڤی کورده‌ که‌ وای کردووه‌ وه‌ک حیزبێکی سیاسیی ڕووڵی خۆی له‌ ناو بزاڤی ڕزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورددا نه‌بێت و هه‌وڵ و خه‌باتی ته‌نها بۆ ئامانجه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا موسته‌فا بێت، بێگومان هه‌مان میتوودیش ده‌زگای زانیاریی و بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانیش پیاده‌ی ده‌کات. جگه‌ له‌وه‌ش پارتیی و یه‌کێتیی زیاتر وه‌ک ڕێکخراوی مافیایی نه‌ک وه‌ک حیزبێکی سیاسیی کارده‌که‌ن، بۆیه‌ مێژووی ئه‌م پارتانه‌‌ پڕه‌ له‌ نمونه‌ی زۆر، پێکڕا ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن که‌ به‌رده‌وام له‌ ڕێگای که‌سانی پیاوکوژ و تاوانبار و ڕابردوو پیس و جاش و سیخووڕه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خێزان و خێڵی سه‌رکرده ده‌پارێزن و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌‌ له‌ سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کورده‌وه‌ ده‌پارێزن، ئه‌مه‌ش وای کردووه‌ مێژوویه‌کی خوێناوی بۆ مانه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تییه‌ک دروست بکات که‌ به‌پراکتیک له‌ به‌ره‌ی دوژمندا که‌ناریگرتووه‌.
ئه‌میر تاهیری سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی که‌یهانی هه‌وئیدا له‌ (ژماره‌ی شه‌ممه‌ ڕۆژی 10ی مایسی1975)دا وا ده‌نووسێت: 
بارزانی ده‌ڵێ: (کاری من ته‌واوبوو، ئیتر من هیچ ده‌ورێکم نابێت له‌ ڕابه‌ڕایه‌تی کورده‌کانی عێراقدا). دیسان ده‌نووسێته‌وه‌ و ده‌ڵێ:
بارزانی ئیستا له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی له‌ نزیکی تاران ئه‌ژی. هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر که‌ بۆ دیتنی چووم و باسی ته‌واوبوونی شه‌ڕی له‌ سه‌رووی عێراقدا ئه‌کرد، هیچ هیلاک و ماندووبوونێکی پێوه‌ دیار نه‌بوو، به‌لکو وه‌ک که‌سێکی شادمان و ڕوو خۆش ده‌هاته‌ پێش چاوم. ئه‌مڕۆ بارزانی کۆتایی ژیانی سیاسیی و جه‌نگی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، که‌چی بچوکترین نیشانه‌ی تاڵیی یان په‌ژاره‌یی له‌ دوانده‌کانیدا به‌دی ناکرێت.
ئا ئه‌مه‌یه‌ سه‌رکرده‌یه‌کی قاره‌مان و کارێزمای کورد، که‌ پاش ئاشبه‌تاڵ و به‌جێهێشتنی نه‌هامه‌تی بۆ گه‌له‌که‌ی بێ په‌ژاره‌ و خه‌مباریی له‌ ئێران پاڵی لێداوه‌ته‌وه‌ و دوای ده‌چێته‌ ئه‌مه‌ریکا!.
دیسان ئه‌میر تاهیری سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی که‌یهاندا درێژه‌ به‌ قسه‌کانی ده‌دات و ده‌ڵێت: مه‌لا موسته‌فا ئیستا جلوبه‌رگی کوردی فڕێداوه‌ و چاکه‌ت و پانتۆڵی له‌ به‌ردایه‌ و بۆیه‌مباخی به‌ستووه‌. له‌ ماوه‌ی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا که‌ 95 ده‌قیقه‌یی خایاند، به‌رده‌وام جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ و ده‌یگووت:
" من به‌نده‌یه‌کی گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره‌ی خۆمم. هه‌موو شتێک له‌ چاره‌نووسدا هاتووه‌ و ئێمه‌ هه‌موو به‌نده‌ی خواین و ناتوانن لێی ڕابکه‌ن". دیسان ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند و وتی:
"من هه‌رگیز وه‌ک ئه‌مڕۆ هه‌ستم به‌ ته‌ندرووستیی باش و ئارامیی نه‌کردووه‌......"
" من ئاگاداری ڕێکه‌وتننامه‌ی ئه‌لجه‌زائیر نه‌بووم، به‌ڵام پشتگیریی لێده‌که‌م و چاکه‌ی میلله‌تی ئێرانم ده‌وێت، هه‌رچییه‌ک چاکه‌ی ئێرانی تێدا بێت جێ ڕازیبوونی هه‌موو کوردانه‌".
له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکدا که‌: ئایا دوای تۆ چاره‌نووسی کورده‌کان چی لێبه‌سه‌ر دێت؟
مه‌لا مسته‌فا وه‌ها وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
"من لێره‌م و ئه‌وان له‌وێن. هه‌موو شتێک به‌نده‌ به‌خۆیانه‌وه‌. من ئیتر سه‌رکرده‌یان نیم. ئێوه‌ش دڵنیاده‌که‌مه‌وه‌ که‌ هه‌رگیز دووباره‌نابمه‌وه‌. من ته‌واوبووم. ئاره‌زووم ئه‌وه‌یه‌ ناوم له‌ مێژوودا بسڕنه‌وه‌".
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئیستا هه‌ندێک کورد دژی ڕێکه‌وتننه‌که‌ی ئه‌لجه‌زائیر ناڕه‌زایی خۆیان ده‌رده‌بڕن و هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر ئێران، بارزانی له‌ وه‌ڵامی ئه‌مه‌شدا گووتی:
" ئه‌وانه‌ پیاو نین. کورد نین. ئینسان نین. یه‌کێکی وه‌کو عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی که‌ ئیستا دژی ئێرانه‌، خۆی فرۆشتووه‌، چونکه‌ ئه‌و پیاوه‌ شه‌یتانه‌ و له‌ شێوه‌ی به‌شه‌ردایه‌".
::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::



له‌ چاوپێکه‌وتنێکی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کوردستان لقی ئه‌وروپا (ئاکسا) ژماره‌ 6،لاپه‌ره‌ 34 دکتۆر مه‌حمود عوسمان وای ڕاگه‌یاند:
"هۆی ڕاسته‌وخۆی هه‌ره‌سهێنانی شۆڕش، زیاتر هۆی ناوخۆیی بوو، ئه‌گه‌ر به‌ زنجیره‌ پیابڕۆین، بریتین: 
یه‌که‌م: سه‌رکردایه‌تی بارزانی.
دووه‌م: مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی.
سێیه‌م: لیژنه‌ی مه‌رکه‌زی.
ڕاست نییه‌ که‌ زۆر که‌س ده‌ڵێن نه‌ده‌توانرا به‌رگریی له‌ هێزی دوژمن بکرێت، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌توانرا ئه‌وه‌ بکرێت، چونکه‌ ئه‌و کاته‌ 22 ملیۆن دیناری عێراقی (25 دیناری ئه‌و کاته‌نزیکه‌ی 100 دۆلار بوو) که‌ له‌ قاسه‌ی سه‌رکردایه‌تی بارزانییدا بوو. هه‌روه‌ها 17 ملیۆن گولله‌، 60 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ و 43 هه‌زار میلیشیا هه‌بوون، جگه‌ له‌مانه‌ ڕووبه‌ڕی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که‌ له‌ ژێر کۆنترۆڵی شۆڕشدا بوو بریتی بوو له‌ 40هه‌زار کیلۆمه‌تری چوار گۆشه‌". 
به‌پێی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ پارتی وه‌ک حیزبێکی سیاسیی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان وه‌ک هێزێکی چه‌کدار و به‌رگریی له‌ کوردستاندا کۆتایی پێهات و سه‌رکرده‌ی نه‌مر و ڕاکردووی کورد، له‌گه‌ڵ دوو کوڕه‌که‌ی: ئه‌دریسی هه‌میشه‌ مردوو، مه‌سعودی هه‌میشه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند، که‌ چاره‌نووسی کوردیان خسته‌به‌رده‌ستی دڕنده‌ترین ڕژێم و تاوانبارترین سه‌رۆکی عێراق که‌ سه‌ددام حوسێن بوو.

BARZANI kurdistan بارزانی by kurdistan كوردستان.

کاتێکیش یه‌کێتی نیشتمانی دروست بوو، ئه‌دریس و مه‌سعود هه‌ستیان به‌مه‌ترسی تێداچوونی بنه‌ماڵه‌که‌یان کرد، زانییان ئه‌گه‌ر فریای خۆیان نه‌که‌ون، کاریان ده‌ترازێت و مێژوو لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کات، تاکه ‌ڕێگایه‌کیش ئه‌وه‌بوو هه‌موو قورساییه‌کی خۆیان بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌وڵ بۆ تێکشکاندی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ بده‌ن! شه‌ڕی هه‌کاریی سه‌ره‌تای ئه‌و دژایه‌تییکردنه‌بوو! دووه‌میش لێدانی بزووتنه‌وه‌کانی ناو کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بوو، که‌و به‌ به‌رده‌وامی و خۆ نیشاندان و ئاماده‌بوونی تێدا ده‌کرا.
بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا موسته‌فا که‌سێک یان لایه‌نگیرێکیان نه‌مابوو له‌ کوردستانی باشووردا، یان هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کیان بچڕابوو!
بۆ به‌ستنه‌وه‌ی گرێی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌ ته‌حسین شاوه‌یس و قاله‌ فه‌ره‌ج که‌سی باشتریان ده‌ست نه‌ده‌که‌وت! به‌هۆی ئه‌مانه‌وه‌ په‌یوه‌ندیکردن به‌ جاش و پیاوخراپه‌کان تا ده‌هات تۆختر ده‌بووه‌وه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش سیستێماتیک خۆی گرێدابوو به‌ ڕژێمی سه‌ددامه‌وه‌، تا گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌یان که‌سی خۆفرۆشی تریشه‌وه‌ ده‌کرد، کار گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ژێر به‌ژێر ده‌ست له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عسیشدا تێکه‌ڵ بکه‌ن و هێزێکی به‌رگری دروست بکه‌ن له‌گه‌ل سووپای عێراقدا و تا به‌ره‌و ڕووی هێزه‌کانی یه‌کێتی ببنه‌وه‌.
بێگوومان بوونی که‌سێکی وه‌ک مامه‌ڕیشه‌ جێگای مه‌ترسی ده‌بێت بۆ ئه‌دریس و مه‌سعود بارزانی، چونکه‌ وه‌ک ئه‌دریس رایگه‌یاند که‌ ئه‌و ده‌توانێت شۆڕشی کورد تێکبدات (ئه‌گه‌ر شۆڕشمان پێنه‌کرێت، ده‌توانین تێکی بده‌ین)، که‌چی دیتی یه‌کێکی وه‌ک مامه‌ڕیشه‌ وا خه‌ریکه‌ ئه‌م قسه‌یان پۆچه‌ڵ ده‌کاته‌وه‌، بۆیه‌ په‌یوه‌ندیکردن و هاریکاری له‌گه‌ڵ که‌سێکی وه‌ک ته‌حسین شاوه‌یس، تاکه‌ ڕێگایه‌ک بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌کێتی و له‌ شۆڕش و له‌ کوردی پێبده‌ن.
ئه‌مه‌ش وه‌ڵامه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ بۆچی‌ مه‌سعود بارزانی له‌ ساڵی 1991دا ته‌حسین شاوه‌یسی کرده‌ برا و کوڕه‌گه‌وره‌ی مه‌لا موسته‌فا. ته‌حسین شاوه‌یس له‌ مێژبوو نامه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌دریس و مه‌سعوددا ده‌گۆڕییه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ بارزانی و قیاده ‌موه‌قه‌ته‌وه‌ هه‌بوو. من بۆ ئه‌مه‌ دوو به‌ڵگه‌ی گرنگم هه‌بوو که‌ ئیستا له‌به‌ر ده‌ستماندا نین و، له‌ کوردستانن، که‌ ناتوانم من ڕاسته‌وخۆ باسی لێوه‌بکه‌م، هه‌ر کاتێک گه‌یشته‌ده‌ستم به‌ بێ سێودووکردن له‌ ڕێگای ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌وه‌ ئاشکرای ده‌که‌م.
::::::::::::::::::::::::::::::::::::::
مامه‌ ڕیشه‌ هه‌میشه‌ له‌ سه‌رووی پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌وه‌ بووه‌، ئه‌وه‌ی مامه‌ ڕیشه‌ ئه‌نجامی ده‌دا به‌ڕاستی له‌ باوه‌ڕی هیچ که‌سێکدا نه‌بووه‌ و نابێ.
ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یکرد، به‌خه‌یاڵی هیچ کام له‌ ده‌هێنه‌ری فلیمی سینه‌ماییدا نه‌هاتووه‌. کاتێ ڕامبۆ ئه‌کته‌ری‌ت سینه‌مایی به‌ به‌رده‌قانی هێلیکۆپته‌ری ده‌خسه‌ته‌ خواره‌وه‌، ده‌سبه‌جێ بینه‌ر ئه‌ی ووت: ئای له‌و درۆ زله‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مامه‌ ڕیشه‌ ئه‌نجامی ده‌دا، زۆر له‌وانه‌ی ڕامبۆ گه‌وره‌تربوون ئه‌وه‌ی ڕامبۆ درۆ بوون، لێ ئه‌مه‌ی مامه‌ڕیشه‌ ڕاسته‌قینه‌بوون، چونکه‌ مامه‌ڕیشه‌ پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌یی کورد بوو ، ئه‌و کار و ئازایه‌تییه‌ی، که‌ له‌ فلیمه‌ خه‌یاڵییه‌کاندا ده‌بینرێن، مامه‌ڕیشه‌ و هاوه‌ڵه‌کانی سه‌ده‌ها قاره‌مانێتی وایان نواندوه‌، که‌ له‌ ژماره‌نایه‌ن. له‌ شه‌ڕێکی نزیک دووبز (هاوڕێ کرێکار) ده‌ڵێ: ئاخ بۆ فلیمسازێکی کورد، ئه‌م شه‌ڕه‌ی بگرتایه‌، ئه‌زانی بۆچی، چونکه‌ وه‌ک فلیمه‌ خه‌یاڵیه‌کانی ئه‌مه‌ریکی میلۆنه‌ها دۆلاری نه‌ده‌ویست، ئێمه‌ که‌سمان نه‌ده‌ویست درۆمان بۆ بکات؛ چونکه‌ ئێمه‌ بۆ په‌ڵه‌وانی ده‌ستکردمان پێویست نه‌بوو، هه‌روه‌ها پێویستمان به‌ چیرۆکنووسێک نه‌بوو، تا بۆمان بهۆنێته‌وه‌ و‌ به‌دوای درۆدا بگه‌ڕێ و خۆی نوقمی خه‌یاڵ بکات.
ئه‌و کاره‌ی مامه‌ ڕیشه‌ ئه‌نجامی ده‌دا سه‌ددامی ناچارکردبوو ناوی (رجل الحدیدی) له‌م پیاوه‌ مه‌زنه‌ بنێ.
مامه‌ ڕیشه‌ هه‌رچه‌نده‌ سه‌ر به‌یه‌کێتیی نیشتیمانیی بوو، به‌ڵام ئه‌و پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو میلله‌تی کورد بوو، درۆ نییه‌ و به‌ ویژدانه‌وه‌ ده‌یڵێم که‌ ئازایه‌تی مامه‌ڕیشه‌ ئیره‌یی (به‌غیلی) له‌ لای پارتی دروستکردبوو ، بۆیه‌ ڕقێکی کوێرانه‌یان له‌ مامه‌ڕیشه‌ هه‌ڵگرتبوو، چونکه‌ سه‌رکه‌وتنی مامه‌ ڕیشه‌یان به‌ به‌سه‌رکه‌وتنی یه‌کێتی ده‌زانی و پاشه‌ڕۆژی خۆیانی خستبووه‌ مه‌ترسییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان ته‌حسینیان هه‌بوو، بۆیه‌ زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییان به‌م خائینه‌وه‌ ده‌کرد تا پلانێک ڕێک بخات و مامه‌ ڕیشه‌ له‌ ناو به‌رێت.
مامه‌ ڕیشه‌ باوه‌ڕی به‌ گولله‌ به‌ند نه‌بوو،به‌لإم زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان باوه‌ڕیان وابوو که‌ گولله‌ به‌ندی هه‌ڵگرتوه‌، ئاخر ناهه‌قی خه‌ڵکی مه‌گرن، ئه‌و له‌ هه‌موو په‌لاماره‌کانیدا به‌رامبه‌ر به‌ که‌مترین زیان، باشترین ده‌ستی ده‌وه‌شاند.
نه‌ک ته‌نها پارتیی، ته‌نانه‌ت خۆشه‌ویستی خه‌ڵک بۆ مامه‌ ڕیشه،‌ وای کردبوو جه‌لال تاڵه‌بانیشی تۆقاندبوو، ئه‌و ده‌ترسا که‌ جێ پێی له‌ق بکات.

قاره‌مانێکی دیکه‌ی کورد، ئه‌ویش ناوی شه‌هید سیروان فه‌یسه‌ڵ ڕه‌شیده‌، جگه‌ له‌ پاڵه‌وانییه‌که‌ی، جگه‌ له‌وه‌ی که‌ چه‌کی شه‌ڕی له‌شاندا بوو، باشترین چه‌کی گفتوگۆش له‌ بیریدا بوو.
شه‌هید سیراون ده‌یتوانی له‌گه‌ڵ جوتیاردا جوتیار بێ، ئه‌و ده‌یتوانی له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیریشدا له‌ به‌رزترین ئاستدا گفتووگۆ بکات.
ئه‌و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ شێته‌کان ومنداڵه‌کانیشدا له‌وپه‌ڕی مرۆڤایه‌تیدا بوو.
که‌م ئه‌ندامێک له‌ گوندی به‌له‌که‌جاڕ هه‌بوو، به‌ناوی ئه‌نور، ئه‌و گه‌نجه‌ ته‌مه‌نی 26 ساڵ ده‌بوو، به‌ڵام وشیاری له‌ئاست 3ساڵی. ئه‌نوه‌ر سه‌ری هه‌ر زۆر بچوک بوو له‌چاو گیانیدا،خه‌ڵکی گونده‌ ئازاری ئه‌نوه‌ریان ده‌داو کردبوویانه‌ یاری ده‌ستی خۆیان. به‌ڵام شه‌هید سیراون ئه‌و ڕێبازه‌ی به‌ خه‌ڵکی گوند گۆڕی.
بۆیه‌ کاتێک شه‌هید سیراون و هاوڕێکانی گوندی به‌له‌که‌جاڕیان به‌ جێده‌هێشت، ئه‌نوه‌ر تا نیوه‌ی ڕێگا به‌ داوی پێشه‌مه‌رگه‌گان ده‌که‌وت.
شه‌هید سیراون نمونه‌ی پێشه‌رگه‌ی باڵا بوو، مێژوو تۆماری کردوه‌ و هیچ هێزی خۆشه‌ویستی ئه‌و له‌دڵی خه‌ڵکدا ڕه‌ش ناکاته‌وه‌.
شه‌هید سیراون ووتی: ئه‌گه‌ر 100 پێشمه‌رگه‌ی وه‌ک شه‌هید حه‌مه‌عه‌زیزم هه‌بوایه‌ نه‌ک کوردستانێک به‌ڵکو 10 کوردستانم ڕزگار ده‌کرد. شه‌هید حه‌مه‌ عه‌زیز سه‌رده‌سته‌ی ئه‌و پۆله‌ پێشمه‌رگه‌ بوو که‌ له‌ به‌کربایێف به‌ده‌ستی خودی ته‌حسین شاوه‌یس شه‌هید کرا.
شه‌هید به‌کر ته‌لانی شه‌هید سیروان، شه‌هید مامه ڕیشه‌‌ که‌ شه‌هید کران، ته‌واوی کوردستانیان خه‌مبارو ڕه‌شپۆش کرد.
ئه‌م که‌ڵه‌ پاڵه‌وانانه‌ی خه‌باتی ڕزگاری گه‌له‌که‌مان له‌گه‌ڵ ده‌ها پۆلی ده‌یکه‌ی خه‌باگێڕی گه‌له‌که‌مان به‌ ده‌ستی ڕه‌شی نه‌گریسی خائینی وه‌ک ته‌حسین شاوه‌یس شهید کران.
پاش ئه‌و هه‌موو خیانه‌ته‌ی که‌ ته‌حسین شاوه‌یس کردی دژی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی گه‌له‌که‌مان، له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌رزانیه‌وه‌،خه‌ڵات کرا و کریشیان به‌کوڕه‌ گه‌وره‌ی بارزانی.
ته‌حسین شاوه‌یس جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌نفاله‌کاندا، هه‌روه‌ها ده‌ها کاری قێزوه‌نی دژی ڕه‌ش و ڕووتی گه‌له‌که‌مان ئه‌نجام داوه‌.
ئه‌و نازناوی هه‌رکچێکی جوانی ببیستایه‌، ده‌چوو نارنجۆکێکی ده‌خسته‌ گیرفانی براکه‌ی‌ یا باوکی یا که‌سێکی نزیکی و پاشان له‌ ماڵه‌ جاشه‌کانی خۆیدا زیندانی ده‌کرد، تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌و کاته‌ی ژنکه‌، یان کچه‌که‌ ده‌هاته‌ لای و ده‌پاڕایه‌وه‌، ئه‌وسا تا لاقه‌ و ئه‌تکی نه‌کردایه‌ ئه‌و که‌سه‌ گیراوه‌ی به‌ر نه‌ئه‌دا.
ته‌حسین شاوه‌یس سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی له‌ پای کاره‌ خیانه‌ته‌کاریه‌که‌ی‌ وه‌ریده‌گرت، به‌وه‌ش تێری نه‌ده‌خوارد، به‌ڵکو کاتێک دار و ده‌سته‌که‌ی، که‌ ڕاوی لاوی کوردێکیان ده‌ست نه‌ده‌که‌وت، ئه‌وان ده‌چوون له‌ ده‌روووبه‌ری خۆیان خه‌ڵکیان ده‌گرت وله‌ ماڵه‌کانی خۆیاندا زیندانیان ده‌کردن تا ڕیشی درێژده‌بوو. پاشان ده‌چوون ته‌سلیمی حکومه‌تیان ده‌کرد و به‌نرخی پاسدار ده‌یان فرۆشنه‌وه‌ به‌ ڕژێمی به‌عس‌.

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە