چۆن وەزیرى گواستنەوە دەستى لەكار نەكێشایەوە ؟
Tuesday, 28/04/2009, 12:00
(حكومەتى هەرێم بەرپرسە لە مردنى 20 هاوڵاتى دەربەندیخان و چواردەورى) بەهۆى كەمتەرخەمى حكومەتى هەرێم و مشەخۆرى و گەندەڵیەكانى ئەو بەرپرسانەى كە نەیان توانى شوناسێكى تر بدەنە (ڕێگەى مەرگ) ى ڕێبوارانى ناوچەكانى گەرمیان و شارەزور , دەربەندیخانیەكان باجەكەیان داو لەساتێكدا ئەو شارەپڕبوو لەتەرمى ئازیزەكانیان و بۆهەمیشە ئەو كارەساتە برینێكى خستە دڵ یانەوە كە لە یاد كردنى مەحاڵبێت .
هۆكارى مردنى ژمارەیەكى زۆرى هاوڵاتیان بەهەموو خەونەكانیانەوە لەڕوداوى (ڕۆژى (19/4/2009) دا پرسیارێكى جدیە لەحكومەتى هەرێمى كوردستان و وەزارتى گواستنەوە بەدەر لە قەدەرى ئیلاهى بۆ ئەو مردنە بەكۆمەڵەى كەس و كارمان ؟! چونكە بەرلە وەى ڕێگەى نێوان (سلێمانى ,عەربەت) بكرێتە دوساید , تەنها لەو ڕێگەیەدا هێندەى قوربانییەكانى شەڕى ناوخۆى كوردستان خەڵكى بەش مەینەت بونە قوربانى خراپى ڕیگەوبان و ناهۆشیارى شۆفێرەكان , سەرەراِیى داواكاریى جەماوەرى لەماوەى دوو دەیى ڕابردودا و تائیستاش بۆ بە (دووساید) كردنى ڕێگەى نێوان (عەربەت دەربەندیخان) كە تاكە ڕێگەى هاتۆچۆكۆدنى نزیكەى یەك ملێون هاوڵاتیە , هێشتا وەزارەتى گواستنەوە بێ باكانە پشتى لەداواكارى خەڵك كردوەو چاوەڕوانە ڕۆژانە بەدەیان كەسى تر ببنەقوربانى خراپى و تەسكى شەقامەكان ئینجا بڕیاربدات بیرلەوەبكاتەوە كە بۆ چەند ساڵێكى تر وەك پرۆژەیەك بە (دووسایدكردن)ى ئەو ڕێگایە بخاتە كارى وەزارەتەكەیەوە كە لەدواى ئەو ڕوداوەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە ناونرا (ڕێگەى مەرگ) كەپێشتر بەڕیگاى (سلێمانى , عەربەت) یان دەوت .
وەزیرى گواستەوەى حكومەتى هەرێمى كوردستان لەدواى ئەوڕوداوەوە دەبو یەكەم وەزیر بایە كە دەستى لەكار بكێشایەتەوە و دواى لێبوردنى لەكەسو كارى قوربانیەكانى كارەساتى ڕۆژى (19/4/2009) بكردایەو یەكەیەكە بەشدارى پرسەكان بوەیایە , بەڵام بەداخەوە كارەساتێكى وەها هەستى بەربرسیارێتى وزارەتێك و كارەكتەرى جەنابى وەزیر نەجوڵێنێت , دەبێ بۆ جارێكى دى چەند كەسى تر لەڕوداوى هاتوچۆدا گیان ببەخشن تائەو هەستەتۆراوە بگاتەوە لاى جەنابى وەزیر و وەزراتەكەى ؟
ڕۆژانە بەلایەنى كەمەوە دەیان هەزار هاوڵاتى بەو ڕیگایەدا گوزرەدەكەن و تاكەڕێگاى سەرەكى یەك ملیون هاوڵاتى ناوچەكانى گەرمیان و شارەزورەو تائێستاش لەدواى (18) ساڵ نەتوانراوە ئەو ڕیگایە بركێتە دوساید و مرۆڤەكان تاڕادیەك لەكارەسات دوربخەنەوە, ئیدى كەى حكومەتى هەرێمى و وەزارەتەپەیوەندى دارەكەى بیرێك لەژیانى هاوڵاتیان دەكەنەوە ئەوڕیگایانە چاك دەكەن وڕێز لەئیرادەى خەڵكى دەگرن كە چەندین ساڵە كەسو كارەكانیان لەوڕیگایەدا مەرگى شارەوا پەلامارایان ئەدات وبۆهەمیشە ونیان دەكات ؟
پرسەنامەكەى سەرۆكى كۆمارو سەرۆكى هەرێم , بۆ كەسو كارى قوربانیەكان و خەڵكى شارى دەربەندیخان , نیشانەى هەست كردنى ئەو دوو كارەكتەرەیە بە بەرپرسیارێتى خۆیان لەئاست هەرڕوداوێكى وەها كارەسات باردا كە بەسەر هاوڵاتییاندا بێت , بەڵام مردنى (20) كەس لەڕوداوێكى هاتۆچۆدا هیچى كەمتەرنەبو لە مردنى ئەو كەسانەى تر كەلەڕوداوێكى تیرۆریستدا دەبنە قوربانى و لەلایەن هەردوو (سەرۆك) ەوە هاوكارى (مادد) ى دەكرێن , هەرچەندە ئەوهاوكارى كردنانە مایەى ڕیزى هەمولایەكە , بەڵام كەسو كارى قوربانەیكانى كارەساتەكەى ڕۆژى (19/4/2009) ئەگەر لەڕوى ماددى یەوە هیچ كێشەیەكیان نەبێـت و كەم درامەت نەبن , ئەوابۆدڵنەوایى كردن و دەربڕینى خەم لەو كۆستەگەورەیەدا دەبو هەمو ماڵێكى قوربانیەكان كۆمەكى ماددى هەردو سەورۆك یان پێبەگەیشتایە , كەتەنها سەرۆك كۆمارى عێراق هاوكارى ماددی كردن و داواش لەسەرۆكى هەرێم دەكەم كە هاوكارى ماددى كەسو كارى قوربانیەكان بكات و وەزیرى گواستنەویش وەك ئەوەى خۆى دەستى لەكار نەكێشایەوە, پەرلەمانى كوردستان ناچارى دەست لەكاركێشانەوەى بكات .
تێبینى : ئەم بابەتە لە ژمارە (170) ى ڕۆژنامەى (ئاوێنە) دا بڵاو كراوەتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست