Credit card (بەشی یەکەم)
Wednesday, 04/06/2014, 12:00
1946 بینراوە
کرێدت یان بە زمانی عەرەبی (اعتماد) و لە زمانی کوردییدا نزیکە لە مانای متمانە.
دوو هۆکاری سەرەکی ئەبوو هەبن بۆ بەردەوامی مرۆڤ و گەشەکردنی لەسەر ڕووی ئەم زەویە، ئەوانیش یەکەمیان دیاردەی ڕێکەوت و لەوانەش ڕێکەوتی گونجاندنی ژینگە . دوومیان دیاردەی متمانە لەنێوان تاکەکان. دیارە لەسەرەتادا هەر وەکۆن چۆن مرۆڤ بەسادەیی و ساکاری دەرکەوتوە، هەر بەهەمان شێوەش جۆری پەیوەندەیەکانی و ئامڕازەکانی ژیانیشی سادەو ساکار بوون. بەواتایەکی دی ئەو متمانەیەش ئەتوانرێ وەك متمانەیەکی خۆڕسك ئەژمار بکرێ. کەئەمەش یان لەبێئاگایی تاکەکان و وەیان لەبێ بوونی هەلی هەڵبژاردن، هەروەك چۆن تاکەکان پێکەوە ئاڵوگۆری متمانەیان کردوە لەسەر بنچینەی شێوازی کۆمەڵگاکەیان و شێوازی تەمەنە جیاوازەکان.
مێژووی متمانە وەك باسمان کرد لەگەڵ یەکەمین ڕۆژی سەرهەڵدانی مرۆڤ پەیدا بووە. ئەم دیاردەیە پێشەکی وەك دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دروست بوو لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵدا. جا گەر ئەو کۆمەڵگایە بچووك وەیان گەورە، ئەوا ڕاددەی متمانە یەکەمین پەیوەندی بوە کە مرۆڤەکانی بەیەکەوە گرێداوە. ڕەنگە بۆ مرۆڤ لەسەرەتاوە گرنگترین شت ئەوەبوبێ کەوا چۆن بتوانێ بژی و لەگەڵ چواردەورەکەیدا خۆی بگونجێنێ، بۆ ئەم مەبەستەش لەوە ناچێ زمان پێداویستیەکی سەرەکی بوبێ بەقەد ئەوەی هێماکان و شیوازی گفتۆگۆکردن ڕەنگە لەڕێگای جوڵاندنی دەست و سەرو ئەندامەکانی لەشەوە بوبێ. بەڵام بۆ ئەوەی خۆیان پاراستبێ لە هەر جۆرە مەترسیەك، ئەوا بەدڵنیاییەوە پێوستیان بە جۆرێك هاوکاری و پێکەوە گرێدان هەبوە، وە ئەو جۆرە هاریکاری و یارمەتی و پێکەوە ژیانە تەنها لەڕێگەی جۆرێك لە پەیوەندیەوە ئەبەسترێتەوە کە پێی ئەوترێ،متمانە. هەر بۆ ئەمەش لەکاتی گەڕان بەدوای خۆراك و گەڕان بەدوای شوێنی حەوانەوەو خۆپاراستن و ڕاوکردن و گواستنەوە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، مرۆڤەکان مەرجی سەرەکیان متمانە بوون بوە. دەنا بێ بوونی متمانە هەرگیز مرۆڤ نەیتوانیوە نەخۆی بپارێزێ و نە سەرکەوتووش ئەبوو لەڕاوو گەڕان بەدوای خۆراك و شوێنی نیشتەجێ بوونیدا. هەر بەهۆی ئەم متمانەیەوەیە کە توانیویانە ئەوەی دەستیان ئەکەوێ لەنیوان خۆیاندا دابەشیان کردبێ و خۆیان لە شەڕو فەوتان پاراستبێ. بۆچی مرۆڤەکان پێوستیان بە متمانە هەبوە لەنێوان خۆیاندا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو شیوازەی مرۆڤ کە چۆن بەیەکەوە ژیاون. لێرەدا مارکس ئەڵێ(مرۆڤ لەکۆمەڵگاوە دروست بوەو سرۆشتی خۆگونجاندنی تەنها لەکۆمەڵگادا بەدی کردوە)واتا مرۆڤ بەشێوەی تاك و شێوازی تاکڕەوی ڕەتکردۆتەوە لەسەرەتاکانی دەرکەوتنیدا. ئەمەش بۆتە هۆی گەشەکردن و دروسست کردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و دواتر گەورە بوونی کۆمەڵگاکان. ئەکەوینە هەڵەوە گەر وا تێبگەین کەوا مرۆڤ لەسەرەتاوە وەك تاك دەرکەوتوەو پاشان کەوتۆتە نێو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان. واتا ئەوەی مرۆڤی پێش خستوە تواناو زیرەکی مرۆڤ خۆی بوە لەتەك چۆنێتی دۆزینەوەی پەیوەندەی کۆمەڵایەتی گونجاو لەسەر بنچینەی متمانەی هاوبەش.
بوونی دیاردەی کۆمەڵایەتی وەك متمانە ئەوەندە گرنگ و پڕبایەخ بوە ، هەر بۆیە دواتر و لەقۆناغی دوومی مرۆڤایەتیدا درێژەی کێشاوە. کەواتە گەر قۆناغی گەشەی مرۆڤ بە دیاردە کۆمەڵایەتیەکان دەستی پێکردبێ، ئەوا قۆناغی دووەم بریتییە لە دیاردە ئابووریەکان. لێرەدا هەڵوێستەیەك ئەکەین و با بزانین لەم قۆناغەدا متمانە چۆن گۆڕانکاری بەسەر هاتوە. بۆ نمونە لەسەرەتای دروست بوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی شتێك نەبوە وەك دراوی ئەوڕۆ، وەیان مامەڵەیان بەپارەوە نەکردوە، بۆیە سەرەتا وەك ئاشکرایە مرۆڤەکان ئاڵوگۆڕیان بە کەلوپەل و پێداویستیەکانیان کردوە. ئەوەی لای کەسێك وەیان گروپێك وەیان کۆمەڵگایەك هەبوبێ، ڕەنگە لای ئەو لا نەبوبێ و پێوست بوبێ جۆریك لە پەیوەندی ئابووری ئاڵوگۆڕ بێتە کایەوەو پێداویستیەکان جێبەجێ بکرێن. با وای دابنێین کەوا کۆمەڵگای (١) خاوەنی بەروبومێکی دیاری کراوی وەك دارێکی بەردار بوون وەك سێو . وە لەم لاش کۆمەڵگای(٢) خاوەنی بەروبوومی گیاندارێکن کەوا لەڕاوێکدا دەستیان کەوتوە. ئەم دوو کۆمەڵگایە ئەوەی لەخۆیان زیادەیە دێن و ئاڵوگۆڕی پێ ئەکەن تا پێداویستیەکانیان پێ مەیسەر ببێ. ئەم جۆرە پەیوەندی ئاڵوگۆڕی شمەکە پێوستی بە جۆریك لە هاوسەنگی هەبوە تا ئەو پرۆسەیە بەئاسانی کرابێ ، ئەوەش وای کردوە کە پرۆسەکە بەباشی لەنیوانیادا کرابێ .بێشك، بوونی متمانە مەرجی سەرەکی بوە تا وەکو پرۆسەی بە ئاڵوگۆڕەکە باشتر و ئاسانتر بچێ بەڕێوە. لێرەدا شێوازی متمانە وەك ئەوە نیە کە لەسەرەتادا لەنێوان تاکە گرۆپێك وەیان تاکە کۆمەڵگایەکدا هەبوە. لێرەوە جۆرێك لەمتمانەی جەدەلی دروست ئەبێ، واتە هەردوو لا گەرەکیانە مل بۆ ئەو متمانەیە بدەن کەلەکاتی ئاڵوگۆڕی شمەکەکەدا ڕوو ئەدا. بەم جۆرە لەمتمانەیە ئەوترێ متمانەی دوو لایەنە وەیان متمانەی گونجێنراو. لەحاڵەتی قۆناغی یەکەم و کەناومان برد بە متمانەی کۆمەڵایەتی، پێمان وابوو ئەو متمانەی ئەشێ ناوبنرێ بە متمانەی خۆڕسك وەیان متمانەی سادە. لێ لە قۆناغی دووەمدا کاتێ ئاستی بیرکردنەوەو مامەڵە پێکردن و ئاڵۆگۆڕ هاتە گۆڕێ ئەوا متمانەکەش جۆرێك لەئاڵۆزی لەخۆ گرت و لەگەڵ هەندێ مەرجی دوو لایەنە پێك هات.