گروپەكانى مەڵبەندى گەرمیانى كۆمەڵی ئیسلامى لە ململانێ دان دڵشاد گەرمیانى لە ئێرانەوە فەرمان دەداتە گروپەكەى خۆی .
Tuesday, 20/07/2010, 12:00
لەگەڵ بەستنى كۆنگرەى كۆمەڵی ئیسلامى گروپەكانى ناو مەڵبەندى 7ى كۆمەڵ،لە ململانێدان و دڵشاد گەرمیانى لە رێگاى برایەكیەوە فەرمان بە گروپەكەى خۆی دەدات،وتەبێژى كۆمەڵیش نكۆڵی لەوە ناكات كە كێشەى گروپەكان لەناو مەڵبەندى گەرمیان هەبووە.
بەر لە كۆنگرە مەڵبەندى كۆمەڵی ئیسلامى ڕووبەرووى لێكترازان دەبێتەوە،بەپێی ئەو زانیارییانەى كە دەست (سڤیل) كەوتووە،مەڵبەندى گەرمیانى كۆمەڵ ئێستا بەسەر سێ گروپدا دابەشبوونە،گروپێكیان لە كەمال حەسەن لێپرسراوى مەڵبەندى پێشوو و هاوڕێیانى پێكهاتووە،گروپێكى تر نەجم ئەمیر و مەلا ئارام سەرپەرشتى دەكەن،گروپەكەى تریش مەلا دلێر براى دڵشاد گەرمیانى سەرپەرشتى دەكات،هەر بە پێی ئەو زانیارییانە ئێستا گروپەكەى نەجم بە تەنها ماوەتەوە،هیچ "پشتیوانییەكى"نەماوە،سەرچاوەیەكى ئاگادار لەناو كۆمەڵی ئیسلامى لە بارەى نەجم ئەمیرەوە دەڵێ"نەجم ناچارە تەسلیمى ئەمرى واقیع بێت.راستە زوڵمێكى زۆر لەنەجم ئەمیر كراوە نەیانهێشتووە كەس بۆ كۆنگرە ئامادە بكات،لەكاتێكدا گروپەكانى كەمال حەسەن و دلێر ئەحمەد ئافرەتێكیان بردۆتە سەرەوە،هاوسەرەكەى بەرپرسی یەكێتى بووە،تەنانەت سەركردایەتى ئەو حیزبەیش ئاگادارە".
جیا لە بوونى ئەو گروپانە،لەناو مەڵبەندى گەرمیانى كۆمەڵ،هێشتا پێشبینى دروستبوونى گروپی تریش دەكرێت،سەرچاوەیەكى نزیك لە مەكەتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامى،هەمان پێشبینى هەیە و دەڵێ" پێشبینى دەكرێت كێشەكانى گەرمیان قوڵتربێتەوە و گروپی تریش دروست بێت،چەند پێشمەرگە و كادرێك هەیە ئەو گروپانەیان پێ قبوڵ نییە،رەنگە گروپی تر دامەزرێنن".
سەرچاوەیەكى بەرپرس لەناو كۆمەڵی ئیسلامى هۆكارى دروستبوونى ئەو گروپانەى لەناو مەڵبەندى گەرمیان روونكردەوە و ئەوەشی ئاشكرا كرد كە دڵشاد گەرمیانى كە ئێستا لە ئێرانەوە لەلایەن ئەمریكاوە داواى لە سەرە،دەستى لەو تەكتولاتى ناو مەڵبەندەكە هەیە،سەرچاوەكە گوتى"دواى ئەوەى 7ى ئەم مانگە لە هەڵبژاردنى ئەندامانى كۆنفراس لە مەڵبەندى گەرمیان،كێشە دەكەوێتە نێوان گروپەكان و سەركردایەتى كۆمەڵیش كێشەكانى زیاتر قوڵتركردەوە و پێی كۆنترۆڵ نەكرا،بنەماڵى دڵشاد گەرمیانى كە گروپێكیان هەیە،لەگەڵ لێپرسراوى مەڵبەندى پێشوى گەرمیان كەمال حەسەن گروپێكى ترە،توانیویانە بە فشارى دڵشاد گەرمیانى یەكبگرنەوە بۆ نەهێشتنى گروپەكەى نەجم ئەمیر،كە كادرى پێشوى كۆمەڵە،چونكە ئەوان ئەوەیان باسكردووە لە كۆنگرە دەنگ بدەن بە یەكترى تا سەركەوتن بەدەست بهێنن".
هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشكرا كرد،كە لە ئەنجامى ئەو تەكتولاتانە،كادریرانى تر تووشی ناڕەزایی بوونە و هەڕەشەى دەست لەكار كێشانەوە دەكەن،ئەو سەرچاوەیە گوتى"ئەو خەڵكەیان كردۆتە قوربانى ئەو قەزیەیە و ناڕەزاییەكى زۆر لەناو مەڵبەندى كۆمەڵى ئیسلامى گەرمیان هەیە،هەردوو گروپەكە هەماهەنگیان كردوە،زانیویانە چەند كادرێك دژى كەمال حەسەنن دەنگیان پێنەداوە تا بچنە كۆنگرە،ئێستایش چەند كادرێكى دیارى ئەو حیزبە هەڕەشەى دەستلەكاركێشانەوە دەكەن لە دواى گۆنگرە".
هەمان سەرچاوە،ئەوەیشی دەربارەى ئەو كارگێڕانەى دژى كوتلەو كوتلەبازین،گوتى"دواى كۆنگرە بڕیارى خۆیان دەدەن،كە چەندین كەس پشتگۆێخراوە پرس و رایان پێنەكراوە،خەڵكانێكى تر بەهۆی خزمایەتیەو براوەتە سەرەوە و خۆیان بۆ گۆنگرە ئامادەكردووە.هەرچەندە بڕیارى خۆیان داوا واز لە كۆمەڵی ئیسلامى بهێنێن،بەڵام هێنایانەتەوە بە حوكمى ئەوەى خزمى خۆیانە و بردویانەتە پێشەوە" .
وتەبێژى مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامى عەبدولستار لە لێدوانێكیدا بۆ (سڤیل)دان بەوە دەنێت كە لەناو مەڵبەندى گەرمیانى كۆمەڵ كێشە هەبووە،بەڵام دەڵێ چارەسەرمان كردووە،عەبدولستار مەجیدگوتى"لەرابردوودا كێشەى گەرمیانمان چارەسەركروودە،هەردوو گروپەكان كە لەیەكترى نیگەران بوون،هەندێكیان بڕیاریان دابو واز لەمەڵبەند بهێنن دەسلەكاربكێشنەوە، سەركردایەتى بەشێوەیەكى رێكوپێك توانى كێشەكە چارەسەر بكات،كەس لەمەڵبەند واز نەهێنێت، كەس دەست لەكار نەكێشێتەوە،كێشەكانى وردە وردە چارەسەر كرا،هەموو برایان بەئاكام گەیشتوین، برایەتییەك لەنیوانیاندا دروست بووە.
وتەبێژى كۆمەڵی ئیسلامى نكۆڵی لەوە كرد كۆنفراس لەمەڵبەندى گەرمیان كرابێت،ئەو بە كۆبوونەوەیەكى گشتى وەسفی كرد و گوتى" تەنها كۆبونەوەیەكى گشتی بوو،كە وەكو لێژنەى باڵا رۆیشتم سەردانم كردن لەگەڵ ئەو ستافەى دانراوە بۆ سەرپەرشتیكردنى مەڵبەند كۆبوومەوە،بەپێ بڕیارى مەكتەبی سیاسی لیژنەى باڵاى ئامادەكارى كۆنگرە هەر ئۆرگانى بەشى خۆی دیارى دەكات بۆ كۆنگرە،بەڵام ئەو بەشەى بە پێی دەنگدان بووە،بۆ نمونە ناوچەیەك بەدەنگدان دوو كەسی بۆ دیارى كراوە،لە خوشكان و مامۆستایان و قوتابیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست