ئەرسەلان بایز، مرۆڤێکی ناکامڵ
Monday, 04/06/2012, 12:00
لەهەواڵیکی ئەمڕۆی سایتی (لڤین)دا هاتوە، کە گۆڕان بەمەرجی گەڕانەوەی هەموو نانبڕاوەکان .پاشان ئامادەیە لەگەڵ یەکێتی کۆبونەوە ئەنجام بدا. ئەرسەلان بایز پێی باشە چارەنووسی میلەتێك نەکەنە قوربانی تەنها ١٠٠ کەسێك کەتا ئێستا نەگەڕاوێنراونەتەوە سەر کارەکانی پێشویان بەهۆی دەنگدانیان بە گۆڕان لەکاتی هەڵبژاردەکانی ٢٥/٧/٢٠٠٩.
دەوڵەوتی ئیسرائیل لەدوای جەنگی جیهانی دووەم و جینوسایدەکانی جولەکە بەدەست نازیەکان، شوێن نەما بەدوای ئەوانەدا نەگەڕێ کەتاوانیان کردوەو هاوڵاتی جولەکەیان کوشتوەو سووتاندوە. ئەمریکا و گشت ووڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر یەك هاوڵاتی خۆیان ئامادەن جەنگێك بەرپا بکەن دژی ئەو کەس و تاقم و گروپ و ووڵاتانەی کەهاوڵاتیەکیانی گرتوە، زیندانی کردوە ، ئەشکەنجە داوە ، وەیان تیرۆر کردوە. کەچی ئەرسەلان بایز ١٠٠ بۆ ٢٠٠ هاوڵاتی کوردی ئەم کوردستانە بەبێ قیمەت ئەزانێ و پێی وایە ئەبێ گوێ نەدرێتە ئەو ژمارەیەو وازیان لێبهێنرێ! من نازانم بۆ لای یەکێتی و پارتی مرۆڤ ئەوەندە بێ قیمەت و هەرزانە؟! تۆ بڵێی ئەرسەلان بایز بەهەمان چاو سەیری ماڵ و مناڵەکەی خۆی بکا و گەر یەکێکیان نانبڕاو و سزا بدرێن ، بێت و بەهەمان هەڵوێست و بەهەمان هزر لێدوان بدا؟ وەیان تەنها هاوڵاتی کوردیان لا هیچ نیەو ئەو ژمارەیەش هیچ ناگەیەنێ؟ سەردەشت عوسمان هەڵە نەبوو کاتێ ووتی؛ بەدبەختی ئێمە لەوەدایە کەدەسەڵات باکی بەمردنی ڕۆڵەکانی نیە.. گەلێ ڕاستە و ئەوەش ئەو ڕاستییە کە ڕۆژانە لەکوردستان ئەبینرێ و ئەم دوو دەسەڵاتە مافیایە دەرهەق بەمیلەتی ئەکەن.
ئەو چەند سەد کەسەی نانبڕاو کراون و تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە، نەك هەر پێوستە دادکۆکی لێبکرێن لەلایەن ئەو لایەنەی دەنگی بۆ داون، بەڵکە پێوستە لەسەر هەر کەسێکی خاوەن ویژدان ئەو هەڵوێستانەیان بەرز ڕابگرن و لەهەموو شوێنك هەڵوێستی جوامێرانەیان بەنرخ باس بکەن.. ئەوانەی دەنگیان نەدا بەپارتی و یەکێتی.. ئەوانە دژی دەسەڵاتی مافیایی وەستان،، ئەوانە دژی بەتاڵانبردن و دزینی سەروەت و سامانی گەلی کورد دوان.. ئەوانە دژی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و دژی بەهەدەردانی توانا و ووزەی تاکی کوردن.. ئەوانە خەڵکی دڵسۆز بۆ خاك و نەتەوەن،، ئەوانە دەنگی هەژاران و لێقەوماوان و بێ دەرەتانانن ،، ئەوانە دژی ستەمکاری و ملهوڕی و خۆسەپاندنن.. ئەوانە مرۆڤی خاوەن ویژدانی زیندوون و نایانەوێ دوو بنەماڵە هەموو کوردستان لەسەر خۆیان و بنەماڵەکانیان تاپۆ بکەن.. ئەوانە لەگەڵ ئازادی و سەربەخۆیی تاکی کوردن.. ئەوانەی دەنگیان نەدا بەپارتی و یەکێتی ، نەك هەر جێگای شکۆمەندی و لوتکەی کوردایەتین، بەڵکە پێوستە بەردەوام وەك نمونەیەکی ڕۆژانە باسی لێوەبکرێ و بکرێنە مەشخەڵی گەنجان و بیروباوەڕیان.
کەواتە دادکۆکی کردن لەو چەند سەد کەسە ئەرکێکی مێژوویی و نەتەوەییە ، پێش ئەوەی ئەرکی بەناو حکومەت و یاسا و دادگاکان بێ.. ئەرسەلان بایز ئەڵێ؛ ئەوە کاری حکومەتە کەبیان گەڕێنێتەوە سەر کارەکانیان و پێوستە گۆڕان وەك حزب لەگەڵ یەکێتی دەست بکاتەوە بە دانیشتن،، ئەرسەلان بایز مەگەر نەزانێ ئەوانەی دەرکراون و سزادراوون لەلایەن یەکێتی و حزبەکەی ئەوەوە بڕیاری ئەوەیان بەسەردا سەپێنراوە،، ئەرسەلان بایز مەگەر بیری چۆتەوە کە شتێك نیە بەناوی حکومەتەوە، بەڵکە حزب و حکومەت بەسکێك لەدایك بوون و جیاکردنەوەیان خەونی شاعیرانەیە.
بۆیە بەراستی ئەوەی جێگای مەترسیە بۆ ئایندەی کورد ، یەکێتی و پارتیە، نەك ئەوانەی ئەوڕۆ نانبڕاو کراون و حزبەکەیان ئامادەنیە بەردەوامی بەکۆبونەوە بدا لەگەڵ یەکێتیدا..وە ئەم هەڵوێستەی منیش بۆ نانبڕاوەکان و سزادراوانن نەك بۆ بزووتنەوەو حزبی گۆڕان. هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نین لەسەر بیروباوەڕی سیاسی، ئایینی و هەرشتێکی لەو جۆرە خەڵکی ئازادی پێشێل بکرێ و باجی لێوەربگیرێ. ئەرسەلان ئەبوایە وەك سەرۆکی پەرلەمان ئەو هەلەی بقۆستایەتەوانێ و لەهەوڵی ئەوەدا بوایە کە هەرچۆنێك بێ بڕیارێك دەربکەن بۆ ئەوەی هەرچی سزادراوانە قەرەبوو بکرێن و لەداهاتووشدا کەس لەسەر بیرو باوەڕی سیاسی نانبڕاو نەکرێ،، بەڵام ڕاستە کورد وەتەنی، ئەوەی بۆ گوکەر هەڵئەکەوێ بۆ ڕاوکەر هەڵناکەوێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست