ھەرێمی کارەساتەکان
Saturday, 16/02/2013, 12:00
دەردەدڵ
ھەرێمەکەمان ھەرێمی کارەساتەکانە، کارەسات لەدوای کارەسات، ھەرێمێ خەڵکەکەی دیلی دەستی کۆنەپارێزی بووبێ و دەروێشی سیاسەت بێ ، نیوەی لەبەرەی سەوزە زەردباوەکان بن و نیوەکەی تری رەش و قاوەیی و نیلی، ئیتر چاوەرێی چی لێ ئەکرێ؟! لەو ھەرێمە ھێشتا کوشتن و ئیھانەی ژنان و سوتانی ئۆتێل و بەشەناوخۆیی و دزی لەقوتی رۆژانەی ئەو خەڵکانەی کە پارەی کرێ خانوویان پێ نادرێ و فرێدانی مناڵ جەرگی خۆت لەبێ دەستی و ھەژاری چاوەرێ دەکرێ، لەو ھەرێمە ھەڕەشە لەسەر ژیانت دەبێ تەنھا لەبەرئەوەی ھەڵھاتبی لەبەزۆر بەشوودان، زیندانی دەکرێی بەنایاسایی و چارەنووسی ژیانیشت ناروون ئەبێ تەنھا لەبەرئەوەی قسەت کردووە، ھەر لەو ھەرێمە تیرۆرت دەکەن و دواجاریش ھەوڵی بەتیرۆریست ناساندنت بەچەندین سیناریۆ دەدەن، لەو ھەرێمە بینیومە بەدوژمنی گەل لەقەڵەمت دەدەن تەنھا لەبەرئەوەی بێلایەن و سەربەخۆیت، لەو ھەرێمە زیندانیت دەکەن بەزیندانی ھەتاھەتایی بەتاوانی بازرگانیکردن بەماددەی ھۆشبەرەوە لەکاتێکدا ڕاپۆرتی پزیشکیت ھەیە کە لەڕووی دەرونیەوە تەواو نیت (شێت)یت، ئەزانن بۆچی؟! لەبەرئەوەی بەرپرسە گەورەکانی بازرگانی بەماددەی ھۆشبەرەوە ئاشکرا نەبێ، لەو ھەرێمە ڕاگرتنی ڕاژەی چەند رۆژنامەنووس و کارمەندم خوێندۆتەوە تەنھا لەبەرئەوەی بەدڵی خانمێک یان ئاغایەک نەجوڵاونەتەوە لەدەزگاکانیاندا، ساڵی ٢٠١١ و دوای خۆپیشاندانی ١٧ی شوبات لەو ھەرێمە شاھیدی تیرۆرکردنی ١٠ لەگەنج و مناڵ و پیرەپیاو، لەگەڵ بریندارکردنی نزیکەی ١٠٠٠ کەس بووین، تەنھا لەبەرئەوەی ئەیانوت بڕێک چاکسازی بکەن، دیسانەوە ھەر لەو ھەرێمە خوێندکار-قوتابیەکی مناڵ لەئاوا ئەخنکێ تەنھا لەبەرئەوەی چەند دڵۆپێ زیاتر لەچاو زستانی پێشوو باران باریوە، یەکێکی تر دیواری خوێندنگا بەسەریدا ئەڕوخێ و وەفات ئەکات، بەرپرسانی پەیوەند بەلایەنی پەروەردەش ئەڵێن قەزاو قەدەربووە، دەسەڵاتی ئێمەی تیا نیە، لەلایەکی تریشەوە سەدان مناڵ بێ باوک و سەدان ژن بێوەژن کەوتوون، تەنھا داواکاریشیان ئەوەیە بزانن باوک و مێردەکانیان لەکوێن، ماون یان مردوو؟! تەنھا وەڵامێکیان پێ ڕەوا نابینرێت، ئاخر ئەو پیاوانە زیندانیانی شەڕی ناوخۆن، ئێستا ئەو دوو پارتەی کە یەکێکیان خۆی بەسۆسیال دیموکرات و یەکێکی تریشیان بەناسیۆنالیست دەزانێ لەروویان نایە چارەنووسی بێسەروشوێنانی ئەو شەرە نەخوازراوە ئاشکرا بکەن، لەو ھەرێمە خەڵک ھەیە بەرووداوی ھاتوچۆ گیانی دەرچووەو بەفیئەیەکی بەرزو روتبەیەکی بەرزەوە خانەنشینیان کردووە تەنھا لەبەرئەوەی بەرپرسێک یان ماستاوچیەکی نزیک لەبەرپرسێک ئەناسێ و خەڵکیش ھەیە لەشاخ روتبەی بەرزبووەو ئێستا پاکەت ئەفرۆشێ، لەو ھەرێمە خوێندمەوە کە ھەر ئەو ژنانەی لەگوندەکانی دەوروبەری سلێمانیەوە خزمەتی پێشمەرگەیان ئەکرد، ئێستا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ئەو شارە سەوزەو گژوگیا ئەفرۆشن و پۆلیسەکانی شارەوانیش کۆڵان بەکۆڵان بەدوایانەوەن، بەحساب ئەوە دیاردەیەکی مۆدێرن و شایستە بەجوانی شار نیە، بەڵام خوڵقاندنی ئەو ھەموو کارەساتە مۆدێرن و رەوایە، لەو ھەرێمە رۆژانە بانگەشەی ئازادی دەکرێ کەچی لەگەڕەکی ئازادی دەیان ئازادیخواز دەستگیر کراون تەنھا لەبەرئەوەی تەجەموعیان کردووە بۆ داوای مافەکانیان، لەو ھەرێمە زانکۆ و کۆلێژو ناوەندی خوێندن زۆربوون لەرووی ژمارەوە، بەڵام لەرووی زانستیەوە ئاستی زانستی لەدابەزینێکی بێ وێنەدایە، ئەمە جگەلەوەی ھەندێ لەمامۆستایان بەتایبەت ئەوانەی زانکۆ تەنھا لەبەرئەوەی نایانەوێ ببنە کۆیلەی حیزب، سیاسیانە سزای ئیداری ئەدرێن، ھەر لەو ھەرێمە کتێبی باش و ناوازە چەند سەد دانەیەکی لێ ئەفرۆشرێ، بەڵام مۆبایلە شیعر دە جارو ھەرجارەی بەتیراژی ٥٠٠٠ ھەزارو ٧٠٠٠ ھەزار چاپ و بڵاوئەکرێتەوە، لەھەرێمەکەمان خەڵکی پشت بەدوعای شێخ و مەلا ئەبەستێ زیاتر لەوەی باوەڕی بەچارەسەری دەرونی ھەبێ، ھەندێ جار ئەڵێم ئێ خۆ ناھەقیشیان نیە، بەپێی زانیاریەکانم دوکتۆرە دەرونیەکان تەنھا ماددەی کیمیایی دەنوسن بۆ نەخۆشەکانیان، ئێ برا ئەوانیش فێری گیرفان پڕکردن بوون، ئیتر چاوی نەخۆش دەرئەھات و مۆراڵی پیشەییش ھەر لەبیرکراوە، دانیشتوانی ئەو ھەرێمە ساڵانێکە ئاوی پیس ئەخۆنەوە، تەنھا لەبەرئەوەی حکومەت مەجالی نیە چەند پاڵاوگەی باش و نوێ بۆ وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو دابنێ، لەو ھەرێمە لەپێش ساڵی ٢٠٠٤ ھەمووی ١٠ ملیۆنەر نەبوو، ئێستا نزیکەی ١٠٠٠٠ دە ھەزار ملیۆنەر ھەیە، ئەوەش بەرھەمی سەرمایەداری و حوکمی چەتەیی، ھەر لەو ھەرێمە چەندین گەنجی بەمانا داھێنەرمان ھەیە، کەچی وەزارەتێک لەوەزارەتەکانی ئەو دەسەڵاتە خەڵاتی داھێنان ئەبەخشێ بەخەڵکی وەھا کە ٣ ساڵ زیاترە کەس نازانێ خەریکی چیەو ھەر ناویشی لەبیرچۆتەوە، لەھەرێمەکەی من مردنی دەیان کەس رۆژانە ئاسایی بۆتەوە، تەنھا لەبەرئەوەی حکومەت ناتوانێ لەبەر پرۆژە زۆرەکانی رێگاوبانە سەرەکیەکانی ھەرێم بکات بەجوتساید، یەکێک لەشارەکانی ئەو ھەرێمە کە رێژەی دانیشتوانی ناگاتە ٢ ملیۆن کەس و ٣٤٨ ھەزار و ٥٥٥ خێزان پێکدەھێنن. بەوشێوەیە ھەر خێزانێک لەماوەی ٩ مانگدا ١٠٤ مریشک و ١٧٥ کیلۆ گۆشتی ئاژەڵ و ماسی و مریشکی ھاوردەکراوی خواردووە.
بەو رێژە بەرزەی گۆشتخواردن، ھاووڵاتیانی ئەو شارە رێکۆردیان شکاندووەو بەھەمان رێژەی ھاووڵاتیانی دانیشتووی شارەکانی ئەمریکا و ئوسترالیا و نیوزلەندا گۆشت دەخۆن، لەکاتێکدا ئەو وڵاتانە بەوڵاتانی گۆشتخۆر ناسراون لەجیھاندا، ھەر لەو ھەرێمە دەربڕینی رق و کینە زۆر ئاساییە، بەڵام خۆشەویستی حوکمی کوشتن و مایەی مەترسیە، لەو ھەرێمە رۆژانە باس باسی گەندەڵی و نوکتە لەسەر وشەی (دیکە) کەی بودجەو قەبرو قیامەت و مردنە، ئەوەی باسی لێوە نەکرێ ژیانە.... ژیان، ئەمانە بەشێکی کەمن لەو کارەساتانەی رۆژانە لەو ھەرێمە روو دەدەن، ھەموو کارەساتەکان بڵاوناکرێنەوەو ھەمووشیان نابینرێن و نابیسترێن، لەولاشەوە کۆبوونەوەی یارو نەیار رۆژ لەدوای رۆژ زیاد دەکات و میوەی زیاتر لەسەر مێزی شەراکەتیان دائەنێن!
ھەرێمی کارەساتەکانە ........ کارەساتەکان!
فەرمان خێڵانی - بەلجیکا
٥ - ٢ - ٢٠١٣
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست