كادرى حیزب و جەماوەرى ئۆپۆزسیۆن.!
Tuesday, 01/12/2009, 12:00
پێش راپەڕین و بە درێژایى سەدەكانى رابردوو، ژیان و گوزەرانى كورد وەك نەتەوە بەدەرنەبووە لە زۆرترین پێشێلكارى مافەكانى بە دەست دەسەڵاتە جۆر بە جۆرەكانى ناوچەكەوە، هەر بەدرێژایى مێژوو رۆڵەكانى ئەم میللەتە بەردەوامبوون لە بەرخودان و خۆڕاگرى لە پێناوى ئازادى و فەراهەمبونى مافەكانیان وەك هەر مرۆڤێكى ئاسایى و لە چوارچێوەى جاڕنامەى جیهانى مافەكانى مرۆڤدا، هەمیشە قوربانیان بە خوێن و ژیانى خۆیانداوە، بەردەوام ئەم گیانى بەرخودانە لە گەشەكردندا بوو، تا دروست بوون و پێكهێنان و دامەزراندن و بەرپاكردنى چەندین شۆرش كە دواجار لە كوردستانى باشور راپەڕینى بەهارى ساڵى 1991 ى لێكەوتەوە، ئیتر هەناسەیەكى پڕ لە ئۆخەى و داهاتویەكى رون چاوەڕوانیەكانى داگیركردین، بە ئەسەفێكى زۆرەوە هێندەى نەخایاند رۆژە رەشەكانى شەڕى ناوخۆ یان رونتر بڵێین شەڕى (پارە و دەسەڵات) بووە هۆى كوشتنى بەشێكى زۆر لە هیواكان، بەجۆرێك زامى ئەو شەڕە ماڵوێرانكەرە تا ئێستا ساڕێژ نەبووە و زۆربەمان پێوەى دەناڵێنین، بەجۆرێكى تر ئەم دەسەڵاتە نەیتوانیوە لە ئاستى پاداشت و سەبورى كەس و كارى ئەوانەدابێت كە لە پێناو شەڕى ناوخۆ (پارە و دەسەڵات) دا بەكوشتى داون، سەرەڕاى ئەو نەریتە ناتەندروستەى كە بە ئامانجى شارەزابوون لە جەنگى كوشتنى براكاندا دایانهانى و پەروەردەى كادر و نەوەكانیان پێ ئەكرد، ئەوەى لەم بابەتەدا دەمەوێت باسى بكەم لەو رابردوە خوێناوى و پڕ لە توند و تیژیەدا "رۆڵى كادرە لەناو ئەم حیزبە تەقلیدیانەدا"، كە هەمیشە حیزب ئەم كادرانەى وەك (چاوى حیزب پێناسەكردوە) بێگومان لەو رابردوەدا كە باسمكرد رۆڵى كادر هەمیشە لە بەرزیدابووە، چۆن بۆیانكرابێت كۆمەڵگا و جەماوەریان وا ئاراستەكردوە كە لە بەرژەوەندى حیزبەكانیانە.
حیزب و متمانە بەكادر.!
هەمیشە كادرەكانى حیزب چاودێرى كۆمەڵگا دەكەن، بەجۆرێك هەوڵدەدەن بچنە ناو وردەكاریە سیاسى و كۆمەڵایەتى و فەرهەنگى تا دەگاتە ژیانى تایبەتى خێزانەكانەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین حیزبە سیاسیەكانى كوردستان بە سستەمى هەواڵگرى یان (تجسس) بەڕێوە دەچن و ئیدارەى ناوچەكە دەكەن، كە دواجار ئەم نەریتە وادەكات كە تاكێكى سیخوڕ ئاسا بەرهەمبێنێت، كە ئەمە گەورەترین لەمپەرى بەردەم هەنگاونانە بەرەو كۆمەڵگاى مەدەنى و دەوڵەتى دەستوور، ئەمە رێگە نادات وڵات لە كەنارى ئارام نزیك بێتەوە و بە دامودەزگایى بكرێت، ئەمە وادەكات كە هەمیشە بەرژەوەندیە ستراتیژیە گشتیەكان ببنە سوتەمەنى و قوربانى سودە زاتیەكانى چەند بنەماڵە و خێزانێك، ئەوەى جێگەى ئاسودەییە ئەو پێشكەوتنە بەرچاوەیە كە لە هزرى زۆرینەى چین و توێژەكانى كوردستاندا بەرجەستەبوە، ئێستا راى شەقامى كوردى جۆرێكیترە لەسەر كادرەكانى حیزب، ئێستا جەماوەرى كوردستان ئەوان بە نوێنەر و جێى متمانەى خۆیان نازانن، ئەمەش زیاتر لە دواى هەڵبژاردنەكانى 25/7 ەوە درەوشایەوە ، دەرەنجامى هەڵبژاردنەكان سەلماندیان كە كادرى حیزبەكان بون بە تاكێكى بێ ئیرادە و كاریگەریان لەسەر تەنانەت كەسە نزیكەكانى خۆیشیان نەماوە، ئەگەرچى لە دونیاى سیاسى پێشكەوتودا كەمترین گرنگى بەكادر و زۆرترین گرنگى بە جەماوەر دەدرێت، هەمیشە پارتە پێشكەوتوەكانى دنیا كەمترین كادر و ئەندام و زۆرترین لایەنگریان هەیە، كە ئەمەش بە پێچەوانەى كوردستان و حیزبە سیاسەكانى كوردستانەوەیە كە كەمترین گرنگى بە جەماوەر و زۆرترین گرنگى تا ئاستى نا دادپەروەرى بە كادرەكانیان دەدەن، هەربۆیە ئەم دۆخە وایكردوە كە پارتە سیاسیەكانى كوردستان زۆرترین كادر و كەمترین جەماوەریان هەبێت، هەر ئەم دۆخە نا جۆرەبوو كە دەرەنجامى هەڵبژاردنەكانى كوردستان راپۆرت و داتاى سەرجەم كادرى حیزبەكانى بە درۆخستەوە و بە رێژەیەكى خەیاڵى جیاوازى لە نێوان دەرەنجام و داتاى كادرەكاندا هەبوو، ئەگەر ئەمە چاوى حیزب بێت بێگومان ئەگەر حیزب كوێر نەبێت پێویستى بە چاویلكەیە، جێگەى هەڵوەستەكردنە پارتێكى گەورەى خاوەن 34ساڵ خەباتى شاخ و شار تا ئێستا ئەوەندەى كار لەسەر بەسەركردنەوە و كۆكردنەوەى كادر ئەكات لە دەورى نیو ئەوەندە كار لەسەر خزمەتكردن و رازیكردنى دڵى جەماوەرەكەى ناكات، لەكاتێكدا كە هەمیشە سلیمانى وەك قەڵاى سەوزى پارتەكەى ناوزەند دەكرد، لە كاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەكانى تەمموزى رابردوو ئەم پارتە كەمترین كادر و زۆرترین جەماوەرى لەدەستدا، بە جۆرێك كە لە كۆى 38مەڵبەند تەنها بەرپرسى مەڵبەندى دەرەوەى ریزەكانى یەكێتى بەجێهێشت، لە تەواوى ئەندامانى سەركردایەتى تەنها شەش ئەندامیان سڕكران، بەڵام زۆرترین رێژەى جەماوەریان لە دەستدا، سلێمانى ئەمجارەشیان رچەى ئۆپۆزسیۆن بونى شكاند، كە ئەمە لەو راستیەمان نزیك دەكاتەوە كە چیتر خەڵكى كورد گوێ بە وتەى كادرى حیزبەكان نادەن و چیتر جێى متمانەى جەماوەرنین، پێویستە لەمەو دوا حیزبەكان راستەخۆ لە رێگەى پڕۆژەو گوتارە سیاسیەكانیانەوە لە جەماوەر نزیك ببنەوە..
یەكێتى و پارتى پاش هەڵبژاردنەكان.!
ئەنجامى هەڵبژاردنى مانگى تەمموزى رابردوو زەنگێكى مەترسیدار بوو بۆ یەكێتى و پارتى بەجۆرێك (یەكێتى و پارتى) راچڵەكان كە تا ئێستاش كاریگەریەكانى بە گوتار و سیماى سیاسیەكانیانەوە دیارە، هەر زوو لە هەولێر بارەگاى پارت و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كەوتنە بەر شاڵاوى توڕەییان، تا ئێستاش راگەیاندنى دەسەڵات سڵناكاتەوە لە هەر دەستەواژەیەكى نا سروشتى كە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن بەكارى بهێنێت، دواجار ئەم دۆخە گەیشتە ئەو رادەیەى كە تاڵەبانى سكرتێر و سەرۆك كۆمار ئەو پەیامە پڕ لە توڕییە پێشكەش بكات كە لە پلنیۆمەوە بیستمان، بەجۆرێك هیچ مەلەفێكى سیاسى و سەربازى و هەواڵگرى نەبووە كە نەوشیروان مستەفا بڕیاردەر و جێبەجێكارى نەبێت، وتارەكەى بە جۆرێك پڕ لە شڵەژان بوو كەواى پیشان دەدا كە خودى تاڵەبانى لە شاخ سكرتێرێكى بێكاربووە، ئاگاى لە چەندین دۆسیەى گرنگى وەك (گروپى ئیختیالى بەعسیەكان، كیمیا بارانى هەڵەبجە، ئەنفال، شەڕى ناوخۆ، روداوى قڕناقەو پشتئاشان) نەبووە، سەیرە و جێى پرسیارە لە جەنگى ڤێتنامدا چەند ملیۆن مرۆڤ كوژران و نەیشمان بیست هیچ كام لەسەركردەكانیان هاوڕێكانیان تۆمەتبار بكەن و خۆیانى لێبێبەرى و بێئاگابكەن، چۆن سەركردەو سكرتێرێك باس لەوە دەكات كە ئاگادارى چەندین دۆسیەى هەستیار نەبووە، بێگومان هۆكارى ئەم حاڵەتەش ئەو دەرەنجامە بوو كەبۆ یەكێتى و پارتى و سەركردەكانیان چاوەڕوان نەكراو بوو.
دەبوو یەكێتى و پارتى چیبكەن.؟
چاوەڕوان بوین ئەنجامى هەڵبژاردنەكان بەدەر لەو پاشەكشەیەى كە لە روى جەماوەری بونى یەكێتى و پارتیەوە بەتایبەت یەكێتى رویدا ببێتە وانەیەكى سیاسى گرنگ و ئەم پارتە سیاسیانە بە هەڵەو كەموكورتیە لە چارەسەر دەرچوەكانیاندا بچنەوە، زۆر بە پێچەوانەوە یەكەم هەنگاو پەنایان بۆ نانبڕین و سزادان لەسەر بیر و راى سیاسى برد و چەندین خێزانیان نانبڕاوكرد، چاوەڕوانبوین یەكێك لە سەركردەكانیان بێنەوە بەر دیدەى جەماوەر و داواى لێبوردن بكەن، بە پێچەوانەوە بەو پەڕى لە خۆبایى بونەوە تائێستاش لە هەوڵى سزادانى ركابەرەكانیاندان، هێرشێكى بەربڵاوى راگەیاندنیان بەرپاكردوە و لە وێوە ئاگرى دووبەرەكیەكە خۆشدەكەن، سزاى نوسەر و رۆژنامەنوسان دەدەن و ئەوەى وشەى (نەخێر)بزانێت لاى ئەوان نەیارەو رونتریش بڵێین (گۆڕان)ە، هەمیشە لە جیاتى دادگا خۆیان ئەستۆپاكى گەندەڵەكان رادەگەیەنن و دەبنە پارێزەریان، بەجۆرێك پاكانەیان بۆ نەزیهى گرێبەستە نەوتیەكان و وەزیرى سامانە سروشتیەكان دەكرد كاتێك باس لە پشكى وەزیرى سامانەى سروشتیەكان دەكرا لە كۆمپانیاى (دى، ئێن، ئۆ)ى نەرویجى،لەگەڵ خستنەڕووى راستیەكان و سزادانى یاسایى كۆمپانیاكە و بەدەنگهاتنى بۆرسەى (ئۆسلۆ) بەشێوەیەك قسەیان لەسەر راپۆرتى بۆرسەكە ئەكرد كە زۆرى نەمابوو بڵێن (بۆرسەى ئۆسلۆ)ش سەر بە گردەكەیە، بۆ رێزگرتن لە مافەكانى ژنان و زیاتر گرنگیدان بە تواناكانیان كابینەیەكى پیاوانەیان راگەیاند، بەڵێنیاندا كە ئەم كابینەیە جیاوازدەبێت لە كابینەكانى پێشترى حكومەت، كەچى چوار وەزیرى چوار وەزارەتى گرنگ و ئەساسیان وەك خۆى دانایەوە(كەریم سنجارى-وەزیرى ناوخۆ، بایز تاڵەبانى-وەزیرى دارایى، جعفر مستەفا-وەزیرى پێشمەرگە، ئاشتى هەورامى-وەزیرى سامانە سروشتیەكان) كە ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەى كە ئەم كابینە نوێیەش نەتوانێت لە خاڵە لاوازەكانى كابینەى پێشتر لابدات، لە جیاتى جیاكردنەوەى حیزب لە حكومەت كار بۆ زیاتر رۆچونى دەكەن و حیزبایەتیان قوڵتر كردەوە، وەك ئەوەى فەرمانبەران و مامۆستایان خراپترین توێژى ناو كۆمەڵگابن رۆژانە داواى تەسكیەى حیزبى و رونكردنەوەى لایەنى سیاسیان لێدەكەن، داواى یەك لیستى و یەك هەڵوێستى لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكەن و خۆیان گوتارى سیاسى زۆر جیازیان هەیە (تاڵەبانى واژۆى یاساى هەڵبژاردنەكانى داهاتووى عیراق دەكات و كەچى بارزانى بایكۆتى خودى هەڵبژاردنەكەش دەكات) سەیرە "لێرە هەریەكەو لە ئاوازێك دەخوێنێت"
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست