کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کێشه‌ی کورد له‌ ناوچه‌که‌ یان کێشه‌ی حوکمدارانی ناوچه‌که له‌گه‌ڵ کورد؟!

Tuesday, 13/10/2009, 12:00


سه‌رنجی کوردستانپۆست: ئه‌م نووسینه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی دیکه‌ش نێردراوه‌، بۆیه‌ خرایه‌ ئه‌رشیفه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌که‌ی به‌رده‌وام بێت له‌ سه‌ر ناردنی بابه‌ته‌کانی بۆ شوێنی دیکه‌ ناچار له‌ ئه‌رشیفیشدا نایهێڵین.
**************************
شتێک نیه‌ له‌ دنیادا که‌ ناوی بنێین کێشه‌ی کورد له‌و ووڵاتانه‌ی که‌ خاکی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش کراوه. چوونکا.
1- کورد کۆنتر بووه له‌و نه‌ته‌وانه‌ی تر که له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژێت له‌ ناوچه‌که‌دا و قه‌ت پێ‌ی کێشه‌ش نه‌بووه که‌ ئه‌و میلله‌تانه‌ش هه‌ن و ده‌بێ له‌گه‌ڵیاندا ژیان ڕێک بخات. به‌ڵگه‌ی مێژووی زۆرن له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیه. (باشترین نموونه‌ش گوندی چه‌رموو له‌ نزیک چه‌مچه‌ماڵ له‌ باشوری کوردستان*، ئاسه‌واری که‌شتیه‌که‌ی نوح له‌ چیایی جوودی له‌ باکوری کوردستان* زۆره‌ها ئاسه‌واری تر له‌ ناوچه‌کانی تر...هتد.).
2- کورد له‌ شوێنێکی تر ڕا نه‌هاتوون ئه‌و شوێنه‌ کۆچیان بۆ کرد بێت یان داگیریان کردبێت. به‌ڵکو به‌ به‌شی خۆی ڕازی بووه و پێویستی به ‌له‌وه‌رگا و شوێنی به‌پیت تر نه‌بووه کۆچی بۆ بکات. ‌وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی تر که‌ ئه‌مڕۆ کورد به‌زیاده‌ به‌ش ده‌زانن له‌ماڵی خۆی!
3- گه‌یاندنی په‌یامی ئیسلامی پیرۆز زه‌مینه‌یه‌کی گونجاوتری بۆ عه‌ره‌به‌کانی دوورگه‌ی عه‌ره‌بی ڕه‌خساند بۆ کۆچ کردن بۆ ناوچانه‌کانی ده‌ور به‌ریان. هه‌روه‌ها تورکه‌کان که‌ به ڕه‌چه‌له‌ک (قه‌ره قۆین لو ئاقۆین لو) ن بۆ هه‌موانمان مێژوه‌که‌یان ئاشنایه‌، که‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌که له‌کوێوه‌ هاتوون و چه‌ندیش حوکمی ئیمپرتۆریه‌تی عوسمانیان کرد. دواتریش مسته‌فا که‌مال به‌کۆمه‌کی سه‌رۆک هۆزه‌کانی کورد ئه‌وه‌نده‌ی دابڕی به‌ناوی کۆماری تورکیای ئێستاوه، تا ئێستاش به‌ هۆی ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی که‌نه‌ک هه‌ر نه‌چۆ‌ته ژێر باری ئه‌و وادانه‌ی که‌ به‌سه‌رۆک هۆزه‌ کورده‌کانی دابوو بۆ دامه‌زراندی ده‌وڵه‌تێکی کوردی دوای ته‌واو بوونی ده‌وڵه‌تی تورکی به‌ڵکو زۆر به‌زه‌حمه‌تیش ناوی کورد و کوردستانی بۆ قوت ده‌چیت. حاکمه‌ یه‌ک به‌دوایی یه‌که‌کانی ئێرانیش سه‌دان ساڵه سودمه‌ندن به‌ فه‌زل دانی فارس به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی تردا به‌تایبه‌ت کورد به ناوی شیعه‌ گه‌ری که له‌ ئیسلامیان دابڕیووه. پێیان وا بووه گه‌لی فارس (...ن) کیان زیاتره له‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد!
بۆ‌یه‌ به‌ ئه‌رکی هه‌موو ڕۆشنبیر و سیاسه‌ت وانانی کوردی ده‌زانم که بوار نه‌ده‌ین چیتر ده‌سته‌واژه‌ی کێشه‌ی کورد له‌ ناوچه‌که به‌سه‌رماندا تێ په‌ڕێنن. با ئه‌م ده‌سته‌ واژه‌یه له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، پنتاگۆن و ناوه‌نده‌ بڕیار به‌ده‌سته‌کانی دنیا ڕاست بکه‌ینه‌وه، به‌ ده‌سته‌ واژه‌ی (کێشه‌ی حوکمه‌دارانی ناوچه‌که له‌گه‌ڵ میلله‌تی کورد). چونکا کێشه‌که‌ لای ئێمه‌ نیه‌ کێشه‌ له‌ جۆری سیسته‌م و به‌ڕێوه‌بردنی حوکمدارانی خاکی کوردستانه له‌گه‌ڵ خانه‌خوێ که‌ی که‌ کورده.
باشترین به‌ڵگه‌ بۆ کێشه‌کانی حوکمدارانی ناوچه‌که له‌گه‌ڵ کورد، هه‌وڵه‌کانی ڕابردوویان بۆ گۆڕینی ‌ناو، زمان، سیما هه‌تا ڕاگواستن، کیمیا باران کردن، ته‌ختکردنی شوێنه‌واری باب و باپیرانمان به‌ تیئێنتی و بلدۆزه‌ر، کۆنکرێت کرد کانیاوه‌ و لێ حه‌رام کردنی ناوچه‌کانمان بۆ ژیان.
به‌کیمیا باران، به‌جینۆساید کردن، به‌ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 یشه‌وه هه‌ستی به‌ناو مرۆڤ دۆستی دنیا نه‌جوڵا بۆ ئه‌ و ژن، منداڵ، پیر و په‌که‌وته‌، ژینگه، په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵانه‌ی که‌ له‌ کوردستان زینده‌ به‌چاڵ ده‌کران.
تا دوای دامرکاندنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری 1991 به‌ چرای سه‌وزی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سوپای عێراق له‌ کوێت بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵداوانی شیعه‌ له‌ خوار و کورد له‌ کوردستانی لکێندراو به‌ عێراق زوڵم و سته‌می داگیرکه‌رانی کوردستان گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که کورد ڕه‌وی به‌کۆمه‌ڵی زیاتر له‌ دوو ملێونی بکات بۆ تورکیا، ئێران، ووڵاتانی تری دراوسێ، ئه‌وروپا و هه‌تا ئه‌مریکا. دوای هه‌ست کردنیان به‌تێک چوونی ئه‌منی قه‌ومی تورک، عه‌ره‌ب و فارس له‌سه‌ر پێشنیاری فه‌ره‌نسا هێڵی 36 به‌ناو به‌رگری کردن له‌ له‌ناو ‌چوونی کورد له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ناچاری ڕاگه‌یه‌ندرا.
هه‌موو ڕێگاکانیان له‌باشور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای کوردستان تاقیکرده‌وه بۆ زه‌مینه‌سازکردن و شه‌رعیه‌ت دان به له‌ ناو بردنمان به‌ناوی غه‌یره‌دین، ئاگر په‌رست، هاوکاری جوله‌که، چه‌ته‌کانی ڕێگاو بان، تێکده‌ران، یاخیبوان. ئه‌مڕۆش له‌ باکورد جارێک به‌ناوی جودا خوازان، جارێکی تر به‌ناوی تیرۆریستان..هتد، ده‌یانه‌وێ به‌دناومان بکه‌ن، خۆش به‌ختانه‌ بۆیان نه‌ چۆسه‌ر و سه‌رچیخیان برد.
هه‌ر چه‌نده پێچه‌وانه‌ هاتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا و زلهێزه‌کان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی داگیرکه‌رانی خاکی کوردستان هۆکاری سه‌ره‌کیه به‌ڵام به‌ هۆی گڵۆبالیزمیشه‌وه له‌ جیهان زه‌مینه‌یه‌کی تر خولقاوه بۆ نکۆڵی نه‌کردن له‌وه‌ی که کورد‌یش مرۆڤن! ده‌نا نه‌ده‌هاتنه‌ زۆر سته‌م بوو له‌لایان بچنه ژێر ئه‌و باره‌ی که‌دنیا ده‌رگای به‌سه‌ر کورد دابکاته‌وه و هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤی له‌گه‌ڵدا بکه‌ن. باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م ڕاستیه تا ئێستا ئه‌و مرۆڤ دۆستانه‌ی دنیا جورئه‌ت ناکه‌ن ڕاسته‌و خۆ له‌گه‌ڵ کورد هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن. ده‌نا خۆیان باش ده‌زانن که‌ که‌م میلله‌ت ماون له‌ دنیادا هێنده‌ی کورد گه‌وره‌‌بن و تا ئێستا نوێنه‌ری سه‌ربه‌خۆ خۆی نه‌بێت له‌ نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان. چیتر پێویست ناکات وه‌ک پاشکۆی ئه‌و ووڵاتانه هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ میلله‌تی کورد دا بکه‌ن.
له‌ هه‌مووانیان ئاشکرایه‌ که‌ قه‌ت میلله‌تی کورد کێشه‌ نه بووه بۆ ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ی ده‌ورو پشتی به‌ڵکو پڕ پیتوو به‌ره‌که‌تی خاکه‌که‌ی و سامانی سه‌ر و ژێری بۆته‌ به‌ڵایه‌ک نه‌ک ته‌نها بۆ مرۆڤه‌کان به‌ڵکو بۆ ژینگه، په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵه‌کانیش که‌ له‌سه‌ری ده‌ژین.
با هه‌موو به‌یه‌که‌وه داوا له‌وانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ خۆیان کردۆته فریشته‌کانی دابه‌شکردنی خێر و شه‌ڕ له‌ دنیایه‌دا بکه‌ین، گه‌ر جورئه‌تیش ناکه‌ن بڵێن کێشه‌ی تورک، عه‌ره‌ب و فارس له‌گه‌ڵ کورد، به‌ڕه‌وای بزانن که بڵێن کێشه‌ی نه‌وت، غاز و سامانه‌ سروشتیه‌کانی سه‌ر و ژێری خاکی کوردستان بۆ کورد!

خالید ئه‌حمه‌د ئاسنگه‌ر
لاهای، 13 ئۆکتۆبه‌ری 2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە